گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەڵوێستی تورکیا!
Saturday, 10/04/2021, 8:14
لە ساڵی ٢٠١٥دا، کاتێک کە ئیدارەی ئۆباما بڕیاری دا، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دابنیشێت و بگاتە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هێشتا ئەمریکا هیچ جۆرە ئەزموونێکی لەو جۆرەی لەگەڵ ئێراندا نەبوو، بۆیە لەژێر دروشمی پاراستنی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە، پابەند بوونی ئیران بە مەرجەکانی ئەمریکا، کۆشکی سپی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرد.
مێژوو گەواهی ئەوە دا، کە ئەزموونی ئەو ڕێککەوتنە دەریخست، کە ئیران پێگەی سیاسی و سەربازیی لە ناوچەکەدا لە جاران بەهێزتر بوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مەشروعیەتی زێتر وەرگرت، کە لە ئایندەدا ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ببێت بە پۆلیسی ناوچەکە و هەژموونی خۆی بسەپێنێت، پەل وپۆ بهاوێت، هێزی چەکداری و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا زێتر گەشە بکات. ئەمە کاردانەوەی نێگەتیڤی هەبوو لەسەر ئاسایش و سەقامگیربوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشی لەو ناوچەیە خستە مەترسیەوە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش بوون بە ئامانجی موشەکبارانی ئەو هێز و میلیشیا چەکدارانەی ئیران، بەتایبەتی لە عیراق. ئێران دەسەڵاتەکانی بەهێزتر و بەرفرەوانتر بوو، دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیران گەیشتە لوتکە، قاسم سلێمانی لە بەغداد ئەمریکا کوشتی. واتە ئەمڕۆ ئیدارەی بایدن دوای ئەو ئەزموونە تاڵە لەگەڵ ئێران، دەیەوێت هەمان هەڵەی ئۆباما دووبارەکاتەوە، لە ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو لە ڤیەنا ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران گفتوگۆی کردوە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی!
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەڕی ساردی نێوان زلهێزەکانی دنیا، ڕۆڵیان هەیە لە جۆری ئاراستەکردنی ڕووداوەکان و بەستنی هاوپەیمانیەتی. ئەمریکا دەزانێت کە، ئیران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لەسەر دوو پەت یاری دەکات، ئەو نایەوێت ئیران لەگەڵ بریتانیا، فرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین لە بەرەیەکدا بێت کە ئێستا لە ئەرزی واقیعدا هەر پێنج وڵات پشتیوانی لە ئیران دەکەن دژ بە ئەمریکا، بۆیە کۆشکی سپی نایەوێت ئێران لەگەڵ ئەواندا ئەو بابەتە تاوتوێ بکات. دوژمنایەتی ئەمریکا لەگەڵ ئیران، ڕوودانی ئەو ئەگەرە زێتر دەکات، کە ئەمڕۆ ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوە لە بەرژەوەندیی خۆی نابینێت، بۆیە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ ئێران چڕتر کردوە و بە ناڕاستەوخۆ لە ڤیەنا لەگەڵ ئیران نزیکبوونەوەی پێشانداوە.
سعودیە، ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نیگەرانن لەو هەڵوێستەی ئەمریکا و لە سەرەتاوە دژی ئەوەن کە ئیران ببیت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دواتر مەترسی لەسەر ئەوان دروست بکات، بە تایبەتی ئەوان سنووری جوگرافیای وڵاتەکەیان لە ئێرانەوە نزیکە، کە ئێران نەک تەنیا بە چەکی ئەتۆمی بەڵکو بە مووشەکی دورهاوێژیش دەتوانێ دۆخی نێو وڵاتەکەیان بشڵەژێنێت، بۆیە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئیران لە ڤیەنا کە هێشتا ڕوون نییە پەیوەندییەکانی ئیران و ئەمریکا بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێت، کەچی ئەوان دەستیان کردوە بە هەڕەشە. لە ئەنجامی ئەو ململانێیە دۆخێکی هەستیاری گەرم لە ناوچەکەدا بەرهەم هاتووە سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناتانیاهۆ ڕایگەیان:
" ئیسرائیل پابەندی هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان هێزێکی جیهانی و ئیران نییە، بەڵام دەوڵەتی عبری پابەندە بەوەی کە بەرەنگاری ئەوانە بێتەوە کە دەیانەوێت لەبەینیببەن".
میدیاکانی دنیا پەنجەیان بۆ ئەوە درێژکردوە، کە سەڕۆکی دەزگەی موساد کێف یۆسی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچێت بۆ ئەمریکا، ڕاستەوخۆ بۆ ئیدارەی بایدن دەیسەلمێنیت، کە ئیران پابەندی هیچ مەرجێکی ئەمریکا نەبووە بۆ مەسەلەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک دەزگەی موساد زانیاری هەبووە کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئیران و ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ ڕیککەوتنی ئەتۆمی بۆیە لە ٢٣/٢/٢٠٢١دا پێش کۆنفرانسی ڤیەنا کە لە هەفتەی ڕابردوودا بەسترا، لە وتارێکدا ناتانیاهۆ ڕایگەیاند:
" بە ئیران و ئەوانەی بە وەکالەت شەڕی بۆ دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڵێم: دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ لەمەوبەر، فارس هەوڵیاندا جو لەنێوبەرن و سەرنەکوتن، ئەمڕۆش سەرناکەون".
سعودیە لە سەرەتای ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئیران ڕازی نەبوو، ئەم هەنگاوەی بە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتی خۆی لە قەڵەم دەدا، ئێسستا ئەو هەڵوێسستی لە جاران توندترە، ئەو بابەتە هۆیەکی سەرەکییە کە ئیسرائیل و سعودیە سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوانیان لەسەر ئەو مەسەلەیە هاوڕان و دژ بەو هەڵوێستەی ئەمریکان، لە کاتێکدا هەردووکیان هەمیشە دوو هاوڕێی نزیکی ئەمریکا بوونە و پەیوەندیی نێوانیان ڕەگێکی مێژووی هەیە، چاوەڕوانی ئەوەن لە ئەمریکا کە کارێک نەکات لە ناوچەکە بەرژەوەندیی ئەوان بخاتە مەترسیەوە!
خوێندنەوەی ڕووداوەکان و مێژوو پێمان دەڵێن، کە تورکیا هەمیشە پشتیوانی لە هەڵگیرساندنی شەڕ و گۆڵمەزە دەکات لە ناوچەکەدا، بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ ئیران لە ململانێدان لەسەر دابەشکردنی لاشەی مردووی عیراق، بە ئاشکرا سوپای تورکیا بەشێکی بەرچاوی باکووری عیراقی داگیرکردوە کە ئیران بەهی خۆی دەزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانیی لە گەڕانەوەی ئەمریکا دەکات بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیران. بێگومان ئەوە بەبێ سووڕ نییە، بەرژەوەندیی تورکیا لەوەدایە کە وڵاتانی ناوچەکە بەگژیەکدا بچن، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا لە ئێستا زێتر خاکی وڵاتانی دراوسێ داگیر بکات، وەک چۆن لە ڕابردوودا دەستی هەبوو لە بەهێزکردن و گەشەپێدانی داعش، کە لە ئەنجامدا دوای جەنگی دژ بە داعش، هەلی بۆ ڕەخسا و توانی بەشێک لە باکووری سوریا و عیراق داگیربکات.
لە مانگی ڕابردوودا ئەردوغان لە وتارێکدا ڕایگەیاند:
" گەڕانەوەی بایدن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیران وەک پەنجەرەیەکی پڕ لە هەلە".
تورکیا خەون بەوە دەبینێت، کە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە، تا دوو سەنگەری دژ بەیەک دروست بێت، لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ گەڕانەوەی ئەمریکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەک، بەرەی ئوردن، کوێت، قەتەر، عومان و عیراق، لە بەرامبەردا ئەوانەی دژی ئەوەن وەک ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، ئینجا لەو نێوانەدا دووبارە تورکیا وەک کەری نێو جۆگە، بە چواردەوری خۆیدا بلەوەڕێت، ژن و منداڵ بکوژێت و خاکی وڵاتانی دیی داگیربکات و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندووکاتەوە.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا سیاسەت دەکات، بۆیە بەکارهێنانی ئامرازی دیی فەرامۆش ناکات بۆ دوژمنایەتی کردنی ئیران. ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکان و پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەو ناوچەیە هەیە، لە سروشتی گرفت و ناکۆکیەکانیی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووە، ئەو ڕاستییە دەزانێت کە، ئیسرائیل و سعودیە و چەند وڵاتێکی دیی عەرەبی، نیگەرانن لەوەی ئێران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوان هەنووکە فشاریان خستۆتە سەر ئیدارەی بایدن کە مەرجەکانی ترامپ بۆ سەر تاران بە هەند وەربگرێت و بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە. بە واتەیەکی دی، ئیران لە ناوچەکە دوژمنی هەیە و ئەگەر ئەمریکا خۆی لەو کێشمەکێشمە بکشێنێتەو، ئەوا بە دڵنیاییەوە جەنگێکی مەزن چاوەڕوانی ئەو ناوچەیە دەکات. زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەونە دوژمنایەتی کردنی ئیران، گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە وا چاوەڕوان دەکرێت لە خاکی لبنان، عیراق و سوریادا بێت، کە سنووریان لە وڵاتانی کەنداو، سعودیە، ئیسرائیل نزیکە و ڕاستەوخۆ پێش وڵاتانی دیی ناوچەکە بەهێزبوونی زێتری ئیران بە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی خۆیان هەژمار دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست