پیشەسازی و بوژاندنەوەی ئابوری
Friday, 28/05/2021, 0:30
هەموو دەوڵەتێک هەوڵدەدات سود لە سامانی سروشتی خاکەکەی خۆی وەربگرێت ، تا لە ڕێگای پیشەسازییەوە ئابوری وڵاتەکەی ببوژێنێتەوە و ژیانی کۆمەڵگاکەی بەرەو باشتر بەرێت ، سەربەخۆی ئابوری و سیاسی خۆی بپارێزێت و لە ژێردەستی و هەژموونی دنیای دەرەوە ڕزگاری بێت . بەڵام بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستاندا ، دەسەڵات نەیتوانیوە نان و کار و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەی دەستەبەربکات . چونکە سیاسییە بازرگانەکان ، ملیان لە تاڵانی و شرەخۆری ناوە ، بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی خێرا ، هەموو خەون و خەیاڵیان تەنها لای دوو شت بووە : ( پارەی گومرگ و دەرهێنانی بێ پلانی نەوت ) . کەرتە گرنگەکانی وەک پیشەسازی ، کشتوکاڵ ، پەروەردە و ڕێگاوبانیشیان ، بە تەواوی پشتگوێ خستووە . هەر بۆیە زوربەی هەرە زۆری کەرتە گشتییەکان ، یان کراون بە کەرتی تایبەت و کەسێکی سەر بە حیزب و دەسەڵات دەستی بەسەردا گرتووە ، یان بە تەواوەتی ڕاگیراون و بەرهەمی ئامادەکراویان لە دەرەوە بۆ هێناون .. هەر بۆ نموونە کاتیک کارگەیەکی پڕ داهاتی بێ کیشەی وەک کارگەی جگەرە دادەخرێت ، ئەو دەسەڵاتدارەی لە پشت داخستنی کارگەکەوە بووە ، خۆی بە تەنها جێگای کارگەکەی گرتۆتەوە و جگەرەی لە دەرەوە هێناوە . بەمەش ڕێک پارە و بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیاری تووتن و کاسبکارانی ناوبازاڕی ، بێ ئارەق و ماندووبوون خستۆتە تەنکەی باخەڵییەوە . لە شەو و ڕۆژێکدا بۆتە خاوەنی ملیۆنەها دۆلار ، وڵاتیشی پڕکردووە لە بێکاری و برسێتی ، ڕێگای لە دامەزراندنی سەدان ڕۆڵەی هەژارایش گرتووە . ئاخر لە هەموو دنیادا دەوڵەت پەنا و پەسێوی هەژارانە . کاتێک پڕۆژەیەک ، یان کارگەیەک دەکاتەوە ، هۆکاری سەرکی کردنەوەی ، دۆزینەوەی هەلی کار و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییەکانییەتی . پاشان لە وڵاتە تازەپێگەیشتوەکانی خاوەن سامانی نەوتدا ، قازانجی پڕۆژەکان بە پلەی دووەم دێن . لە بیرمە ساڵێکیان لە سەردەمی بەعسی فاشستدا و لە کارگەی شەکری سلێمانیدا ، کە ئێستا کراوە بە باڵەخانە . کیلۆیەک شەکری سپی ، کە لە چەوەندەری خۆماڵی دەهاتە بەرهەم ( ١٤ ) دیناری سویسری لەسەر حکومەت دەکەوت ، بەڵام لە بازاڕەکاندا هەر بە ( ١٥٠ ) فلس دەفرۆشرا . بەعس بەو زیانە گەورەیە ، نە کارگەکەی داخست ، نە نرخی شەکریشی لە سەر هاوڵاتیان بەرزکردەوە ، سەددامیش نەهات کارگەکە بکات بە کۆشک و تەلار و باڵەخانە بۆ خۆی و خێزانەکەی . چونکە چاکدەیزانی بە داخستنی کارگەکە ، هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیار ، وەک ئەمڕۆ بێ کار و کاسبی و برسی دەبوون و لە برساندا توورەکەی سواڵیان لە مل دەکرد و یەخەی خۆیان دادەدڕی . ئەوەی شایانی باسە پیشەسازی ڕۆڵی سەرەکی لە بوژاندنەوەی ئابوریدا هەیە ، جا جێگای خۆیەتی هەندێک ڕووناکی بخەینە سەر ئەو بوارە زۆر گرنگە ، بە هیوای ئەوەی حکومەت ، لا لەو کەرتە بکاتەوە و خۆی لە بەرهەمی بێگانە و لە ژێردەستی وڵاتانی داگیرکەر ڕزگار بکات .. بە گشتی پیشەسازی بریتییە لە کرداری گۆڕینی ماددەی خاو ، بۆ بەرهەمی بە کەڵکی بایەخداری سوودبەخش . وەک گۆڕینی چەوەندەر بۆ شەکر ، لۆکە بۆ قوماش ، نەوتی خاو بۆ بەرهەمەکانی نەوت و پلاستیک و دەرمانی قڕکردنی مێروو و دەیان بەرهەمی تر . کە جگە لە بەرزبوونەوەی بەهایان و بەکارهێنانیان لە ناوخۆدا ، دەکرێت هەناردەی دەرەوش بکرێن .. بە گشتیش پیشەسازی دەکرێت بە دوو جۆرەوە . پیشەسازی باوی بڵاو ، وەک پیشەی دەستی ، کە پێویستیان بە ئامێر و ئامرازی گەورە و گران نییە ، وە پیشەسازی قورس ، کە پێویستیان بە ئامێر و ئامراز و دامودەزگا و تەکنەلۆژیا هەیە . بێگومان بنەماکانی دامەزراندنی پیشەسازی نیشتمانیش بریتین لە:
١ – شوێنی شیاوی لەبار ، نزیک لە ماددەی خاو و سەرچاوەی وزەی پێویست بۆ ئیشپێکردنی .
٢ – بوونی ماددەی خاوی پێویست ، کە کاریگەری گەورەی لەسەرخستنی پیشەسازییدا هەیە . نەبوونیشییان هۆکارێکە بۆ هاوەردە کردنییان لە دەرەوەی وڵاتەوە ، بەمەش بارگرانی بۆ پیشەسازی و داهاتی وڵات دروست دەبێ .
٣ - بوونی کەسانی شارەزا و لێهاتوو ، هۆکاری گرنگی دروستکردن و سەرکەوتنی پیشەسازییە .
٤ – بوونی ڕێگاوبانی پێویستی لەبار ، بۆ گواستنەوەی کرێکار و فەرمانبەران و ماددەی خاو بۆ کارگەکان و گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانیش بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات .
٥ - بوونی سەرچاوەی دارایی تەواو ، بۆ دامەزراندنی پێویستییەکانی پیشەسازی .
٦ - دۆزینەوەی بازاڕ بۆ فرۆشتنی بەرهەماکان .
٧ – دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی ، بۆ ئیشپێکردنی کارگەکان . بێگومان بوونی نەوت و ئاو هۆکاری هەرە گرنگی سەرکەوتنی پیشەسازییە .
٨ – پشتگیری و هاندانی دەوڵەت بۆ دروستکردنی پڕۆژەی پیشەسازی نیشتمانی سەرکەوتوو ، بە دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی و هاندانی سەرمایەداران ، بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆیان و کەمکردنەوە ، یان بەخشینیان لە باج و سەرانە . پاشان پێویستە دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرهەمە پیشەسازییە خۆماڵییەکان ، باجی زۆر بخاتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو ، کە هاوشێوەی بەرهەمی خۆماڵین . لە هەمان کاتدا و لەم قۆناغەدا ، ڕێگربێت لەو پڕۆژانەی بەرژەوەندی گشتیی ناگرنە خۆیان .
بە گشتی پیشەسازیش سودی تایبەتی خۆی هەیە ، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین:
١ – چارەسەرکردنی کێشەی گەورەی بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کار و نەمانی هەژاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان .
٢ - دەستەبەرکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هاوڵاتییان بە نرخێکی هەرزانتر و باشتر لە بەرهەمی هاوردەکراو . ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ریژەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ دەرەوی وڵات . چونکە پشتبەستن بە هەناردەکردنی ماددەی خاو ، وڵات ڕووبەڕووی قەیران دەکات ، بەتایبەتی لەو کاتانەدا ، کە گۆڕانکاری لە داوا و خواستی وڵاتانی دەرەوەدا دروست دەبێ .
٣ – کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمی هاوردە . کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی گشتی دەوڵەت دەبێت.
٤ – هەناردە کردنی بەرهەمەکانی پیشەسازی ، هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی گشتی و پاشەکەوتکردنی دراوی قورس .
٥ – پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی ، جگە لە بوژاندنەوەی ئابوری دەوڵەت ، ڕاستەوخۆش کاردانەوەی چالاکی دەبێت لە بوژاندنەوەی کەرتەکانی : کشتوکاڵ ، بازرگانی ، گواستنەوە ، پەروەردە و گەشتوگوزاردا. بە تایبەتیش دەتوانێت چەندین ئاسانکاری بۆ کەرتی کشتوکاڵ بکات وەک : دروستکردن و ئامادەکردنی ئامیر و ئامراز ، پەینی کیمیایی و دەرمانی قەلاچۆکردنی مێروو و ... هتد .
٦ – پیشەسازی یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی و ڕزگاربوون لە هەژموونی وڵاتانی داگیرکەر .
٧ – لە هەموو وڵاتێکدا کەرتی پیشەسازی ، بە تایبەتی کارگە گەورەکان ، بۆتە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی هەزاران کەسی شارەزای بوارەکانی کارەبا و میکانیک و دارتاشی و .. هتد ، کە توانیویانە خزمەتی زۆر گەورەی وڵات بکەن .
تێبینی:
بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی وەرگیراوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست