ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت، کێ دەیدۆرێنێت!؟
Sunday, 22/08/2021, 9:33
ماوەی دوو ساڵە بەگۆشاری خۆپیشاندەرانی شەقامی عێراق و بەقۆربان و شەقی لاوانی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی عێراق، دەسەڵاتداران یەک بەدوا یەک وازیان لەپۆستەکەیان هێنا و تەنانەت بۆ ماوەیەکیش وای لێهات، بۆ دانانی سەرۆکوەزیرێک بۆ عێراق ئەم دەر و ئەو دەرێکی زۆریان کرد، هەتا لەکۆتاییدا هەوڵیاندا مستەفا کازمی وەکو فەریادڕەس بۆ حکومەت و دەوڵەت و گەلی عێراقیان نیشان بدەن. مستەفا کازمیش هەر بەگرتنە دەستی پۆستەکەی سۆزی بەخۆپیشاندەرە ناڕازیەکان لەگۆڕەپانەکانی خۆپیشانداندا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدەن و دەست بەچاکسازی سیاسی، ئابوری و ئیداری و خزمەتگۆزاری و دابینکردنی هەلی کار و کورتکردنی دەست گەندەڵچیەکان دەکات و ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق دەگێڕێنێتەوە. پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر توانیان لەکۆتاییدا بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرەزامەندی هەموو لایەنەکان بدەنە قەبوڵکردن و بڕیاردرا لەرۆژی دەی مانگی دە 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرێوە بچێت. بەڵام لەسەرەوبەندی دەست پێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هەندێ لەکۆتلە سیاسیەکان و کەسایەتیەکان جاڕی بایکۆتی هەڵبژاردنیاندا و لەو کەس و لایەنانەشی کە زۆر بەرچاون، رەوتی سەدری سەر بە مۆقتەدا سەدەری سەرۆکی بزوتنەوەی سەدەریەکانە، حزبی شیوعی عێراقیە و ... هتد. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەم کاتەدا کە کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکاریەکانیان تەواو کرد و دەرگای بەرووی پاشەکشێ و خۆکشانەوە لەبەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانیدا ئەو لایەنانە ئەم هەڵوێستەیان نواوند.
بەگوێرەی هەندی لەرۆشنبیران و سیاسەتڤانان و شرۆڤەکاران، مۆقتەدا سەدەر هەست بە پیلانێکی شاراوەی کردووە کە گوایا کۆمیسیۆن لەئاستی خۆارەوە قۆرخکرابێت و ترسی لەدابەزینی کۆرسیەکانی هەیە، واتا دەترسێت ئەو ئاستەی پێشوو قازانج نەکات و ئەمەش دەبێت شکستێک بۆی. هەندێکیش ڕایان وایە کە سەدریەکان نایانەوێت لەژێر هەیمەنەی ئەمریکا و یو ئین دا هەڵبژاردن بەرێوە بچێت، بۆیەش بڕیارێکی وەهایان داوە. ئەمانە هەندێ گریمانەن کە دەکرێت حیسابیان بۆ بکرێت. واتا ئەگەر ئەم گریمانانەی سەدریەکان و ئەو لایەنانەی جاڕی بایکۆتی هەڵبژاردنیان داوە، راست بێت. دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترس و گۆمانانەی ئەو لایەنانەی هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە دەبێت پێش هەر شتێک چاو بەپێکهاتەی کۆمیسیۆندا بخشێندرێتەوە، کۆمیسیۆن لەژێر هەیمەنی هەندێ هێز و لایەندا دەربهێندرێت و لەهەمانکاتیشدا ئەو بڕیارەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانیان لەعێراقیش دەبێت هەتا کۆتایی ساڵی میلادی 2021 بەعەمەلی جێبەجێ بکرێت و یو ئینیش تەداخۆل لەکاروباری هەڵبژاردنەکان نەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەوانەشی کە لەگەڵ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنن هەر لەئێستاوە، جاڕی بردنەوەی هەڵبژاردن و زیادکردنی کۆرسیەکانیان دەدەن. ئەم نزیکبوونەوانەش لەگەڵ داخوازی خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕازیەکاندا یەکناگرێتەوە، چونکە خۆپیشاندەران کاتێک بەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی رازی بوون، یەکێک لەپێشمەرجەکانیان گوڕینی ئەو دەم و چاوانەی پێشوو بوو، کە چی هەر لەئێستاوە جارێکی تر هەر ئەو دەم و چاوانە بەشێوەیەکی چاوچنۆکتر جاڕی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەدەن، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هیچ کام لەداخوازیەکانی خۆپیشاندەران لەعەمەلدا"پراتیک"دا پێکنایەت و گۆڕانکاریەکی ئەتوو لەپێکهاتەکانی ناو پەرلەمان و حکومەتدا بەدێ ناکرێن و ئاسۆی چارەسەری کێشەکانی عراق بەم زووانە دەرناکەوێت.
ئەگەر هەڵبژاردن دوا بخرێت، چی روودەدات؟
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراودا، واتا 10/10/2021 بەرێوە ببات، نزیکەی ساڵێکە ئامادەکاری دەکات و تازەبەتازە رایدەگەینێت هەموو ئامادەکاریەکانیان بەکۆتا هێناوە، واتا ئەگەر لایەنە سیاسیەکان بیانەوێت بگەرنە رێککەوتنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەبێت هەری کەم بۆ شەش مانگیش بێت، دەبێت ساڵێک دەرفەت بەکۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش بدەن کە جارێکی تر ئامادەکاریەکانی خۆیان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتێکیتردا بەئەنجام بگەینن؛ چونکە لەم ماوەیەدا دەبێت هەندێ کەس و لایەن بیانەوێت تەحالۆف"هاوپەیمانی"ساز بکەن، هەندێ تر بکشێنەوە، هەندێ هێز و لایەنی تر بەشداری بکەن. لەم ماوەەیەدا کەسانێک کە شمولی بەشداربوون دەبن کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، کارتی دەنگدانیان بۆ ئامادە بکرێتەوە، ئەوانەی لەم ماوەیەدا لەژیاندا نامێنن، کارتەکانیان بەتاڵ بکرێتەوە. واتە ئەو زەمینەسازییەی کۆمیسیۆنیش کە هەتا ئێستا کردوویەتی دەبێت جارێکی تر پێداچوونەوەی بۆ بکرێتەوە بەورد و درۆشتیەوە. لەلایەکی تریش دەبێت بزانین کە ئەم بەروارەی بۆ هەڵبژاردنی پێشەوەختە دیاری کراوە بەڕەزامەندی خۆپیشاندەران پێکهاتووە، ئەم دواخستنەش بەپێچەوانەی خۆاستی خۆپیشاندەران دەبێت لەلایەک و لەلایەکی تر، ئەگەر بۆ ساڵی 2022 هەڵبژاردنیش دوابخرێت رەنگە ئەو نیمچە سەقامگیریەی عێراقیش ئەو دەرفەتە نەرەخسێنێت کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کێشە بەڕێوە بچێت و دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش لەنەکردنی هەڵبژاردن خراپتر بۆ گەلانی عێراقی تەواو ببێت و ئێدی گۆڕەپانی عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان بکەوێتە بۆشایی سیاسی و یاسایی و ئیداریەوە و سەرهەڵدانی گەل و دەرکەوتنەوەی گروپە توندئاژووەکان ببێتەوە بەشێک لەژیانی عێراقیەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست