مەترسییە گەورەکان
Saturday, 14/08/2021, 18:46
دورستکردنی بەنداوەکان لە زۆنی ئیرهاب، پلانە یا پیلانە؟!.
وەک هەواڵەکان باس دەکەن ، گوایە وەزارەتی کشتوکال بە تەمایە ژمارەیەکی زۆر بەنداو دورست بکات . هەر دارێک لەسەر بەرد دانانێک ،جێگای دەستخۆشیە ، لێ ٣٠ ساڵە ئەو دەسەلاتە چەتەگەراییەی هەرێم جگە لە تاڵانکردن و هێنانی دەستی داگیرکەر هیچی بینا نەکردووە ، بۆیە جێگەی گومانە ئەگەر باس لە دورستکردنی بەنداو و بەو ژمارە زۆرە بکرێت!.کاتێ سەرۆکی پارتی ، گوتی هەولێر دەکەین بە دوبەی ، نەک هەر نەبووە دووبەی بەڵکو بوو بەمەقادیشۆ ، سەرباری ئەوەی بۆتە ناوەندی ئیرهابی داگیرکاریی تورکیا وئێران ، ئەوەتا سادەترین خزمەتگوزاری کە دابینکردنی ئاوە لە هەولێر بوونی نییە ، پارێزگاری هەولێر هانا بۆ دەوڵەتان و خێرخوازان دەبات بۆ دابینکردنی ئاو !.
تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان بەتەنها هێزی سەربازی نەجوڵاندووە ، بەڵکو پرۆژەی وێرانکاریی مەترسیداریش دەیەوێت لە باشور جێبەجێ بکات.
لەم پیلان و پرۆژە مەترسیدارانە ، پارتی وپانیکەکان(پارتیەکانی ناو یەکێتی- کۆدەتاچییەکان) دەیانەوێت جێبەجێی بکەن ، بریتیە لە زیاتر وردوخاشکردن و پارچەپارچەکردن و دابڕینی پارچەکانی کوردستانە لەیەکتر.
پیلانەکە بریتیە لە دورستکردنی چەندین بەنداو لێ مەبەست سێ بەنداوی گەورەیە لە سەر سنوری باشور وباکور بۆ غەرقکردنی ئەو دەڤەرە فرەوانە بە ئاو و رێگەگرتن لە هاتووچۆ و یەکگرتنەوە.
پارتی چۆن بۆ دابڕینی رۆژئاڤا و باشور ، لە سنورە دەستکردەکانی سایککس -پیکۆ، خەندەقی لێدا بۆ ئەوەی پەیوەست بوون و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کۆمەڵایەتی نەبێت ، ئاواش دەیەوێت باکور وباشور لەیەک دابڕێنێت.
لەم پیلانەیدا ، پێشتر سەرۆککۆمار ، دکتور بەرهەم ، بەشدارە و ئەو بە فەرمانی ئەردۆگان لە دوایین سەردانیدا ، پێیڕاگەیەنراوە کە کار بۆ ئەم پیلانە بکات.
لە دوایین دیداریدا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی تەزویری هەرێم و ئامادەبوونی سەفیری تورکیا لەبەغدا ، بڕیار لە پیلانەکە دراوە.
پارتی و کۆدەتاچییەکانی یەکێتی وا بانگەشە دەکەن گوایە بۆ دورستکردنی کارەبایە بە بڕی ١٢٠ مێگاوات ، بەڵام دیارە ئەم بانگەشە بێ بنەمای تەکنیکییە ، ئەو بڕە کارەبایە لە یەکەیەکی گازیی لە هەر شارێکی هەرێم دەتوانێت بەرهەم بهێنرێت.
ئەم پیلانە بۆ دابڕینی باشور و باکورە و قوڵکردنەوەی هێلی سنوری نێوان پارچەکانە و لێدانیشە لە تەڤگەری ئازادی کە پەکەکە رێبەرایەتی دەکات ، تورکیا دەیەوێت هەرێمەکان گەریلا لەیەکتر دابڕێنێت و بۆ ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دورست بکات.
پارتی بە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە ١٩٩٤ رۆڵی گەورەی هەبوو لە دورستکردنی دوو زۆن لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها لە میانەی گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم ، بەفەرمانی تورکیا وئێران ، ناوچەکانی دیکە کە ٥١٪ ی باشوری کوردستان پێدەهێنیت ، خستییەوە ژێر رکێفی حەشدی شەعبی و ئێران و بەرەی تورکمانی تیرۆریست.
پارتی هەمیشە کاری پارچەپارچەکردنی باشوری کوردستان بووە ، لە پارچەکردنی باشور تێیدا سەرکەوت ، ئێستا دەیەوێت بەفەرمانی تورکیا پیلانێکی چەپەڵ بۆ دابڕاندنی باشور و باکور ئەنجام بدات.
هەر لایەنێک پشتیوانی لەوەها پرۆژەیەک بێت ، بێ سێ و دوو ناوی وەک خیانەتکار دەچێتە مێژووە ، دیارە مەبەستمان لە پارتی وکۆدەتاچییەکانی ناو یەکێتی نییە ئەوان وا لە زبڵدانی مێژوون و، هیچ جیاوازییەکیان نامێنێت لەگەڵ داگیرکارانی ودوژمنانی گەلی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست