لە دەباشان کودەتایە ... لە سەرى ڕەش سەمایە
Friday, 20/08/2021, 4:47
لەیەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ١٩ى ئایارى ١٩٩٢یەکێتى نیشتمانى کوردستان دروشمێکى لەلاى سەراى سلێمانیەوە هەڵواسیبو لەوەسفى تاڵەبانیدا بوو کەسەر بەبنەماڵە نیە و بەتێکۆشانى خۆى بووە بەسەرکردە ، ئەمە هەندێک لەپارتیەکانى سلێمانى ئاڵۆزاندبوو ، کاتێک مەسعود بۆبانگەشە سەردانى سلێمانى ئەکات ئەو دروشمە ئەبێت بەبەشێک لەقسەوباسەکانیان ، کۆتا قسە مەسعود ئەڵێت : ئەبێت بەدەستى خۆیان ئەو دروشمە لێبکەنەوە ، ڕاستیشیکردو بەدەستە سەوزەکانى یەکێتى لێکرایەوە .
لەدواى ( ڕاپەرین ) ماوەیەک تێپەڕى کە هێشتا مەسعود تەپوتۆزى کەرەج و پاسدارى پێوەبوو و تەنانەت ڕادیۆیەکیشى نەبوو لەکۆڕێکى عەشایریدا ووتى : نایەڵم لەکوردستان شەڕو ئاشتى بەدەست جوجە ( بەچکە ) پۆلیسەوە بێت واتە یەکێتى ، لەوکاتەوە هەتا ئێستا هەروا بووە .
مەسعود وتویەتى بە گۆڕى بابم ئەبێت یەکەتى وەکو حیزبى زەحمەتکێشانى لێبکەم ، و لەدوا وتەیدا وتویەتى ئەبێت بەدەستى خۆیان لەخۆیان بدەم و ئێستا یەکێتى بەم پرۆسەیەدا ئەڕوات و کودەتایەک دەستیپێکردووە .
ئەگەر مێژوى کودەتاکان بخوێنینەوە هەرکاتێک کودەتایەک کرابێت دەستبەجێ بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتى دەرکراوە و لەهۆى کودەتا و ئامانجەکانى دواون ، کودەتاکەى ٨ى تەموز بکەرانى جورئەتى ئەوەیان نەبوو تەنانەت بەیاننامەیەک دەربکەن و ئەوەى ئەدوا :
• پەیجە سێبەرەکانى شانازى برایم ئەحمەد و دەستە و تاقمەکەى بوو .
• سەرچاوەیەک نزیک لە باڤڵ یان قوباد .. ئیتر ئەو سەرچاوەیە کەس نازانێت دەنگ و ڕەنگى چیە .
• پەیجەکانى دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بەرزانى و لەو سەروەختەدا بەلێشاو زۆڵە پەیجیتریان ئەخستە بازاڕى سۆشیال میدیاوە ، سەدەها پاتاڵ و پاشەڵدڕاوى پاراستن کەوتونەتە هەلەکەسەما و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و گرافیک دروستکردن .
کودەتا بۆ :
لاهورى جەنگى لەکۆنگرەى چوارى یەکێتیدا زۆرترین دەنگى هێنا ، جوڵە و مانۆڕەکانى لەناوخۆ و لە ڕۆژئاوا و جوڵە حیزبیەکانى و ڕەخنە گرتن لەپارتى ، سەرەڕاى ئەوانە میدیایەکى پێکەوەنا بوو جۆرێک لە (ڕەخنە )گرتنى تێدا بوو کەپێشتر لە یەکێتیدا وێنەى نەبووە ، لەناو یەکێتیدا قورساییەکی گەورەى وەرگرتبوو ، جگەلەوەى بریقەى لەکۆنەسەرکردە کانى یەکێتى بڕیبوو ، جوتکوڕى تاڵەبانى هەراسانکردبوو بەتایبەت کەحیزبەکە بەمڵکى خۆیان ئەزانن ، لەوانەیە کەسێک بپرسێت چۆن حیزبێک هەڵبژاردنێکى پێشوەختە و نزیکى لەپێش بێت دور لەهەموو یاساو ڕێسا و پەیڕەوى ناوخۆى حیزبەکەى کودەتایەکى لەوجۆرە ئەکات :
• جوتکوڕى تاڵەبانى تەوجیهاتى تورک و سەرى ڕەشیان پیت بە پیت جێبەجێکرد ، چونکە لاهور جەنگى تاڕادەیەک توانیبوى ( جوڵە ) بۆقوڵایى ناوچەى پارتی بکات لەهەولێر و دهۆک و موسڵ و عەشایەرێکى بەرچاوى کۆکردبۆووە و دور نەبوو دەنگى یەکێتى جوڵەیەکى بەرچاوى تێبکەوێت و ئەوەش بنەماڵەى بەرزانى هەراسانترکرد بوو .
• جوتکوڕى تاڵەبانى و پور و سەرکردە وەلانراوەکانى یەکێتى ترسێکى کوشندەیان هەبوو کەلەم هەڵبژاردنەدا لاهور زۆر گەورەتر ئەبێت بەتایبەت کەپێشتر جوڵە و مانۆڕەکانیان دیاربو و جەماوەرە حیزبیەکەى فراوانتر ئەبوو ، ئەو کاتە سەخت بوو جڵەوى بگیرێت .
پاساوى کودەتا :
• ژەهرخواردنى باڤڵى جەلال تاڵەبانى ، ئەمە سەرەکیترین پاساوى کودەتاکەبووە و هەتا ئێستا بەخۆى و بەشانازى پورى بە دەستوپێوەندى گردى دەباشان نەیانتوانیوە بچوکترین دیکۆمینت بخەنە ڕوو و لەدرۆیەکى مامجەلالیانە زیاتر هیچیتر نیە ، لەئەنجامدا جۆرەها نوکتە لێدروستبووە .
ئەگەر کارێکى وەها کرابێت ئەوە کەیسێکى تاوانکارى نێوان دوو کەسە و چ پەیوەندییەکى بەحیزب و هێز جولاندنەوە هەیە , شەوى کودەتاکە زۆرینەیەک لەخەڵکى سلێمانى وەهایان ئەزانى لانەى شێخ جەعفەر شەڕێکى ترى هەڵگیرساندووە .
• قاچاخچێتى و کەمکردنى داهاتى سلێمانى ، وەک ئەوەى داهاتى سلێمانى تەنها داهاتى گومرگ بێت ، ئەمەش لەپروپاگەندەیەکى ڕاگەیاندنە ، کێ قاچاخچیەو کێ باندى هەیە نەخراوەتە ڕوو ، ئەوەى هەتا ئێستا لەئاستى بازاڕ و بازرگاناندا قسەى لەسەر ئەکرێت و هەتا ئەم ساتە بەردەوامە و ئەویش ئەو بار و کامیونەکانەیە کەبەفەرمانى جوتکوڕ و دواى نیوە شەو سنورى گومرگ تێئەپەڕێنێت بەبێ ئەوەى گومرگ بکرێت ،
چەند ڕۆژ پێش ئێستا ١٢ دوانزە شاحینە بەبارەوە لە سنورى باشماخەوە بەرەو بەغداد ئەڕۆن بەبێ هیچ ڕێکارێکى گومرگ ، بەو هەموو بازگە زۆر و زەبەندانەدا هاتون هەتا لە بازگەى کفرى ئەگیرێن دەست بەسەر بارەکانیاندا ئەگیرێن و دواتر بەبڕیارى قوباد تاڵەبانى هەر دوانزە شاحینە قاچاخەکە بەرەو بەغدا ڕەوانە ئەکرێت . هەندێک پەڕلەمانتارانى بەویژدانى بەغدا لێیهاتونەتە دەنگ و کەیسەکەیان لە دەستەى نەزاهەى بەغداد جوڵاندووە .
• گەندەڵیکردن و بەکارهێنانى سامانى گشتى ئەمەش تەنها وورتەورتى زۆڵە پەیجەکانى شانازى تێنەپەڕاندووە. قسە لەسەر دەستبەسەراگرتنى هێزى دژە تیرۆر بەزەوى دێى ى عەواڵى سەربەناحیەى بەکرەجۆى سلێمانى ئەکرێت ، هیچ بەڵگەنامەیەکى باوەڕهێن نەخراوەتە ڕوو ، یان ڕێکارێکى یاسایی کرابێت لەوبارەیەوە بەڵکو وەکو مادەیەک بەکار ئەهێنرێت بەرامبەر نەیارانى جوتکوڕى تاڵەبانى و پوریان .
شێخ جەعفەر هەموو زەوییەکانى کەرتى قوڵقوڵە و درۆزنەى نزیک مەعەسکەر سەلام ى دابەشکرد و بەسەر دۆست و ئەحبابدا و فۆرمیشى بۆکردون ، ئەمە باسێکى نیە کودەتاش مامڵەیە خاتر و خۆترى تێدایە .
شانازى پورى جوتکوڕ دواى کودەتاکەى ٨ى تەموز ڕۆژ بەرۆژ وەکو موگناتیس پلە و پۆست زیاترى پێوە ئەنوسێت و نازانرێت پلە سەربازییەکەى لە عەمیدەوە باڵاتر چوە یان نەء ، لەژێر تەپو تۆز و هەراو هوریاى کودەتادا بەهەلى زانى دەیەها دۆنمى لەدەباشان داگیرکرد بۆکۆمپانیاکەى بەناوى ( ئاى کیو ) .
• لەگەڵ تێپەربونى هەر ڕۆژێکدا کۆمەڵێک قسەیتر ئەخرێتەبازاڕى سۆشیال میدیاوە کەهیچ بایەخێکى سیاسى و بەهایەکى کۆمەڵایەتى نیە ، لەوانە دروستکردنى.(٠٠٠ ١٠ ) ناسنامەى دژە تیرۆر بۆکچە مۆدێلەکان ، ئەمەریکاش ئەو ژمارە لەکچە مۆدێلى نیە ، زۆربەى ئەو کچ وژنە مۆدێلانە لە قەڵەمڕەوى پارتین خێرە هەتا ئێستا سى چلێکیان دەستنەکەوتون . بازرگانى بەمادەى هۆشبەرەوە هەتا ئەم کاتە بەڵگەیەک یان دیکۆمینتێک باوەڕهێنەر نەخراوەتە ڕوو یان دەستەگەرى بەکارهێنانى هێزى چەکدار بۆمەرامى شەخسى و کارکردن لەپێناوى بەرژەوەندى کەسى ، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ئەو پەیج و سۆشیال میدیانەى دەباشان ئەبینین زۆربەى ئەو بابەتانە لابردراون .
ئەنجامى کودەتاکە :
• لەژێر زەبرى هێزدا نزیکەى تەواوى دەسەڵاتەکانیان لەلاهورى جەنگى و براکانى سەندۆتەوە ، جوتکوڕى تاڵەبانى یەکێتى بەمیراتى و مڵکى خۆیان ئەزانن و هەموو پرەنسیپێکى حیزبیان کرد بەقوربانى بەرژەوەندییەکانیان و قۆرخکردنى دەسەڵات و بەدوایدا قۆرخکردنى قاچاخچێتى و چەتەگەرى ....
• هەرچەندە یەکێتى دەستەواژەى پرەنسیپ و پەیڕە و پرۆگرام و بریارى دەستەجەمعى و زۆر لەو دەستەواژە حیزبیانەى کەیەکێتى ڕۆژانە وەکو هێڵى جیاکەرەوە لەحیزبەکانیتر باسى لێوەئەکرد باوى نەمابوو ، کودەتاکە بەیەکجارى ئەو لاپەڕانەى دڕاند و هەپرون هەپرونیکرد ، ئێستا کەسێک بەڕاست و چەپدا بڕیار ئەدات ، مێگەلى حیزبیش سەرکز و ترسنۆک مۆڵیانداوە .
• ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەربگرێت سەرئەکێشێتە سەر دەسەڵاتێکى ڕەهاى دەباشان و باڤڵ نوێنەرایەتى ئەکات ، کەسێکە ئەگەربەمیکرۆسکۆب بۆ سیاسەت بگەڕێیت لەکەللەیدا نیە و دور نیە کۆى ئازادییە مەدەنیەکان بکەوێتە مەترسیەوە .
• نمایشى هێزى چەکدارى ڕەنگاو ڕەنگ ، باڤڵ وەک ژەنەراڵێکى بێ ئەستێرە هەر ڕۆژەى لەگەڵ هێزێکدا نمایش ئەکات ، کەهەتا ئێستا ناسنامە و ئەرکى و بودجە و پلەبەندى سەربازییان دیار نیە .
• پارتى و پاراستن دەستیان لە سلێمانى ئاوەڵا ئەبێت و لەهەوڵى ئەو فەزا تۆقێنەرەى لەهەولێر هەیە بەسەر سلێمانیدا بیسەپێنن و نوچدانێک بەخەڵکى سلێمانى بکەن .
• میتى تورک و حکومەتەکەى سەقفى داخوازییەکانیان بەرزتر ئەکەنەوە و ئەبێت هەمان سیاسەت و ئاکاری مەسعود وپارتیان هەبێت و ملشۆڕانە دەرگایان بۆبخەنەسەرپشت .
• کۆمیدیاى کودەتاکە :
بڕیارى قوباد دەستبەسەراگرتنى ئۆتۆمبیلى بێسەرەتا ، لەکاتێکدا کە ٢٠٠٠٠ بیست هەزار ئۆتۆمبیلى بێبەراى گومرگەکەى وەرگرتووە . بڕیارى لابردنى جامى ڕەشى ئۆتۆمبیل ، شانازیى پورى لە پرۆسەیەکى پڕلەپیرە نازدا نایلۆنى ڕەشى لەجامەکەى کردۆتەوە ، بڕیارێکى ترى دەستبەسەراگرتنى چەک و چەکى بێمۆڵەت ٤ کیلۆمەترێک لەولاترەوە کاکى دەمانچەى بێمۆڵەت ئەبەخشێتەوە ، ئەگەر ئەم هەرێمە یاسا بەرقەرار بوایە ئەبێت دەستبەجێ باڤڵ بدرێت دادگا چۆن یاساشکێنى ئەکات بەتایبەت یاساى چەک ، باڤڵ خۆیکردوە بەسەرۆک و دورنیە لاسایى سەرۆک سەدام بکاتەوە ئەویش جارجار ئەم ڕەفتارانەى ئەکرد بەلام ئەو بەپلەو پۆستى سەربازیی و کاتى جەنگ ، کۆمیدیایەکیتر ، قوباد لەلایەک ڕۆڵى پۆلیسى هاتوچۆ ئەبینێت ، شەقامەکان ببورن شۆستەکان بۆیاخ ئەکاتەوە ، هەشت ساڵە جێگرى سەرۆکى حکومەتە نەیتوانیوە ٨ ڕاستە شەقام دروست بکات ، ساڵێکە یەک مەتر لەشەقامى بازنەیی سلێمانى قیرتاو نەکراوە ، لەلایەکیتر ڕۆڵى شارەوانى ئەبینێت ونەمام ئەڕوێنێت باوکى ٢٦ ساڵ حوکمى سلێمانی کرد ٢٦ درەختى نەڕواند .
چاکسازى .. ئەوەى هەتا ئێستا لەچاکساز دواوە و ئەو دروشمەى هەڵگرتووە لەهەر حیزب و دەستەو تاقمێکدا بێت لەدەسەڵاتدا بێت یان ئۆپۆزیسیۆن ، مەبەستى خۆى دەست و پێوەند و گرد و بنەماڵەى نیە بەڵکو مەبەستى کەسانیترە ، باڤڵ ئەم وشەیەى بەجلى سەربازییەوە دوبارە ئەکاتەوە ئێ کاکە تۆخۆت پێویستت بەچاکسازیە بەچ مافێک بەرگى سەربازى ئەپۆشیت کەتۆ شەڕى پلەیەکى سیاسی ئەکەیت ، پێشتر سەرانى حیزبەکانى کورد دروشمى کوردایەتیان بەرزکردەوە و لەسەر ڕەنج و ماڵوێرانى و خوێنى خەڵکى کوردستان گەیشتە ئەو ڕۆژە و کورد و خاکى کوردستانیانکرد کرد بەمەیدانى بازرگانى وڕوتانەوەى خەڵک وتاڵانکردنى سامانى سەرزەوى و ژێر زەوى و فرۆشتنى و سەرشۆڕ لەئاستى بێگانە و داگیرکەدا لەپێناوى پاراستنى ئیماراتە چەتەگەرییەکانیان ، لەئێستادا سەرتاپایان دروشمى چاکسازى ئەوە شێنن ، خۆیان خراپیانکردووە خۆیان چاکسازى بکەن !
ئەگەر بە (کوردایەتى) ساڵانێکى پڕ لەنەهامەتیان هێنا ئەوا لەژێر دروشمى (چاکسازى) دەیانەوێت درێژە بەم پرۆسە دزێوە بدەن ، حیزبێک ناوماڵى خۆى پێچاکنەکرێت ئەو پەیڕەوەى خۆى بۆ خۆى داناوە لەسەرى بڕوات کودەتاى بەسەردا ئەکات ، ئیتر ئەبێت چى مابێتەوە ، چاکسازیش وەکو کوردایەتى شڕواڵى لەپێدانەماوە ، لەدەستى ڕاستیەوە کوڕى پاشاى دزەکانى کوردستان کۆسرەتەوە دانیشتووە لە چاکسازى ئەدوێت ، لەپاڵ شێخ جەعفەردا دانیشوە باسى چاکسازى وێردى سەر زاریەتى ، باسى یەکخستنى هێزى چەکدارئەکات بۆهێزەکەى جەعفەر پارتى پارێزبەندى پێداوە ! باڤل وەها هۆگرى مام شێخ بووە هەنگاوێک بەبێ ئەو هەڵناهێنێتەوە نازانرێت راسپاردەى پارتیە یان شێخ دەمەتەقێى فلیم و شتى واى بۆئەکات ، دەمانچە بەسەر سەرپەرشتیارى لیواکانى ( بڕوانن لیواکانى , ئەبێت چەند لیواى هەبێت ؟ ) کۆسرەت ئەدرێت ، لەچ حکومەتێکدا کەسەکان لیوایان هەبووە ، کەسەکەش پەککەوتەیەکە بەقەد ژمارەى لیواکانى ڕۆژانە دایبى بۆ ئەگۆڕن ، لەگەڵ هەر ڕۆژێکدا کەتێئەپەڕێت خەریکە دەباشان هیچ نامێنێت بیڵێت پەنجە ڕاوەشاندنەکەى نەبێت.
بێجگە لەڕەهەندە سیاسیەکانى ، لەوانەیە باشترین قازانجى ئەم کودەتایە بۆخەڵکى کوردستان ئەوە بێت کە زەبرێکى کوشندەیە بۆ پاشماوەى حیزبێکى میلیشیایی بزنس و کە لاهوری جەنگى ڕۆڵەیەکى ئەوحیزبە و ئارایشتکارێکى زمانپاراو زیاتر هیچیتر نیە ، کودەتا کوشندەترین زەبرە لەو ( ڕابوردو )وەى کەیەکێتى شانازى پێوەئەکرد وەکو جلێکى تەڕو چڵکن ڕایئەواەشاند و ئەیکرد بەتەنافى گەردنى خەڵکى ساویلکە و دڵسافدا ، کودەتا کۆتایی بەو ورتە و ورت و قاڵەقاڵ و وتار داتاشینە هێنا کەیەکێتى حیزبى بنەماڵە نیە ، پرۆسەکە ڕۆکێت ئاسا خێراتر بو لەبنەماڵەوە بوو بەخێزان ، ماقولە ( حیزبەکەى مام و ماڵى مام و ... ) ئائەمانە زاراوەکانى جوتکوڕو پورى پڕلەنازییان بن شەریک بۆخۆیان پەیدا بکەن ، کودەتا بێبایەخکردنى تاقمى ( پڕۆپارتى ) بوو ئیتر حیزبەکە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتى مەسعوددایە پێویستى بەدەڵاڵ و هاتوچۆى ژێربەژێر نیە و بەبێ دەمامک لەپێشوازیدایە و هەفتەى داهاتوو مامى گەورەى جوتکوڕ و کاریزماکەیان باسى داستانى قارەمانێتى و نەبەردى پڵنگە زەردەکانى ٣١ى ئابیان بۆ ئەکات ..
حیزبێک بێوێنەیە لەخۆسوککردندا ، کاک باڤڵ ئەڵێت : یەکێتى نوێبۆتەوە .. چیە گێڕ و مەکینەى گۆڕیووە ، بەڕێزیان ئەڵێت یەکێتى ئەکەین بەحیزبەکەى مام ، ئەو مامەى بەهەموو تەمەنى نەیتوانى هەنگاوێک لەپێش مەسعودەوە بڕوات .. ئەو مامەى لەسەر فەیکە گۆڕەکەى مەلا مستەفا ئەیوت خەباتت هاتۆتەى دى پەشیمانم پەشیمانم کەلێت جیابومەوە . ، مام هەتا چوارپەلى نەشکابوو بە جوملە قەلەمونى ئەهاڕى بەڵام کەمەسعودى ئەبینى هەتا مرد ئەیوت تامى ساوەرەکەى حەمایل خانى دایکى کاک مەسعودم لەدەمدا دەرناچێت .
لەسەردەمى بزوتنەوەى چەکداریەکەى تاڵەبانى و لەگەرمەى کوشتن و وێرانکارى و نەڕەنەڕى کابراى سەنگاوى دەنگۆى ئەوە لەناو پێشمەرگەدا بڵاو بوبۆوە کەمام جەلال کوڕێکى هەیە بەناوى باوێڵ خوێندەوارەکان ئەیانوت باڤێڵ بەناوى پاڵەوانى ڕۆمانى دایکى ماکسیم گۆرگى هەندێک دڵساف و ڕەشۆکى ئەیانوت ( باوەڵ ) و یەکێک وتبوى باوەڵە بەخوا مام جەلال هەمومان ئەخاتە باوەڵەوە ، سوپاس بۆ پەروەردگارى بەبەزەیی کوڕانى تاڵەبانى و نەوشیروان لە کوردستانى دوکەڵ و باروت دوربون و سەلامەتن، باوەڵ لەتەنەکە دروستئەکرا (جۆرە سندوقێکە کە کاڵا و کەلوپەلى تێدەخرێ و بەدەست هەڵدەگیرێ ، فەرهەنگى خاڵ ) ، قسە قسە ئەهێنێ ، ئەوەى باوکى بۆینەکرا ئێستا باڤڵ یەکێتى خستۆتە باوەڵێکەوە بۆ کەللە پوتێکى ٧٥ ساڵە کە هەموو ئینسانیبونێکى لەدەستداوە و سەرمایەکەى بێجگە لەخوێن خیانەت هیچیتر نیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست