ڕیشەی خیانەت لە روخاندنی مەملەكەتی میدیاوە بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی پاراستنی میدیا
Friday, 25/06/2021, 5:39
هارپاگ خیانەتی لە كورد كرد و مەملەكەتی میدیا و میدیەكانی تەسلیمی فارسەكان كرد. ئەمڕۆش هێرشێكی داگیركەری چڕ بۆ سەر باشووری كوردستان هەیە. پەدەكەیش بەپێش سوپای توركیا كەوتوون و گوند بەگوند و چیاو گردی كوردستانیان تەسلیم دەكەن.
مێژوو بەشێوازێكی نوێ و بەهەمان ناوەرۆكەوە خۆی دووبارە دەكاتەوە. هارپاگ خیانەتی لە كورد كرد و مەملەكەتی میدیا و میدیەكانی تەسلیمی فارسەكان كرد. ئەمڕۆش هێرشێكی داگیركەری چڕ بۆ سەر باشووری كوردستان هەیە. پەدەكەیش بەپێش سوپای توركیا كەوتوون و گوند بەگوند و چیاو گردی كوردستانیان تەسلیم دەكەن. پەدەكە بە گەمارۆدانی ناوچەكانی گەریلا دەیەوێت دەستی دەوڵەتی تورك سوك بكات و ئاسانكاریی بۆ بكات. دەیانەوێت تەواوی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لەناوببەن.
مەملەكەتی ماد چۆن ڕووخا؟
خیانەت و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ سوپای فارسەکان چۆن بوە لەناوبردنی دەستكەوتەكانی باو و باپیرانی گەلی كورد؟
ئایا گەلی كورد ئەمجارە پەند و عیبرەت لە مێژوو وەردەگرێت؟
چیرۆكی ڕوخاندنی مادەكان یا میدییەكان لەو كاتەوە دەستیپێكرد، ئەستیاگ پاشای میدییەکان هەواڵی شۆڕشی كۆرشی (فارسەكان) پێگەیشت. نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بۆ نووسی و بۆ تێكشكاندنی شۆڕشەكە ئامادەباشیی كرد. ئەستیاگ سەركردەی میدییەكان جگە لە كۆكردنەوەی میدییەكان هیچی تری لەپێشدا نەمابوو، بۆیە لەشكری ئامادەكرد و هارپاگی هەڵبژارد بۆ فەرماندەیی گشتیی سوپای میدیا، بەڵام فەرماندەی سوپاكەی خیانەتی لێكرد، هارپاگی سەركردەی گشتی سوپای مید و بڕێكی دیكە لە سەركردەكانی سوپا، پاڵیان بە كۆرشەوەدا و چوونە ڕیزی سوپاكەیەوە... ئەستیاگ دیل كرا، هارپاكۆس هاتە لای و بەنیازی ڕیسواكردنی دەنگی لێ هەڵبڕی، ئەستیاگ چاوی تێ بڕی و پرسیاری كرد ئایا هارپاکۆس لەم كردارەی قۆرش "كۆرش"دا هاوبەشە؟ وەڵام بە ئەرێ بوو. هارپاکۆس نامەی بۆ قۆرش ناردو هانی دا تا شۆڕشی بەسەردا بكات.
لەوێدا ئەستیاگیس بە هارپاگی گوت: لەناو مرۆڤەكاندا تۆ ناڕەسەنترین كەسی، بگرە گەمژەترین پیاوی، خۆ ئەگەر ڕاستبێت ئەم كارە تۆ ڕێكت خستووە، بۆ تۆ ڕەواتر بوو ببیت بە پاشا، كەچی دەسەڵاتەكەت بە كەسێكی تر بەخشی. ئەم كارەشت بە ئاشكرا نانەجیبێتی سەلماند، چونكە بەهۆی ئەوەوەكۆت و بەندی كۆیلایەتیت كردە گەردنی میدییەكان، ئەگەر هەر مەبەستت بوو تەختی پاشایەتی ڕادەستی كەسێكی تر بكەیت، واشیاوتر بو ئەم دیارییەت پێشكەشی میدییەك كردبا، نەك بە فارسێك، بەڵام لەم بارەی ئێستەدا ئیتر میدییە سەربەست و ئازادەكان ژێردەستەن و بوون بە كۆیلەی فارسەكان.
هۆی سەركەوتنی كۆرش، ناپاكیی گەورە پیاوانی ناو سوپای مید بوو، كە هارپاگ فەرماندەی گشتیی هەموویان بوو. بەمشێوەیە فارسەكان مەملەكەتی میدیایان داگیركرد. بەڵام بەمەشەوە نەوەستان و دڵیان ئاوی نەخواردەوە، بە مەبەست هەوڵی شێواندنی ناوبانگی ئاستیاگیان دا و چیرۆكی سەیریشیان بۆ هەڵبەست. لەمەشدا جگە لەشێواندنی ناوو ناوبانگی پادشای میدی هیچ مەبەستێكی دیكە نەبووە.
ئەم مێژووەش شتێكی ئەفسانەیی و چیرۆكی هەڵبەستراو نییە، بەڵكو مێژوونوسی گەورەی یۆنانی هیرۆدۆت و دیاكۆنۆڤ باسیان لێوەكردووە.
زانیمان ئەو كەسەی كە لەسەردەمی دەسەڵاتی مادەكاندا دژ بە ئاستیاگی دوا پاشای میدییەكان دەستی لەگەڵ كۆرشی فارشەكان تێكەڵ كرد، (هارپاگ)ی میدی بوو. ناپاكییەكەی ڕووخاندنی مەملەكەتی میدیا و دیلكردنی پادشا ئەستیاگی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەڕاستیدا لە ئەنجامدانی ئەم ناپاكییەدا هارپاگ تەنیا نەبوو، بگرە كەسانێكی تر لە سەركردە باڵاكانی میدی لەم ناپاكی و پیلانگێڕییەدا بەشداربوون. كە هێما بۆ ئەو ڕاستییە تفت و تاڵە دەكات خیاتەت كوردەكانی لەگەلێكی ئازاد و ناوچەیەكی خۆبەڕێوەبەرەوە هێنایە بندەستی كۆرشی سەركردەی فارسەكان.
دەیانەوێت خاكی باشووری كوردستان ڕادەستی توركیا بكەن
ئەو ئاوەی هارپاگ لەمێژووی كورددا ڕشتی، دەمێكە بەڕێوەبەرانی پەدەكە پێیان تێخستوە. ئەو مەملەكەتی كوردانی پێشكەش بە فارسەكان كرد، ئەمانیش دەیانەوێت كورد لەگەلێكی ئازادەوە بكەنە بندەستی دەوڵەتی تورك، ئەو دەوڵەتەی میراتگری كۆمەڵكوژی دەرسیمە، كە تائێستا پێی ڕەوا نییە كورد وەك نەتەوە قبوڵ بكات، هەموو ڕێبازێكی گرتۆتەبەر بۆ تواندنەوەی و لەناوبردنی.
توركیا شەڕی پاكتاوكردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبات. توركیا هەوڵ دەدات هەموو دەستكەوتەكانی كوردان لەناو ببات. ئەوە ئامانجیانە بۆ ساڵی ٢٠٢٣. لەگەڵ پاكتاوكردنی كورددا دەیانەوێت میساقی میللی پێكبهێنن. دەیانەوێت باشووری كوردستان دەستبەسەر بكەن. لەو چوارچێوەیەدا هێرشێكی داگیركەری بۆ سەر باشووری كوردستان هەیە، ئیدی كارێكی وا دەكەن، كە سەدان هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست بدەن. هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت تاوەكو كەركوك هەموو باشووری كوردستان داگیر بكات و بیخاتە سەر خۆی.
دەوڵەتی تورك بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر و زیاتریش هاتووەتە ناو خاكی باشوور. بە رێككەوتن و پەیوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) لەگەڵ هاوپەیمانیی ئاكەپە – مەهەپەی فاشیست دا، ئەو هێرشانە ئەنجام دەدرێن. هەوڵ دەدرێت هەموو باشووری كوردستان داگیر بكرێت و بخرێتە سەر توركیا.
گەمارۆدانی گەریلا و خۆشكردنی ئاگری شەڕ بۆ لاوازكردنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردە
پەدەكە دەیەوێت گەریلا بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات و سوپای توركیش سودی لەم دەرفەتە وەربگرێت
دابڕینی ناوچەكانی گەریلا و داگیركردنی ناوچە و چیاكانی كوردستان ئامانجی پلانەكەیە
ئەم هێرشە، كە توركیا و پەدەكە پێكەوە پلانیان بۆ داناوە. هەر یەكەیان بە رۆڵی خۆی هەڵدەستێت. رۆڵێكیان بە پەدەكە و رۆڵێكیان بە توركیا داوە. لە پشت ئەوانیش هێزە نێونەتەوەییەكان هەن. لەسەر ئەو بنەمایە هێرشەكانیان ئەنجام دەدەن. لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا پەدەكە هەوڵ دەدات هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا گەمارۆ بدات و خۆی بخاتە نێوان ناوچەكانی گەریلا و ناوچەكانی گەریلا لە یەكتر داببڕێت. ئەوە ناوەرۆك و جەوهەری پلانەكەیە.
هێرشی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بۆ سەر ناوچەكانی گەریلا بەتایبەت دوو ساڵ لەوە پێش پەدەكە هێزەكانی خۆی رەوانەی زینی وەرتێ كرد. پەكەكە لەو كاتەدا رایانگەیاند، هاتنی هێزە سەربازییەكانی پەدەكە بۆ زینی وەرتێ و جموجوڵەكانی پەدەكە لە چوارچێوەی جوڵە و دیدی پاكتاوكردنی بزووتنەوەی ئازادیی كورددایە. پەیوەندییەكانی ئەمریكا – توركیا – پەدەكە وەك بەشێك لەو دیدە پاكتاوكارییە لە دژی تێكۆشانی ئازادی بوو بوو بە رۆژەڤی رای گشتی. دوای ئەوەش هێرشكرایە سەر حەفتانین و دەوڵەتی تورك دەستی بە هەوڵە داگیركەرییەكانی كرد
ئێستاش كە پەدەكە هەرێمەكانی گەریلای گەمارۆداوە، هەوڵ دەدات ڕێگری لە جووڵەی گەریلا بكات و خۆڕادەستكردنەوەیان لەسەر بسەپێنێت. پەدەكە هەوڵ دەدات بەو كارانەی سوپای تورك لە بنبەست رزگار بكات.
گەمارۆدانی ناوچەكانی گەریلا لەلایەن پەدەكەوە بە مانای ئەوەیە، كە پەدەكە بە هانای دەوڵەتی توركەوە دەڕوات. لە كەش و دۆخێكدا، كە دەوڵەتی تورك بەرەو تێكشكاندن و رووخان دەڕوات و هێرشەكانی پووچ دەكرێنەوە و هەموو رۆژێك گورزی لێدەدرێت، پەدەكە هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورك رزگار بكات. پەدەكە لەدواهەمین پەیامیدا بانگەوازی ئەوەی كرد كە گەریلا واز لە هەرێمەكانی خۆی بهێنێت، واز لە تێكۆشانی مان و نەمانی كورد لە دژی دەوڵەتی تورك بهێنێت. بەم شێوەیە ئاشكرا بوو كە ناوچەكانی گەریلا بە چی مەبەستێك گەمارۆ دراون. |
ئەوا دوو مانگە شەڕ زۆر قورس بووە و دەوڵەتی تورك تەنگاو بووە. ئێستا پەدەكە بە هاتنی بۆ ناوچەكانی گەریلا دەیەوێت ئەو تەنگاوییەی دەوڵەتی تورك لاببات و كارێك بكات، كە گەریلا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بكەن. بە ئاشكرا هەوڵ دەدەن گەریلا بە هێزە سەربازییەكانی پەدەكەوە سەرقاڵ ببێت و دەوڵەتی توركیش لەو سەرقاڵكردنە سوود وەربگرێت و ئەنجام بەدەست بهێنێت.
دەوڵەتی توركیش بە هێرشی ئاسمانی پشتگیری لە هەنگاو و گەمارۆكانی بەم شێوەیەیەی پەدەكە دەكات. پەدەكە بەم شێوەیە بڕیاری شەڕی داوە. كەهێز بخاتە هەندێك هەرێمەوە كە نزیكەی 30 – 40 ساڵە گەریلا تیایدا قەڵەمڕەوەو گەمارۆدانی بنكەو بارەگا گرنگەكانی گەریلا و سەنگەر لێدان بەدەوری ئەو هەرێمانەدا كە بەجۆرێك هەرێمەكانی گەریلا بەرتەسك بكاتەوە گەمارۆی پەدەكە لەسەر گەریلا و بەئامانجگرتنی گەریلا بۆ دەوڵەتی تورك، پەیوەندی بە هەموو گەلی كورد و هێزە سیاسیەكانەوە هەیە. پەدەكە دەیەوێت لە لایەن خۆیەوە سیاسەتی قڕكردن و هێرشی لەناوبردنی كورد لە هەموو پارچەكان بگەیەنێتە ئەنجام، ئەوەش لاوازكردنی دەستكەوتەكانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و مەترسیەكی گەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
"ئەو پلانەی دەوڵەتی تورك پەدەكە، پێگە و قەوارەی باشوری كوردستان لەناو دەبات"
دەوڵەتی تورك بۆ لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی كورد هەموو ڕێگایەك تاقیدەكاتەوە و بەپێشڕەوی پارتی هێرشی كردووەتە سەر هەرێمەكانی گەریلا. لە ڕووی هەواڵگرییەوە هاوكاری تورك دەكات و بە سەدان گەریلا شەهید كراون.
دەیانەوێت پەكەكە پاكتاو بكەن و لەمپەری بەردەم پاكتاوكردنی كوردان لاببەن. ئەوە پلانێكی زۆر مەترسیدارە. پلانێكی وەها هەموو دەستكەوتەكانی باشووری كوردستانیش لە ناو دەبات ئەوە پێگە و قەوارەی كوردستانی فیدراڵیش لەناو دەبات، شتێك بە ناوی كوردستانی فیدراڵەوە نامێنێت. ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا خوڵقاون هەموو لەدەست دەچێت و لەوانەیە كۆمەڵكوژیی بەسەر گەلی كورددا بێت.
لە گارە ناوچەكانی گەریلایان گەمارۆدا. ساڵی پار گەمارۆیەكی لەو شێوەیەیان ئەنجامدا. لە گارەش قەیرانێكی هاوشێوە روویدا. لەوێ شەڕ روویدا، بەڵام سنووردار بوو و دواتر ئارام بوویەوە. ئێستا بە هێرش بۆ سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ئەو هێرشەیان بەرفراوانكردووە. ئەو هێرشە ئیدی هێرشێك نییە بۆ سەر سەنگەرێك و بەرەیەك. دەیانەوێت پەكەكە پاكتاو بكەن و لەمپەری بەردەم پاكتاوكردنی كوردان لاببەن. دەیانەوێت بەو جوڵە و دیدە دوا قۆناغی پیلانگێڕییەكەیان بە ئەنجام بگەیەنن. دەیانەوێت بە پاكتاوكردنی پەكەكە ئەو پیلانگێڕییەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە سوریا دەستیان پێكرد بە ئاكام بگەیەنن.
هارپاگی سەردەم
هارپاگ خۆی بوە هاوكاری فارسەكان بۆ هێرش كردنە سەر میدەكان، زۆر جار پارتی زیاتر لە توركەكان داوای لە دەوڵەتی تورك كردووە بۆ شەڕ لە دژی پەكەكە و هانیشیداون. هانی توركیا دەدات، كە بە فڕۆكەی جەنگی گوندەكان و وڵاتپارێزەكان بۆردومان بكات. چەندین هاووڵاتیی مەدەنیی بەو هۆیەوە شەهید بوون. لە رێگەی كوێخاكانی خۆیەوە دەستیكردووە بە پڕوپاگەندە لە ناو میللەتدا و بە هاووڵاتییان دەڵێن، مەڕۆنەوە بۆ گوندەكانی خۆتان، چونكە بە فڕۆكە بۆردومان دەكرێن. ئەوە بۆ چی دەكات؟ بۆ ئەوەی میللەت لە ناوچەكە بڕوات و تورك بە ئاسانی تیایدا بمێننەوە. پارتی گەل چاوترسێن دەكات و رێگای نادات میللەت بە شێوەیەكی ئازاد لەسەر خاكەكەی خۆیدا بژی.
لە دژی ئەو داگیركەرییەی توركیا ئەو قسەیەی، كە دەبوایە بكرێت نەكراوە. بە پێچەوانەوە قسە بۆ ئەوە دەكرێت و هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت، كە رەوایی بە هێرشی داگیركەریی دەوڵەتی تورك بدەن.
بۆ هێرشەكان لەسەر پەكەكە و هەرێمەكانی پاراستنی میدیا بەچڕی دەستی پێكردووەتەوە؟
لەهەموو شتێك گرنگتر ئەوەیە كە مستەفا ئەتاتورك دوای ئەوەی هەموو شۆڕشەكانی كورد لە باكوری كوردستان لەناو دەبات گۆڕێكی دروستكرد و پێی لەسەر دانا وتی، ئێمە كوردمان كوشت و كردمانە ناو ئەو قەبرە و شتێك نەماوە بەناوی كورد، وتیان "چیمەنتۆ بەسەر كورد دا كراوە و جارێكیتر ناتوانێت هەستێتەوە، بەڵام پەكەكە ئەو چیمەنتۆیەی سەر گەلی كوردی پارچە كرد. گەلی كورد لە كەسایەتی پەكەكەدا لەو گۆڕە هاتە دەرەوە.
پەكەكە ئەو هێزەیە نایەڵێت پیلانی سڕینەوەی گەلی كورد سەربگرێت. پەكەكە كوردانی خۆڕاگر و بەرەنگارە، ئەو كوردانەیە، كە لە دژی پاكتاوكردن و سڕینەوە تێدەكۆشێت.
پەكەكە ٤٢ ساڵە دامەزراوە و لە ٤٣ هەمین ساڵی پەكەكەدا تا ئیستاش هیچ گۆڕانكاریەك لە سیاسەتی دەوڵەتی توركیادا ڕووینەداوە. كە دەیانەوێت ڕیشەی كورد دەربهێنن، كورد لەناو ببەن.
پەكەكە لە هەر چوارپارچەی كوردستان، لە باشووری كوردستانیش بۆ شكۆی كوردان بەرەنگاری دەكات، شەڕ دەكات، بۆ ئازادی شەڕ دەكات. پەكەكە تاكە جوڵانەوەیە بەرامبەر گەورەترین و فاشیسترین و خراپترین هێزی دونیا ڕاوەستاوە، كە سوپای توركیایە.
راپۆرتی ئاژانسی فەرات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست