جاشایەتى
Tuesday, 15/06/2021, 22:38
لە سەت ساڵى رابردودا جاش گەورەترین رێگر بووە لە بەردەم خۆخاوەنى کوردا ، من سەت ساڵ دەست نیشان دەکەم و ناگەڕێمەوە بۆپێشتر، سەت ساڵە جاشایەتى لەو پەڕى برەودایە ، گەرچى بەر لەو مێژوەش لە ئەدەبى نووسراوى ئێمەدا شاعیران باسى جاشایەتى و کلکایەتى دوژمنیان کردوە، لە مێژودا جاشایەتى جۆرى زۆرى هەبووە ، واتە بە چەندین جۆر جاشایەتى کراوە ، بۆنمونەمیر نشین هەبووە بە سەرو بەرەوە جاشى عوسمانى یان سەفەوى بووە ، ئەم دیرۆکە لێدەگەڕێین بۆ کات و خوێندنەوەى تر،بەڵام هەڵوەستە لەسەر سەت ساڵى رابردوو نەکەین ، لەو چرکە ساتەوە کە ئینگلیزو تورک و ئەوانى تر لە رێى بە جاشکردن و بە جاشگرتنەوە هەموو هەوڵێکى کورد بۆ خۆ خاوەنى لە بار دەبەن ، لێرەدا نابێت لۆمەى تورک و ئینگلیزو ئەوانى تر بکەین کە بەو رێگەیە ئێمەیان کەوى و کۆیلە کردووە، دەبێت سەرزەنشتى خۆمان بکەین کە نامانەویچت لە خێڵ و بنەماڵەوە بپەڕینەوە بۆ نەتەوە ، هەرئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانى جاشبون و جاشێتى بووە.
گرفتى کورد لە جاشایەتیدا ئەوە بووە کە نەیویستوە دان بەجاشێتیەکەدا بنێت یان رونتر جاشایەتیەکەى وەک جۆرێک لە تێکۆشان بە خەڵکى کورد فرۆشتوەتەوە، نمونەى ئەو هەموو موستەشارو جاشەى دواى راپەڕین خۆیان لێکردین بە پاڵەوان و کوردى عەیارە بیست و چوار هەروەک حزبە زلەکانیش وایان نیشاندان ، رەنگە لەم نمونەیە مەترسیدار تر ئەوە بێت حزبێک لە سەنگەر دژایەتى رژێمێکدا بێت لە پارچەیەکى کوردستان و جاشایەتى بۆ دەوڵەتێکى تر بکات کە ئەویش کوردى تیا دەچەوسێتەوە ، دیاردەى جاشایەتى کوردى دیاردەیەکى تایبەتەو هیچ نەتەوەیەکى تر بەو جۆرە جاشایەتى ناکات ، ئەمە لە کاتێکا کورد نەتەوەیەکى ئازاو شەڕکەرن ، ئەگەر لە تەک ئەو ئازایەتیەدا جاشایەتى رێگر نەبوایە لە خۆخاوەنى ئێستا کوردستان بە هێزترین دەوڵەتى ئەم ناوچەیە دەبوو .
مەترسى گەورە ئەوەیە جاشایەتى جۆرێک بوە لە شانازى کوردى، یانى ئەگەر خێڵێک ، بنەماڵەیەک ، عەشرەتێک لە باکورى کوردستان یان لە هەر پارچەیەکى تر بووبنە جاش ، ئەم جاشبونەیان وانیشانداوە کە هۆیەکە بۆ مانەوەو خۆشگوزەرانى و رابواردنیان، بەو جۆرە لە برى جاشایەتى و لۆمپەنى رسوا بکرێت و ببوغزێنرێت خۆشەویست کراوەو بایەخى پێدراوە، ئەوەبۆیە هەندێک جار عەشرەتەکان کێبڕکێیان بووە لە سەر ئەوەى کامیان زیاتریان لە جاشایەتى دەستدەکەوێت، لە گلەبى نامەى یەکێک لە سەرۆک جاش و موستەشارەکانى بەعسا لە ئەنفالى یەکدا هاتوە " من یەکەم فەوج بووم گەیشتمە سەرگەڵو بەرگەڵوو مۆڵگەى خائینەکان کەچى کەمترین نیشانەى ئازایەتیان پێداوم " رستەکە ناوەڕۆکەکەى بەو جۆرەیە بڕوانە جاش بوون چەند سوکایەتى بە خۆکردنە تا ئەو رادەیەى لە سەر کوشتنى براکەت و رشتنى خوێنى ئەو داواى نیشانەى ئازایەتى و بەخشین و پاداشت و دیارى بکەیت ، سەیرى ئەو شانازى و کڕوزانەوە ناشرینە .
بنەبڕکردن و ریشە کێشکردنى جاشایەتى لە کوردستان پێویستى بە تێکۆشان و خەباتێکى لە رادە بەدەرە ، پێویستى بە پەروەردەو هەڵوەشانەوەى ئەمجۆرە لە خێڵگەریە کە جگە لە تخوبى خۆى چاوى هیچ شوێنێکى تر نابینێ، ئەمجۆە لە جاشایەتى برەو بە کوشت و بڕى یەکتر دەدات بۆ دوژمن ، چ لۆژیک و بیر کردنەوەیەکە ئاستى جاشایەتى بگاتە ئەو شوێنەى مرۆڤ بڵێت ناچارم شەڕى براکەم بکەم ، هەر ئەوەى کە لە سەت ساڵى رابردودا زۆر جار ئەوە کراوە، دیاردەى مەترسیدارى جاشایەتى هەر لەمپەر نەبووە لە بەردەم خۆخاوەنى کوردا بگرە دۆخێى باوەڕبە خۆنەبوونى لاى کورد دروستکردوە و مرۆڤێکى خولقاندوە هەرگیز بڕواى بەوە نەبێت کە دەتوانێ خۆى بەڕێوەبەرێت، مرۆڤێک هەمیشە دەسەڵاتى بێگانەى لە خۆ دەسەڵاتى لاگرنگترە، هەڵبەت هەر ئەو دیاردەیەش لەمپەرى سەرەکى بەردەم دروستبوونى نەتەوە بووە ، نەتەوە بەومانایەى تێیدا خێڵ و بنەماڵە توابێتەوە ،یان هەبوونیشى نەبێتە مەترسى بۆ سەر گشتەکە.
تا جاشایەتى لە قاو نەدرێت و وەک دیاردەیەکى پیس و بێمانا سەیر نەکرێت ، زۆر ئەستەمە نەتەوەدروست بێت ، کە نەتەوەش دروست نەبێت زۆر ئەستەمە خێڵ و بنەماڵەو تەنانەت حزبەکانیش لە یەک چوارچێوەدا کۆبکرێنەوەوبەرژەوەندى و مانەوەیان مسۆگەر بکرێت ، بەومانایەى وایان لێبکرێت لە چوار چێوەى نەتەوەدا هەستى زیاتر بە پاراستنى بوون و بەرژەوەندیەکانیان بکەن ، بوونى جاشایەتى و جۆراو جۆر کردنى دیاردەکەو رەواجپێدانى هەمیشە هۆیەکى سەرەکیە بۆ ئەوەى دەوڵەتە سەردەستەکان بە ئاسانى کەوى و دەستە مۆمان بکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست