کێشەی نێوان بافڵ و لاهور
Saturday, 10/07/2021, 7:07
لە قۆناغی شاخدا، لاهور و بافێل لە ئەوروپا دەخولانەوە، هەردووکیان پیشەیەکی هاکەزاییان بە هەموو کوردستان نەدەگۆڕیەوە. ئەو کات جەلال تاڵەبانیش خوازیاری ئەوە نەبوو هەردووکیان بهێنێتە شاخ و تووشی مەترسیان بکات، لە ئەنجامدا دووچاری موشەک و تۆپبارانی سەدام و جەنگی پارتیزانی ببن، کەچی جەلال تاڵەبانی ئا لەو سات و کاتانەدا بەهەزاران گەنجی کوڕی هەژاری نێو کۆمەڵگەی باشووری فریودا، کە هێشتا لە تەمەنی کوڕەکانی و زڕبرازاکانی بچووکتر بوون، چەکیان کردە شان و زۆربەیان شەهیدیش بوون. ئەوە بەرهەمی خوێنی ئەو کوڕە هەژارانەیە، کە ئەمڕۆ بووە بە میراتی سیاسی بۆ بافڵ، قوباد، شاناز و لاهور و برایەکانی لەسەر ئەو میراتە شەڕ دەکەن و لەگەڵ یەک ناکۆکن، وەک گورگی برسی پەلاماری یەکدی دەدەن.
ئەم شەڕ و ناکۆکییە شەڕی کورد نییە و بۆ بەرژەوەندی کوردیش نییە. بەرهەمی خوێنی هەژاران، میراتێکی هەرزان بەها نییە، کە ئەمڕۆ لاهور و برایەکانی و بافێل و قوباد و شاناز لە ئاخورێکدا تێیدا دەلەورێن. ئەڵبەتە تەنیا لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بە سەدان دۆکیومێنت و بەڵگە هەیە کە دەیسەلمێنن دەرامەتی ئەو دەڤەرە مانگانە بە میلیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت. هەزاران میلیۆن دۆلار بەناوی دەزگای زانیاری، دژەتیرۆر و هێزی پێشمەرگە و پارەی زلهێزەکانی دنیایە پێێان دەدرێت، بەتایبەتی ئەمریکا مانگانە دەیدا بە بافڵ و لاهور و قوباد. ئەمە جگە لە دەرامەتی نەوت، گاز، هەموو جۆرە بازرگانییەک و دەرامەتی گومرکی دەروازە سنووریەکان، بودجەی تەرخانکراو جگە لە مووچەکانیان کە لە بەغدادەوە دەدرێتە هەرسێکیان، سەرباری هەموو ئەوانە زۆربەی ئەرزی سلێمانیشیان داگیرکردووە.
لە قۆناغی شاخدا ئاسان بوو هێڵێک ڕابکێشرێت لە نێوان سەرکردایەتییە خائین و فایلدارەکەی یەکیتی و بنکە جەماوەریەکەی بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی ئەو کات، کە سەرەڕای هەموو تێبینیەک، نوخبەی هەڵبژاردەی نێو چینی هەژاری کۆمەڵگەی باشوور بوون، هێزی لەبننەهاتووی متمانە و خۆڕاگرتن و بەرخوردان بوون، بە هەزاران کەس لەو نوخبە پاکە شەهید بوون و بەنائومیدی سەریان نایەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتیبوونی لاهور و برایەکانی، بافڵ، قوباد و شاناز وەک زەمانی شاخ پێویستی بە بەخشینی خوێن و بڕینی ڕێگەی سەختی پڕ لە نەهامەتی نییە، بۆیە دەبینین ئێستا لەژێر سایەی ئەواندا، یەکێتی بووە بە کەلاکێکی تۆپیوی بۆگەن، بەهەزاران لەشفڕۆش، گەواد، فایلدار، کۆنە بەعسی، جاش، جاشولکە و ئەنفالچی و میدیاکاری کۆنە بەعسی سەر بەدەزگای هەواڵگری سەدام لە ڕەگەزی نێر و مێ وەک مێش و مەگەز لەو لاشە گەنیوەدا ئاڵاون!
ئەمانە هەموویان گەمەیەکی پیس دەکەن، لە زلکاوێکی گەنیودا مەلە دەکەن، دەستیان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیتیلاعات، میت و ئیستخباراتی عیراق و سوریا و دەزگەی هەواڵگری زلهێزەکانیش تێکەڵاو کردوە، تووشی جەنجاڵیەک بوون ناتوانن بەسەلامەتی لێدەربچن. جەلال تاڵەبانی ئاسا هەموویان ئەو ڕاستییە دەزانن کە کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی، هێزی چەکدار و پەیوەندیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری دنیا و ناوچەکە کلیلی بردنەوەیانە، بۆیە هەموویان دەرک بەوە دەکەن کە خەریکە یەکێکیان دەست بەسەر ئەو جومگە سەرەکییانەدا دەگرێت، ترسیان لێدەنێشێت و بۆ مانەوەی خۆیان بەرەنگاری یەکدی دەبنەوە.
ئەزمون و مێژوو پێمان دەڵێن، کە گرفتەکان تەنیا بە هێزی سەربازیی و سیاسی چارەسەرناکرێن، بەڵکو بە تێگەیشتن لە مۆڕاڵ و ڕۆشنبیری دەربارەی ماف و لیپرسراوەتی و ناهەقی دەبن بە کلیلی کردنەوەی دەرگەی چارەسەر، بەڵام ئەم پرۆسەیە هەرگیز لە ژینگەی سیاسی باشووری کوردستاندا، بەتایبەتی لە سێبەری شاناز و لاهور و قوباد و بافێڵدا بە پراکتیک نەکراوە، چونکە ئەوانە پیاوەی سیاسەت و وڵات بەڕیوەبردن نیین، ئەو جەنگەی نێوانیان ئەگەر ئەم جارە هێوریش بێتەوە بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت بەجۆرێکی دی سەرهەڵبداتەوە و لە ئەنجامدا. ئەم دۆسیەیە بە هەڵواسراوی نامێنیتەوە، لەناو خۆیاندا دەمێنێتەوە، ئەگەر جەماوەر ئەمانە لە ناو نەبەن، ئەوا یەکێکیان ئەویتر لەنێو دەبات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست