جەنگاوەرێک لەناو بەفرا
Wednesday, 17/03/2021, 3:38
کە شەڕی جیهانی دووهەم دەستی پێکرد، لەو کاتەدا ووڵاتی فینلاندیش تووشی شەڕێکی پێنج مانگە بوو، کە بە هۆی هێرشی یەکیتی سۆڤیەت پێشڕەوی کرد بۆ داگیرکردنی ووڵاتانی ئەسکەندەنافیا ، وەکو پێشتگیرییەک بۆ هێرشی ئەڵمانی نازی، لەو ڕێگایەوە بەرەو ئەو ووڵاتە سوپای جوڵاند . لەوکاتەدا ووڵاتی فینلاند کە ٤٧ جار لە پانتایی خاکی یەکیتی سۆڤیەت بچووکتربوو وە دانیشتوانەکەشی ٦٦ جارکەمتربوو لەیەکێتی سۆڤیەت ، بەڵام توانی لە شەڕێکی پێنج مانگەدا بەرگرییەکی بێ وێنە بکات و زیانی گەورە لە سوپای سووری یەکێتی سۆڤیەت بدات.
بەلای فینلاندێکان و بگرە هەندێک لە ڕووسەکان و خەڵکی دونیاشەوە ، سۆمبۆلی بەرگریکردن لەو شەڕە نابەرابەریەدا ، جوتیارێکی تفەنگچی بووە بە سمبوڵی بەرگریکردن بەناوی " سیمۆ هایها" کە زیاتر لە ٥٠٥ سەربازی سوپای سۆڤیەتی بە چەکی نیشانەشکێن و زیاتر لە ٢٠٠ سەربازیشی بە چەکی ئۆتوماتیک کوشتبوو.
بابزانین سیمۆ هایها کێ بوو؟
سیمۆ هایها گەنجێکی گوندنشینی جووتیاربوو کە ئاشقی نیشانە شکێنی و ڕاوو بوو، لەناوفیلەندێکاندا بەسیمۆنە ناوبانگی دەرکردبوو، کە لە بیست ساڵیدا چووە خزمەتی سەربازی و بوو بە ئەندامی “گاردی سپی” کە کاری پاراستنی فینلاند بوو لە سنوری یەکێتی سۆڤیەت ، دوایی تەواوکردنی خزمەتی سەربازی ،گەڕایەوەسەرپیشەکەی خۆی وەک جوتیارێک .
لە کاتی هێرشی سوپای سوور بۆ سەر خاکی فینلاند لەشەڕی جیهانی دووهەمدا دەستیپێکرد ، سیمۆنە وەکو هەزاران خۆبەخشی دیکەی فیلەندی چووە بەرەکانی شەڕی بەرگری و بە هۆی شارەزایی لە نیشانەشکێنیدا بە کار هێنانی چەک بەلێزانی ، بە فەرمی بوو بەسەربازی نیشانە شکێن.
ئەو تفەنگەی کە سیمۆ بە کاری دەهێنا دروستکراوی خۆدی فینلاندییەکان بوو، تفەنگەکە دوربینی لە سەر نەبوو. سیمۆنە تەنها قەرەوڵی تفەنگەکەی بەسبوو بۆ لێدانی نیشانەکە ، ئەو نەیدەویست دوربین بەکار بێنێت چونکە نەی دەویست لەڕێگەی دوربینەکەیەوە تیشکدانەوە دروستکات ، هێندەش لەدوژمنەکانی نزیک بوو هەموویانی دەدەی ، دواجار شارەزایی سیمۆنە لە ئاستێکدا بوو کە لە دووری زۆرەوە بە بێ دووربین دۆژمنەکانی دەپێکا . لەدەفتەری یاداشەکانیدا کە تۆماری دەکرد هەر لە مانگی یەکەمی شەڕەکەدا بە تەنیا خۆی ١٣٨ سەربازی یەکێتی سوڤیەتی کوشت، لەمانگی دوهەمی شەڕدا ٦١ سەربازی دوژمنی کوشت .
ئەو شەڕە لە زستانی ١٩٣٩ دەستی پێکردبوو.
سیمۆ وهاوڕێکانی بە پۆشینی بەرگی سپی ببونە بەشێک لەسروشت ، بەفرو جەنگاوەرەکان ئاوێزانی یەکتر ببوون. سیمۆ و هاوڕێکانی جلوبەرگی سپیان پۆشیبوو ئەوەش یارمەتی زۆری دان بۆ نەدۆزینەوەیان کە زۆر نزیکیش بوون لەدوژمنەکانیانەوە ، ئەوان لەناوبەفرەکەدا بوون بەبەردەوامی و بەڵام ئامانجەکانیان لە ژێر ڕەحمەتی تفەنگەکانیاندا بوو بەکاوەخۆ دەیانکوشتن .
هونەری شەڕکردنی سیمۆ زۆرجیاوازبوو ، لەکاتی خۆحەشارداندا بەردەوام بەفری دەخوارد تا هاڵاو لەدەمی دەرنەچێت و دیوارێکی بەفریشی بەدەوری خۆیدا دروست دەکرد ، بەردەوام شەکرو نانی دەخوارد تاپلەی گەرمای لەشی دانەبەزێت و جوڵە نەکات لەو جێگەیەی دامەزراوەو دوژمن زەفەری پێنەبات ، پلەی سەرماکە ٤٠ دەرەجە ژێر سفردابوو لەزۆربەی ڕۆژەکاندا ،سیمۆ بووە کەسێکی دیاری ناوشەڕ و بە "مەرگی سپی" ناسرا و ترسێکی زۆری خستە ناو دڵی داگیرکەرانی ووڵاتەکەیەوە ، سیمۆ بیری لەوەش کردبۆوە لەکاتی تەقەکردندا دوکەڵی تفەنگەکەی نەبێتە دەستکەوت بۆ دوژمنانی دیوارێکی لە بەفر دروستکردبوو چەندین دەمژمێر بێجوڵە دادەنیشت و لەسەنگەرەکەیدا دەمایەوە ، کورد ووتەنی کەو کوژی دوژمنەکانی دەپێکا .
مەرگی سپی کارێکی کرد کە سوپای سۆڤیەتی کەوتنە کەوماڵی و دەستیان کرد بەهێنانی سەربازی تایبەت تا شوێن پێێ هەڵگرن و لەناوی بەرن ، گروپی گەریلایان پێکهێنا بۆ دۆزینەوەی سیمۆ، بەڵام هیچ کاتێک نەیانتوانی پەیدای بکەن و بێئەنجام بوو کەوماڵەکەیان ، هیچ فیلەندیەکیش هاوکاری دوژمنانی نەکرد ، تا شوێنی سیمۆنە بەداگیرکەران بدەن ، تاکە شتێک کە سۆڤیەتێکان هیوایان لەسەر هەڵچنی لەدوایی بێهیوایان ،دەستیانکردە بۆردومان کردنی کوێرانە لەو جێگایانەی کە گومانیان لێێ هەبوو تەڕوووشکیان پێکەوە سوتاند.
لە ٦ی مایسی ساڵی ١٩٤٠ دا، سیمۆنە پارچەیەک تەڵاشی گولە توپێکی بەرکەوت و بەو هۆیەوە چەناگەی تەقی و دەموچاوی شێواو زامداربوو . دوای بریندار بوونەکەی، بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بێ هۆش مایەوە بەڵام داگیرکەران هەرگیز نەیان زانی کامە سیمۆنە "مەرگی سیییە " ؟
سیمۆ هایها ، سیمۆنە ٢٦ نەشتەرگەری بۆکرا ، دوایی تەواوبوونی شەڕ سیمۆ دەستی لەخزمەتی سەربازی هەڵگرت و گەڕایەوە زێدەکەی خۆی دەستی کردە جوتیاریو ڕاوشکارو ڕاوە ماسی پاش ئەو بریناریە سەختە زیاتر لە ٦٠ساڵ ژیانی کرد ، ئەوەی جێگەی سەرنجە سیمۆنە ئەوهەمووساڵە بەبێ خێزان ژیانی کردو کەسی لەدوای خۆی جێنەهێشت.
لەساڵی ١٩٩٨دا لە چاوپێکەوتنێدا پرسیاریان لێکرد ئایە دڵگران نیت بە کوشتنی ئەوژمارە زۆرە لە خەڵک ؟
سیمۆنە ووتی:" من تەنها ئەرکی خۆم بەجێهێناوە ، ئەوکارەی پێم سپێرابوو کردوومە بەباشترین شێوە"
سیمۆ هایهای قارەمانی فینلاندییەکان، لە ساڵی ٢٠٠٢، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کردلەنیشتمانەکەیدا.
چیرۆکی سیمۆنە کراوەتە فیلم و یابانێکانیش فیلمێکی کارتۆنیان لێبەرهەم هێناوە .
چی لەچیرۆکی سیمۆ هایها وە فێربووین ؟
ڕەسوڵی حەمزەتۆف لەداغستانی مندا دەڵێت :" گەلی بچوک پێویستیان بەشمشێری تیژە " ڕەنگە لەناو گەلی ئێمەدا شمشێری تیژمان زۆربێت ، بەڵام خۆ خۆری و خیانەت کردن و خۆفرۆشی و خۆبەکەم زانین لەناو زۆرماندا ، هەموو خەونەکانی ئازادبوونمان و شکۆمانی لەناوبردوە ، ئەگەر سیمۆنە کورد بوایە؟ ئەوە لەمێژبوو هەر لەیەکەم ڕۆژەکانی بەرگرێوە دەمان فرۆشت. گەر ئەوەشمان بۆنەکرایە ئەوە وەک چۆن لەشەڕی بەردەقارەماندا شیخ مەحمود بریناردەبێت ، کوردێکی خۆفرۆش دەسنیشانی دەکات بۆ ئینگلیزەکان چونکەلەوکاتەدا ئنگلیزەکان نەیان زانیوە کامە شیخ مەحمودە ، سیمۆنەشمان والێدەکرد .
کاتێک ئێمە لەو چیایەبووین ئەوەی لەشەڕکردن فێربووین ، لەخۆمانەوە بوو ، زۆربەی زۆری قوربانێکانیشمان لەنەشارەزایەوە گیانیان بەخشی ، ڕەنگی جلوبەرگەکانی بەرمان مانای ئەوەبوو بەنیازی سەرفرازی نەبووین ، ئەدەبیاتەی کە لەبەردەستمانەبوو کە خۆمانی پێپەروەردەکەین ، هونەری جەنگ نەبوو چەند کتێبێکی عەزیز نەسین و هۆنراوەی ئەو شاعیرانەبوو کە باسی گوڵی چیایان دەکردوو خۆشیان دەبوونەسەرباز و ئێستاش لەدەمدرێژی نەکەوتوون ئەگەر لەژیاندا مابن .
چیرۆکی خیانەتکردن لەناو ئێمەدا سنوری ناشرینی شکاندوە ، لەوەش تراژیدیاتر ڕێزگرتنمانە لەخائینەکان کاتێک دەمرن .
سەرچاوەکان :
Wikipedia
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست