سوعاد ئەلسەباح و ئاڵا تاڵەبانی یەک ڕۆحی عەرەبییان هەیە!
Monday, 26/07/2021, 19:20
ئەمە بۆ ڕوونکردنەوەی زێتری وتارەکەی ڕابردووم کە بە نێونیشانی "ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت، من ئاڵایەکی عەرەبییم و شەوی بوکێنیم شەوی قادسیەیە".
کاتێک کە گرفتەکانی نێوان نەوشێروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی هێشتا نەگەیشتبووە تەقینەوە بەڵام لەنێو ڕێکخستنەکانی یەکێتییدا ئەو ململانێیە بە ئەسپایی کاری کردبووە سەر بەهێزبوونی کوتلەی جیا و ڕقابەری بەتایبەتی لەنێوان نەوشێروان و جەلال تاڵەبانی و هێرو. جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان بۆ مێژوویەکی درێژ کاریان لەگەڵ یەکدا کردبوو، بۆیە نەوشێروان بە وردی ئاگای لە وردو درشتی گرفتی نێوان هێرو و ماڵومنداڵی جەنگی بوو. لەو کاتانەدا کوڕەکانی جەنگی دوور لەچاوی هێرو دەوروخولی جەلال تاڵەبانیان دەدا و گەلێک هەلیان بۆ ڕەخسا، بەڵام هێرۆ نەیدەهێشت کچەکانی جەنگی و خزمەکانی دی هاوسەرەکەی وەک ئاڵا، بێگەرد و ئاواز لە تاڵەبانی نزیک ببنەوە، بێگومان نەوشێروان ئاگای لەو بابەتانە هەبوو، بۆیە لە ڕقابەری هێرۆ پشتیوانی لە ئاڵا تاڵەبانی کرد.
ئاڵا لە بریتانیا ئەوەندەی لە جالیەی عەرەبی عیراقی نزیک بوو ئەوەندە لە جالیەی کوردی نزیک نەبوو، کار و چالاکیی لەگەڵ عەرەبان ئەنجام دەدا، ئەندامی ڕیکخراوی ئافرتانی عیراقی بوو، کە عەرەب بوون. بێگومان لە ڕێگەی قادری حاجی عەلیەوە کە ئەو کات لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی بوو، نەوشێروان ئەو زانیارییانەی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی کە ئاڵا خوشکەزای جەلال تاڵەبانی بوو، گرفتەکانی نەوشێروانیش لەگەڵ منداڵی ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەندە قوڵ بوو، ئەو گوێی بەوە نەدابوو کە لە ئایندەدا ئەو ژنە چۆن بۆ بەرژەوەندییەکانی هەموو ئەو کەسانە شەرمەزار دەکات کە پشتیوانیان لێ کردوە. ئاڵا لەگەڵ ژنێکی عەرەب بەناوی زەینەب سویەچ گەڕاوە کوردستان، کە ئەم جۆرە مێژووە ئەوە دەردەخات کە هەر لە سەرەتاوە ئاڵا وەک سوعاد ئەلسەباح هەڵگری ڕۆح و بیروباوەڕی عەرەبی بووە و خۆی زێتر لەگەڵ عەرەبی عیراقی گونجاندوە.
ئەوەی کە دەڵێن ئاڵا لە ساڵی ١٩٨٦دا پەیوەندیی بە ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کردوە، ئەم زانیارییە بێ بنەمایە، لەبەرئەوەی یەکێتی ڕێکخستنی نەبوو، ئەڵبەتە بەرەیەک بوو لەو ساڵەدا تەنیا پێکهاتبوو لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران و شۆڕشگێران. بەهەر حاڵ بە پشتیوانی تاڵەبانی و نەوشێروان ئاڵا کرا بە ئەندام پەرلەمانی عیراق.
|
ئاڵا تاڵەبانی بە جلوبەرگی ژنە شیعە |
لە بەغداد لەنێو عەرەبان ئاڵا دەیویست سوودمەند بێت و دەیزانی کە پێگەی جەلال تاڵەبانی بەهۆی هەڵوێستەکانی بەرامبەر ئیران و شیعە و یەکێتی عیراق، بەهێزە بۆیە کاتێک کە چوو بۆ بەغداد، ئیتر بەناوی خزمایەتی لە جەلال تاڵەبانی خۆی لە عەرەبی شیعە و سونە نزیک کردەوە، تاڵەبانیش لاری لەوەدا نەبوو دەنا بۆ ئەو بەلاوەنانی ئاڵا کارێکی قورس نەبوو، بەڵام دوای مردنی تاڵەبانی، ئاڵا زانی کە هێرۆ ناهێڵێت ئەو کاندید بکرێت، بۆیە ژێربەژێر دەستی لەگەڵ حزبێکی عەرەبی تێکەڵ کرد، پشتی لە کورد و دەنگدەرانی کەرکوک کرد، لەسەر لیستی هاوپەیمانی بەغداد خۆی هەڵبژارد و هەر لەوێ مایەوە و لە یەکێتی دەرکرا. سەیری ئەو گرتە ڤێدیۆیە بکە:
ڤیدیۆ.. كاردانەوەی ئاڵا تاڵەبانی لەبارەی بڕیاری سڕكردنی لەناو سەركردایەتی یەكێتی - YouTube
بەدرێژای ئەو ماوەیەی کە ئاڵا لە بەغداد بووە تا ئێستا، هەر لە سەرەتاوە سیاسییە عەرەبەکان ئاڵایان بۆ مەرامی مەزهەبی و سیاسیی بەکارهێناوە و لە میدیا عەرەبیەکاندا، بەتایبەتی لە "ئەلشرقیە نیوز"ی بەشی لەندن، لە هەموو ڕووداوەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدا، نەک لەبەرئەوەی ژنێکی بەتوانایە، ئەڵبەتە لەبەرئەوەی ژنێکی کوردە و هەڵوێستەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی عەرەب جووت دەکات، ئەویش لە چاوپێکەوتنەکان ئەو بۆچوونەی ئەوان پێیان باش بوو بەناوی نوێنەری کورد پشتیوانی لێ دەکردن، کە ئەمە دەستەکەوتێکە بۆ ئەو عەرەبانەی کە سیاسەت دەکەن و پشتیوانی لە جیابوونەوەی کوردستان ناکەن، لە میدیاکانەوە ژنێکی کوردیان پێشانی دنیا دەدا کە بە ڕەزامەندی خۆی، خۆی تەعریب کردوە.
|
ئاڵا تاڵەبانی لەگەڵ سەڕۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی ئەبو فەدەک |
دوای ئەوەی لاهور دەسەڵاتی لەنێو یەکێتی پەیدا کرد، گشت پۆستە هەستیارەکانی بەسەر براو برازا و خوشکەزاکانی دابەش کرد. ئاوازی خوشکی و پورزاکەی بە ناوی بێگەرد تاڵەبانی کرد بە ئەندام پەرلەمان و بێگەردی کرد بە سەڕۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان. ئاڵای لەناو حزبە عەرەبیەکە هێنایەوە نێو یەکێتی و کردی بە سەڕۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە.
هەلێکی زێرین بۆ ئاڵا هەڵکەوت، بۆ ئەوەی عیراقیبوون و عەرەبیبوونی خۆی بۆ عەرەبان بسەلمێنێت، یەکێک لەو ئامرازانەی کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاریدەهێنا ئەوەبوو، لە هەموو بۆنەیەکدا بەشانوباڵی حەشدی شەعبی هەڵدەگوت، پشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆیان دووپات دەکردوە. دەیگوت حەشدی شەعبی دەبێت خاکمان بپارێزن، لە ساڵی ٢٠١٧دا حەشدی شەعبی دوای هاتنیان بۆ نێو کەرکوک، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و یوتیوب، بەسەدان گرتە ڤیدیۆیان بڵاو دەکردەوە و سوکایەتیان بە میللەتی کورد دەکرد، هەروها کورد هێزی چەکداری خۆی هەبوو، کە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بوو کە پشتیوانی لە ئاڵا تاڵەبانی دەکرد لە بەغداد، بەڵام ئەو ئافرەتە بۆ بەرژەوەندیی و مانەوەی لە بەغداد، هەموو سنوورێکی بەزاند، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گوایە ئاڵا تاڵەبانی بۆ واژۆ لەسەر یاسای حەشدی شەعبی یەک ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیە بکەن:
ئاڵا لە بەغداد بۆ دەستکەوت و پارە، بەبێ شەرم لە میدیاکاندا بەشانوباڵی قاسم سولێمانی هەڵدەگوت، خۆی بەوە هەڵدەکێشا کە قاسم سلێمانی هەمیشە ئامۆژگاریی و ڕێنمایی کردون، ڕێگەنیشاندەری یەکێتی نیشتمانی بووە، بەتایبەتی بۆ خێزانی تاڵەبانی. سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیەی خوارەوە بکە:
https://www.youtube.com/watch?v=TcX0f9VSn9c
میللەتی کورد ئاواتە خواز بوو، ڕۆژێک ئەگەر نوێنەری لە پەرلەمانی عیراقدا هەبێت، ئەندامەکانی بە زمانی کوردی قسە بکەن، وەک بڕگەیەکی یاسای بیسەپێنن کە دەبێت لە پەرلەمان وەرگێر هەبێت بۆ ئەوەی قسەکانیان لە زمانی کوردییەوە هەڵگێرێتە زمانی عەرەبی، سەرەڕای ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک ئەوە پەیڕەو نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی ئاڵا بەناوی کوردەوە گەیشتە ئەو پۆستە، بەڵام هەرگیز بۆ ڕۆژێکیش نەیوتووە من کوردم، سروودی "ئەی ڕەقیب"ی بە پیرۆز نەبینیوە، کە میللەتی کورد لە باشووری کوردستان بە سرودی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیانی دەزانن، بەڵکو وەک سوعاد ئەلسەباح، کە چۆن بۆ پارە ئەو شیعرەکەی داڕشتووە، ئاڵاش بۆ پارە و پۆست ئەمڕۆ هەمان شت ئەنجام دەدا، لە ماڵەکەی خۆیدا سروودی نیشتمانیی عیراقیی بە دەنگی خۆی تۆمار دەکات و بە گرتەڤێدیۆیەک بە چوارمشقی دنیادا پەخشی دەکات. سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://fb.watch/6_2wK4pbJ2/
ئاڵا تاڵەبانی هەستونەست و ناخی دەروونی عەرەبە، بۆ هەر ئامرازێک دەگەڕێت کە بڵێ توخوا عەرەب منتان قبوڵ بێت کە من تاکێکی عەرەبیم، لە هەموو بۆنەیەکدا عیراقی بوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆیە جارێک بەزۆر و زۆرداری دەیگوت ئێمە "ئەسەدین". عەرەبەکان لەسەر ئاستی حکومەت و جەماوەریی عەرەبی عیراقی دەرک بەوە دەکەن کە ئاڵا خۆی فڕۆشتووە و هەمیشە شانازیی بە عیراقی بوونی خۆی دەکات، بۆیە لە گردبوونەوەکاندا بەشانوباڵی هەڵدەڵێن، ماچی دەکەن، ئەڵبەتە ئەو گرنگی پێدانەیان بە ئاڵا، تەنیا بۆ ئەوەیە کە میللەتی کوردی پێ لەکەدار بکەن، دەنا بەسەدان ئافرەتی هەڵکەوتوو لەنێویاندا هەیە، کە ئاڵا ناگات بە نووکی پەنجەیەکان لە ڕۆشەنبیریی و زانیاریی و لەسەر هەموو بابەتەکان و لەسەر هەموو ئاستەکان. سەیری ئەو ڤیدیۆیەی خوارەوە بکە:
ئێستا ئاڵا تاڵەبانی گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی، بافڵ تاڵەبانی دەریکردووە، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عیراق ناهێڵێت کاندیدی ئەوان بێت، بۆیە هەنووکە ئاڵا وەک جاری پێشوو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە لەنێو عەرەبان، هەوڵدەدات یەکێک لە حزبەکان بیکەن بە کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق، بۆیە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن و شیرینکردنی ئاڵا لای خەڵک بە ئاگاداری خۆی شیعرەکەی سوعاد ئەلسوباحیان بۆ مۆنتاژ کردوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا بەنێو شەقامی عیراقی و زۆرینەی سادەی عەرەب بەتایبەتی عەرەبی سونە بڵاویان کردۆتەوە، بۆ ئەوەی ئامادەی بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستێکی دی لە حکومەتی عیراق یان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولێکی دیکەی خیانەت لە نیشتمان و خوێنی شەهیدان. سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە.
https://www.facebook.com/100000434331832/videos/4163653720347040/
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە بگوترێت هەر وەک چۆن لە وتارەکەی پێشووشم نووسراوە کە ئەم هەڵوێستانە و هەزاران هەڵوێستی دی ئەو ئافرەتە لە بەغداد دەیسەلمێنێت، کە وشەی جاش پڕ بەپێستی ئاڵا تاڵەبانی نییە، دەبێت لە وشەیەک بگەڕێن کە پڕ بە پێستی ئەو بێت بۆ ئەو هەڵوێستە لەڕزۆکانەی کە لە بەغداد بە ناوی ژنێکی کوردەوە دەینوێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست