کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تورکیا و پەکەکە و سوتاندنی دارستانەکانی دهۆک!

Friday, 28/05/2021, 23:44


کێشمەکێشمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی هێناوەتە پێشێ کە هەرگیز هیچ هێزێک یان حزبێکی سیاسی، ناتوانێت جێگەی خۆی بکاتەوە، ئەگەر خاوەن هێزی چەکدار نەبێت. مێژوو و ئەزموونی ئەو ناوچەیە پێمان دەڵێن، کە خەباتی مەدەنی لەو ناوچەیەدا هێشتا زۆری ماوە بۆ ئەوەی میللەتان وەک ئامرازێک بەکاری بهێنن، کاری پێ بکەن، دەستکەوتی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی پێ بەرهەم بێنن و لەسایەیدا بحەسێنەوە.
 زێتر لە سەدان ساڵە، دەسەڵاتە سیاسییەکانی تورکیا، ئیران، سوریا و عیراق لە ئەوپەڕی چەپییانەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستییان، کە یەک لەدوای یەکدا هاتوونەتە دەسەڵات، مامەڵەیان لەگەڵ پرسی ڕەوای میللەتی کورد هەر یەک چەشن بووە، بۆیە بوونی شۆڕشی چەکداری زرەرورەتێکی واقیعییە، کە لە زمینەیەکی پێگەیشتووی مێژووی بۆ ئەو خەباتە هاتۆتە کایەوە، کە ئەمڕۆ پەکەکە بۆ چل ساڵ دەچێت دەستی لێ هەڵنەگرتووە، بە درۆودەلەسەی گوایە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی لە عیراق و ئیران و تورکیا و سوریادا هەیە، ئەو هەڵنەخەڵەتاوە، یان بە گفت و دڕۆی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیادا دەستی لەو خەباتە هەڵنەگرتووە! بۆیە ئەمڕۆ توانیویەتی بەرەنگاری لە یەکێک لە گەورەترین سوپای دنیا بکات کە ئەویش سوپای تورکیایە و ببێت بە وێردی سەرزاری گەلانی ناوچەکە و دەسەڵاتدارانی دنیا. 
خەباتی گەلی کورد لە باکووری کوردستاندا، کلیلی کردنەوەی ئەو کۆڕەگرێیەیە کە بەسەدان ساڵە پرسی ڕەوای ئەو میللەتە بووە بە ئامرازی دەستی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، خۆفرۆشە کوردەکان لەهەر دوو ئاستی سەرانی حزبەکان و تاکەکانی نێو کۆمەڵگە و شەقام بۆ بەرژەوەندیی بەکاری دەهێنن، لەبەرئەوە سووربوون و مانەوە لە قەندیل تا ئەمڕۆ کە ٢٨/٥/٢٠٢١  فەشەلی بەو هاوکێشەیە هێناوە و لە مێژوودا میللەتی کوردی ڕووسوور کردوە.   
ئەردوغان جگە لە خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە دژایەتی کردنی پرسی ڕەوای نەتەوەیی کوردیش لە هەموو پارچەکانی دابەشبووی کوردستاندا کۆڵنادات. تورکیا مامەڵەی لەگەڵ کوردیی باکوور چۆنە، هەمان مەمەڵەی لەگەڵ کوردی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا هەیە و بە یەکچاو لە هەمووان دەڕوانێت و یەک ستراتیژیەت و سیاسەتی هەیە لە کوردستاندا. ئەردوغان بەڕەوای نابینێت کە نەتەوەی کورد خاوەن هێزی چەکدار و سوپا بێت، دەیەوێت هەر پارتێکی کوردی بە پەروپۆکراوی لەژێر دەستی ئەودا بمێنێت، لە کاتێکدا خۆی سەرەڕای سوپایەکی زەبەلاحی تورکیی و دەزگەی هەواڵگری، بەسەدان میلیشا و مافیای چەکداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردوە. 
تورکیا بەتۆبزی بێت یان بەخۆشی، دەیەوێت دەسەڵاتی بەسەر بست بە بستی کوردستاندا هەبێت، ئەگەر ئەو بۆی بلوێت بەخشکەیی بنەکە و بارەگە دادەمەزرێنێت، ئەگەر بۆی نەلوێت ئەوا بەزەبری هێز و سوپا ئەو کارە ئەنجام دەدا، بۆ نمونە لە ڕۆژئاوای وڵات ئەو بۆی نەلوا خۆی بکات بە دەمڕاستی کوردیی ئەو دەڤەرە و هێز و پارتە سیاسییەکان بە پارە بخاتە ژیر ڕکێفی خۆی، بۆیە بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی و زەویی سوپای تورکیی و میلیشیاکانی شاری "ئەفرین"نیان داگیرکرد، بەڵام لە باشوور بەهێمنی و بەخشکەیی بەدەیان بنەکەی سەربازیی و هەواڵگریی تورکیی دامەزراند. گەیشتۆتە ڕادەیەک، تورکیا خاکی هەرێم بەهی خۆی دەزانێت، بەبێ وەرگرتنی موڵەت لە بەغداد، وەزیری بەرگری تورکیی هولیس ئەکار، سەردانی بنەکە سەربازییەکانی خۆیانی لە هەرێم کرد، بۆیە حکومەتی بەغداد لە ٣/٥/٢٠٢١دا نامەیەکی ناڕەزایی بۆ ئەنقەرە نارد.
 لەژێر دروشمی پەیوەندیی دیبلومات، جگە لە شارەکانی هەرێم، تورکیا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە  لە موسڵیش کۆنخسڵخانەی فەرمیی دەکەنەوە، جگە لەوەی کە سەفیریشیان دەستنیشانکردوە بۆ بەغداد.  لە ٧/٥/٢٠٢١دا وەزیری ناوەوەی تورکیا ڕایگەیاند:
 " پلانمان داڕشتووە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک دهۆک". 
هێشتا ئەو هەواڵە بەتەواوی بڵاونەبۆتەوە و نەگەیشتۆتە بەرگوێی میللەتی کورد، کەچی تورکیا دوو ڕۆژە دەستی کردوە بە بۆردوومان کردنی ناوچەکانی دهۆک و سوتاندنی دارستانەکانی ئەو دەڤەرە. 

تورکیا هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنیت بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هەیمەنەی بەسەر کوردستاندا، لە هەندێک ناوچەدا بەبیانوی ئەوەی کە داعشی دەستکردی خۆی لە ناوچەکەدا جموجۆڵیان هەیە، ئەنقەرە لە  بەغداد داوای کردوە کە لە موسڵ دەزگە هەواڵگرییەکانیان هاوکاری یەکدی بکەن لە دژی داعش و لە ناوچەکانی شەنگاڵیش لەگەل حکومەتی هەرێم هاوکاربن دژی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە". لە چەند میدیایەکی کوردیی بە تایبەتی لە"ستێرک تیڤى"، فەرماندەى گشتى هێزەکانى پاراستنى گەل قەریلان ڕایگەیاند:  
"هەندێک لەو ڕووداوانەی لە باشووریش ڕوویانداوە نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورک سوود لە هەرێم وەردەگرێت، هەندێک کەس زانیاری دەدەنە دەوڵەتی تورک، ئینجا ئەوانە تاکە کەسن یانیش حزبە، ئەوە بابەتتێکی جیاوازە، بۆ نمونە لێژنەیەک دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە، لەوانەیە کەسانێک بەو شێوەیە کار دەکەن، لەناو هەواڵگری هەرێمیشدا هەبن". 
دەسەڵاتدارانی تورکیا لە میدیاکاندا چەند جارێک بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە، کە ئەوان ناهێڵن شەنگاڵ ببێت بە قەندیلێکی دی و تەنیا لە مانگی دووی ئەم ساڵدا تورکیا دە جار هێرشی سەربازی بۆ سەر شاخی گارە لە باشووری کوردستاندا ئەنجام دا. 
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە تورکیا ڕۆڵ و بوونی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیای لەو ناوچەیەدا فەرامۆش کردوە، لەیاد خۆی دەباتەوە کە لەو هاوکێشەیەدا پەکەکەش گەمەی سیاسیی خۆی دەکات و شارەزاییە و دەتوانێت لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا وەک تاکتیک یاری بکات و سوودمەند بێت لە گرفتە نێودەوڵەتییەکانی کە تورکیا هەیتی، هەروها تورکیا ئەگەر ئەوەی لەگەڵ میللەتێکی ژێردەستی وەک کوردی بۆ بچێتەسەر، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە ئەمەی بۆ ناچێتە سەر. ئیران و سوریا و تورکیا و ڕوسیا و ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان لە کوردستان و عیراقدا بەرژەوەندییان هەیە، فرەوانبوونی دەسەڵاتەکانی تورکیاش لە هەردوو ناوچەدا بەرژەوەندیی و شکۆی ئەوان دەخاتە مەترسیوە، بۆیە تورکیا ئەمڕۆ یاری بە ئاگر دەکات و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ناهێڵێت ئاشتی و ئاسیش لە ناوچەکەدا سەقامگیر بێت و لەوش ناگات کە هەرگیز بەبێ ددانپیدانی مافی نەتەوەی کورد ناتوانیت شۆڕشی چەکداری کۆتایی پێ بهێنێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە