نەتەوەی کورد ، عەرەب نین
Tuesday, 20/04/2021, 17:41
ئەو ئەزمونەی ڕۆژئاوا و سەرکەوتنیان بەسەر چەتەکانی تاریکستان و دژە مرۆڤایەتی، نمونەیەکی ئەوەندە جوانە لە میژووی مرۆڤایەتی کە کەس ناتوانێ ناشرینی بکا و لەبەهاکانی کەم بکاتەوە. نووسەر و فەیلەسوفی سلۆڤینی(ژیژێك) دای بەگوێی جیهاندا کە پێوستە وانە لەو ئەزموونەی کورد لە بەشێکی نیشتمانی گەورەدا،وەربگیرێ. ئەم کەسە جیهانی سەرمایەداری ئاگادار کردەوە لەوەی پشت تێکردن لەم ئەزموونە ڕەوایەی ئەو بەشە بچووکەی جیهان نەك کێشە بۆ جیهان دروست ئەبێ،بەڵکە نمونەیەکی جوانی مرۆڤایەتی و دەستکەوتە مەزنەکەی ناکرێ پەرواێز بخرێ و پشتی تێبکرێ.
زۆرن لەو کەسە دڵسۆزانەی نیشتمانی عەرەب ڕەخنە لەخۆیان و گەل و سیستمی بەڕیوەبردنیان ئەگرن و دەنگ و ئێکۆیان لێرە و لەوێ بەباشی ئەبیسێنرێن ، ئەوان بەڕاشکاوانە ئەڵێن ئێمەی عەرەب هیچمان بۆ شارستانی نەکردوە و ڕۆژگارێك گەر عەرەب لەسەر نەخشەی جیهان نەمێنێ، ڕەنگە هیچ کاریگەریەکی نەرێنی ڕوونەدا، وە ڕەنگە لەبارێکی ئاساییدا ئەبێتە مایەی خۆشبەختی بۆ نەتەوە و گەلانی تر. ئەم دانپێنانە چەندە ڕاستی لە خۆگرتوە ، دە ئەوەندەش مایەی دڵناخۆشیە بۆ گەلانی عەرەب ، لەبەرئەوەی ئەوان لەمێژە وامان پێ ئەڵێن ئەوان بەشداری شارستانیان کردوە و جێ پەنجەیان دیارە، کەئەمەش هیچ ڕاستی تیادا نیە و عەرەب تەنها لەسەر شارستانی گەلان ژیاوە و خۆیان نەیانتوانیوە بەرهەم هێن بن، ئەوان لەڕاستیدا بەرهەم خۆرن وزۆریش دەست و پێ سپین. ئەمەش قسەی کەسە ڕاستۆگۆکانیانەوە و هی ئێمەو مانان نیە.
کاتێ تەماشا و گوزەر بەسەر بەشەکەی باشووری نیشتماندا ئەکەین، ئەتوانین ئازابین و هەمان دانپێنانمان هەبێ لەوەی عەرەبەکان بچێ و بڵێین ئەوە تەنها ئیوە نین مشەخۆر و بێکەڵك،ئەوە ئێمەش بەهەمان شێوە هیچمان بۆ شارستانی پێ نیە و تەنها لووت بەرز و هیچ لەبارا نەبووین ، تەنها قسە ئەکەین و کردارمان نیە، نەك هیچمان بۆ کۆمەڵگای جیهان نەکردوە و خزمەتی کەسمان نەکردوە،بەڵکە بەهۆی کلتووری بنەماڵەیی و فشە کوردایەتیەوە ئازارو دۆزەخێکمان بۆ میلەتی کورد دروست کردوە کە زوو یان درەنگ جەستەی شەکەتی کورد شەقار شەقار ئەکا و لەناوی ئەبا.
خۆشبەختانە لە بەشەکەی ڕۆژئاوا جیاوازیەکان زۆرن و ئەوان ئەزموونی سەقەتی باشووریان تاقی نەکردەوە و دەستە ملان لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و کلتوورە دەوڵەمەندەکەی کوردان و پەروەردە مەزنەکەی پەکەکە ، توانیان جیهان بۆ خۆیان ڕاکێشن و دەیان ووتار و فیلمی دۆکیومێنتاریان لەسەر بڵاو بکەنەوە و ڕێزیان بۆ دانێن. ئەوان بە تێکۆشان و سادەیی و لێبووردەییان بوونەتە وانەیەك بۆ جیهان و مرۆڤایەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست