کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمان سیناریۆی پێکهێنانی حەشدی شەعبی لەئەفغانستان دووبارە دەکاتەوە
Monday, 12/07/2021, 0:51
بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕێکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە (٢٩)ی فیبریوەری (٢٠٢٠) ئیمزا کرا، بەپێی ڕێکەوتنەکە ئەمریکا هێزەکانی لەماوەی (١٤) مانگدا دەکشێنێتەوە، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی تاڵیبان ڕێگە نادات تیرۆریستان لەخاکی ئەفغانستاندا هێرش بکەنەسەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی.
لەوکاتەوە تا ئێستا ئەمریکا قۆناغ بەقۆناغ هێزەکانی دەکشێنێتەوە، لەوچوارچێوەیەدا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بنکەی باگرام کە ناوەندی سەرەکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بوو، چۆڵکرا و تەسلیم بەهێزەکانی حکومەت کرایەوە، هەروەها دوێنێ پنتاگۆن ئاشکرای کرد کە تا ئێستا (٩٠٪) هێزەکانیان لەئەفغانستان کشاندووەتەوە، جگە لەوە سەرۆکی نوێی ئەمریکا جۆ بایدن (١١)ی سێپتەمبەری ئەمساڵی وەک دوامۆڵەت بۆ هێزەکانیان داناوە لەو ووڵاتەدا.
لەدوای کەمکردنەوەی قۆناغ بەقۆناغ و کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هێرش و پەلامارەکانی چەکدارانی سەر بەبزوتنەوەی تاڵیبان زیادی کردووە، هەنگاو بە هەنگاو کۆنترۆڵی شار و شارۆچکەکان دەکەن، حەجمی هێرشەکانیان بەشێوەیەکە کە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنییان تەنگەتاو کردووە. دوێنی لەمۆسکۆوە وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان شەهابەدین دیلاوەر ڕایگەیاند چەکدارەکانیان لەدوای کۆنترۆڵکردنی هەردوو دەروازەی نێوان ئەفغانستان و تاجیکستان و ئۆزبەکستان، ئەمڕۆ گەورەترین خاڵی سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێرانیان بەناوی ئیسلام قەلعە کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها ڕایگەیاند بزوتنەوەکەیان نزیک بووەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی ووڵات و لە (٨٥٪) ڕووبەری ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کردووە.
بەڕای چاودێران هاندانی بزوتنەوەی تاڵیبان دژی حکومەت و کۆنترۆڵکردنی شار و شارۆچکەکانی ئەفغانستان و لێکترازانی سوپا و پۆل پۆل تەسلیمبوونی سەربازان بەچەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان، وێستگەیەکی نوێی کاری سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سوپای ئەفغانستان، وە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبییە لەعێراق.
ئاشکرایە ئیسماعیل قائانی لەدوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی بووەتە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، شارەزای تەواوی دۆخی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانە، پێشتر لەئەفغانستان کاری کردووە، ئەم فەرماندە نوێیە کار لەسەر بەدیهێنانی هەمان پرۆژەی عێراق دەکات لە ئەفغانستاندا، کە تێیدا هەڕەشە و فشارەکانی داعشیان لەسەر ئەمن و ئاسایشی عێراق بەکارهێنا بۆ درووستکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی. بەهەمان شێوەی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی بەکارهێنانی بزوتنەوەی تاڵیبانە بۆ هەرەسهێنانی سوپای ئەفغانستان، پاشان پیشاندانێتی وەک هێزێکی دڕندە و تۆقێنەر لەشێوەی داعشدا، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات کە لەداهاتوودا ڕێکخراوی فاتمیون بێنە مەیدان کە لەئەفغانییە شیعەکان پێکهێنراون، بەبیانووی شەڕ لەگەڵ تاڵیباندا، فراوان بکرێن و پرچەک بکرێن و مەشقیان پێ بکرێت، ببنە هێزی سەرەکی و جومگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەئەفغانستاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست