کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەورۆزی جاران

Sunday, 28/03/2021, 22:35


"ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌
جه‌ژنێکی کۆنی کورده‌ به‌ خۆشی و به‌هاته‌وه‌"

شاعیر و رۆژنامەنوسی گه‌وره‌ی کورد، پیره‌مێردی نه‌مر، له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ تورکیا وه‌ بۆ‌ شاری سلێمانی، هەروەک ئاشکرایە، بزوێنه‌ر و ڕێکخه‌ری یادکردنه‌وه‌ و بەرزراگرتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز بووە. له‌ کۆتایی ساڵانی 1920 ه‌کاندا، ئه‌و کاتانه‌ی که‌ پیره‌مێرد به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌ی زانستی بوو، خوێندکار و لاوانی شاری له‌ گردی مامه‌یاره‌، بۆ گێرانی ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆز کۆده‌کرده‌وه. له‌ دامێنی گرده‌که‌ی یاره‌، له‌ دۆڵی کارێزی وه‌ستاشه‌ریف ئاهه‌نگی‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز، جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کوردی پیرۆزدەکرد. گڕ و کڵپه‌ی ئاگری نه‌ورۆز و ئاوازی ‌به‌سۆزی شمشاڵه‌که‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا و سروود و گۆرانی لاوان له‌ گردی یاره‌ وه‌ دڕی به‌ تاریکی ئاسمانی شار ده‌دا. 
جه‌ژنی نه‌ورۆز، به‌ سه‌رپه‌رشتی پیره‌مێردی نه‌مر، له‌ گه‌ل و نیشتمان پیرۆز ده‌کرا. پیره‌مێردی نه‌مر بۆ رۆژی نه‌ورۆز ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ رۆژنامه‌‌که‌ی بۆ ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ته‌رخان ده‌کرد و هه‌ر له‌ شوێنی ئاهه‌نگه‌که‌ ده‌خوێندرایه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ پیره‌مێرد ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو به‌ڵام خه‌رجی ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ‌خستبووه‌ سه‌رشانی خۆی. زۆرپه‌رۆشی ئه‌وه‌ بوو که‌ نه‌وه‌ی کورد به‌ مێژووی گه‌له‌که‌ی ئاشنابکات و خاک و وڵاتی خۆی خۆشبوێت.
پیره‌مێرد به‌هۆی هه‌وڵ و چالاکی خۆی بۆ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م رۆژه‌ مێژووییه‌ و گێرانی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز تووشی گه‌لێک کێشه‌ و گرفت هاتووه.‌  ته‌نانه‌ت زۆر ساڵ کاربه‌ستانی ئه‌وکاته‌ی بەغداد، یادکردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز و ئاگری نه‌ورۆزیان قه‌ده‌غه‌کردوه‌‌. به‌ڵام قه‌ده‌غه‌کردنی ئاگری نه‌ورۆز له‌ گردی مامه‌یاره‌، کڵپه‌ی ئاگری نه‌ورۆزی له‌سه‌ر هه‌موو لوتکه‌ شاخێکی کوردستانی به‌دوای خۆیدا دەهێنا. 
ئه‌و ساڵه‌ی که‌ ته‌رمی چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌که‌ی کورد، شه‌هیدان خۆشناو،عیزه‌ت، قودسی و خه‌یروڵڵا هێنرانه‌وه‌ بۆ سلێمانی پیره‌مێرد ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی نه‌گێرا. به‌ڵکو کارتێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تیایدا نووسیبووی "ئاگری نه‌ورۆز من هه‌ڵم گیرساند و ، ساڵانه‌ لە‌ گردی مامه‌یاره‌ بوو، ئه‌مساڵ وا له‌ جه‌رگمایه‌، گوڵاڵه‌ سووره‌ی نه‌ورۆز و گه‌زیزه‌ له‌ خوێنی ئازیزه‌. فتوام دا هه‌تا ته‌می ماته‌م نه‌ره‌وێته‌وه‌، نه‌ورۆز نیه‌."  
له ‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس دا، به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵانی دوای 1975 رژێم هه‌موو هه‌وڵێکی ده‌دا که‌ ئه‌م رۆژه‌ له‌ مێژووی کورد دا بسڕێته‌وه‌ و ئاگری نه‌ورۆز قه‌ده‌غه‌ بکات و  رۆژی‌ نه‌ته‌وایه‌تی کورد، جه‌ژنی نه‌ورۆز، بشوێنێ و به‌ به‌رگێکی تر بیپۆشێت. رۆژی نه‌ورۆزی کردبۆوه‌ جه‌ژنی دارودره‌خت و کردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزی قه‌ده‌غه‌ کردبوو.  به‌ڵام رۆژی نه‌ورۆز ببوه‌ یه‌کێک له‌ رۆژه‌ هه‌ره‌ گرنگ و به‌رزه‌کانی هێمای تێکۆشان له‌ دژی سیاسه‌تی فاشیانه‌ی به‌عس.
لە یادمە، ئه‌و ساڵانه‌ له‌ زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌که‌کانی شاری سلێمانی مناڵان و لاوانی گه‌ڕه‌ک چه‌ند  رۆژێک پێش نه‌ورۆز تایه‌یه‌کی زۆریان کۆده‌کرده‌وه و ده‌یان شارده‌وه‌‌. ئێواره‌ی 20 ی مانگی ئازار، کاتی خۆر ئاوابوون، کاتێک که‌ شار خامۆش و بێده‌نگ بوو، هەروەک ئەوەی لە چاوه‌ڕوانی رووداوێکی گه‌وره‌دا بێت، لە ناکاودا، له‌ چاو تروکاندنێکا، تایه‌ شاردراوه‌کان‌ ‌ده‌بوونه‌‌ سه‌نگه‌ر له‌ ناوه‌راستی شه‌قامه‌کانی شاردا و مه‌شخه‌ڵی ئاگر لێیان به‌رزده‌بۆوه‌. کڵپه‌ و بڵێسه‌ی ئاگری نه‌ورۆز شاری ده‌کرده‌ چراخان. هاوکاتیش له‌ سه‌رچیای گۆیژه‌ له‌ نێو گڕی ئاگره‌که‌وه‌، ده‌تخوێنده‌وه‌ "نه‌رۆزتان پیرۆز".  دایکانی شاریش سه‌ریان له‌ ده‌رگای ماڵه‌کانیان ده‌هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و هاواریان له‌ ڕۆڵه‌کانیان ده‌کرد که‌ بێنه‌‌ ماڵه‌وه‌‌ نه‌وه‌ک سیخۆره‌کانی به‌عس بکه‌ونه‌ گه‌ڕه‌که‌کان و هه‌ر مناڵ و لاوێکیان به‌رده‌ستکه‌وێت ڕاپێچی زیندانه‌ تاریکه‌کانیان بکه‌ن. 
له‌گه‌ڵ هه‌موو قه‌ده‌غه‌کردنێکی ئاگر نه‌ورۆز و به‌رزڕاگرتنی رۆژی نه‌ته‌وایه‌تی کورد، له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێک و له‌ کاتی هه‌ر ڕژێمێکی داگیرکه‌ردا بووبێت، هێنده‌ی تر گڕ و بڵێسه‌ی ئاگری نه‌ورۆز گه‌شتر ده‌بوو‌ و ئاگر و ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیش ده‌بووه‌ هێمای دژایه‌تی کردنی داگیرکه‌ران. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە