لەغیابی (كۆمەڵەی رەنجدەران)دا، هاوكێشەكان چییان بەسەر هاتووە؟!
Wednesday, 26/05/2021, 1:14
رێكخراو یا پارتی سیاسی، چوارچێوەیەكی داڕێژراو و
رێكخراوە، لەسەر بنەمای كۆمەڵێك پنتی هاوبەش، گروپ و دەستەیەك (تاك، خەڵك)
لەیەكتر نزیك دەكاتەوە و لەپێناو ئامانجگەلێكی دیاریكراودا، بەڕەهەندی جیاوازەوە،
كە هاندەر و پێویستیەكانی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و مێژوویی پێكیاندەهێنێت،
رێكیاندەخات و سەرەنجام وەك پەیكەرەیەكی زیندووی هەر كۆمەڵێك، لەپێناو
ئامانجەكانیدا، بەهاندەری جیاواز جیاواز و كاریگەر، بەهەردوو چەمكە جیاوازەكەیەوە
كاریگەری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، تێدەكۆشێ.
لەو رەهەندەوە، راگەیاندنی رێكخراوی (كۆمەڵەی
ماركسی لینینی) لەلایەن دەستەبژێرێك لەچەپو شۆڕشگێڕ، لە (10)ی حوزەیرانی
(1970)دا، كە دواتر گۆڕدرا بە (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان)، وەك یەكەمین
رێكخراوی چەپی كوردی لەباشووری كوردستان (سەرەڕای هەڵەی ئایدۆلۆجی دامەزرێنەرانی)،
لەكۆنتێكستی هەلومەرجە بابەتییەكەیدا، هەر زوو جێگەی گرت و ئەمڕۆش دوای (31) ساڵ
لەحەلكردنی، لەپلینۆمێكی سەرپێی هاوینی (1989)ی خڕی ناوزەنگدا، كە سكرتێرو بەشێكی
سەركردایەتی كۆمەڵە لەئەنفالەكاندا، تۆقیبوون و خوا خوای رێككەوتنی خۆ
بەدەستەوەدان بوون بە حكومەت، لەو بارە دەرونییە داڕزاوەی خۆیاندا! كۆمەڵەیان
هەڵوەشاندەوە. لەكاتێكدا رێكخراوێكی بچوكی وەكو پاسۆك، كاری وای نەدەكرد! دواجاریش
لەیەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەساڵی یەكەمی راپەڕینی باشور
(1992)، بەهەموو كەند و كۆسپەكانییەوە، بە ناكۆكییەكانییەوە، ئاشكرایە چ غەدرێكی
گەورەبوو، بەو ئاسانییە ئەو رێكخراوە چەپەیان (ئاوا)ی مێژوو كرد و لەژێر كاریگەری
باری دەرونی داڕخاویاندا لەناو یەكێتی تواندیانەوە و، ئاخنییانە مۆزەخانەی
مێژووەوە! هەر چەندە لەیەكەمین كۆنگرەی یەكێتی، نەوشیروان موستەفا، دەیوست پاشگەز
ببێتەوە، بەڵام زۆرینەی كۆمەڵە بەقسەیان نەكرد! تەنانەت ساڵی (1998) لەگۆڤاری
(گوڵان)دا، نەوشیروان مستەفا دانی پێدانا، كە هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، هەڵەبووە!
بەڵام گوزەشت.
پێدراوەكانی ساڵانی دوای راپەڕین دەیسەلمێنن،
بەهۆی ئەوەی زۆرینەی باشوور لەخەونی رۆمانسییانەو غەفڵەتی شۆڕشگێڕیدا بوون، كەمینەیەك،
بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە، چ دۆزەخێكیان بۆ خەڵكی كوردستان داخست و ئێستاش
كە مەودای ئەو ساڵانە دەخوێنیتەوە، دەبینین جگە لەناسۆر و جەهلی فكرییو سیاسیی،
نادادیی ئابوری، شێواندنی ئاكاری كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و دروستكردنی غوڵامی
سیاسی، شتێكی دیكەی بەرهەمنەهێناوە!
هەقیقەتی نەمانی مۆراڵی سیاسیی، فیكربەتاڵی (كە
كەمتر نییە لەئاشبەتاڵ)و بێگوتاریی ئێستای پارتە سیاسییەكانی باشووریش، ئەو
ئارگیۆمێنتەی سەرەوە و رونتر غیابی كۆمەڵەش وەك رێكخراوێكی چەپ، بەرجەستە دەكات.
بە ئەندازەیەك كە پارتە سیاسییەكانی باشور، نەك نەیانتوانیوە فۆرمەلەی گوتارو
دیسكۆرسێكی سیاسیی جیاواز بكەن كە دیموكراسی، دادپەروەری و ئەقڵانی بێ لەململانێ
سیاسییەكانیاندا، بەڵكە بەئێستاشەوە لەدروشم بترازێ، نەیانتوانیوە و هێزی ئەوەیان
نەبووە و نییە، هیچ ئومێدێك بەرهەمبهێنن! بەدەربڕینێكی تر، ئەم تەنگژە سیاسی،
فكریی، مەعریفیو كەلتوورییەی ئێستای پارتی سیاسیو رێكخراوە جیاوازەكانی باشوری
كوردستان، لەپرۆسێسی دروستكردنی شانازیی و بیناكردنەوەی تاكی كوردو
بەرهەمهێنانەوەی ئومێد و گوتارێكی كوردانەدا، بەتەواوی مایەپووچ بووە و
لەدیسكۆرسی لێكدانەوەكاندا و لەكێڵگەی سیاسیشدا، ئەو بێ ویقارییە سیاسییە و
پارادایمە بەرجەستە بێ ئایدۆلۆژیایە، هێندە كۆڵەوارە، لە مەسخەرەیەك بەولاوە هیچی
تر نییە و تەنانەت شەرم لەموخاتەبەی ناوخۆیشی دەكات! بەشێوەیەك هیچ كاتێك هێندەی
ئەم سەردەم و قۆناغە، رێكخراو و پارتی سیاسی، لەباری فكریی و مەعریفی و تەنانەت
كەلتوریشەوە، سەرگەردان نەبووە!
هەر بۆیە ئەوەی دەگوزەرێ لە فەوزاو دروشمبازیی و
باوەڕی بەتاڵ، لەشێواندنی هاوكێشە حزبی و سیاسییەكان، هیچ پێناسێكی تر
نایخوێنێتەوە و هەر ئەمەشە وایكردووە، ئەم قۆناغە بێ ئارگیۆمێنت و بێ مانیفێستە،
لەباری مۆڕاڵ و بەهای مرۆییشەوە، بەپێچەوانەی كادری شانە و ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی
كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە، غوڵامی گەندەڵی ماددی و سیاسیی و حزبایەتی و ئەخلاقی
دروستبكات و لەدونیای سۆشیالمێدیاش بترازێ، هێزی خوێندنەوەی گوتارێكی فكریی
نییە. بەڵام لەدوژمنایەتی گوتاری پێچەوانەی سەردەمەكاندا لەسەر پێبن!
ئەگەر هەر رەخنەكردنێكیش لەجەوهەرەكەی، لەخەباتە
چینایەتییەكەی، لەململانێكانی و دیسكۆرسی كۆمەڵەش هەبێ، ئەوا ناكاتە ئەوەی
زەروریەتی كۆنتێكستە سیاسی و فیكرییەكەی بۆ ئەو قۆناغە، لەدەرەوەی پارادایمی زاڵی
سەردەم، بێ ئەرزش بكەین و تەنانەت لەئێستاشدا، لەدوای (51) ساڵ لەدروستبوونی،
زیاتر لەهەر كاتێكی تر، پێویستبوونمان بەو رێكخراوە چەپ و بزێوە نەبێ، هەتا
پێچەوانەی لوتبەرزیی پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان، گوتاری پڕ مەخسەرەی
ئێستای كوردایەتی و دروشمە رزیوەكانیان، تێكۆشابا! بەڵكو هەبن چاكی مەردایەتی
بكەن بەلادا، بەتایبەت ئەوانەی میراتگری راستەقینەی كۆمەڵەی رەنجدەرانن،
بەبیروباوەڕی چەپی نوێ و پارادایمی سەردەم، مانا بۆ تێكۆشان و خەبات بگێڕنەوە و
لەدەرگیری كۆمپانیا سیاسییەكانی ئێستای باشور، بڵێن نا..!
كاوە عەبدوڵڵا (كاوەی عەبە جۆڵایی)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست