کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەدەپە و پشتیوانی ئەوروپا و ئەمریکا!

Saturday, 20/03/2021, 19:04


هەدەپە ڕەنجی خەبات و ماندووبوون و دەنگی کوردە لە پەرلەمانی تورکیا. بەدڵنیاییەوە هیچ پارتێکی دی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە جگە لەو، دەنگی میللەتی کورد نییە و ڕێبەرایەتی خەم و ئازارەکانی ئەو میللەتە ناکات.  لە ساڵی ٢٠١٢وە ئەو حزبە بەگوێرەی یاسا و دەستوری تورکیا کاروبار و چالاکییەکانی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مۆدرن پەیڕەو دەکات، بۆ دەیەیێک دەچێت کە  پارە و پۆست نەیتوانی کاردانەوەی هەبێت لەسەر بیروباوەڕی ئەندامانی ئەو حزبە کە بە دەنگی میللەتی کورد لە تورکیا چوونە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و بە قەوارەی سێیەم حزب لە پەرلەمانی تورکیادا هەژمار دەکرێن. واتە هەدەپە لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە لە تورکیا ئەو پێگەیەی مسۆگەر کرد، بەڵام ئەردوغان دەیەوێت بە بڕیارێکی تاکڕەوانە، بەبێ گوێدانە ڕاوبۆچوونی هەوادارانی ئەو حزبە، دەسەڵاتەکان و پەیوەندییەکانی لە دادگەی دەستوری ئەو وڵاتە بەکاربهێنێت، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و ڕێگریگرتن لە بەدەستهێنانی موڵەتی فەرمی و یاسایی بۆ کارکردن و هەوڵدان بۆ پەرتوبڵاوەپێکردنی ئەندام و لایەنگران و هەواداریان.

میت لە باشوور سەرکەوتوانە کاری کردووە بۆ  تێکشکانی کورد بەڵام لە تورکیا ئەوەی بۆ نەکراوە

دەزگەی هەواڵگری میتی تورکی وەک پیشەی هەمیشەی، ئەوەی لە باشووری کوردستاندا ئەنجامی دا لە باکووریش قسوری نەکرد، ئەو هەموو تواناکانی خستە گڕ بۆ بەگەندەڵکردنی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی هەدەپە، بەڵام ئەو سەرکەوتنەی کە لە باشووری کوردستاندا بەدەستیهێنا، بۆ بەگەندەڵکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیاش نەبوون، خاوەن سامان و بیرەنەوتەکانی باشووریش بوون و خاوەن هێزی چەکداریش بوون کە لە لەلایەن زلهێزەکانی دنیاوە پشتیوانی دەکران بەڵام لەنێو جەرگەی تورکیادا، میت نەیتوانی ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت بۆ بەگەندەڵکردنی ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە،  هەمیشە ئەوان دەنگیان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە زوڵاڵی مایەوە، بۆیە ئەو جۆرە کارکردنە و کەسایەتیانەی کە پارێزگاری لە پرسی ڕەوا دەکەن، بە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا نیین و لە ڕێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی لەنێویانبەرن، بۆ ئەو مەبەستە  تورکیا داوای لە دادگە کردوە کە بە گوێرەی یاسای تورکیا ئەو پارتە هەڵبوەشێنیتەوە و موڵەتی کارکردنیان پێ نەدرێت. 
لەسەر ئاستی ناوەخۆی تورکیادا، هەدەپە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەهێزە، جگە لە هەوادارانی خۆی گەلێک لە پارت و دەنگی ئازادیخوازی تورکیی پشتیوانی لە مانەوەی هەدەپە دەکەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە هەدەپە پشتیوانی دەکرێت. لەو بارەیەوە ئەمریکا لە میدیا جیهانیەکان  هاتە دەنگ و گوتی:
" ئەو هەڵوێستەی تورکیا مەترسیە بۆ سەر سیستەمی دیموکراتی و داوا لە تورکیا دەکەین کە ڕێز لە بیروڕای جیاواز بگرێت، ئێمە چاودێری ڕووداوەکانی نێو تورکیا دەکەین، لەنزیکەوە ئاگاداری دۆسەی پەرلەمانتار عومەر فاروقین. داخستنی پارتی هەدەپە بە بیانوی ئەوەی کە گوایە بەستراون بە پەکەکە، ناهەقیەکە دەرهەق بە دەنگدەرانی تورکیا دەکرێت، کە دەنگیان بەو پارتە داوە و  بۆ ئەوەی لە پەرلەمان نوێنەرایەتیان بکات، ئەو هەڵوێستەی تورکیا سیستەمی دیموکراتی لە وڵاتەکەی دەخاتە مەترسیوە، دەنگی میلیۆنان دەنگدەر فەرامۆش دەکات کە ئەو پارتە نوێنەرایەتییان دەکات".
جگە لەوە دەیان نووسەری بیانی توانجیان لەو بڕیارەی تورکیا گرت، بنەکەی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا، ناتشو سانشیز ئامور ڕەخنەی توندی لەو هەڵوێستەی تورکیا گرت و پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی هەدەپە دووپات کردەوە و گوتی: "دوای ئەو هەڵوێستە تاکڕەویە تورکیا چاوەڕوانی چی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات!؟". 
لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت و ئاشکرایە کە هەدەپە لە %١١ دەنگی تورکیای لەگەڵە، واتە خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی نێودەوڵەتیش گرنگە کە هەدەپە بەبێ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بێت، یان خاوەن نەوت و کۆمپانیا بێت، یان خۆیفڕۆشتبێت و جاشایەتی بۆ ئەم و ئەو کردبێت، توانیویەتی بە ڕێگەیەکی مەشروع پشتیوانی نێودەوڵەتیش مسۆگەر بکات، کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ئەوروپا بە ڕاشکاوانە دژ بە هەڵویسستی تورکیا ڕاوەستاون،  پشتیوانی لە مانەوەی هەدەپە دەکەن، کە ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە هەدەپە بەدەستیهێناوە بەبێ ئەوەی ببێت بە نۆکەری هیچ هێزێکی ناوەخۆ و دەرەکیی یان بۆ هیچ ئەجێندایەکی غەیری پرسی کورد کار بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە