کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت گه‌ریلا و پێشمه‌رگه‌ و شه‌رڤان قڕ بكات!!

Wednesday, 25/08/2021, 17:33


له‌وه‌ته‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاریاندا له‌ئه‌فغانستان بكشێنه‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانیان هه‌ڵه‌كه‌ی قۆزته‌وه‌ و هێدی هێدی هه‌موو ئه‌فغانستانی خسته‌وه‌ ژێر ره‌كیفی خۆی، توركیاش ده‌یه‌وێت عه‌رزی عه‌زۆڵات بكات كه‌وتووه‌ ختووكه‌ داینی ده‌ووبه‌ره‌كانی به‌تایبه‌تی كوردان، له‌لایه‌ك په‌یامی ئاشته‌وایی و رێكه‌وتن و دانیشتن به‌تاڵیبان ده‌دات و له‌لایه‌كی تریش به‌تۆپ و ته‌یاره‌ و تیفاقیاتی سه‌ربازی ده‌یه‌وێت كوردان تادوایی چاوترسێن بكات. 
یانێ ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌یه‌وێت به‌كوردان بڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌هه‌رێمه‌كه‌ واتا له‌عێراق و سوریا هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان ده‌ركه‌وێت، ئه‌وا به‌رۆژێك هه‌مووتان حه‌په‌لووش ده‌كه‌م و قات و قڕتان دێنم. له‌لایه‌ك به‌فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و ئیف 16 په‌لاماری شه‌نگاڵ ده‌دات، له‌لایه‌ك به‌هاوكاری چه‌ته‌كانی هاوپه‌یمانی له‌باكوری سوریا به‌شه‌و و رۆژ تۆپبارانی هه‌رێمه‌كانی سه‌رێكانی، شه‌هبا و عه‌ین عیسا و مه‌نبج ده‌كات و ئه‌و ئاسمانه‌شی به‌ناو له‌ژێر كۆنترۆڵی روسیا و ئه‌مریكا دایه‌ به‌سانایی ده‌به‌زێنێت و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌كاته‌ ئامانج. له‌باشوری كوردستان له‌و سه‌ری باشوره‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌ری باشور، نزیكه‌ی 200 كیلومه‌تر سنور ده‌به‌زێنێت و ره‌ز و باخی هاوڵاتیان خاپوور ده‌كات و سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و حكومه‌تی ناوه‌ندیش مێش مێوانیان نییه‌.
ده‌وڵه‌تی داگیری تورك ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی له‌ئه‌فغانستان بۆ خۆی به‌هه‌ڵێك بقۆزێته‌وه‌ و هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی كوردانی كردووه‌ته‌ ئامانج و به‌چه‌نگ و ددان په‌لامارمان ده‌دات، له‌ئێستادا هه‌موو جیهان به‌گشتی به‌بابه‌تی ئه‌فغانستانه‌وه‌ سه‌رقاڵن، هه‌ركه‌سه‌وه‌ ده‌یه‌وێت تێبگات كه‌ ئاخۆ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ئه‌فغانستان و هاتنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان چییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌موو چاوه‌كان له‌ئێستادا له‌سه‌ر دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ئه‌فغانستان و لێكه‌وته‌كانین، بۆیه‌ش توركیا ده‌یه‌وێت له‌م ده‌رفه‌ته‌ كه‌ڵك وه‌رگرێت و له‌بێده‌نگی رای گشتی و په‌رته‌وازه‌یی ناوخۆی كوردان سوود وه‌ربگرێت بۆ ته‌فروتۆنا كردنی ده‌سكه‌وته‌كانی كوردان.
له‌چیاكانی كوردستان تاكه‌ هێزێك كه‌ گه‌ریلا بێت و به‌كرده‌وه‌ له‌دژی فاشیزم و دیكتاتۆریه‌تی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورك خۆڕاگری و به‌رخۆدان ده‌كا و شه‌هید و بریندار ده‌دات به‌پێشكه‌وتووترین ته‌كنه‌لۆژیای شه‌ڕ بۆمبه‌باران ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن، چه‌كی كیمیایی له‌به‌رامبه‌ر به‌گه‌ریلا به‌كاردێنن. ده‌وڵه‌تی تورك ته‌نانه‌ت به‌رۆژی رووناك، ناوه‌ندی ته‌ندروستی گه‌ل له‌شه‌نگاڵ"نه‌خۆشخانه‌" به‌ته‌یاره‌ بۆمباران ده‌كات، نه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و نه‌ هیچ ناوه‌ندێكی به‌ناو هه‌رێمی و جیهانی كه‌ خۆیان وه‌كو پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌بینن، ده‌نگێكیان لێوه‌ ده‌رنه‌هاتووه‌، واتا توركیا به‌ئاشكرا تاوانی جه‌نگ"شه‌ڕ" ئه‌نجام ده‌دات كه‌ چی كه‌س باسی ناكات. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستیه‌ نیشانده‌دات كه‌ هه‌موو دنیا له‌به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورك بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و ده‌سكه‌وته‌كانی هاوڕان و هاوپه‌یمانن و نایانه‌وێت ده‌وڵه‌تی تورك له‌خۆیان زه‌ویر بكه‌ن.
به‌م هه‌موو مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان هه‌یه‌، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ له‌م به‌شه‌ی كوردستان"هه‌رێمی باشوری كوردستان"، یه‌كێتی سه‌رقاڵ كراوه‌ به‌ناوخۆی حیزبه‌كه‌یه‌وه‌. پارتی كه‌ هه‌موو جۆمگه‌كانی حكومڕانی گرتووه‌ته‌ ده‌ست له‌به‌رامبه‌ر به‌په‌لاماره‌كانی توركیا خۆی له‌كوێری و كه‌ڕی و ڵاڵی داوه‌، لایه‌نه‌كانی تریش بوونه‌ته‌ ته‌ماشاوانی رووداوه‌كان.

مه‌ترسی سه‌ركوردستان له‌هی ئه‌فغانستان ترسناكتره‌!!

ئه‌گه‌ر چی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان"كاك مه‌سعود بارزانی"، به‌خه‌تابێكی حزبیانه‌ و ته‌نگ رایگه‌یاند كه‌ كوردستان ئه‌فغانستان نییه‌ و ویستی به‌و خیتابه‌ی هه‌ندێ دڵ خۆشیی خۆی و لایه‌نگرانی بداته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر كوردستان زۆر له‌وه‌ی له‌ئه‌فغانستان ده‌گۆزه‌رێت گه‌وره‌تر و ترسناكترن. 
ئه‌و فاكتانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان جارێكی تر سه‌یته‌ره‌ی"ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی"خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانستاندا بسه‌پێنێته‌وه‌ له‌كوردستان له‌چاو ئه‌فغانستان فاكته‌كان زیاتر و به‌ربڵاوتر و زیاترن. پێویست به‌وه‌ ناكات یه‌كبه‌یه‌ك بیانخه‌ینه‌ ژێر نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش"ئه‌گه‌ر له‌ئه‌فغانستان كه‌ نزیكه‌ی چل میلیۆن كه‌س ده‌بن، سێسه‌د هه‌زار كه‌سێكی هێزی ئه‌منی بوون. ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ نزیكه‌ی حه‌وت و بۆ هه‌شت ملیۆن كه‌س ده‌بین، سێسه‌د بۆ چوارسه‌د هه‌زار هێزی ئه‌منیمان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر له‌ئه‌فغانستان یه‌ك حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت هه‌بوو، له‌هه‌رێمی كوردستان دوو حكومه‌ت و دوو ده‌سه‌ڵاتی ئیداری جیاوازین. ئه‌گه‌ر بابه‌تی مۆچه‌خۆر و بن دیوار بێت، له‌هه‌رێمی باشوری كوردستان له‌چاو ئه‌فغانستان به‌پێ نفوسی ئه‌و وڵاته‌ هی ئێمه‌ له‌هه‌ژمار نایه‌ت. گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری و ئابوری و ئه‌خلاقی له‌باشوری كوردستان ئێدی هێدی هێدی بووه‌ته‌ دیارده‌. ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان به‌ده‌یان ساڵه‌ خاوه‌ن كیانێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ده‌وڵه‌تێكه‌ كه‌ خاوه‌ن رابردوویه‌كی خۆی هه‌یه‌، كه‌چی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر جه‌مسه‌ربه‌ندی هێزه‌كان و دیفاكتۆ و كشمه‌كشه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كان بۆنیاد نراوه‌، واتا له‌هه‌رئان و ساتێكدا ده‌كرێت ئیهمال بكرێت؛ چونكه‌ له‌ئێستاشدا رژێمی په‌ت و سێداره‌ی ئێران ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا جارێكی تر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌ت بگه‌نه‌ رێككه‌وتن. واتا ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌مریكا و ئێرانیش دوابه‌دوای رووداوه‌كانی ئه‌فغانستان بێنه‌ ئاراوه‌، ره‌نگه‌ هاوپه‌یمانی"توركیا و ئێران و سوریا و عێراق"له‌گه‌ڵ زلهێزه‌ جیهانیه‌كان هاوشێوه‌ی رابردوو له‌سه‌ر حیسابی كوردان سه‌ربگرێت. بۆیه‌ له‌ئێستادا هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان چه‌ له‌رۆژئاوای كوردستان، چه‌ له‌باشوری كوردستان و شه‌نگاڵ و چه‌ له‌چیاكانی كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیدانه‌، بۆیه‌ش ته‌نیا به‌خیتابی نه‌ته‌وه‌ییانه‌"به‌كرده‌وه‌"و داڕشتنی ستراتیژیه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌پارێزرین. بێ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، بێ له‌به‌رچاوگرتنی رێكخستنه‌كان گه‌ل و دامه‌زراوه‌كانی هیچ ده‌سكه‌وتێك ناپارێزرێت ئه‌مه‌ش له‌ئێستادا راستیه‌كه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت نكۆڵی لێبكات. ده‌بێت له‌ئێستادا هه‌موو ناكۆكییه‌ سیاسی، حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاكه‌كه‌سی و به‌رته‌سكه‌كان والاوه‌ بنێدرێن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كرا ئه‌وا ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا و شه‌رڤانه‌وه‌ به‌یه‌كخستنی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و ئاشته‌وایی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌توانین بۆ لێكه‌وته‌كانی پێشه‌رۆژ ئاماده‌ بین و خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و ده‌سكه‌وته‌كانمان بپاریزین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە