کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆکى کۆریا .. لە سلێمانیە!

Sunday, 18/07/2021, 0:55


سوارئاغاى شیروانى هەندێک لە کەسەکانى لەسەر داواى جەلال تاڵەبانى لەکۆیە سەردانى ئەکەن و دواى خیانەتە زەبەلاحەکەى ٣١ى ئاب جەلال دەستبەرداریان ئەبێت و ناچار بە لێبوردنە ساختەکەى مەسعود ئەگەڕێنەوە و لە هۆڵێکدا کۆیان ئەکاتەوە.
مەسعود ڕوو لە سوارئاغا ئەکات و پێی ئەڵێت:

ئەوە لەگەڵ جەلال دەیڕەقسێنیت

واتە لەگەڵ جەلال سەما ئەکەیت و ئەگەر بەزمانى دێهاتیەکى کوردستان بدوێین واتە بایدەدەیت.
لەو ڕۆژەوە کەس نازانێت ئەو پیاوە بەڕێزە و کەسەکانى چۆن کوژران و لاشەیان لە چ کەندەڵانێکدا فڕێدراوە.  
چیرۆکى ئەو ڕەقساندنە بەردەوامە .. مەسعود بەردەوام  باوکى باڤڵى ڕەقساندووە ، ئێستا ئەم پیشە سیاسییە بۆ جوت کوڕەکەی ماوەتەوە و یەکێکیان دەستەمۆ کراوە، جگە لە پۆستە کارتۆنیەکەى لابەلا قردێلەى سورى پێئەبڕن و بە قەراغى فەرشى سوردا ئەیگێڕن و دواى تەتەرییەکەى نێوان هەولێر و بەغداد تازەترین پۆستى کۆکردنەوەى باج و خەراجە کە لە بنەڕەتدا ئەوە ئیشى فەرمانگە تایبەتەکانى ئەو بوارەیە، بەڵام جورئەتی نیە و بڵێت ئەوە کەى شایستەى جێگرى سەرۆکى حکومەتە. 
   باڤڵ تاڵەبانى خۆى لەخۆیدا نوکتیەیەکە هەر بە بینینى و هەڵسوکەوتیدا دیارە لە چ شلەژانێکى دەرونى و ئەقڵیدایە، ئەگەر کوڕى تاڵەبانى نەبوایە و بەخت یاوەرى بوایە ئەبوایە لە نەخۆشخانەیەکى دەرونیدا بوایە، ئەمەش کەرەستەیەکى باش و خاوە  بۆ مەسعود و کەڵکى بۆ ڕۆژى خۆى لێوەرئەگرێت. ئەگەر تاڵەبانى باوکى ئەیوت کاک مەسعود لە دەرگاوە دەرم بکات لە پەنجەرەوە ئەچمە ژورەوە، ئەم نە پێویستى بەدەرگایە و نە پەنجەرە بەڵکو قەزەمێکە لە ئاست بنەماڵەى بەرزانیدا.
باڤڵ نە سیاسەتی کردووە و نە دەستکەوتێکى ئاکادیمى و زانستى هەیە، لە بۆشاییى نەخۆشکەوتنى دایکیدا لەسەر گۆڕەپانى یەکێتى ئەمیش قوتبۆتەوە.
پاڤێل لە شارى سلێمانى بە دوو چالاکى ناسراوەتەوە: جارێک لەناو مەکتەبى سیاسى بە بۆکس و شەق و لە مەلا بەختیاری خەزوری ئەدات و جارێکیتر لە پرسگەى مەکتبی سیاسی پرسگەکە ئەشکێنێت. وتمان تێهەڵدان لە مەلاى خەزورى بۆ نەسیحەت بووە، پاساوى هەیە، بەڵام بۆ پرسگەکە هێشتا مەکتەبى سیاسی ڕوونکردنەوەى پێویستى نەداوە.
کودەتاکەى باڤڵ زۆر بەئاسانى لیکاوى مەلا بەختیارى پێوە دیارە، کە لەژێر چاودێرى و ئامادەکارى و جێبەجێکردنى میتى تورک و مەسعود بەرزانیدا، باڤێڵ  بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ ئۆرگانێکى حیزبەکەى بەیارمەتى هێزەکەى شێخ جەعفەر ئەو هێزەى کە هێشتا پشویان نەدابوو لە ڕزگارکردنى کچەکەى شێخدا دەستیان بەسەر دەزگاى زانیاریدا لە قەڵاچوالان گرت، دوایى دەسبەسەرکردنى چەند سەرێکى ئەو دەزگایە و گۆڕینى بەچەند سەلکێکیتر ناوەکەیان گۆڕى بۆ دەزگاى هەواڵگرى مام،  تەختەى نووسراوەکەیان بەبەردەم ئەو دەزگایە هەڵواسى: 
• ئەگەر ئەوە دەزگایەکى حکومەتییە چۆن ناوەکەى ئەگۆڕێت؟.
• ئەگەر ئەو دەزگایە بەشێک بێت لە ئاژانسى پاراستن و زانیارى هەرێم چۆن حیزبێک بەبێ گەڕانەوە بۆ کردە کارگێڕییەکان کارمەندانى دەستبەسەر ئەکات و دواترئەیگۆڕێت؟! 
• بۆ بیر هێنانەوە: یەکێک لەڕەخنەکانى یەکێتى و خودى تاڵەبانى لە مەلا مستەفا ئەوە بوو، ئەیانوت دەزگاى جاسوسى پاراستنى داناوە . 
ناوى (مام) نە بەکتێبخانەیەکى گشتیەوە ئەبینرێ، نە بەخەستەخانەیەکى گەورەوە ، نە بە قوتابخانەیەکەوە ، نە بە پرۆژەیەکى نیشتەجێکردنەوە بۆ کەمدەرامەتان، تەنانەت بە خەڵوەتگایەکى پیرییەوە، چونکە ئەو تەنیا بیرى لەلاى تاڵانى بووە، ئەوا بۆ یەکەمجار ناوەکەیمان لەسەر دەزگایەکى سیخوڕى بینى، کە بێجگە لە سیخوڕیکردن لەسەر هاوڵاتیان، کارێکیترمان نەبینیوە، ئەوە یەکەم بەرهەمى کودەتاکەبووە . 
دەزگاى دژە تیرۆری بێناسنامە و دەمامکدار بە هەمان شێوە کەوتە بەر هەڵمەتى شێتانەى باڤڵ و چەند نمایشێکى مناڵانەى بەجلى کۆماندۆوە کرد، وەک لە کوردەواریدا ئەڵێت سەر بەقوڕى ئەهێنایە پێکەنین.
لەم چەند ڕۆژەى ڕابوردوو چەندەها دەرکەوتن و لێدوانى سەیر و سەمەرەى هەبو ئینسان بەزەیى بەبنەماڵەى  (٠٠٠  ٢٠ ) کەسدا دێتەوە کە لە ڕێگەى ئەم حیزبەوە بەکوشتدراون و باڤڵى لێکەوتۆتەوە، ئێستا باڤڵ خۆى بەفەرمانى خۆى، خۆى کردووە بەسەرۆکى یەکێتى نیشتمانی و لە نمایشێکى مناڵانە چۆتە سەر گۆڕى باوکى وەک ئەوەى شەرعیەت لە گۆڕەکەى وەربگرێت. 
• لەوانەیە حیزبەکەى مەسعود پوچترین حیزبى دنیا بێت، بەڵام مەسعود خۆى نەکردووە بە سەرۆک لەڕێگەى کۆنگرەوە نەبێت واتە جۆرێک لە شەرعیەتى بۆ خۆی داتاشیوە .
• سەدام چ لە حیزب و حکومەتدا لە ڕێگەى ئۆرگانى حیزبى و لە حکومەتدا بەهەموو تێبینیەک لەسەریان لە ڕێگەى هەڵبژاردن و ئەنجومەنى نیشمانى پۆستى سەرۆکى حیزب و حکومەتى وەرگرت.
• سەرۆکى کۆریاى باکور پاش مردنى باوکى حیزبى شیوعى دەسەڵاتیان پێبەخشى .
   بۆ ئەم کودەتایەى میت و مەسعود ئامۆژگارى باڤڵ کراوە، کە چەند نمایشێک بکات و ببێت بە جۆرێک پاساو بۆ کودەتاکە وەکو ژەهر خواردنى خۆى و سیخوڕیکردن لەناو کۆشکى دەباشان، کە زۆڵە پەیجەکانى و نووسەر و بەڕێوەبەرەکانیان کردیان بەهەڵایەکى گەورە و لێکدانەوەى سەیر و سەمەرەیان بۆ ئەکرد وەکو ئەوەى نهێنى چەکى ئەتۆم بەرنامەى ستراتیژى چەکى کیشوەربڕ برابێتە دەرەوە ، بەڵام بروسکە ئاسا زۆر زوو پەردە لەسەر ئەم درۆ دەباشیانانە لادرا و بێشەرمانە لە ڕاگەیاندنەکانى یەکێتى  دەستوبرد سڕدرایەوە.
ئی کابرا لایەک و نیوێکى حیزبەکەت سیخوڕى مەسعودە، وریاى ژورى نوستنەکەت ببێت باشترە  نەوەک  مەلاى خەزورى بەک ورتیلە حیکمەت بۆ سەرى ڕەشى بنێرێت.
   تاڵەبانى حیزبێکى بە باڵاى خۆى داتاشیوە و پاش نەخۆشکەوتنى ساڵى  ٢٠١٢ و پەکەوتنى  هێرۆ برایم ئەحمەدى ژنى جڵەوى حیزبەکەى گرتە دەست، هێز و دارایی لە بەردەستدا بوو ، لەبەر ئەوەى یەکێتى حیزبێکى پروکاو پەڕوباڵى لەلایەن پارتیەوە هەڵکەنرابوو، سەرجەم سەرکردایەتى سەرقاڵى چەتەیی و ڕاو ڕوتبوون و سیاسەت بۆیان مەسەلەیەک نەبوو، ئەگەر ئەو حیزبە حیزبێکى تۆکمە و بەپرەنسیب بوایە، ئەبوایە نەیانهێشتایە هێرۆ هەنگاوێک بنێت و جگەرەیەک لە ناو مەکتەبى سیاسیدا بکێشێت.

ساڵى ١٩٨٠ دادگایەکى کۆمارى چین حوکمى سێدارەدانى بۆ خێزانى سەرۆکى کۆچکردوى چین ماو تسى یۆنگ، جیانگ کینگ دەرکرد کە ئەیویست جڵەوى حیزب بگرێتە دەست  و ساڵى ١٩٨٣ حوکمەکەیان سوککرد بۆ زیندانى هەمیشەیی و لەساڵى ١٩٩١ لە زینداندا خۆى کوشت. 
• ئەڵێن ئەم حیزبە  ١٢٤ ئەندامى سەرکردایەتى و مەکتەب سیاسى دەستەى کارگێڕى هەیە ، کابرا خۆى ئەکات بە سەرۆکى حیزب و هەموو پرنسیپێک ئەکات بەقوربانى مەسعودى مامى.. ئەوانە ورتەیان لەخۆیان بڕیوە بە نەقیزەش گوێیەک ڕاناوەشێنن.
• ئەڵێن ئەم حیزبە ئەنجومەنى بالاى سیاسی و بەرژەوەندیەکانى یەکێتى هەیە ئەمانەش مێش لەبەرژەوەندییە باڵاکانى یەکێتى دەرناکەن  .
• ئەڵێن ئەم حیزبە خاوەنى پێشمەرگەى قارەمان و دێرێن و بەور ئاسایە، ئەبێت حاڵى ئەمانە چۆن بێت وا خۆیان کڕ و ماتکردووە. بیرمانە گەنجێک لە سۆشیال میدیا باسى پێشمەرگەو شاخى لێئەپرسن و ئەویش ئەڵێت قەل دزبون، ئەم پێشمەرگە دێرینانە چ هەڵایەکیان نایەوە و چ قیامەتێکیان ڕێکخست  ئەو گەنجەیان بەگرتدا و بە زۆر پاکانەیان پێکرد. هەر ئەمانە کودەتاکەى باڤڵ نابینن وردە وردە دەرگا بۆداگیرکارى تورک ئاوەڵا ئەکات، دەى غیرەتێک هیچ نەبێت حسابى قەلێک بۆ نیشتمان بکەن.
• ئەڵێن کادر و بنکەیەکى دڵسۆزى حیزبى هەیە، ئەمانە لە کوێن خۆگردى دەباشان وێران نابێت بڵێن  حیزبەکەمان بەهەموو تەمەنى سەرۆکى نەبووە.
هەڵسوکەوتوکانى باڤل لەهەندێک ڕووەوە لە سەرۆکى کۆریاى باکور ئەچێت و بەکەلتورى ئێمە  نامۆیە ، بڕواننە هەڵسوکەوت پۆشاک و بزوتنەوەکانى، چ کارەساتێکى گەورەیە ئێمە  خاوەنى کەڵە سیاسى وەهابێت وەکو شەریف پاشاى خەندان و مستەفا پاشاى یاملکى و تۆفبق وەهبى ... ئێستا هاتبین سەر کوڕێکى تاڵەبانى کە ناتوانێت تەنانەت کۆنترۆڵى هەڵسوکەوتى خۆی بکات . 
   پەیجەکانى پارتى و پاراستن کەوتونەتە هەلەکەسەما بەبێ کرێ فوی تێئەکەن بەئارەزوى خۆیان و پلانى پیشان ئەدەن و لەدواجاردا بە ترامپ ى سەرۆکى ئەمریکایان شوبهاندووە و بیریان چووە ترامپ باجى کۆمپانیاکانى ئەدات و سەرمایە و ڕێژەى قازانجى لەژێر چاودێرى حکومەتدایە ، کێ هەیە بزانێت سەرمایەکەى جوتکوڕى تاڵەبانى لەقەیوان و نۆکان چەند ملیارە؟ ترامپ قەت دەزگایەکى ئیعلامى بەبڕیارێکى هەڕەمەکى لانەبردوە و بیکات بەمڵکى تەلەفیزۆنى بنەماڵەکەى بەشى دانیشتوانى گەڕەکێکى بچوک بینەرى نیە ، سەرۆکى دیکتاتۆرى  کۆریا سەربازێکى ولاتەکەیەتى ، بەڵام سەرۆکى کۆریاکەى یەکێتى لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفیزۆنى بە جلى کۆماندۆ و چەک و جبەخانەوە ئەیوت من شانازى ئەکەم سەربازێکى بەریتانىم و لەخزمەت مەلیکی بەریتانیا و ئاڵاى بەریتانیادام ، ئەگەر سەرۆکى کۆریا حوکمى هەرێمى کوردستانى بکردایە ئەم کوڕەى تاڵەبانى وەکو مێردى پورەکەى بەلولەى تۆپێکەوە ئەبەست و هەپرون بەهەپرونى ئەکرد چۆن وەلائى بۆ وڵاتێکى بیانیە، ئەوکاتە مەسعود ئەگەر میتى تورک بوارى بدات لەسەرى ڕەش دروشمى رەشى بۆ هەلئەواسى . 
    سیاسەت لەلاى جوتکوڕى تاڵەبانى و بنەماڵەى بەرزانى بزنسە ، لەوانەیە دەنگێکى ئاڵۆزکەرى ناو یەکێتی سەرئێشە بۆ مەسعود و میتى تورک دروست بکات، بەڵام دواجار بزنس و پارەپەیداکردن لە سەرو هەموانە و حیزب و مەکتەبى سیاسى فڵان هێزى چەکدار و فیسارە دەزگاى هەواڵگرى لەخزمەت ئەو بزنسەدایە ، لاهورى جەنگیش بەرژەوەندییە ئابورى و خزمایەتیەکانى لە پێشترە و خۆى لە گرژى و ئاڵۆزى ئەپارێزێت ، جوتکوڕ نایانەوێت لە قاچاخچێتى شەوانەى هێڵى  ( vip  ) باشماخ گەڵ تورکیا هاوبەشیان هەبێت . ئەوان کێشەیان لەگەل بنەماڵەى بەرزانیدا نیە و بە کودەتاکەیان هەموو کۆسپ و تەگەرەیەکیان لەبەردەمیاندا لابرد بۆ وێرانکردنى هەرچى زیاترى سلێمانى و ناوچەکانى و باشترین خزمەتیان بۆ کردن هەتا لە هەڵبژاردنى عێراق ببنەوە وەک هێزێکى بێڕکابەر بەتایبەت خەریک بوو لە ناوچەى زەرد و ناوچەکانى موسل هەراسان بووبوون و تەرازوى هێز بەلاى یەکێتیدا ئەشکایەوە.

 لەکۆتاییدا:
جەلال تاڵەبانیت بەچوار پەل بەستراوى لە قەڵاچوالانەوە بۆ ئەهێنم‌!

ئەوە قسەى شێخ جەعفەر بوو بۆ نەوشیروان مستەفا لە سەرو بەندى ڕیفۆرمى ناو یەکێتى و ئەو کاتەى کە ئیمزایان بۆ دورخستنەوەى تاڵەبانى کۆئەکردەوە. بەم هێزەوە کە پێشتر لە بازگەى تاسڵوجە ئاسایشێکیان بە چەقۆ کوشت، ئەم هێزە بەتەلەفونێکى لانە کچى جەعفەر گەڕەکێکى سلێمانی کرد بە بەرەى جەنگ و دە ئاسایشى بریندار کرد، باڤلى تاڵەبانىش وەکو یادێک بۆ باوکى و کارمەندانى ئاسایش .. کودەتاکەى بەم هێزە دەستپێکرد .
کودەتاش هەمیشە وێرانى بەدواى خۆیدا ئەهێنێت ... 

پارێزراوبن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە