زەنگیانەی ئاویی ( رستی سێیەم )
Wednesday, 09/06/2021, 0:41
( شەکرەژن )
ویستم ..
هۆنراوەیەکت، بۆ بنووسم
پیتم لکاند بە پیتەوە
وشەم، لە وشە گرێدا
هۆنراوەکە
بە رستەیەکی پرسیاریی
کۆتایی هات
هەیە وەك تۆ، شەکرەژن بێ ؟
وشە بە وشەی هۆنراوەکەم
کوژاندەوە ..
تەنها، دوا رستە مایەوە.
( کانی ئیشق )
بەبیرت دێت.. بۆ دیدارت
چەند کۆڵانم، دەگرتە بەر؟؟
بڕوات هەبێت
هەر لەڕێگا، دەم بە دۆعا
دەم بەنزا کە نەتبینم
وامدەزانی زۆر بتبینم
کانی ئیشقمان وشک دەکا.
( ترپەی دڵ )
میلەکانی کاتژمێری
مەچەکی دەستی چەپم
لە راستەوە، بەشێوەیەکی بازنەیی
زەمەن دەبڕن.
هیچیان، پێش ئەوی دیکەیان ناکەون.
هەروەکو چۆن، ترپەی دڵم
پێش ترپەی دڵت ناکەوێ.
( تەنهایی )
کە، دان دەدەم بە نەورەس
حەزدەکەم
نەورەسە تەنهاکان بیچنن
تا هەست بە تەنیایی نەکەن.
وا هەست دەکەم
تەنیایی .. کوشندەتربێت لە جەنگ .
( پشوو )
ساڵانێکە لێناگەڕێی
شارای شادی کۆمەك بکەم
خەرمانی خەم بەبا بکەم.
شارای خەمم، پێشەن دەکەی!
خەرمانی شادیم، زەوت دەکەی.
دەلێمگەڕێ ..
پشوویەك بەم.
( تینوو )
کە تینوو بم
( ئاوە خوێڕی* ) دەربەندیخان
هەرگیز، بە سیروان ..
ناگۆڕمەوە.
ئاوەخوێڕی دەربەندیخان ، لەبەر ئەوەی کەس ئیستفادەی لێناکات بۆ کشتوکاڵ یەکسەر تێکەڵ بە سیروان دەبێت بۆیە خەڵكی ناوچەکە لەرقا ناویان لێناوە ئاوەخوێڕی،ئەو ئاوە هەرچەندە سەر بە ( باوەنور ) بەڵام وەك هەڵەی باو ناودەبرێت بە ئاوەخوێڕی دەربەندیخان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست