لەدەروازەی گۆڕستانێک نوسراوە مردنت لەیادبێت
Monday, 26/07/2021, 23:42
هەر ڕۆژێک بەلای ئەو دەروازە داخراوەی گۆڕستانە بچکۆلەیەدا گوزەر دەکەم لەو نووسینە دەڕوانم کە بەگەورەیی بە زمانی سوید نوسراوە " مردنت لە یادبێت " ئەم نوسینە وەک سمبوڵێک ئەم گۆڕستان و شەقام و شارەی پێدەناسرێتەوە .
دەمێکە لەبیری ئەوەدام ڕۆژێک شتێک لەسەر ئەم دەروازە داخراوە ژەنگاویە بنوسم . چونکە ئەو نووسینە کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢٠ساڵ لەمەو بەر زۆرشتمان پێدەڵێت : ئەم گۆڕستانە ، گۆڕستانێکی دوورەدەست نیە کە ئەم نوسینە هیچ بەهایەکی نەبێت وبە ڕێکەوت خەڵک بەلایدا بڕوات و گۆڕستانێکی فەرامۆشکراوبێت ، بەپێچەوانەوە هەموو ڕۆژێک سەدان جار ترامە پڕە مرۆڤەکان بەبەردەم ئەم دەروازەیەدا دێت ودەڕوات ...تاکە کەس ئەم نوسینە نەبینێت کوێرەکانە ، کەئەوانیش زۆر کەمن و بگرە هەرناشیان بینین ، بەرامبەر ئەم گۆڕستان و دەرگاداخراوەش دەیان باڵاخانەی پڕ لەخەڵک ژیان دەکەن .
لەپشت ئەم نوسینەوەیە چی هەیە !؟
بەلای منەوە ئەم نوسینە گەرچی تەنها سێ ووشەیە، بەڵام ئاگادارکردنەوەیەکی فەیلەسوفیانەیە بۆژیان ، وەک ئەوەی تاکە شتێک لەم ژیانەدا چێژ بەژیانت بدات بیرکردنەوەیە، چونکە ئەم دەروازەیە ببینیت دەبێت دوایی خوێندنەوەی ئەم رستەیە تۆ بیر بکەیتەوە لەمردن نا بەڵکو لە ژیان ... ئەم نوسینە دەڵێت : دەست بەژیانەوە بگرە ،ڕێز لەو ژیانەبگرە کەزیندوویت ، کاتی خۆت بەشگەلی پوچ و بێبەرهەمەوە مەگوزەرێنە ... کەسایەتی خۆت بە و مەبە کۆیلەو غوڵام و کەسی بچوک، دوایی داهۆڵی بەختەوەری مەکەوە کەتەمەنی کورتەو کەسایەتیت لەکەداردەکات ، خۆت هەرزانفرۆش مەکە ... چونکە زانیاری ڕاستەقینە لەبەیەکدانی بیرۆکەکانەوە دێنەمەیدان ، تاکە شتێک لەم دنیایەدا بەزیندووی بتهێڵێتەوە بیرکردنەوەیە لەشکۆو کەرامەت ، ئەگەر ئەم نوسینە بەم بەرزیەوە هەڵنەواسرایە ،ئەوا منیش وەک هەموو گۆڕستانێک سەیری ئەم جێگەیام دەکرد ... دوێنێ لەگەڵ هاوڕیەکەم پیاسەیەکمان بەناو گۆڕستانەکەدا کرد .. ڕۆژێکی هەتاوبوو چەند خانم لەسەر چیمەنە سەوزەکە خۆیان هەڵخستبوو هەتاویان دەکرد ... سەگەکان هەڵبەزوو دابەزیان دەکرد ... ئەوان بیریان لای ژیان بوو نەک مردن ...نوسینێکم خوێندەوە لەسەر ئەم گۆڕستانە نوسەرەکە پێشنیاردەکات کە ڕووی ئەم نوسینە لابەن لەسەرشەقامەکە و ڕووی بکەنە ناوگۆڕستانەکە ... تاسەردانکەران لەناو گۆڕستانەکەوە کە گوزەریکرد بیریان لای مردن بێت، نەک ڕێبوارانی سەر شەقامەکە ... بەڵام کەبەم گۆڕستانەدا پیاسەدەکەیت ژیانت لاجوانتر دەبێت، کەشی ناو گۆڕستانەکە زۆر لەدەرەوەی گۆڕستانەکە جوانترە ... من زستان و پایزو بەهارو هاوین پیاسەی ناو ئەم گۆڕستانەم کردووە ... ئاخر ڕووبارێکی هێمن کەپڕە لەگەڵای سەوزو قەوزەو ڕەوەی مراوی بێخودان و دارستان و دەنگی سەدان باڵندە لەم گۆڕستانەدا ژیانیان هێندە جوانکردوەئەوان بەشەو ڕۆژ سەمفۆنیایی تایبەتی خۆیان لێدەدەن بۆ گۆڕەکان و میوانە زیندۆکانی کۆڵانە هێمنەکانی ناو گۆڕەکان ، لەڕاستیدا مرۆڤ کە ڕێگەی دەکەوێتە ناو گۆڕستانەکە ئیرەی بە مردۆکان دەبات ، چونکە گۆڕستانەکان پێمان دەڵێن سەلیقەی زیندۆکان چۆنە... !؟
ئەم نوسینە کەبەدەروازەکەدا هەڵواسراوە فێرمان دەکات کە مرۆڤ نابێت بەنیگەرانی مردنەوە ژیان بکات ، ژیان وەک خەونێکی خۆش و شیرین بەرێبکەین ، ڕۆژێک لەناو گۆڕستانەکەدا درەختێکی ووشکم دی مردبوو ..ووتم سەیرکە ژیان چۆن درەخت بەپێوە دەمرێت ، ئەی ئێمە بۆوانەبین ...بەپێوە بمرین ؟
ئەگەر ئەم نوسینەی سەر ئەم دەروازەیە نەبوایە کەنوسراوە"مردنت لەیادبێت" من سەدان درەختی ووشکم دیبوو ئاوا بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو کە درەخت بەپێوە دەمرێت ...! ئاخر ئەم نوسینە سێ ووشەیە فێرت دەکات بیربکەیتەوە .. هەموو ئەوەی کە دەبینی لەناخەوە بتهەژێنێت ، مرۆڤ کە فێربوو بەتەنگ بەهاکانەوە بێت، ڕێزی هەمووشتێک دەگرێت ... ئاخر ژیان چیە کە تێدا بیر لەمردن نەکەیتەوە؟ ئەی مردن چیە،کە ژیانێکت بەبێ بیرکردنەوە تێدا گوزەراندبێت ؟
ئەم نوسینە فێرمان دەکات کە چیرۆکە خەم ئامێزەکان فەرامۆش کەین و ژیان بکەین ..چونکە کەمردن هات شتێک نەمابێت خەمی لێبخۆین کە نەمان کردوە ، بافێربین ئەو بوێریەی لەژیاندا نەمان بووە لەمردندا هەمان بێت کەگەیشتەلامان .. ئێرە گۆڕستانی شەهیدەکان نییە ، بەڵکو گۆڕستانی ئەوانەیە کە ژیانیان بەجوانی کرد ..گۆڕستانێک بلوارێکە پڕە لەئۆکسجین .ڕێبوارو باڵندەکان تێدا هەست بەژیان دەکەن ..درەختە باڵابەرزەکانیش بەگەڵاکانیان بەردەوام باوەشێنی گۆڕەکان دەکەن ، ئەم گۆڕستانە لەتابلۆیەک دەچێت کە چاو تێرناخوات لەسەیرکردنی ...."مردنت لەیادبێت" پێم وایە لەهەربەهەشتێکدا بین هەمان شت ڕوودەدات کەئەمێژووی ئەفسانەکان بۆمان دەگێڕنەوە "دواجار کەسێک قەپێک لەسێوەکە دەگرێت" و ئێمەش لەوێ دەردەکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست