چەقەنە
Saturday, 22/05/2021, 1:16
نەخۆشخانەى پار
کاتى خۆى حوسنى موبارەکى سەرۆکى پێشوى میسر بۆ چارەسەرى نەخۆشى لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانى ئەڵمانیا ئەخەوینرێت، ئەبێتە مایەى گفتوگۆى کارمەندانى نەخۆشخانەکە , سەرۆکى وڵاتێکە و نزیکەى ٣٠ ساڵە حوکمدارى ئەکات بەڵام هەتا ئێستا نەخۆشخانەیەکى دروستنەکردووە چارەسەرى خۆى تێدا بکات، لەهەرێمى کوردستان لێپرسراو هەیە نەخۆشى وەها شەقوشڕیکردووە ژینگە پارێزانیش لەلایان شەرمە فڕیدەنە ئۆتۆمبیلى خاشاک کۆکردنەوە، نەخۆشخانەى کردۆتەوە بەڵام بۆچارەسەر بەڕێگەى ئەوروپاوەیە.
نەخۆشخانەى پار بەپارەى دزراوى خەڵکى سلێمانى کۆسرەت لە هەولێر دروستیکردووە، بۆ هەڵتەکاندنى گیرفان نەخۆش و بیمار و دەردەدارانى کوردستان، لەوانەیە کۆسرەت یەکێک بێت لەدزى و ڕاوڕوتدا ژمارەى پێوانەى شکاندبێت. دەرمانى ئێکسپایەر بۆنەخۆشخستنى خەڵک ئەهێنێت و خەستەخانەش بۆ چارەسەر، ئەو فلیمەى شارلى شاپلن مان بیر ئەخاتەوە کەمناڵێکى لەگەڵدایە بە کۆڵاناندا ئەسوڕێتەوە مناڵەکە لە پێشخۆیەوە بەبەرد شوشەى پەنجەرەى ماڵان ئەشکێنێت و شارلى هاوار ئەکات کێ شوشەى پەنجەرەى شکاوە بۆى چاکبکاتەوە
زیندانى کردنى کچێکى نەخۆش دواتر لێبڕینى خۆراک لێیى کەقەدەرێکى بەد گەیاندویەتیە هەولێر لەکاتێکدایە کەخزمەتگوزارى تەندروستى حکومەتى ئەگەر هەبوایە لەوانەیە ڕوى لەو نەخۆشخانەیە نەکردایە، ئەوە چ بێرێزییەکە بەرامبەر بەئینسانێک، گەورەترین سوکایەتیە بەسیستەمى تەندروستى و پیشەى پزیشکى.... تاوانێکى گەورەیە چونکە گرتن تەنها لەدەسەڵاتى دادوەریدایە و ئەبوایە داواکارى گشتى دەستبەجێ سکاڵاى لەسەر لێپرسراوانى خەستەخانەکەى کۆسرەت بجوڵاندایە و ڕاپێچى دادگابکرانایە، ئاشکرایە هەردوو دەزگاى دادوەرى و داواکارى گشتى دەزگایەکن بەدەست بنەماڵەى فەرمانڕەواوە، بنەماڵەش بەرژەوەندیە ئابورى وسیاسیەکان لەگەڵ لاکەوتەى خاوەن نەخۆشخانەکە، زۆرگەورەترە.
|
دوو ناموبارەک |
عەبدوڵاى کوێخا موبارەک:
ئەگەر نەوشیروان مستەفا و حیزبەکەى نەبوایە، کێ کوێخا ئەوڵاى ئەناسى، حیزبایەتى لەم وڵاتەدا ئەوەندە سوک و بێمانا و ناوەرۆک بەتاڵە لەهەموو مانایەک هەموو جۆرە کەسێکى قێزەون و ویژدانفرۆش ئەهێنرێتە پێشەوە، کوێخاى گۆڕانخواز ڕێبوارێکى ئەو شەمەندەفەرەى گردەکەى نەوشیروانە کەبەرەو سەرى رەش ڕێئەکات، کۆچکردووى خاوەنى گردى زەرگەتە پێشتر هەتا مابوو، گۆڕینى سیستەمى بەئامەنەت بەگۆچانەکەى سەید عومەرەوە هەڵئەواسى و زوو زوو لەسەرى ڕەشەوە سەرى دەرئەهێنا.
ساڵى ئاشبەتاڵەکەى مەلا مستەفا پۆل پۆل پێشمەرگە بەچەکەوە تەسلیم بەحکومەتى بەعس ئەبونەوە، مێژوو حەسەن و حوسەینیانە دوبارە ئەبێتەوە ئەوەتا پۆل پۆل گۆڕانچیەکان تەسلیم بەپارتى ئەبنەوە، مەلا مستەفا زۆر چاو قایمانە ووتى هەڕون ئاشبەتاڵ، بەڵام گردبەتاڵەکەى گۆڕان زۆر چاوشۆڕانەیە بە پارتى تەسلیم ئەبنەوە، بەدروشم و چاکسازى.. پاشەڵى مۆماوییان دائەپۆشن.
گۆڕانخوازان ناهەقیان نیە حەسودى بە کوێخا ببەن کە لەبەرزترین ئاستى حکومەتە خێڵەکیەکە پێشوازى لێئەکرێت ولە پەڕلەمانخانەکەى هێمن هەورامى پشویەک ئەدات، موچە و چەکدارى بۆدابین ئەکەن لەو سوپا نیشتمانیەى کە گۆڕان مۆمى چاکسازى بۆ ئەکوژێننەوە، سەرەڕاى ئەوانە.. هەموو قەرزەکانیشى بۆئەدەنەوە.
داماو خۆت , بێحیزب و بەبێ گرد خۆت , بەبێ ڕەنگ و بەبێ ڕێکخەر خۆت , بەبێ حەسەن و حسەین خۆت، بێ گۆچان و ماستاو خۆت.. سلێمان هەڵشۆیی.. وانەبوایە قەرزەکانى تۆشیان ئەدایەوە.
سەوزایی سلێمانى..
لە بێئاویدا خەریکە سەوزاییەکانى سلێمانى بەدار و درەخت و چیمەن و باخچەکانیەوە ووشک ئەبن، حیزبێک بەحساب لەتێک لە حکومەتەکەى مەسرورى بەدەستەوەیە لە جێگرى سەرۆکى حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و گزیر و... بەرەو خوارو خوارتر، نەتوانێت بودجەیەکى پێویست بۆ ئەو سەوزایەى بێنازتر لە سلێمانى تەرخان بکات، ئیتر ئەوەى سەوزایی سلێمانى وشکردووە ئەو حیزبەیە حوکمى سلێمانى ئەکات، خۆش ئەوەیە حیزبێک ڕەنگ و دروشمى سەوز بێت نەتوانێت سەوزایى شارێک بەسەوزى بهێڵێتەوە... سەرم سوڕماوە ئەمجارە کارگێرى ئەو حیزبە سەوزە , شانازى بلەى ئەحەڕەش نەیوت : وى بیسمیلا.
ئەى بیسمیلا لەتەنگەى حەمەى حاجى مەحمود، بیسمیلا لەحەمە : بەکلاش و ڕانکوچۆغەکەیدا چلەى هاوینە و بەقەمسەڵەکەى چلەى زستانە، بسیمیلا لەو قەمسەڵەیەى کەبووە بەفریاد ڕەسى حیزبەکەى سەرۆک شاناز.
ئەو کۆبونەوەیەى کە نچێرو کوڕەکەى، سەلکە گەنیوى مێگەلى حیزبەکانى لەهەولێر مۆڵدا هەلێکى باشبوو بۆ قوبادۆکە - هەرچەند لەسەفەر گەڕابۆوە بارى قورسبو تەجروبەى وڵاتى ئەرمیناى لەکۆلنابوو - کەسەر بۆحەمە دانەوێنێ و سوپاسیبکات کە سەوزایى سلێمانى ئاوى بۆچیە ئەوەنیە هێشتا حەمە ئارمى زستانەى هەڵگرتووە.
|
نەوەی گەوجی نوێ |
نەوەى نوێ.. سوپاى ئیسرائیل چەک ئەکات
شاکەى چاڤیلاند خەریکە قودس رزگار ئەکات و ئەو ئەرکە گرانەى گرتۆتە ئەستۆ و یەکێک لەبەچکە جاشەکانى سەدام حسەینى بۆ ئەم ئەرکە پیرۆ زو ئاینییە ڕاسپاردووە، شا ئەیەوێت بەجوڵاندنى هەستى ئاینى و یاریکردن بەسۆزى ئاینى ئەویش مێگەلێک بداتە پێشخۆى لەبرى کەناڵى زانستى و پێشکەوتو و کەمێشکى خەڵک بکاتەوە و پرسیارى جدییان لەلا دروست ببێت کەناڵى ئاینى ئەکاتەوە و ڕۆژانە پەیامى کەسانى نەزان و ئەقڵ و وشک بەگوێى خەڵکدا ئەدات و سایتەکانى کردوە بەڕیکلام بۆ توند ڕەوى لەیەکێک لەهەواڵەکانیدا تەجروبەى سۆماڵ باس ئەکات کەچۆن مێینەى ئەو وڵاتە مەرگبارەیان ملکەچ و سەرکز کردووە دایانپۆشیون بەبەرگێک کەهەموو ئازادى وبیرکردنەوەیەکى دروستی لێ زەوتکردون.
شاکەى چاڤیلاند بەشدارە لەتیرۆرى ئەقلى گەنجان لەگەڵ ئەو هەموو ڕەوتە ئاینیانەى کە دەسەڵات لغاوى بۆ شلکردون بۆ بەنجکردنى کۆمەڵگا، دوو دیاردەى قێزەونى لێکەوتۆتەوە کەئەویش یەکەم : لەبرى ئیماندارى - کە ئەمرێکى تایبەتە بەهەر کەسێکەوە نێوان خوى و خوا – دیاردەى خۆنیشاندان بەئیماندار ( مظاهر التدین ) لێکەوتۆتەوە، دووەم : سوپایەکى زەبەلاحى جنێو فرۆشانى ئیسلامى دەرکەوتون شارەزاى ئاینەکەیان نین مەلایەک وەک مێگەل پێشیان ئەدات.
کاندیدى شاکەى چاڤیلاند بۆ پەرلەمان کە ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى نەوەى نوێیە ئەڵێت : ( خۆم بەتەنیا و بەکڵاشینکۆفێکەوە دەتوانم سوپاى ئیسرائیل چەک بکەم ) ئەمەیە پەیام بۆ نەوەى نوێ، ئەبێت ئیسرائیل لەترسى جوتەى ئەم کاوێژکارەى شاى باخچەى ئاژەڵان کەوتبێتە ئامادەباشیەوە و ڕەنگە چەکى ئەتۆمیشیان جوڵاندبێت، بەڵام ئەم بەچکە جاشە کەئێستا بیبەیتەوە بۆکەرکوک ئەبێت لەگەڕەکى پەنجا عەلى بۆیەک عەلى وێڵ ئەبێت، سەرەڕاى ئەو هەموو تەلەفیزۆنەى شاکەى گوندى ئەڵمانى، ئەویش وایزانى ڕادیۆیە ئەمجارە وتى :( من مەبەستم ئەوە بوو ئەگەر بمەوێ دەچم بۆ غەزە و هەر سەربازێکى ئیسرائیلى ببینم چەکى دەکەم نەک هەموو سوپاى ئیسرائیل ) ئەمجارەیان ئەگەر لەسەر راسپاردەى شا بێت ڕەحمى جوڵاوە و هەموو سەربازانى ئیسرائیلى چەک ناکات بەڵکو ئەوانەى غەززە، ئێ.. گەمژە غەززە کەى سوپاى ئیسرائیلى لێیە.
ئەوەپەیامى نەوەى نوێیە، لەبرى ئەوەى ڕەهەندە نێو دەوڵەتیەکانى ئەو جەنگە و شەرى بەوەکالەت و حوکمى دڕندانە و بێبەزەیی حەماس لە غەززە و ئەو هەموو گەندەڵییەى کەسەرانى ئیسلامى حەماس ئەیکەن و ئەیانەوێت بەرگى ئاینى بەبەردا بکەن، ئاخرمزگەوتى ئەقسا چ پیرۆزییەکى هەیە عەبدولمەلیکى کوڕى مەڕوان دروستیکردووە و لەسەردەمى پێغەمبەردا نەبووە، ئەمە چ نەوەیەکە قسەیەکى جیاوازى پێنەبێت، مادام جەنگێک لەئارادایە باشتر نیە هیمداد شاهینى نەوەى نوێ و شاکەى باخچەى ئاژەلان چاوەڕێبکەن، با لە.. شاسوار ڕۆ , شایى چاڤیلاند ڕۆ.. بەدوربین و نەوەیەکى نوێ بەهەتیوى بەبێ شا گەورە ببن، ئەوەتا شێخى کەسنەزان ئەفەرموێت کە بەچەقەنەیەک ئیسرائیل داگیر ئەکات و مەلا سەلاحەدینى یەکگرتوو چووە بۆ خزمەتى هەتا کاتى چەقەنەکە بزانێت و بەرێزیشیان بیکەن بە جیهادى چەقەنە و نەوەى نوێش زەماوەندەکەى مسۆگەر کرد.
|
لە شێخ فستقەوە بۆ شێخ چەقەنە
|
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست