کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(هە.دە.پە) مەزنتردەبێ

Monday, 28/06/2021, 20:14


هەڵگیرسانی شۆڕش بۆ رزگارکردنی وڵاتێکی وێنەی کوردستان کە بێ ئەوەی پرسیار لە کورد بکرێ دابەشکراوە،هەر واهاسان نییە.خەبات شاخ وبەرگریی لە نەتەوەی کورد بە چەک بەشیکی گرینگە بۆ رەواییدان بە پرسی کورد،بەڵام بە بێ پشتیوانیی ناوخۆیی  لە بواری سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی هیچ خەباتێک لە سەر چیاکان ناگاتە ئامانج!
پێداچوونەوەیەک بە سەر مێژووی سەت ساڵی رابوردووی سەەەەرهەڵدانەکانی کورد ئەو راستیە دەسەلمێنێ!هەر رێکخراوەیەکی شۆڕشگێریی سەرچیا،ئەگەرلەناو جەرگەی وڵات خاوەنی هێزوئیرادە نەبێ تووشێ شکست دێ.بۆ یەکەمین جارە لە دیرۆکیی کوردستاندا حەڕەکەتێک بۆتە خاوەنیی هێزێک کە جگە لە چیاکان لە ناو خاکی بەشێک لە وڵات توانیویە بە هاوپەیامانیی حەڕەکەتێکی دیکە لە باکوری کورستان دەگەڵ دووژمن لە بواری سیاسیدا بە بێ ئەوەی دەست بداتە چەک،بجەنگێ.ترسی دەوڵەتی ئەردۆغان لە هە،دە،پە،وایکردوە کە هەر کەس ئەندام یان لایەن گریی لەو ڕێبازە بکا بخرێتە ناوزیندان بۆیە بە هەزاران کەس لە لایەنگروئەندامانی هە،دە،پە،لەناو زیندانەکانی ئەردۆغانی مسڵـماندا بەند کراون.ئەو شێوە تێکۆشآنە لە کوردستان بە درێژایی مێژوومان بەدەگمەن رووی داوە.

هۆی دروست بونی پاڕتی دێمۆکڕاتیکیی گەلان:

هە،دە،پە،پێداویستیەکی دیرۆکیە لە مێژووی سەرهەڵدانەکانی کوردولە دیرۆکی دەوڵەتێکی رەگەزپەرەستیی وەک تورکیە.کورد تەنیا بە خەباتی چەکداریی نایەتە رزگارکردن،لە پەنا ئەو تێکۆشانە گرینگە راپەرآندنی ئەرکە سیاسیەکانیش پێویستە.تا دروستبونی هە،دە،پە،لە کوردستان ئەوە کەماسیەکی گرینگی کۆمەڵایەتی وسیاسی بووە.هەررێبازێکی هزریی وفکریی لە ناو خۆی وڵاتدا جەرگی دووژمن هەڵ نەکۆلێ،درنگ درنگ دەگاتە ئامانجەکانی.بە بێ گومان ئەو کارەش هەرئاواهاسان نییە،ئەوە دەبینین بە هەزاران کەس شۆڕشگێڕیی لایەنگریی هە،دە،پە، بە تۆمەتیی کوردبون خراونە ناوزیندانەکانی دەوڵەتی رەگەزپەرەستیی تورک وزیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە
خوێندنەوە مێژوو جیاوازە دەگەڵ خوێندنی مێژوو.هەر نەتەوەیەک مێژووی خۆی وجیهان نەزانێ وخەسارناسیی بۆ نەکا تووشی سەدان گرفتی مێژوویی دەبێتەوە.لێرەدا بە کورتیی ئاماژە بە یەکێک لە رووداوە پڕ لە تڕاژیدیایانە دەکەم کە بە سەرمان سەپاوە،بێ گومان بارودۆخیی گرانتریش لە باکور کوردستان هاتوونە ئاراوە کە هەرکامیان بۆ خۆی ئەزموونێکی تاڵی دیرۆکین بۆ نەتەوەکەمان.

شۆڕشی دێرسیم چۆن سەرکوت کرا؟

ئاتاتورک کاتێك جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت،بە بیانووی سکولاریسم وجودایی دین لە سیاسەت وبە لاتین کردنی پیتی ئەلفوبێی زمانی تورکی وبە مۆدڕێن کردنی روالەتیی کۆمەڵگای تورکیە،رەواییدا بە تەواوی ئەو جینایەتیانەی کە بە سەر کوردی هێنا.دونیا بێ ویژدان وبەرژەوەندیی خوازیش لە ئاست کوشتاری کورد لە باکوری کوردستان بێ دەنگیی هەڵبژارد!ئەو بێدەنگییە تا ئەوڕۆش هەر بەردەوامە!
لە رۆژی ٤مەی ساڵی ١٩٣٧ لە پارڵمانی تورکیە ولە دەستەی وەزیرانی ئەووڵاتە ئاوابڕیاردرا کە دەبێ دێرسیم گەمارۆ بدرێ وکوردەکان لە ناو کۆمەڵگای تورکیەدا بتوێندرێنەوە وبکرێنە تورک بە زۆرە ملێ وبێچارەیی بەسەریاندا بسەپێندرێ!
هەروەها بە پێی بەڵگەنامەکانی هەواڵگەریی فورات،لە تۆماڕێکی دەنگیی بەرپرسێکی پۆلیسی ئەوکاتی تورکیە بە ناوی ئێحسان سەبری قلایانگێل کە دوای ساڵها لە رووداوی کوشتاری دێرسیم بڵاو بۆتەوە ئاوادەڵێ:کوردەکان لە ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشآردابوو! بەڵام ئەڕتەشی تورکیا بە هاوشتنی جۆڕێک لە گازبۆ ناو ئەشکەوتەکاندا ئەوانی وەک مشک ژەهراوی کردومنداڵی ٧ساڵ تا ٧٠ ساڵەی لە دێرسیم سەربڕی وکوشتیانن!
ئایا تەنیا ئاڵترناتیف بۆ تۆلە کردنەوەی کوشتاری دێرسیم وجینایەتەکانی دیکەی کە بەرسەرکورد هاتوە تەنیا خەباتی چەکداریە لە سەرچیاکان ؟ من دەڵێم: نا،ئەگەر لەناوخۆی وڵات لە رابوردوودا لە بەشەکانی دیکەی وڵاتیش هە،دە،پەکان بوونیان هابایە وپەرەیان بۆ خەباتی سیاسی ودیپڵؤماسیی دابایە دۆزیی کورد وەک ئەوڕۆ لێ بەسەر نەدەها.بەتایبەی مەبەستم باشووری کوردستان ورۆژهەڵاتی کوردستانە.

مێژوومان لە کوێ قەتیس بووە؟

یەکێک لە تایبەتمەندیەکان حیزبیی کلاسیکیی ودواکەوتووئەوەیە،سانتڕالیزمی سەقەت ونەخۆش وەک خۆرە دەگیانی ئەوحیزبانە بەربووە کە تاقمێک پیرسالاروخۆویست وکورسی ویست دەست بەسەر جومگەکانی سەرهەڵدانەکان دا دەگرن ولەسەرپشتی حیزب وەها هێلانە دادەکوتن کە بە فەرمانی حەزرەتی فیلیش دانابەزن.بەرپرسانی ئەو حیزبانە بۆ خۆیان دەم راستی چەپ وراستن!بۆ خۆیان دەیبڕن وبۆ خۆشیان دەیدروون!هەرکات نەختە سەرکەوتنێکی کاتییان لە دووژمن دەستکەوت دەیکەنە هی خۆیان،هەرکاتیکیش تووسێ شکست بون دەیخەنە ملی داگیرکار!لە دۆڕآنی سیاسیداراکردن پیشەیانە ووەکی دیکەش حیساب بۆ کەس ناکەن.لاپەڕەکانی سەدەی رابورووی دیرۆکمان هەڵدەنەوە!هەر شێخ وئاغاودەرەبەگ ومەلاوزەویداروبنەماڵە دەمڕآستیی مێژوومان بون.تا ئەو جێگایە دەگەڵ رێگوزەریی مێژووی کورد هاوهەنگاویان سەلماندووە کە بەرژەوەندیی خۆیان نەکەوتۆتە مەترسی!ئەوشێوەیە لە سەرکردایەتی یان خۆیان رادەستی دووژمن کردوە یان فریویان خواردوە یان بە گزەی سیاسی تووشی کوشتن وترۆرهاتوون!پاشی خۆشیان بە دەیان ساڵ حیزبەکەیان لە خەبات دواکەوتووە.کاتیکیش ئاڵوگۆڕێکی ناونەتەوەیی لە کوردستان ورۆژهەڵاتی ناوین روویانداوە ،پاڵیان خستۆتە پاڵی دووژمن وبە دژی یەکتر بوونەتە دۆستی یەکێک لە داگیرکەرانی کوردستان!ئە لێرەدایە ڕەڕەوەی دیرۆکمان قەتیس بووە ووەستاوە!بۆیە مامۆستا هێمنی کوردپەروەرگووتوویە: خەتای سواران نییە،پێش سوارەکانمان قورس وناوەستان!

داخستنی هە،دە،پە!

دادگای دەستوریی تورکیا دەوسیەی داخستنی هە،دە،پەی، وەرگرت!
پەسەندکردنی داخستنی هە،دە،پە،پێویستیی بە بڕیاری دە ئەندام هەیە لە کۆی ١٥ ئەندامی دادگای دەستوریی.دواتریش بڕیارەکە بە هە،دە،پە، رادەگەینرێت ولە رۆژنامەکانی فەرمیی دەوڵەتی تورکیەدا بڵاو دەکرێتەوە!ئەوە هەڵوێستیی دڕندەترین دەسەڵاتە بە دۆزیی کورد لە مێژووی دوای تێک ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانیەکاندا لە تورکیە.
دەتوانین بە ڕاشکاوی بڵێن،بۆ یەکەمجارە لە مێژووی نەتەوەی کورددا،رێبازێک دەستی بە شۆڕشێکی راستەقینە کردوە لە باکوری کوردستان.تایبەتمەنیی ئەو حەڕەکەت ئەوەیە کە لە تەواوی بەشەکانی کوردستان توانیویە ببێتە خاوەنی رێکخستن،ئەگەر ئەورێکارەش هەڵە ورەخنەشی لەسەر بێ،بەڵام جیاوازیی هەیە دەگەڵ رووداوە مێژووییەکانی سەر خاکی کوردستان.
چوارلایەنی سەرهەڵدان کە دەستمایەی شۆڕشێکی مەزنیان لە خۆ گرتووە دەبنە هۆی دڵگەرمیی بۆ داهاتووی سیاسیی وکۆمەڵایەتی کوردستان.بۆیە داخستنی هە،دە،پە،یان هەڕەشەکردن بۆ داخستنی ئەو ڕێبازە ناىێتە هۆی لەناوچون وشکستیی ئەو ڕێبازە.تا ئەو سەردەمە ئەو حیزبە قۆناغیی دژواری لە خەبات وتێکۆشان بڕیوە.ئەوچوارلایەنە بریتین لە:
شەڕی پاراستن لە سەر چیاکان.
خەبات لە ناوخۆی وڵات ولەناو جەرگەی دووژمن.
خەباتێکی پیرۆزوکۆڵنەدەرانە لە ناو زیندانەکانی فاشیزمی تورک.
خەبات وچالاکی لە دەرەوەی وڵات لە لایان وڵاتپاڕێزانەوە.
ئەو چوارخاڵە بە شیوەیەکی گشتیی ئاماژەی پێکراوە،هەرکامیان وێنەی دەنکی تەسبیح بە یەکەوە گرێدراون وپشتیان بە یەکتر بەستووە.بۆیە خاوەنیی مێدیاوچاپەمەنی ورۆژنامە ورادیووهێزی پاراستن وهێزی تێکۆشآنن.دەوڵەتی تورک دەستەوەستان ماوەتەوە وپەنا بۆ رێکاریی دژە مرۆڤی ونایاسایی دەدا.ئەگەر دەڵێم: لە دیرۆکیی رابوردووی رزگاریخوازی کورد بە دەگمەن کورد خاوەنی ئەو دەستکەوتانە بووە،زێدەڕۆییم نەکردوە.فاشیزمی تورک ئەگەر بڕیاری داخستنی هە،دە،پە ش بدا خۆ ناتوانێ دەست بە سەر تەواوی سازی وڕێکخراوەکانی کورد بگرێ لە باکوری وڵات.رێبازێک  خاوەنینزیکەی هەشت هەزار گیراوی زیندانی ومێژوویەکی پڕشەنگدار بێ کوا بە بڕیاری کەسێکی رەگەزپەرەستی وەک ئەردۆغان وحیزبەکەی لە ناو دەجێ.ئەگەر هە،دە،پە،لە لایان دەوڵەتێکی دێمۆکڕاتیک کەوتبایە ژێر پرسیاروحەولی داخستنی بدرابایە،منیش وەک تاکێک کورد گومانم لە پاڕتی دێمۆکڕاتیکی گەلان / هە،دە،پە، / دەکرد.بەڵام ئیستێ لە لایان دڕندەترین دووژمنی مرۆڤایەتی وکورد حەولی داخستنی دەدرێ،بە بێ گومان رۆژ لە رۆژ زیاترمەزنتر دەبێتەوە.چون بەرەی شەڕ بەرەی ماف وبەرەی دژە مافە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە