سوپای نیشتمانیی باشوور و ئەمریکا و میت و ئیتیلاعات!
Wednesday, 23/06/2021, 17:21
بوونی سوپای نیشتمانیی فەرمی بۆ هەر وڵاتێک گرنگە، لەبەرئەوەی بەهێزی ئەو وڵاتە لە کۆمەڵگەی نێونەتەییدا بە بەهێزی سوپاکەی و ئابوورییەکەی هەڵدەسەنگێت. ئەم دوو فاکتەرە گرنگە پێگەی ئەو وڵاتە یان نەتەوەیەک لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دیاری دەکەن. مێژوو پێمان دەڵێت کە بوونی سوپایەکی بەهێز کارێگەرترین ئامراز بووە، بۆ هەر وڵاتێک کە خوازیاری ئەوە بووبێت، کە ببێت بە زلهێز یان توانیبێتی سنووری جوگرافیای نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بپارێزێت، بۆیە لاوازبوونی ئەو ئامرازە بۆتە هۆی ئەوەی گەلێک لەو وڵاتانەی کە تا دوێنێ زلهێز بوون، ئەمڕۆ ئەو پێگەیەیان لەسەر ئاستی دنیادا لەدەستداوە، گرنگترین نمونەش جەنگی یەکەم و دوومی جیهانیە کە بردنەوە و دۆڕاندن لەو جەنگەدا، هاوکێشەی هێزی لەسەر ئاستی دنیادا گۆڕی، کاردانەوەی هەبوو لەسەر دووبارە کێشانی نەخشەی جیوگرافیای سیاسیی و ئابووریی لەسەر ئاستی دنیادا، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە هەوڵدان بۆ بوون بە خاوەن سوپایەکی بەهێز لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەییدا جەنگێکی بەردەوامە، کە زۆربەی وڵاتان ڕێژەیەکی بەرچاوی ئابووریی وڵاتەکەیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکەن، هەوڵدەدەن بەردەوام سوپاکەیان بە ڕۆحی نیشتمانی گرنگی پاراستنی وڵات و کیانی سیاسیی پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە هاڤرکێدا بەردەوام بن و سوپاکەیان شکۆی لەدەستنەدات.
ئەو وڵاتانەی کە خاوەن سوپای بەهێزن زێتر هەست بە ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەی دەکەن، پاراستنی کیان و سنووری جوگرافیایان زێتر مسۆگەر دەکەن بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵات و نەتەوانەی لەوبوارەدا لاوازن، بە تایبەتی لە دنیای ئەمڕۆدا کە داگیرکردن و هەلکوتانە سەر وڵاتان و فرەوانکردنی سنووری جوگرافیای ئەو وڵاتانەی کە خاوەن سوپای بەهێزن، بووە بە دیاردە، وەک تورکیا و ئیران کە مەترسی ئێجگار بێهاوتایان هەیە، لەسەر ئارام و ئاسایشی نیشتمانیی نەتەوە یی وڵاتانی دراوسێیان، کە خاوەن هێز و سوپای فەرمی بەهێزنین وەک مەترسیان لەسەر عیراق، سوریا، لوبنان و کوردستان و چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تورکیا ئەزموونێکی زیندوە کە هەنووکە جگە لە باکوور لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا بەهۆی بوونی سوپایەکی بەهێز هەڵیکوتاوەتە سەر ئەو ناوچانە، داگیری کردوون و دەزانێت کە میللەتی کورد خاوەن سوپایەکی پتەوەی نیشتمانیی نییە، کە ئەم ڕاستییە زۆرێک لەوانەی سەر بە" ینک و پدک"ن لە میدیاکاندا بەبێ شەرمی پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن، کە گوایە ئەوان ناتوانن ڕێگری بکەن لە سوپای تورکیا، لەبەرئەوەی ئەنقەرە خاوەن سوپایەکی بەهێزە، ئەوان هەمان گوتەیان هەبوو کاتێک کە حەشدی شەعبی لە ٢٠١٧دا هێرشی بۆ سەر کەرکوک هێنا و بەبێ بەرەنگاری ئەو شارەی گرت!؟ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا ئۆباڵی ئەو بێهێزی سەربازییەی میللەتی کورد بە تایبەتی لە باشووردا لە ئەستۆی کێیە؟ نوێنەرانی ینک و پدک پاش چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵات و فڕۆشتنی سامانە سروشتیەکان بە تایبەتی نەوت، چ جا نەبوون بە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانی کەچی پێشمەرگە سواڵ دەکات؟ ئۆباڵی نەهێشتنی شکۆی پێشمەرگە و نەبوونی سوپایەکی نیشتمانی لە ئەستۆی کێیە!؟
بەرژەوەندیی پرسی کورد لەگەڵ بەرژەوەندیی سەرانی ینک و پدک، دوو شتی جیاوازن و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی هەرگیز لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، بۆیە جگە لە دروستکردنی هێزی چەکداری شەلاتی لە گروپی بچووکدا کە سەر بە هەر یەک لە بەرپرسەکانن، بەمیلیشیاکردنی هێزی سەربازیی باشوور لەسەر دەستی سەرانی ینک و پدک تا ئەمڕۆ لە گەشەسەندنە و هێزی ٧٠ و ٨٠ و زێرەڤانی دەیان گروپی چەکداری دی لە باشووردا بۆ ئەجێندای میت و ئیتیلاعات بەگڕ دەخەن!
تورکیا و ئیران و ئەمریکا و زلهێزەکانی دی ناوچەکە، هەمیشە لەسەر ورد و درشتی گرفت و ڕووداوەکانی ئەو دەڤەرەدا کۆک نین، هەر یەکە بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆی کار دەکات، وێرای ئەوەش ئەنقەرە و تاران لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن بەڵام لە دژایەتی کردنی پرسی کورد هەمیشە و بۆ هەتاهەتایێ کۆکن، بۆیە بەبێ شک دروست بوونی سوپایەکی نیشتمانیی کوردستانی لە باشووردا هەرگیز لە بەرژەوەندیی تورکیا و ئێراندا نییە بۆیە لە ڕێگەی سەرانی ینک و پدک چارەکە سەدەیەکە ڕێگری دەکەن لە دروست بوونی سوپایەکی نیشتمانی لە باشوور، بەڵام دوای ڕووخانی سەدام و گۆڕانی دۆخ و هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا، ڕەنگە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بوو بێت، بۆیە بەگوێرەی هەندێک لە دۆکیۆمێنیتی ویکیلیکس کە لە میدیاکاندا بڵاو بۆتەوە، لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا واتە دوای ڕوخانی سەدام، ئەمریکا داوای لە سەرانی ینک و پدک کردوە کە هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و هەوڵی دامەزراندنی نواتی سوپایەکی نیشتمانی بدەن.
چارەکە سەدەیەکە باشوور لەلایەن زلهێزەکانی دنیادا پشتیوانی بێ هاوتای لێ دەکرێت، کە لە مێژوودا هیچ هەلێکی لەو جۆرە بۆ میللەتی کورد نەهاتۆتە پێش، کە بەمە زلهێزەکان چرایەکی سەوزیان بۆ میللەتی کورد هەڵکرد، کە هەوڵبدات لەو سی ساڵەدا ببێت بە خاوەنی سەرخان و ژێرخانێکی پتەو و سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتووی فەرمی، کە بڕبڕەی پشتی خۆڕاگرتنە لەبەردەم شەپۆلی سەربازی بێڕەحمانەی سوپای دوژمنانی و میلیشیاکانی عەرەب و تورک و فارس، هەروها بەخشینی سیمای دەوڵەت بە پەیکەری سیاسی هەرێم. بێگومان ئەو هەلەش جۆرێک بوو لە تاقیکردنەوەی میللەتی کورد بە تایبەتی بۆ سەرانی ینک و پدک، کە ئایا ئامادەیە بۆ خۆبەرێوەبردن و دامەزراندنی دەوڵەت و بەفەرمی ناساندنی ئاڵاکەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کە لە چوارچێوەیدا بتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندیی ئەوان واتە ئەمریکا بکات، بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێک وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەتی ئەمریکا، داوای لە سەرانی پارتی و یەکێتی کرد کە هەوڵ بدەن هێزی پێشمەرگە یەکبخەن بۆ دروست بوونی سوپایەکی نیشتمانی، کە ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتی ئەمریکا ڕاشکاوانە پێشنیاری لەوجۆرە بخەنە بەردەم میللەتی کورد لە ڕێگەی سەرانی ینک و پدک، ئەوانیش بە ڕێنامیی ئیتیلاعات و میت و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات و بەتاڵانبردنی نەوت و گازی ئەو دەڤەرە، ئەو هەلە مێژوویەشیان لەدەستی میللەتی کورد دا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست