کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


كوڕانی مەلا عوزێر سوكایەتی بە قوربانیانی ئەنفال و پێشمەرگەو زیندانی شەهید دەكەن

Tuesday, 13/04/2021, 4:00


وەکو زۆرێکتان لەوە ئاگادارن لە 5 ى مانگی ٢ دا سەرۆک جاشی تاوانبار عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر لە وڵاتی هۆڵاند لەژێر بارودۆخێکی نادیاردا مرد. ئەوە لەکاتێکدا کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەم وڵاتە بڕیاری دەستبەسەرکردنی درابوو و ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان لێگیرابوو، چونکە بەڵگەکانی بەشداریی تاوانبار مەلا عوزێر لە تاوانی ئەنفالدا و تاوانەکانی دیکەی دژ بە ئازادیخوازان و خەڵکی بێپشتووپەنا لەزیادبووندابوون و دەسەڵاتی هۆڵاندی چیتر نەیدەتوانی خەمساردانە لە ئەگەری بەشداری مەلا عوزێر لەتاوانەکاندا بڕوانێت.  
سەرۆکجاشی تاوانبار مەلا عوزێر کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا سەرۆکی فەوجی ١٣٠ بوو، لەسەر بەشداریی ئەو لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکرابوو و لەلیستی تاوانباراندا ناوی ئەو ژمارە ٢٢٩ بوو، وە داوای گرتنی لەلایەن دادگاوە بەتایبەت بۆ دەرکرابوو, لەدادگای باڵای تاوانەکاندا ١٠ سکاڵای لەلایەن کەسوکاری قوربانیانەوە لەسەر تۆمار کرابوو.  
ئێمە لەکاتێکدا لەوەدەگەین کەوا خزموکەسی تاوانبار مافی خۆیانە تەرمی مردوو وەرگرنەوە و پرسەی بۆ دابنێن، بەڵام پێمانوایە بەرزکردنەوەی تاوانبار مەلا عوزێر وەکو شۆڕشگێڕ و قارەمان لەبەرچاوی کەسوکاری ئەو قوربانیانەی کە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ئەو لێیان بەرپرسیار بووە، گوێپێنەدان بە کەسوکاری قوربانیان و راستەوخۆ بریندارکردنی هەستی ئەوانە. 
جێگەی سەرنجدانە کە لەم ڕۆژانەدا لەکلیپێکی ڤیدیۆيدا یەکێک لە کورەکانی تاوانبار مەلا عوزێر ئەوەی بۆ ڕایگشتی ڕاگەیاند کە ئەوان بەنیازن ساڵانە ڤێستیڤالی تایبەت بۆ باوکیان ساز بکەن و ڕیکلام بۆ پاڵەوانیەتی هەڵبەستراوی ئەو بکەن. ئێمە لە کاتێکدا بەتووندی دژی هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەوەستینەوە، پێمانوایە ئەم ڕاگەیاندنە دووبارە ژێرپێخستنی هەست و مافی کەسوکاری قوربانیانە بەوپەڕی لوتەبەرزيیەوە. ئەوان لەکاتێکدا دەبوایە سوپاسگوزاری ئەو ڕاستیيە بن کە باوکیان ناڕەوا لەدادگا و دادوەری دەربازکرا، بەهیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە تاوانبارێکی وەکو مەلا عوزێر کەدەستی بە خوێنی دەیان خەباتگێر و پێشمەرگە و قوربانیانی ئەنفال سوورە، وەکو قارەمان لە ڤیستیڤاڵی ساڵانەدا یادی بکرێتەوە و چیرۆکێکی ساختە لەسەر ئەو بنیاتبنێن و تۆماربکەن. 
پێمان وایە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجە، بارزانیەکان و فەیلیەکان ئەو تاوانانەن کە بەگەورەترین تاوان دادەندرێن و وە بەتاوانی نێونەتەوەیی دەژمێردرێن، بۆیە گەلی کوردستان وەکو گەلێکی ستەمدیدە قوربانیی گەورەترین تاوان بووە، بێگومان بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان و کۆنڤەنسیۆنی ژنێڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها ستاتوسی ڕۆم. لەمڕوانگەیەوە و بەپێی یاسا و جاڕنامە نێونەتەوەییەکان ئەوانەی بەشداری ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆیان لەتاوانەکەدا کردووە، دەبێ ڕادەستی دادگا بکرێن و لەسەر وابەستەییان بەتاوانەکە یا بەشدرایان لەتاوانەکەدا دادگاییبکرێن. بەپێی یاسا و پێوەرە جیهانیەکان ئەم ئاراستەیە پەسندکراوترین ڕێگەچارەیە هەر گەلێکی قوربانی بیگرێتەبەر. وەکو گەلی قوربانی جو کە زیاتر لە ٧٥ ساڵە بۆ یەک ساتیش لەم پرۆسەیە سارد نەبوونەتەوە و ئێستاش پیادەی دەکەن. 
هاوڵاتیانی خۆشەویست، زۆرێکتان ئاگاداری ئەم ڕاستیەن کە لە عێراق و باشوری کوردستاندا ئەم پرۆسە دادوەرانەیە پیادەنەکرا، بەتایبەتی سەبارەت بە سەرۆکجاشەکان کە بەشداری ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆیان لەتاوانەکاندا هەبوو، وە پشکداریان لە پرۆسەی ئەنجامدانی لەناوبردنی خەڵکی بێتاوانی کوردستان هەبوو، ئەوانە کەسیان ڕادەستی دادگا نەکران. لەگەڵ ئەوەی ئەو سەرۆکجاشانە کە ژمارەیان 258 سەرۆکجاش بوو لە لیستی داواکراوانی دادگادا بوون و دەبوایە ڕادەستی داداگی باڵای تاوانەکانی بەغدا بکرێن. بەمجۆرە پێشێلی مافی یاسایی کەسوکاری قوربانیان کرا. جێگەی ئاماژە پێدانە کە کۆمەڵێک لەو سەرۆک جاشانە جگە لە بەشداری ڕاستەوخۆیان لە تاوانی ئەنفالدا، دەستیان بەخوێنی کۆمەڵێکی زۆر لە شۆڕشگێڕانی کوردستان سوورە، ئەوانە ڕاوی پیشمەرگەیان کردووە، ڕاوی ئەندامانی سەربە ڕێکخستنە نهێنیەکانی حزبەکانیان کردووە، ڕاکردووی سەربازییان گرتووە و گەلێکیان لەژێرناوی پێشمەرگە یا ڕێکخستنی نهێنیدا ڕادەستی ڕژێمی بەعسیان کردووە. تاوانبار مەلا عوزێر یەکێک لەو سەرۆکجاشانەیە کە مەرگی زیاتر لە 110 کەسی ئازادیخواز و پێشمەرگە و قوربانیانی ئەنفالی بەبەڵگەوە دەخرێتە پاڵ.
ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی کەسوکاری قوربانیان و مافەکانی مرۆڤ کە ناوی خۆمان لەم لیستەی خوارەوەدا نووسیووە، داوا لە لایەنە پەیوەستدارەکان دەکەین، کە ڕێگە بەکارێکی لەمشێوەیە نەدەن و ئاگاداری کەسوکاری تاوانبار بکەنەوە کە ئەوان مافی ئەوەیان نییە چیتر سوکایەتی بە کەسوکاری قوربانیان بکەن. 
هاوكات داوا لە وەزارەتی شەهیدان دەكەین  بۆ جارێكیش بووە هەڵوێست بەرامبەر داكۆكی لە قوربانیان بنوێنێت, وە داوا لە پەرلەمان دەكەین یاسای سزای نكۆڵیكردن لە جینۆساید دەربكات.

سڵاو لەگیانی پاکی قوربانیانی بەرەی شۆڕشگێڕیی کوردستدان 
سڵاو لەگیانی پاکی قوربانیانی جینۆساید 
دادگایی بۆ تاوانبارانی دژ بەگەل و جینۆساید
لەگەڵ ڕیزماندا

ناوەکان:

١- بەشێك لە بنەماڵەی قوربانیانی  دەستی مەلا عوزێر
٢- كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال
٣- تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان  بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
4- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید- چاك كوردستان
5- هەڵمەتی ژیان دژ  بە ئیعدام لە كوردستان
6- عەلی بەندی نووسەرو  لێکۆلەر  لە  بواری  جینۆساید   دهۆک ‌ 
7 - ڕێکخراوی چیرۆکاکانی  ئەنفال   
8-  لەتیف فاتیح فەرج  نووسەرو لێکۆڵەر  لە  بواری  ئەنفال
9- دەرسیم پێشەوا   نووسەرو لێكۆلەر لە بواری جینۆساید     دانمارك
10- سەنتەری ئەنفال
11- جێگر كاڕەش  بنەماڵەی شەهید  دیارو هاوڕێكانی 
12-عەبدوڵا كەریم  نووسەر لە بواری ئەنفال   سلێمانی
13- شاخەوان شۆڕش  لێكۆلەر  لە بواری جینۆساید   دانمارك
14-رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان 
15-رێكخراوی پارێزەران بۆ راوێژی یاسایی و پرسی مافی مرۆڤ
16- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
17- هەڵمەتی دادپەروەری
18-هێمن خۆشناو  بنەماڵەی قوربانیان و نوسەر 
19-مەریوان عەبدالقادر چالاكوان و تاقانەی ئەنفال
20-یوسف  مەنتك  ریكخستنی دێرین و  نوسەرو رۆژنامەنووس   ئەڵمانیا
21- رێكخراوی منداڵە ونبووەكان 
22-هیوا محەمەد ئەمین چالاكوانی بواری ئەنفال
23- رێكخراوی زیندانیانی ئەنفال
24-رێكخراوی ژیانەوە بۆ پرسی ئەنفال
25-ناوەندی داكۆكی لە پشدەر بۆ  قوربانیان و جینۆسایدكراوان
26-حەمە زرنگ ئەندامی رێكخراوی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی و تۆڕی KONCICC
27- ڕێکخراوی کوردستان فۆروم لە بەلجیکا
28- ماڵپەری تەڤدا پرێس

بەشێك لە تاوانەكانی ناوبراو: 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە