نامەی کراوە بۆ بەرپرسانی بەلجیکا
Wednesday, 16/06/2021, 18:17
بۆ/ سەرۆك وەزیرانی حکومەتی فیدرالی بەلجیکا، ئەلێکساندەر دیکرو
بۆ/ سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی فڵاندێرن، یان یان بۆن
بۆ/ وەزیری کاروباری دەرەوەی بەلجیکا، سوفی ویلمز
بەڕێزان،
ئێمە کە ئەم نامەیەمان واژوو کردووە، دەمانەوێت پێتان ڕابگەیەنین کە پێشوازیتان لە مەسرور بەرزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی بەها و پرنسیپە دیموکراتیەکانە و بەڵکو هاندانی دیکتاتۆریەت و گەندەڵی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیە لە بەر ئەم هۆیانە:
١) ئێمە دڵنیاین کە بەڕێزتان ئاگادارن چی لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێ. ئەمڕۆ حوکمی نادیموکراتی تاکڕەوانەی خێڵگەرا لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتۆتە ترۆپکی نادادی. هەر دەنگێکی ناڕازی و نادەستەمۆ کپ و سەرکوت دەکرێت بە زەبری کوشتن و توندوتیژی و بەند کردن و ڕاوەدوونان و ئەشکەنجە و کڕین و بێزار کردن. سەرباری هەمووشیان لە ڕێگەی سەدان دەزگای ڕاگەیاندن و هێزێکی بەکرێگیراوی ئەلەکترۆنی لە سۆسیال مێدیادا.
٢) لە کاتێکدا چەند مانگی ڕابردو یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا ، فەرەنسا، ئەمەریکا ، کەنەدا بە شێوازی جیاواز سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی نارەزایی خۆیان دەربڕیوە لە کوشتنی خۆپێشاندەران و گرتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان. بەڕێزتان و حکومەتەکەتان بێ دەنگیتان هەڵبژاردووە و بە پێچەوانەوە پێشوازی گەرمیان لێ دەکەن و بە سەروباڵیاندا هەڵدەدەن لە کاتێکدا بە ڕواڵەت ڕۆژانە لێدوان دەدەن بۆ پشتگیری ئازادی و مافی مرۆڤ. بەداخەوە کردارەکانتان بیرهێنەرەوەی ئازارە قوڵەکانی مێژووی ڕەشی پاشا لیۆپۆلدی دووەم و ئازارەکانی گەلانی کۆنگۆی کۆن و ڕەواندای تازەن.
٣ ) لە کاتێکدا ئەو بنەماڵە گەندەڵکارانە ئازادیان لە هەرێمی کوردستاندا سەربڕیوە، ئێوەش هاوکاریان بوون بە شاردنەوەی ئەجێندا و بەروار و شوێنی دیدارتان لەگەڵ مەسرور بارزانی و دەستگیرکردنی چالاکوانان. ئێمە دڵنیاین کە ئەگەر دیدارەکەتان وەک دیدارە ئاساییەکانتان پێشوەخت ڕابگەیاندایە، ئەوا سەدان ئازادی خواز و چالاکوانی مەدەنی ئامادە دەبوون بۆ شەرمەزارکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
٤ ) ئەگەر بەڕاستی هاوکار و پشتیوانی خەڵکی کوردستانن لە دژایەتی داعش و تیرۆریستان، ئەوا دڵنیاین کە شاراوە نیە لێتان کە هۆکاریێکی سەرەکی گەشەکردنی بیری داعش و تیرۆریست، بوونی حوکمی ناداد و نادیموکرات و داپڵۆسێنەری وەک بنەماڵەکانی هەرێمی کوردستانە چونکە گەنجان هیوایان بە گۆڕانی مەدەنی لەدەستداوە و تروسکەی ڕوناکی بەدی ناکەن. بۆیە خەڵکانی ئازادیخواز و دڵسۆز زۆر لە مەترسی ئەوەدان کە پراکتیکەکانی ئەم دو بنەماڵەیە زوو یان درەنگ ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی داعشێکی کوردی و کوردستان بە تەرو وشکەوە بسوتێنێت.
٥) ئێمە کە واژوی ئەم نامەیەمان کردووە دەمانەوێت هەرێمەکەمان ببێتە نمونەیەکی دیموکراسی کە تێیدا یاسا سەروەر بێت، لە ڕێگای هەڵبژاردنی پاك و دوور لە هەرەشە و کڕینی دەنگ و ویژدان. دەمانەوێت ڕێز لە ئازادی تاک و سەروەری مرۆڤ بگیرێت. دەمانەوێت خۆشگوزەرانی خەڵك لە ڕێگای بوژاندنەوەی ئابوریەکی بەرهەمهێنەرەوە گەشە بکات. بۆ ئەمەش پێویستمان بە پشتیوانی هەموو دیموکرات خوازێکی جیهانە. بۆیە ئێمە نارەزایی دەردەبڕین بەرامبەر سەرجەم دەزگا و کەسانێك کە خۆیان بە دۆستی خەڵکی کوردستان پێشان دەدەن، بەڵام لە بەرامبەر برسیکردن و سەرکوتکردنەوەی دەنگی ئازاد و بنەما دیموکراسیەکان بێدەنگن و تەنها بەرنامە و ئەجێندایان بۆ مامەڵەی بازرگانی و ئابوریە لەگەڵ دەسەڵاتی نارەوای خێڵەکی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوانی وەڵامتانین.
لەگەڵ ڕێزدا...
کەمپینی نارەزایی بەرامبەر بەرپرسانی بەلجیکا
---------------------------------------------
دیسان لێرەشەوە داوا لەسەرجەم دەنگە ئازادەکان و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە زووترین کات لە ڕێگای ئەو لینکەی خوارەوە ئەم (پێتیشنە) واژو بکەن بۆ گەیاندنی دەنگی نارەزایی بەرامبەر بەرپرسانی بەلجیکا، بەو هۆکارەی کە لە کاتی دیداریان لەگەڵ مەسرور بارزانی بێدەنگ بوون لە تەواوی نەهامەتی و پێشێلکاریەکانی هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و تەنیا لە دیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دیداریان لەگەڵ مەسرور بارزانی ئەنجام دا.
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ واژوکردن و کۆکردنەوەی دەنگی ناڕازیی خۆتان:
کەمپینی نارەزایی بەرامبەر بەرپرسانی بەلجیکا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست