بانگەوازێک بۆ PDK و PKK و هەموولایەنە سیاسییە کوردەکان
Saturday, 26/06/2021, 21:38
بانگەوازێک بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى کرێکارانى کوردستان و هەموولایەنە سیاسییە کوردەکان
بەپێى تێگەیشتنمان لەجموجۆڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان و هێنانەکایەیى دۆسییەکانى(میساقى میللى وسیڤەرو لۆزان و ویلایەتى موسڵ) لەلایەن سەرۆکی تورکیەوە تورکیا نیازێکى زۆر مەترسیدارى هەیە بەرامبەر هەرێمى کوردستان و تەواوى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد.
تورکیا هێزێکى زۆریشى لە هەرێم جێگیرکردووە، و بەهێزێکى زۆریش شاڵاودەهێنێ بۆسەر چیاکانى کوردستان، تا ژینگەى هەرێمیش وێران دەکات، بەبڕینى دارو درەختێکى زۆر و تا بڕینی ڕەز و باخیش.
فشاریش دەخاتە سەر لایەنى دەسەڵات بۆ هەڵگیرساندنى شەڕى براکوژى کە خۆکوژییەکى مەزنە بۆ هەموو لایەک، هیچ لایەنێکى کوردیش لەو شەڕەدا سەرکەوتوو نابێت، تەنیا بەقازانج ودەسکەوتى داگیرکەران و دوژمنانە، لەبەر ئەوە بە ناوى مێژوو ویژدان وحەق ودادپەروەرییەوە، داوادەکەین ئەو مەرامەى دوژمن جێبەجێ نەکەن.
داوا دەکەین:
1 ــ پێویستە حکومەتی هەرێم داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکات سنور نەبەزێنێت و ڕێز لە سەرەوری خاکی هەرێم بگرێت و ژیان و سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم نەخاتە مەترسیەوە، پابەندى بنەماکانی یاسا نێو دەوڵەتیەکان و پرێنسیپەکانی دراوسێیەتى دروست و باش بێت.
2 ــ برایانى پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ لایەنەکانى کوردستان دەست بە دانوستان و گفتوگۆ و ئاشتبوونەوە بکەن ئێمەو هەموولایەکیش دەبێت یارمەتیدەریان بین بۆ قەڵاچۆیى شەڕى براکوژى بکەین.
3 ــ هەموو لایەک کار لە سەر ئەوە بکەن هێزى دەوڵەتى تورکیا لە هەرێم بچێتە دەرەوە.
4 ــ شان بەشانى خاڵى(3)دەبێ برایانى(p.k.k)پاپەندو ڕێز لە یاساو هەلومەرجى سیاسی هەرێم بگرن لە چوارچێوەى دیالۆگێکى ڕاستەوخۆ لەنێوان (p.k.k ) ودەسەڵاتدارانى هەرێم.
بەدرێژایى مێژوو شەڕى براکوژى هۆکارى بەدبەختى کورد بووە
ئەگەر بچینە نێو قوڵایى مێژووى کورد، دەبینین داگیرکەرانى کوردستان، تا بتوانن خاکى کوردستان وگەلەکەى داگیربکەن دووبەرەکى و شەڕى کورد بەکورد دروست دەکەن، ئەگەر لە بارەى ئەم پرسەوە بەدرێژى بنووسین ئەوا پێویستى بەنووسینى کتێبێکى گەورە هەیە، بەڵام تەنیا بەکورتى باسى شۆڕشى بەدرخان دەکەین لە ساڵى 1847 دا کەبەرفراوانترین یەکبوونى کوردان لەو کاتەدا بووە، چونکە لەدیاربەکر و (دەرسیم)ەوە تا شارى سنە کورد چونەتە نێوهاوپەیمانى بەدرخان کاتێک دەست بەشۆڕش کرا، دوژمن توانى ئەزدیشێرو براکانى ڕاکێشێت بەلاى خۆیداو بیان کاتە دوژمنى شۆڕشەکە، لە بەر ئەوەى میرى هەکارى (نوراللە)خەزورى ئەردەشێر بوو ئەویش بەشداری لە شۆڕشدا نەکرد و لەژێرەوەش پلانی دژی شۆڕش دەگێڕا. سەرئەنجامیش بەدرخان ناچاربوو خۆی ڕادەستى دەوڵەتى عوسمانى بکات (ئەزدیشێر)ى خایین و خۆفرۆشیش لەلایەن دوژمنەوە نەکرایە میرى بۆتان بەڵکو سوکایەتى پێکرا لەدامەزراندنى لە(اسگبلى عامرە) واتە لە ئاخوڕى ووڵاخدا، بەپێ بەڵگەنامەى ئەرشیفی عوسمانی ژمارە (A.A.MD/16/33)و ئەزدیشێرى خایین نەکرا بە میری بۆتان ئیتر دەستى دایە شەڕ بەڵام چى پێدەکرێت؟! ئیتر هەرزوو دەوڵەتى عوسمانى پەتى خستە ملى و ڕایکێشایە شارى ئەستەنبوڵ هەروەها پەتیشى خستە ملى (نوراللە)و ئەویشى بەڕوو ڕەشى بردە دورگەى (گریت).
ئەو سەرۆکە کوردانەى مستەفا کەمال قارداش، قارداش یانی برا ، برا لەنامەکانیدا بۆیان دەنووسی تا پشتگیرى شێخ سەعید نەکەن، بەڵام کە شێخی لە سێدارەدا، دواتر دەستیکرد بە هەڵواسینى قارداشەکان، چونکە ئیتر کارى بەوان نەما.
بیرمەندى گەورەى کورد(ئەحمەدى خانى) لەنێو میرە کوردەکان دەگەڕا تا بیانکاتە یەک دەست، بەڵام هەندێک کەسیى دوو ڕوو مونافیق فەسادی ئەحمەدى خانى یان کرد لەلاى میرى بۆتان بۆیە جارێک کە هاتە لاى میرو سەلامى کرد میر وەڵامى نەدایەوەو پشتى کردە ئەحمەدى خانى، ئەویش زانى مەسەلە چییە؟ ئەحمەدى خانى بەمیرى ووت:"میرێ من پشتێ نەدە دوژمن"
ئیتر وەک سەتڵێک ئاوى سارد بە سەرى میردا ڕژاندبێت میر ژفڕى و ڕووى لە ئەحمەدى خانى کردو ووتى: (ڕاست دەکەى ئەحمەدى خانى بەخێرهاتى وەرە ڕوونە...
مێژوونوسی میسرى (ابن فچل الله العمری) له (مسالک الڕبێار) دا ووتویەتى: کورد میللەتێکی زۆرە ئەگەر بەردەوام شەڕی یەکتریان نەکردبایە هەموو ووڵاتانی دەوروبەرى خۆیان داگیر دەکرد. ئەم شەڕ و شۆڕە و دژایەتى نێوان حزبە کوردیەکان کورد ناگەیەنێتە ئامانج و کورد فاشل دەکات و هەمووشیان تۆمەتبار دەبن بەرامبەر مێژوو.
تورکیە تا ئێستا بەردەوامە لەسەر گچکەکردنى کوردستانى باکور ئەوا پڕۆژەى (GAP) (76000) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی کوردستانى باکور واتە بەقەد کوردستانى باشور هەموو (تقریباًً) دەکاتە بەنداو و لەژێر ئاوى بەنداوەکانى ڕووباری دجلە و فورات نوقم دەکات واتە پتر لە ڕووبەرى ئەم شەش دەوڵەتە: کوێت و قەتەر و دوبەى و ئەلبانیا و کۆسۆڤو و ڤاتیکان نوقم دەکات و ژینگەکەشی وێران دەکات و زۆریش لە کورد دەربەدەر دەکات بۆ شارە تورکەکان و مناڵەکانیان ئێستا کوردی نازانن ئاوا دەیان کاتە تورک. هەرچی شوێنەکانى مێژووى و کەلتوریش هەیە وێرانی دەکات وەک چۆن شاری (حەسەن کەیف) ى دوازدە هەزار ساڵى نوقم کرد لەژێر ئاوى بەنداوى (ILISU) دا لەگەڵ پتر لە (200) جێگەى شوێنەواری. ئاوەها مێژوو کەلتورى شارستانى کوردستانیش وێران دەکات و لەناوى دەبات.
پڕۆژەى (GAP)ی تورکی پڕۆژەیەکى سیاسی و ڕەگەز پەرستی یە و بۆ جینۆساید کردنى کوردە.
ــ سەرکەوتوو بێت خەباتى ڕەواى گەلەکەمان
ــ درود بۆ گیانى شەهیدانى کوردو کوردستان
ــ سەرکەوتووبێت ئاشتى وئارامى وبرایەتى
کەمپینى (17) ملیۆن کەسی بۆ پاراستنى شوێنەوار و کەلتوورى شارستانى کوردستان
2021625
دەستەى باڵای کەمپین:
عبدالرقیب یوسف مێژوونوس و شوێنەوارناسی مەیدانی
د. کامیران بەرواری مامۆستا لە زانکۆى دهۆک
دارا بلال مامۆستا لە زانکۆی نۆلج
نزار محمد ڕۆژنامەنوس و چالاکوانى مەدەنی
شۆڕش ئەمین چالاکوانى مەدەنى
یوسف محمەد نووسەر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست