ببورە من نە سیاسیم و نە چالاکوانم، من ئەکادیمیم!
Wednesday, 05/05/2021, 21:45
ئەمە جۆرە وەڵام و دەربڕینێکە کە بەردەوام ڕوبەڕوی چالاکوانە مەیدانیەکان دەبێتەوە بەتایبەتی لە هەوڵیاندا بۆ فراوانکردنی بازنەی هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ پشتیوانیکردن لە داواکاریەکانی خەڵکی شەقام و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا.
ئایا ووشەی ئەکادیمی لە کوێوە هاتووە و بە چ مانایەك دێت ؟ ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا چۆن و بۆ کێ بەکاردەهێنرێت و چۆنی تێدەڕوانرێت؟ ئایا پەیوەستە بە کەسانێکەوە کە لە بوارە جیاوازەکاندا تەنها دەنوسن؟. ئایا ئەوانەن کە لە باشترین ناوهێناندا پێیان دەوترێت بیرمەند و ڕۆشنفکر یان ڕۆشنبیر؟ ئایا تەوای نوسەران و بەتایبەتی ئەوانەی کە خەڵكی شەقام بە ئاراستەی تاریکیدا دەبەن و بە ووشەی بریقەدار لە دوائەنجامدا خزمەت بە هێز و بیرە تاریکەکان دەکەن و لە خزمەتی ئەواندان؟ ئایا لەسەر چ بنەمایەك بە ڕۆشنبیر و ڕۆشنفکر ناو دەهێنرێن و دیاریدەکرێن و شایەنی ئەو دەستەواژانەن؟.
ئەکادیمی بە گشتی بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرێت کە بە شێوەی گشتی و سەرەکی بۆ ئەو دەزگا زانستیانە لەکاردان کە تایبەتن بە لێکۆڵینەوەی زانستیانە لە بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆیی و سروشتی و زانستە بەکاربراوەکان . لە هەمانکاتدا بۆ ئەو کەسانە بەکار دێت کە لە بوارەکانی پەروەردە زانستیەکاندا کاردەکەن لە پەیمانگا و زانکۆکاندا لێتوێژینەوە دەکەن و وانە دەڵێنەوە . ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو کەسانە پیشەیان کاری ئەکادیمیە نەك ئەوە نازناویان بێت و ئەوە تەواوی وجودیان بێت.
ووشەی ئەکادیمی لە زمانی گریکیەوە وەرگیراوە ، ئەکادیمۆس ( Academos )لە زمانە ئەوروپیەکاندا بەکار دێت. لە زمانی کوردیدا هەندێك جار ئەم ووشەیە بە هەڵە لەبری ووشەی (ئینتەلەکتوێل) بەکاردەهێنرێت کە لە ووشەی intellect وە دێت ،کە دەکرێت بە بیر ,هۆشیاری ، ژیری یان بەئاگایی وەربگێڕدرێت. ووشەی ئینتەلەکتوێل لە ڕوداوێکی ساڵی 1894 ناسراو بە روداوی (ئەلفرید دڕیفوس) وە بەکاردەهێنرێت. ئەو ڕوداوە تاوانێکی ناڕەوای پلان بۆ داڕێژراو بو بەرامبەر ئەفسەرێکی سوپای فەرەنسی جولەکە ڕەگەز، بە سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا و سەپاندنی حوکمی زیندانی تا مردن بەسەریدا.پاش دوانزەساڵ لە مشتومڕی رای گشتی لەسەر ئەو کێشەیە ئازاد کرا. ئەوانەی لە ڕێگای نوسین و لێکدانەوەکانیان بەرگریان لە دریفوس دەکرد بە (ئینتەلەکتوێل ) ناودەهێنران. لەو کاتەوە ووشەی ئینتەلەکتوێل بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە لە بواری بیر و و توێژینەوە زانستیە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کەم تا زۆر لەبەرچاویان هەیە. بەڵام ئەمڕۆ ئەو ووشەیەش لە زمانە ئەوروپیەکاندا بۆتە دەربڕینێکی بەشان و باڵی خۆدا هەڵدان و دەگمەن دەبیسترێت کەسێك خۆی بە ئینتەلەکتوێل لەقەڵەم بدات. لەبەرمبەر (ئینتەلەکتوێل) لە کوردیدا ووشەی ڕۆشنبیر زیاتر بەکار دێت، ئەگەرچی ناتوانێت پڕ بە پێستی ماناکەی بێت.
لە تەواوی مێژودا زۆرینەی ئینتەلەکتوێلەکان لەو توێژانەن کە بنەمای چینایەتیان پەیوەست بووە بە چینەکانی سەرەوە و چینە مامناوەندی و ووردە بۆرژواکانی کۆمەڵگاکانەوە. ئەمرۆش پاش ئەوەی هەندێك لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵ توانبێتی بەو ئاستانە بگات و وەکو ئینتەلەکتوێل بناسرێن پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گرنگە بۆ کۆمەڵگا و چین و توێژە لاوازەکان.
دیاردەیەکی لەبەرچاوە کە ژمارەیەکی بێشومار لە ئینتەلەکتوێلەکان ئەو تایبەتمەندیەیان بەسەردا زاڵە کە هەوڵ دەدەن بە شێواز و ڕێگای جیاواز خۆیان بخزێننە ناو میدیاکانەوە و ئەو نازناوەیان پیبدرێت، زۆرجار لە ڕێگای ووتار و کۆڕ و سیمینار و یان نوسینی وتار و کتێب کە لە زۆر باردا لە ناوەرۆکدا هیچ نوێکاریەکی زانستی تیا نیە و تەنها جۆرێکە لە وەرگێڕان لە بیر و زمانەکانی ترەوە و ناکرێت بخرێتە چوارچێوەی زانستی نوێ و ئینتەلەکتوێلی و تەنها لەو ڕێگایانەوە خۆیان نمایش دەکەن. ئەم خۆ نمایشکردنە بە ئینتەلەکتوێل یان بە بەکارهێنانە هەڵەکەی خۆیان '' ئەکادیمی'' دەکەنە پاساو بۆ بنیاتنانی دیوارێکی بەرز لە نێوان خۆیان و کەس و دەستە چالاکە مەیدانیەکان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و لەزۆر باردا دەگەنە ڕادەیەك لە بەکارهێنانی دەربڕینی " ئاستێکی تر" کە مەبەست لە ''ئاستی نزمترە لە خۆیان'' ناسڵەمنەوە. بەرامبەر کەسانێكی بەکاردەهێنن کە کەمتواناترن لە ڕوی بیر و هۆشیاری فکریەوە بەڵام بوێر و لەخۆبوردو ترن لە کار و چالاکیە کرداری و مەیدانیەکان!
مانای پڕ بە پێستی ووشەی ئینتەلەکتوێل، کۆمەڵیك تایبەتمەندی لە خۆیدا هەیە کە لێکدانەوەی ڕاستی و ڕوداوەکان و ڕۆڵی لە گەیاندنی بە کۆمەڵگاو و لەوەش بنچینەیی تر ڕۆڵی بردنی کۆمەڵگاکەی بە ئاراستەی گۆڕانکاریەکاندا هەبێت و لە نزیکەوە هەست بە ئازار و ئاواتەکانی کۆمەڵگاکەی بکات و کاریگەری هەبێت لەسەر ڕەوتی ڕوداو و پێشهاتەکان.
هەندێك جار ئەوانەی لە پیشەیەکی تایبەت یان نزیك بە بابەتە زانستیە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆییەکانەوەن بە گشتی وەکو ئینتەلەکتوێل تێیان دەروانرێت، کە لە ڕاستیدا تەنها موچەخۆرێکن لەو بوارانەدا، لە نمونەی مامۆستای زانکۆ و پەیمانگاکان یان کارگێر و لێکۆڵەرەوە لە بوارەکانی سیاسەت، ئابوری، مێژویی و کۆمەڵایەتی، کە ناکرێت بە ئینتەلەکتوێل ناوبهێنرێن. ناکرێت کەسانێك بە ئینتەلەکتوێل ناوبهێنرێن کاتێك لە دەرەوەی پیشەکانیان هیچ ڕۆڵیکی تریان لە ناو کۆمەڵگادا نەبێت و دورە پەرێزن بن لە کۆمەڵگاو توێژەکانی تری کۆمەڵگا و ئاوات و ئازارەکانیان.
ئایا کەسێك بە ئینتەلەکتوێل لەقەلەم دەدرێ کە ئازادانە و بێلایەنانە شیکردنەوەکانی ئەنجام نەدات و دوائەنجام لە خزمەتی گشتی کۆمەڵگادا بەکاریان نەهێنێت، نەك لە خزمەتی چینێك، توێژێك یان دەستە و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو یان خۆ قەتیسدان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا؟. ئەو پراکتیکانە کەسانی ئینتەلەکتوێل لە سەرجەم تایبەتمەندیەکان دادەماڵێت و بە کۆمەڵێك هەلو مەرجەوە وابەستە و پابەندی دەکات. لەو بەرپرسیارێتیەی بەدور دەگرێت کە لە خزمەت و لە پێناوی ئەمڕۆ و دواڕۆژی کۆمەڵگاکەی لە هەوڵی هەمە جۆر و ماندونەناسانەیا بێت.
هەندێك جار دەبینین ئینتەلەکتوێلەکان بەئاگا یان بێئاگا خۆپەرێز دەگرن لەسەرجەم چالاکیە مەیدانیەکان و خۆیان لەسەر و ئەندامانی کۆمەڵگاوە دەبینن بەوەش دیوارێك لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگادا بنیات دەنێن و خۆیان بەدور دەگرن لە وەڵامی هاوڵاتیانی ئاسایی و نەناسراو . بەمەش بیانەوێت یان نەیانەوێت مۆرکێکی نەك تەنها لوتبەرزیان پیوە دەنرێت، کە دەبێتە دورەپەرێزی خەڵکە بوێرەکان لێیان، بە جۆرێك کە نەتوانن ببنە ڕێپێشاندەری خەڵکی شەقام لەو سەردەمانەدا کە پێویستیان بە زانیاری و ڕێپشاندەر هەبێت. بەکورتی لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاکەیان دادەبڕێن و بە توێژێکی دیاریکراوی پلە باڵای کۆمەڵگاکەیانەوە دەبەسترێنەوە.
ئینتەلەکتوێل پێویستە بەبێ لایەنگری شاراوە یان لەبەرچاو رایخۆی دەربڕێت و ڕەخنەگر بێت بە چاوپۆشین لە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بە بێ سڵەمینەوە لە مەترسیەکان. بەرپرسیاری ئینتەلەکتوێلەکان تەنها ڕەخنەگری و شیکاری و لێتوێژینەوە نیە بەڵکو جوڵاندنی کۆمەڵگایە بە ئاراستەی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و ڕزگاربونی لە نەهامەتیەکان.
دەکرێت دەیان نمونە لە نوسەران و بەناو ئینتەلەکتوێلی کۆمەڵگای کوردی بخرێتە ڕو کە بیر و لێتوێژینەوەکانیان لە چوار چیوەی ووتار و کۆڕ و کۆبونەوەکانیان دەخەنە بەر دەم رای گشتی و وەکو ئاوێنەیەكی ڕون گەندەڵی و تاوانەکانی دەسەڵات و خراپبونی باری گوزەرانی خەڵکی دەخەنە ڕو بە بێ ئەوەی پێشنیاری چارەسەرێك بۆ ئەو هەلو مەرجە بکەن یان بە شەرمیکەوە و رونتر بڵێم بە ترس و لەرزەوە دەڵێن ئیتر ئەم هەلومەرجە گەیشتۆتە ئاستێ کە ڕێگای چار و چارەسازی بە بنبەست گەیشتووە. مەخابن زۆربەیان ئەمە دوا سنوریانەو نایانەوێ لەو هەنگاوە بچنە پێشتر کە تیایدا بە ڕۆشنی بڵێن ئەی چارەسەر چیە ؟ وەڵامی بوێرانەی ئەو پرسیارە ئەو هەنگاوە پڕ مەترسییە کە بەناو ئینتەلەکتوێلی کوردی لەبەری دەلەرزن!
ئینتەلەکتوێلەکان لە ڕێگای بێلایەنیانەوە دەتوانن سودمەند بن بۆ خودی خۆیان، بە تایبەتی بەو بێلایەنیەیان دەکەونە هەڵسەنگاندن و مامەڵەی ئەوەی چی لە سودیانە و چی لە دژی بەرژەوەندیەکانیانە و تاکو کوێ بڕۆن و لە کوێدا ڕاوەستن و سنوری خۆیان دیاریبکەن و دەسەڵات لە خۆیان نەڕەنجێنن.
ئینتەلەکتوێلەکان دەتوانن لەژێر ناوی بێلایەنیدا چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگاکەیان تەنها بە دیالۆگ و ڕێگای نوسینە خۆپارێزیەکانیانەوە دیاریبکەن و هەمو ڕێگایەكی تر بنبەست نیشان بدەن و ئیتر هیچی تری بەدوادا دەرنەبڕن، لە کاتێکدا تاقیکردنەوەی ٣٠ ساڵەی هەرێمەکەمان پێشانیداوە کە ئەوە تەنها خولانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا و بردنی خەڵکە بە ئاراستەی بێهیوایی و باوەڕبەخۆ نەبون و بە سیستەماتیك لاوازکردنی کۆمەڵگایە.
ناکرێت تەوای چالاکوانەکان وەکو ئینتەلەکتوێل پۆلێن بکرێن و لە هەمان کاتیشدا تەوای ئینتەلەکتوێلەکان وەکو چالاکوانەکان، بەڵام دەکرێت ئەم دوانە لە کەسێکدا کۆببێتەوە ، چالاکوانێکی مەیدانی و لە هەمانکاتدا ئینتەلەکتوێل دەگمەن خۆی وەکو ئینتەلەکتوێلێك نمایش دەکات و شانازە بە هەوڵ و لەخۆبوردویی خۆی نەك تەنها خۆ نمایشکەر بێت بە ووتار و نوسینەکانی. لە کۆمەڵگاکەی ئێمەدا هێشتا نامۆن بەو ئینتەلەکتوێلانەی لە پاڵ خەڵك و چالاکوانان لە هەوڵ و تێکۆشانی کرداری و لەخۆبوردوییدا بن.
تەنها زانیاری بەخشین کاری ئینتەلەکتوێڵ نیە بەڵکو مەیدانی کار و ئەندازیاری مەیدانی کار یەکێکە لە ئەرکەکانیان ، ئینتەلەکتوێڵی ئەمڕۆی کوردی ناتوانێت هەموان ڕازی بکات یان دەبێت بەشخوراوان و جەماوەر هەڵبژێڕێ یان دەسەڵاتداران، نەك دەسەڵاتداران لە ژێر پەردەی بێلایەنیدا. ئینتەلەکتوێڵ نین ئەوانەی تەنها پەنجە دەخەنە سەر برینەکان و بوێری ئەوەیان نیە ڕێگای ساڕێژبونی دیاریبکەن. ئینتەلەکتوێل نین ئەوانەی لە پێناوی خۆپارێزی دوای بیر و ئاراستەی هەڵە دەکەون و دەبنە هاوبەش و هاوکار بۆ بردنی کۆمەڵگا بە ئارستەی تاریکتر و نەهامەتی و چەقبەستویی.
ئینتەلەکتوێڵ بیرمەندێکی سەردەمیانەیە و پەیوەستە بە پراکتیکەوە لە ڕێگای بیریەوە کۆمەڵگا بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرێت.ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستان بە هۆی لەشکرێکی بێشوماری دەزگا و کەناڵە میدیاییەکانی حیزبەکان بۆتە شانۆی خۆدەرخستن و نوسین لە پێناوی خۆ دەرخستن نەك گۆڕانکاری لە خزمەت خەڵك. ئەوان لە لای خۆیانەوە میدیاکان بەکاردێنن بۆ خۆناساندن و میدیاکانیش خۆیان بەوان سەرنجڕاکێشتر دەکەن و کلیك و لەدوائەنجامدا دەسکەوتەکانیان بەرزتر دەکەنەوە.
هەمیشە ئەوە لەبەرچاوە کە میدیاکان ڕوداو و کەسەکان بۆ خۆیان و ناساندنی خۆیان بەکاردەهێنن، بەڵام بە پێجەوانەشەوە شتێکی نوێ و نامۆ نیە. زۆرجار بە بێ تێڕوانین لە ناوەرۆكی بابەتەکان یان خودی کەسەکان تەنها بە هۆی بە میراتی بۆ مانەوەی ناوی نوسەری و شاعیر و پایەی سیاسی دیاری باوك و باپیرانی هەندێك لە تازە ئەنتەلەکتوێلەکان، میدیاکان بەگەرمیەوە لە باوەشیان دەگرن و نوسینەکانیان باش بێت یان نا زەق دەکەنەوە و ئەولەویەتی پێبدەن.
لە تەواوی کۆمەڵگا پێشکەوتو شارستانیەکان پیاوانی سیاسەت و دەسەڵاتداران و میدیاکان ڕاوێژ بە ئینتەلەکتوێلەکان دەکەن بۆ گەشەی زیاتر و زیاتری کۆمەڵگاکەیان. نەك بە پێجەوانەوە پیاوانی دەسەڵات ئەمان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە و لێیان سودمەند بن لە ڕێگای کەنارگیر کردن و بێهیواکردنی خەڵك و چالاکوانان و کەسە بوێرەکان کە لە هەوڵی هەنگاوهەڵهێنان بەرەو چارەسەری نە هامەتیەکاندان بە هەر ڕێگایەكی سەخت و دژوار بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست