ژنکوژەکان کێن، یان کێن ژن کوژەکان!؟
Monday, 19/04/2021, 5:22
بۆچی ژن کوژی لە سنوری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، بونی نیە؟ ئاخۆ هۆکارەکەی بۆ خودی هێزەکانی پەیەدەو ئەنجومەنە خۆبەڕێوەریەکەی دەگەڕێتەوە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەو هاوسەنگی و پێکەوە ژیانی نێوان ژن و پیاو،لەڕێکخستنیاندا،یان هەر خودی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاست گەشەی کۆمەڵگەی پێگەیشتویدان و، ئامادەنین یان هەر بڕوایان بەمەسەلەی ژن کوژی نیە؟
لەهەر کۆمەڵگەیەکدا،جۆری دەسەڵات و ئەو هێزانەی لەنێو مەیدانی سیاسیدان،لەلایەک بەرپرسن لە ژیانی کۆمەڵگەداو لەلایەکیتریشەوە،واقعیەتێک نیشان دەدات،لەوەی ئەو دەسەڵات و حزبانە،تا چ ئاستێک لەپێناو بەرژەوەندیە زیندوەکانی کۆمەڵگەدا هەڵدەسوڕێن،دەردەخات. بێگومان،خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیش،لە ئەستێرەیەکی جیاواز نین و دانیشتوی نێو ئەو جەنگەڵستانەن کە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیە،ئەوە ئاستی بەرپرسیارێتی و ئاستی ئەو ستراتیژە مرۆییە جیاوازەیە،کە خودی هێزە خۆبەڕێوەبەریەکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەیانەو ئیشیان لەسەر ڕێکخستنێکی دور لەو ڕێکخستنە باوەی ناوچەکە هەیە،دەست پێکردوە. هەربۆیەشە،کۆمەڵگەیان زیندو کردۆتەوەو وایان لێکردون لەسەر پێی خۆیان بوەستن لە زۆرترین بوارەوە،هەر لەڕێکخستنی بەرهەمهێنانەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەبوارە یەکسانیخواز و ئاکاری و، پەروەردە کردنێکی مرۆییانەی گەورە،کە هەر تاک و کۆیەک پێکەوە،هەڵسوڕانەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت،نەک لەپێناو هەژمونی دەستەو تاقمێکدا. ئەم جیاوازیە گەورەیەشە،ئاستی خەمخۆری ئەو هێزە نیشان دەدات لە ناو کۆمەڵگەکەیداو لە ناوچەکەو گشت جیهانیشدا،ئەو ڕەنگڕێژیە جیاوازەیان دەبینرێت لەچاو هەلومەرج و بارودۆخێکی مەرگەسات ئاسای ژیان لای زۆرینەکەو ئەو شێوە ژیانە شاهانەیەیشی لای چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارەکە بونی هەیە لە وڵاتانێکدا لەو ناوچەیەن.
بەپێچەوانەوە،ژن کوژی،لەباشوری کوردستان،کۆی دڕندایەتی مێژوویشی تێپەڕاندوەو لەسەرەتای هاتنی ئەحزابی شاخاوی بەرەی کوردایەتی،کە پێکهاتبون لە هەژمونی، هەردو یان سێ و، چەند بنەماڵەیی بۆ نێو شارەکان لە بەهاری ساڵی 1991 وە،یەکەم ئیش دەستیان بۆ برد،ژن کوژی بو. ئەوەیش ڕەنگدانەوەی کۆی مێژووی شاخی ئەحزابی دەرەبەگ،بۆرژوازی کێویانەی کوردی ڕادەگەیاند.
لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتدارێتی هەژمونی ئەحزابی کوردیدا،ڕەنگە بۆ ژمارەیش زەحمەت بێت بۆی،ئیتر ببێتە سەرگەورەیەک تا ڕێژەی کوشتنی ژنانی پێ بناسرێتەوە،بەردەوامە. ئەو ژن کوژیە گەورەیە،پەرچەکردارەکەی لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئاخۆ هۆکاری دواکەوتویی کۆمەڵگەو نەریت و فەرهەنگەکەیەتی؟ گەروایە،بۆچی لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا،ژن کوژی یان هەر نەبو،یان زۆر زۆر لاواز بو؟ بێگومان،کۆمەڵگە،ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەی لەسەر دەبێت،کە لەچۆنیەتی ڕێکخستنەکەیدا،ڕەنگ دەداتەوە. ئاستی شێوازی بەرهەمهێنان،و ئاستی کرانەوەیەک کۆمەڵگە بەرەو ڕوی بویەوە،کۆمەڵگەی دابەشکرد، لەسەر بەرەیەکی کۆنەپارێزی پیاو سالاری ئاینی و بەرەیەکیشی خستە نێو ئامانج و داخوازیەک بازاڕو کەرتی تایبەت ئیشی لەسەر دەکرد.
دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی،بۆخۆی،لەسەر هەردو بەرەکە ئیشی کردوەو کۆمەڵگەی خستە نێو گێژاوێکی قورسی واوە،کە ڕاست و چەپی خۆی نەناسێت.
بەرەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی،ڕەنگدانەوەکەی و پاڵپشتەکەی،هەر پەیوەست بوە بەو ململانێیانەی دو حزبی سەرەکی و بچوکەکان لەونێوەدا پێوەی سەرقاڵ بون،بێگومان،ململانێکانیان لەپێناو هەژمونی تاک ڕەوی و داگیرکردنی کۆی سامانی گشتی و هەژمونی بێ ڕێکخستنی بازاڕی کەرتی تایبەتیان بوە،ئەوە بێجگە لەو ڕۆڵە،بێ ماناو ناپەروەردەییانەی میدیای هەردو بەرە ئیشی لەسەر دەکەن. مەخابن،ژن،ئیتر لەهیچ یەک لەو دو بەرەیەدا مرۆڤێکی ئازادو خاوەن خۆی نیە،بەڵکو مرۆڤێکە لە ئامرازێک زیاتر نیەو لەهەردو بەرەکەیشدا،هەم کەنیزەک و کۆیلەیەو هەم بۆ سەرمایەگوزاری پڕ لەشەوق و ڕەونەقە بۆ بازاڕی دەسەڵاتدارانی خاوەن سەرمایە،و کاڵا زۆرو زەبەلاحەکەی لە دەرەوە بۆی هاوردە دەکەن. جا لێرەدا،ئەوی برەو پەیدا دەکات،بێمێشکەکانی نێو هەژمونی پیاو سالاری گەندەڵ و داوێن پیس و پڕ لە کەپتە جۆراوجۆرەکانن،چونکە ئەو توێژە پیاو سالارە ژن کوژانە،هەردەم هیدایەت لە دەسەڵاتەوە وەردەگرن،کاتێک دەبینن،دەسەڵات،بێدەنگەو بۆڵە بۆڵەکانی ئەسڵ نین و نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو دڕندایەتیەدا،ئیتر،ژن کوژان و دیاردەی خۆکوشتنی ژنان برەوی زیاتر پەیدا دەکات.
بیرمان نەچێت،زۆری ژن کوژەکان و ژنە کراو، بەقوربانیەکان،بەکۆ لەنێو چینە چەوساوە هەژار کراوەکەدان و سەر بەو چینەو توێژی وردە بۆرژواکانن،ئەوەیش ڕەنگدانەوەی ئەو نایەکسنیخوازە گەورەیە، کە دەسەڵات و چینی بۆرژوا ناسیۆنالیست - ئاینی،کوردی بەرهەمهێنەریەتی.
بریا،پیاوی کورد،ببوایەتە مرۆڤ؟ بریا ژنان لەنێو دنیای کۆنەپەرستی و دنیای بازاڕدا خۆیان بدۆزیایەتەوەو چیتر ملکەچی نێو ئەو دو جیهانە بۆگەنە نەبونایە و پەروەردەکەیان هەڵنەگرتایە!؟
ئاخۆ کێ هەیە لە مرۆڤی ئێمە،لەنێو دنیای ژن کوژیدا تاوانبار نەبێت، وا ئەو بەربەریزمە بۆ چرکەیەکیش نەیتوانی گشت کۆمەڵگە پێکەوە ڕاچەڵەکێنێت و ببێتە بونێک بۆ کۆتایهێنان بە ژن کوژی!!؟ چەند مایەی شەرمە،کاتێک بڵێین کۆمەڵگەین و لەولایشەوە،ژن کوژی لە پێکدادانی سەیارەکان زیاتر بوە کە ڕۆژانە گوێبیستی دەبینین و دەیبینین و دەزانین چەندێک دەمرن و هێشتا دەڵێن؛ قەزاو قەدەرەو خودا ڕۆژی تەواو کردون!؟ بەڕاست ئێمەی هەرێمی کوردستان چ جۆرە مرۆڤێکین؟
- ئاین و پیاوانی ئاینی دەڵێن؛ئێمە بێبەرین لە کوشتنی ژناندا!
- نەریت دەڵێت؛من بێبەریم لە کوشتنی ژناندا!
- فەرهەنگ و پەروەردە دەڵێت؛من بێبەریم لە کوشتنی ژناندا!
- دەسەڵات و حزب و بازاڕ و کۆمپانیاکانیان، دەڵێن؛ئێمە بێبەرین لە کوشتنی ژناندا!
- ئاخۆ تەنها پیاو سالاری، بەرپرسە لەنێو ئەو پرسەدا؟
- گەر وایە،کام یەک لەوانەی سەرەوە ئاماژەم پێداون،لەدەرەوەی هەژمونی پیاو سالاریدان!؟
یان دەشڵێن پیاو سالاری و کۆی ئەو چەمک و ئایدیایانە هۆکار نین و ژن کوژەکان تەنها لە ئەستۆی مرۆڤە پەراوێز خراوەکان و لات و سەر سەریەکانن،هۆکار چیە وا ئەو کۆمەڵگەو دەسەڵاتە،وەک زۆرینەیەکی ڕەها ناتوانێت بەسەر ئەو توێژە پەروەردە شکست خواردوانەدا، زاڵ بێت،یانی ئەو توێژە پەراوێزخراوەی وەک بڵێین،بەرپرسن لە کوشتنی ژنان!، بەڵام ڕاستیەکەی وانیەو ڕێک پێچەوانەیە.
ژن کوژەکان،کۆی دەسەڵات و ئەو بەرژەوەندیە چینایەتیە، کورت بینەیەتی لەنێو دنیای تاڵان کردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، لەشێوازە جۆراو جۆرەکانیەوە،لەگەڵ ئەو کۆیە لەکۆمەڵگە،کە ئاوا پرسێکی تراژیدی ناکات بەپرسی خۆی تا کۆتای بەو مێژووە ڕەشەی بهێنێت!!! ئەمەیە بەرپرسە گشتیەکان لەنێو ئەو فەزایەی ژن کوژی و دەست بردنی ژنان بۆ خۆکوشتن لێی بەرپرسیارن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست