کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکومەتی هەرێم ملکەچی بەغداد بوو!

Friday, 02/04/2021, 22:54


حکومەتی عیراقی ئەمڕۆ بۆ هەرێم بە تایبەتی بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی، حکومەتەکەی دوێنی نییە و ئەوەی دوای ڕوخانی سەدام بۆیان دەلوا ئەمڕۆ بۆیان نالوێت.  گۆڕانکاری بنەڕەتی لەسەر ئاستی پەیوەندیی  نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا لەگەڵ حکومەتی عیراق ڕوویانداوە. 
 ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتە عەرەبیەکان دەیانەوێت جڵەوی ڕووداوەکانی ناوچەکە تەنیا لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و تورکیا و ئێران نەبێت. ئەوان هەوڵدەدەن لە گۆڕەپانەکەدا نەهێڵن تورکیا و ئیران و ئیسرائیل یاریکەری سەرەکیی بن و گفتیان لەنێو کۆڕوکۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا هەژماری پلە یەکی بۆ بکرێت و لە ئەنجامدا ئەوان پەراوێز بخرێن، کە تا دوێنێ هەرسێ دەوڵەت بە پشتیوانی ئەمریکا هەمیشە دژی دنیای عەرەبی لە سەنگەردا بوون،  بۆ ئەو مەبەستە هەنووکە ئەوان پێویستیان بە ژیاندنەوەی هەست و بیری نەتەوەیی عەرەبە بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە دوای بەهاری عەرەبی و ئێستا سیادەی عەرەبی تێیدا لاواز بووە وەک عیراق، کە مەترسی دابەشبوونی دەکرێت لە نێوان تورکیا و ئێراندا کە دوو وڵاتی موسڵمانی ناعەرەبن، لەبەرئەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی سعودیە هەنووکە بە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە حکومەتی شیعەی عیراقدا بچێتەوە، دوورەپەرێزی خۆی لەو وڵاتە بە شکەستی خۆی و سەرکەوتنی ئیران ببینێت، ئەمریکاش هاندەری بێت بۆیە لە هەڵوێستە سیاسییەکانی پێشووی پاشگەزبۆتەوە و مەبەستیتی خۆی لە حکومەتی عیراق نزیک بکاتەوە، کە ئەمە بۆ خۆی پشتیوانیەکی مەزنە بۆ حکومەتی عیراق کە بتوانێت دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیی وەک ئیران و سعودیە سەرەڕای گرفتی نێوانیان پشتیوانی لێ بکەن.  
 ئەمریکا ئێستا لە ئیران و تورکیا وەک جاران ڕازی نییە، ئەوەش تێبینی دەکات کە خەریکە ئەوان و میلیشیاکانیان ناوچەکە دەخەنە ژێر هەژموون و ڕکێفی خۆیان، بۆیە ئێستا ئەمریکاش هەوڵدەدات شەڕی لاوازکردنی ئەوان بە وڵاتە عەرەبیەکان بکات، نەهێڵێت لاشەی عیراق لەنێوان تورکیا و ئێراندا دابەش بێت و لە ئێستا زێتر بەهێزبن و  بگاتە ئاستێک کە ئەمریکا ئیدی دەرەقەتیان نەیەت. بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکا  کارئاسانی بۆ هەموو ئەو وڵاتە عەرەبیانە دەکات کە بیانەوێت لەژێر دروشمی نەتەوەیی و پاراستنی یەکپارچەی عیراق بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو باوێن.  واتە عیراق ئێستا پێی ناوەتە قۆناغێکی دی، لە گۆشەگیری سیاسی دنیای عەرەبی ڕزگاری بووە و لە میسر و ئوردن و گەلێک وڵاتی دی عەرەبی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکادا نزیک بۆتەوە، دەیەوێت پشتیوانی نەتەوەیی لەنێو عەرەباندا مسۆگەر بکات، کازمی لەم هەنگاوشی سەرکەوتوو بوو و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەردانی سعودیەی کرد،  ئێستا سعودیە دوای ئەو هەموو ساڵە کە خۆی دوورەپەرێز گرتبوو لەو وڵاتە، هەنووکە دەیەوێت بۆ بەرژەوەندییەکانی لە حکومەتی شیعەی عیراقی نزیک بێتەوە و پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیی لەگەڵیاندا ئاسایی بکاتەوە.
سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان ئیران و ئەمریکا، ئەمڕۆ حکومەتی عیراق، خاوەن سوپایەکە ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکات، هەروها خاوەن هێزی حەشدە کە ئیران پشتیوانیان دەکات و بە چاونوقانێک و وەرگرتنی چرای سەوز لە ئەمریکاوە بە یەک ڕۆژ دەتوانن هەرێم خاپوور بکەن، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا لە کەرکوک ڕوویدا. واتە ئەمڕۆ سەرانی پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانەوێت مەرجی خۆیان بەسەر حکومەتی عیراقدا بسەپێنن، ئەوا خەیاڵە، بە تایبەتی کە ئێستا ئەمریکا و حکومەتی ناوەندیش دڵنیان کە هەردوو حزب پێگەی جەماوەرییان لە دەستداوە و گەندەڵی نەبێت ئیتر ناتوانن فەرمانڕەوای کوردستان بکەن، بۆیە لەم کاتوساتەدا جا لەژێر فشاری دەرەکیی یان ناوەخۆیی بووبێت، حکومەتی عیراق پێداگری کرد و هەموو مەرجەکانی خۆی بۆ مەسەلەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم سەپاند.  
 مەسەلەی پەسندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی عیراق لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە، دوای ئەوە هات کە حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، ڕازی بوو بە مەرجەکانی بەغداد و لە ڕۆژێکدا  ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ تەسلیم بە حکومەتی ناوەند بکات نرخی ٢٥٠ هەزار بەرمیل ڕاستەوخۆ بدرێت بە ناوەند و ئەویدی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتەکە بێت، دەرامەتی نانەوتی و دەروازە سنووریەکانیش ڕادەستی بەغداد بکرێت، لەگەڵ ئەو قەرزەی کە لەسەر هەرێمە دەبێت بدرێتەوە بەغداد، ئەوجا لە بەرامبەردا حکومەتی عیراق ڕازی دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی عیراق مسۆگەر بکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکات. واتە ئەگەر هەرێم ئەو دەرامەتە تەسلیم نەکات و پابەندی جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە نەبێت، ئەوا ئەگەر حکومەتی عیراق سزای یاسایشی دەستنیشان نەکردبێت بۆ ڕوودانی ئەو ئەگەرە، ئەوا بودجە و مووچەی فەرامانبەران ڕەوانە ناکات، گرفتەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و ڕووداوەکان بەرەو ئاقارێکی دیکە هەنگاو دەنێن.
ئاشکرایە کە دوای ئەو ڕێککەوتنەش هێشتا حکومەتی بنەکە فرەوانی هەرێم بەبێ چاودێری بەغداد پاسەوانی دەرهێنانی نەوتە، دەیفڕۆشێت و دەتوانی یاری بە بەشێک لە دەرامەتی نەوتی کوردستان بکات، ڕێگەی دی بدۆزێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بەشێکی ئەو نەوتە، واتە دەرهێنانی نەوتەکە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دەمێنێت، ئەو پشکە شێرەی کە لە ئەنجامی دزینی نەوتی هەرێم دەستیان دەکەوت لە داهاتووشدا ئەوەیان بۆ دەلوێت و بەردەوام دەبن، بەڵام ڕووداوەکان دەریدەخەن کە ئەمە تەنیا بە شێوەیەکی کاتی دەبێت و تەنیا لە بەرژەوەندیی بنەمەڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا دەبێت، نەک لە بەژەوەندیی کورد یان حکومەتی هەرێم یان پارتی و یەکێتی وەک حزب! لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عیراق بە هەموو پێکهاتەکانی کابینەکەی یەک دەنگ بوون لەم قۆناغەدا کە یەکەم هەنگاو بنێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی و سامانە سروشتییەکانی باشووری کوردستان، بۆیە کازمی دوای ڕێککەوتنەکە لە لێدوانێکدا گوتی "مەسرور بارزانی برامە".
لە دەرئەنجامدا خوێندنەوەی ڕووداوەکان دەریدەخەن، کە دوای ئەوەی حکومەتی ناوەند ئەو قۆناغەی بڕی، ئینجا خۆی بۆ داهاتوو ئامادە دەکات، کە بە دانانی لیژنەی چاودێری دەبێت، بۆ سەر بیرەنەوتەکان و دەرامەتی دەروازە سنووریەکان، بە خشکەی بەرتەسک کردنەوەی گشت دەسەڵاتەکانی سەرانی ینک و پدک، واتە هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەند لە داهاتوودا بەندە بە بەهێزی پێگەی سیاسی و ئابووری و سەربازیی و گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە عیراقدا نەک بە گرتنی خاتری سەرانی ینک و پدک. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە