بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئاگادارییەک بۆ ئەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن

Sunday, 28/03/2021, 14:11


ئاگاداری کوردە قاچاخچی و قۆڵبڕەکان بن بە تایبەتی ئەوانەی بە ناوی پارێزەر و وەرگێڕ لە سوید خۆیانتان پێدەناسێنن

جێگای داخە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی کورد بە هۆی ستەم و ناپیاوی دەسەڵاتی کوردی و بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە بیر لەوە دەکەنەوە نیشتیمان جێ بهێڵن و روو بکەنە غەریبی ماڵ و هەرچی شتێکی بەنرخی خۆیان هەیە دەیفرۆشن، یان کەسوکاریان قەرزیان بۆ دەکەن، تا مندالەکانیان لە دۆزەخە رزگار بکەن. زۆربەیان لە رێگای تورکیا بە رێگای قاچاخ بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی تر چارەنووسیان دەدەنە دەست قاچاخچی بێویژدان، نازانن چ نەهامەتییەک بۆ پاشەڕۆژ چاوەڕێیان دەکات.
لەو سەفەرە درێژەی بەجێهێشتینی نیشتیماندا، رووداوی ناخۆش و کارەساتی جەرگبڕ روویان دەدەن، زۆربەیان بەدەست کوردی قاچاخچیی و کەسانی ناپیاوی بێویژدان، کە لە هەوڵی ئەوەدان گیرفانی ئەو کەسانە تاڵان بکەن، یان ئەگەر ئافرەت بێت پلان دادەنێن دەستدرێژی بکەنە سەریان.
بۆیە لیرەوە داوا لەو گەنج و لاوانە، هەروەها ئەو خێزانانە دەکەین، کە تا بۆیان دەکرێت بیر لە هاتنە دەرەوە نەکەنەوە، نیشتیمان بە خەڵکەکەیەوە جوانە، بۆ ئەو دەسەڵاتە ناپاک و تاوانبارانەی چۆڵ مەکەن، ئەگەر ناچاریش بوون وریای خۆتان بن و باش بیری لێبکەنەوە، پلانی بۆ دابنێین، خۆتان مەدەنە دەست قەدەر. با خزم و کەسی نزیکی خۆتان لە هەندەرانن یارمەتیتان بدەن و رێگا و شوێنتان بۆ دابنێن.
ئەوەی کە لێرەدا وەکو ئاگادارییەک دەمانەوێت ئەو کەسانەش ئاگاداربکەینەوە و وشیارییان بدەینێ، ئەوەیە کە هەندێک لەو کەسانەی مافی پەنابەرییان پێنادرێت، هیچ رێگایەکیان نابێت تا پەنای بۆ بەرن، ئیستا کۆمەڵێک کەسی ساختەچی کورد پەیدابوون پەیوەندییان پێوەدەکەن، دەڵێن ئێمە کەیسەکانتان لە رێگای دادگای ئەوروپییەوە بۆ دەجوڵێنین و مافی پەنابەریتان بۆ وەردەگرین، هەندێک لەوانە خۆیان وەکو وەرگێڕ و پارێزەری یاسایی دەناسێنن، بەتایبەتی ئەو حاڵەتە لە سوید رووی داوە، داوای بڕی 30 هەزار کڕۆنی سویدی دەکەن، لە پێشدا دەڵێن دەبێت نیوەی پارەکە بدەیت، دوای ئەوەی پارەکەیان وەرگرت، ئیتر پاش ماوەیەک دەڵێن بەداخەوە کەیسەکەت لە دادگای ئەوروپا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، شان بەو بڕە پارەیەدا دەکەن، یان وەڵامی تەلەفون و هیچ پەیوەندییەک نادەنەوە.
ئەوانەی کە بازرگانی بەم قوربانیانەوە دەکەن و ناچاریان دەکەن قەرز بکەن، زۆربەی ئەو قاچاخچیانەن کە سەر بە لایەنێکی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیین، لە فەیسبوکدا وێنەی بارزانی و تالەبانی بەرز دەنرخێنن، لە هەموو بۆنەکاندا بەشان و باڵی دەسەڵاتدا هەڵدەدەن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم قاچاخچیی و کەسایەتییانەش ئەگەر باندێک نەبن سەر بە بەرپرسەکان، ئەوا پەروەردە و قوتابی ئەو حیزبە ناپاکانەن، گەورەترین خیانەتکارن بەرامبەر بە رەوەندی کوردیی دەکەن.
 لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە هەموو لایەک دەکەین، کە ئاگاداری هەموو لایەک بکەنەوە، هەر کەسێک بەو شیوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە بە ناوی ئەوەی پارێزەرن، یان وەرگێڕ (موتەرجم) خۆیان دەناسێنن،، زوو پۆلیسیان لێ ئاگادار بکەنەوە. لە رێگای کوردستانپۆستیشەوە ناوی کەسەکان بنێرن، تا دەستی ئەو ساختەچیە کوردانە بخەینە روو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە