بەراوردێک لە نێوان کێشەی کورد و کێشەی فەلەستیندا
Sunday, 16/05/2021, 23:33
(کێشەی گەلی کورد و فەلەستین کۆنترین و ڕەواترین کێشەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییە)
سەرتا دەمەوێت بەوە دەستپێ بکەم بۆچی لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتی ئیسرائیل توانیویەتی هەیمەنەبکات بەسەر سیاسەتی زۆرێک لە بڕیار و سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و بڕیاربەدەست و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام کێشەی فەلەستین ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و زۆرێک لە وڵاتان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش بەجۆرێک با شەرمنانەش بێت داوای دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینیەکان دەکەن و زۆرێک لە گەلانی دنیاش هاوسۆزی کێشەڕەواکەیانن کە دامەزراندنی دەوڵەتێکە بەناوی فەلەستینەوە، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە بڕیاری 3236 لە بەرواری 22/11/1974 مافی دامەزراندنی دوڵەتی داوەتە فەلەستینییەکان، دیسان وەک لەسەرەتاوە گوتمان ئەوە هەیمەنەی سیاسەتەکانی ئیسرائیلە بەسەر وڵاتانی بڕیاربەدەستەوە کە ڕێی لەومافە یاسایی و ئاساییەی فەلەستینییەکان گرتووە.
خۆ گەلی کوردیش وەک فەلەستینییەکان خاوەن کێشەیەکی قوڵی مێژوییە و تائێستەش بێ ناسنامەن لەگەڵ ئەوەش کە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس دەبین، لەگەڵ ئەو هەموو خەبات و خوێن و قوربانی و ئاوارەیی و دەربەدەری و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو دژمان، بەڵام بۆ سەرانی گەلی کورد نەیانتوانیوە نەک کێشەکەمان بکەنە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان بیوروژێنن؟ تاکە بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوبێت لە بەرژەوەندی گەلی کورد بویێت بڕیاری 688 بو لە بەرواری 5/3/1991 ی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرچوو بەناوی بڕیاری دژەفڕین دژی هێزەکانی عێراق بو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق لە قەتڵوعامی ڕژێمی ئەوکات.
لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین بۆ حیزبەکوردیەکان و سەرانی کورد لە 70 ساڵی ڕابردودا و بەدیاریکراوی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە نەیانتوانیوە لۆبی بۆ کێشە ڕەواکەیان دروستبکەن؟! ئەوەش خەتای نەیارانی گەلی کوردە، یان لێنەهاتوویی و نەزانیی و خۆخۆری و هەوڵی زەعامەت و لوتبەرزی سەرانی کورد بووە؟؟؟ وەڵامەکە جێدێڵم بۆ خوێنەر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست