گەر گا باش جووتی نەکرد، خوێڕێتی خاوەنی پاڵەکەیە
Saturday, 13/03/2021, 22:13
بنەماڵەی بارزانی خائین و خۆفرۆش لەڕێگای عارف قوربانی ڕاوێژکاری مەسعودەوە خەریکی گۆڵمەزێکن کەوەك نەریتی قێزەوەنیان هەمیشە کەتنێك ئەنێنەوە و دواتر خۆیانی لێبەری ئەکەن. دوای ئەوەی بنەماڵەی جاش و بەکرێگیراوی بێگانە ئەوەی حزبی بەعس و داگیراکەران دژ بە میلەتەکەمان بۆیان نەکرا، ئەمان هاتن و بۆیان تەواو کردن ،هەر لە هەڵتەکاندنی کۆمەڵگا و وونجر وونجر کردنی هەرچی بەها و ئاکارە جوانەکان و پچڕاندنی هەرچی شیرازە و ڕایەڵەکانی بەستنەوەی توێژەکان و تێکەڵاو کردنی کلتوورە ناهەموارەکان بە هی کوردەواری خۆمان و هیچ و پووچ کردنی کەسایەتی کورد بە گشتی و پێشمەرگە بەتایبەتی،، و دەیان و سەدان ڕەفتاری تری ناشرین و نامۆ دژ بە گەلەکەمان، وا ئێستاش ئەیانەوێ کلتووری ئازایەتی وجوامێریمان بگۆڕنەوە بە هی ئەو کۆمەڵە و گرۆپانەی کە لەدنیای سەردەمدا نەك هەر شوێنیان نەماوە، بەڵکە بەر نەفرەتی مێژوو و سەراپای گەلان، بوونەتەوە.
عارف قوربانی کە تەنها قوربانی پارە و دۆلاری مفتە و لەژیانیدا پارەی ئارەقەی نێوچەوانی پەیدا نەکردوە و هەر خەریکی جوانکردن و فوو تێکردنی ئەو کەس و حزبانەن کە مێژووی پڕ خیانەت و جاشایەتیان لیپاو لیپ لێی دائەچۆڕێ و هەرچی مانای کوردبوون و جوانی بێ ، تیایدا نەماوە. ئەم کەسە وەك خەمخۆری دایکی جگەر سووتا و و باوکی مناڵ و کوڕ کوژرا و خوشکی هەناسە ساردی خێزان فەوتاو،نمایش ئەکا و ئەڵێ؛ کورد پێوستە ماوەیەك ببێ بە ڕەگەزپەرست و فاشی و ژن و مناڵ کوژ. لەبەرئەوەی پێی وایە مادامەکەی ئەردۆگان و سوپاکەی ژن و مناڵی کورد بەبێ تاوان ئەکوژێ، ئێدی کورد پێوستە هەمان میتۆد بەکار بهێنێ و لەجیاتی ئەوەی مناڵێکی کورد بکوژرێ ، کوردیش بچێ 10 مناڵی تورك بکوژن.
ئەڵبەت ئەم جۆرە لێدوانانە و پێشنیارانە ، خودی بارزانی و بنەماڵەکەی نایەت خۆیان بەڕاستەوخۆ باسی لێوە بکەن و کەسێکی وەك ئەم عارف قوربانیە ئەدۆزنەوە و لەڕێگای ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەو گۆڵمەزە دروست ئەکەن. ماوەیەك لەمەو پێش (حەمکۆ)ی پاراستن لە کورتە ڤیدیۆیەکدا وویستیان گۆڵمەزێکی وا دروست بکەن لە نێوان سوننی و شیعی کە کورد تێوە بگلێنن. کە دیارە ئەمەش تەنها بە زەرەری خودی کورد تەواو ئەبوو. خۆشبەختانە لەو کەتنە شیعە لەوان زیرەكتر بوون و زانیان بنەماڵەی بارزانی کار بۆ نانەوەی کێشە و قەیران و ئاریشەن . ئەم بنەماڵەیە تەنها لە زەلکاوی بۆگەن و کێشەدا ئەتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.لەوەتی ئەم بنەماڵەیە هەیە هەر خەریکی کێشە دروست کردنە بۆ ئەوەی کورد بکەنە دوژمنی یەکتری لەلایەك و دوژمنی چوار دەوری خۆی.
وا ئێستاش لەڕێگای عارف قوربانیەوە ئەیانەوێ کورد بکەنە ڕەگەز پەرست و شۆڤینی و هەمان ڕەفتاری جەندرمە و سوپای تورك مامەڵە بکا.. ئەیانەوێ بۆ جیهانی بسەلمێنن کە کورد میلەتێکی بەربەری ،ژنکوژ و مناڵ کوژە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە دیل کوشتن، ژن و منداڵ کوشتن هەرگیز و هەرگیز لە کورد نەوەشاوەتە و هیچ کاتێکیش پەنای بۆ نەبردوە. ئەوە چ لۆژیکێکە تورکیا دێت ژن و مناڵ ئەکوژێ و لەوەش نالۆژیکتر تۆش بێت و هەمان شت دووبارە بکەیتەوە؟! ئەی کەواتە چ جیاوازیەك ئەمێنێ لەنێوان ئەردۆگان و ئێمەدا گەر کاری وا بکەین! ئەو ژن و مناڵە کوردە بێتاوانەی سووپای تورك و جەندرمە ئەیان کۆژێ نابێ پاساوی ئەوەمان لا دروست بکا ، ئێمەش هەمان کاری ئەوان بکەین.. عارف قوربانی باشتر بوو پێشنیاری ئەوەی بکردایە کە لەجیانی ئەو کوردە بێ تاوانانەی سووپای تورك ئەیان کوژێ، کورد پێوستە زیاتر دەنگیان بگەیەنێتە جیهان و لە دەرەوە کامپینیان بۆ ڕێك بخا و لە بەرەی جەنگەکان کورد تۆڵەیان بستینێ و تەڕو ووشك پێکەوە نەسووتینێ. پێوستە کورد لە خوێنیان خۆش نەبن و تەنها ئەوانە بکەنە ئامانج کە پیاوی دەوڵەت و جاشەکانیان و سیخوڕەکانیان.
تاکە جوانیەك لە کوردا هەبێ ئەو ئازایەتی و جوامێرییەتی کاتێ لە جەنگدا پەیڕەوی یاسا نێو دەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانن. نابێ دیل و ژن ومناڵ بکوژرێن لەژێر هەر پاساوێکدا بێ. سەردەمی نازیەت و شۆڤینی و ئەپارتەید و بەعسیزم کۆتایی هات و ناکرێ جارێکی تر ، چاوویان لێ بکرێ. ئەمەی عارف داوای ئەکا و پێشنیاری بۆ ئەکا ، تەنها هەوڵێکە لەلایەن دەزگای میتی تورکەوە بۆ ئەوەی هاوکاری وپاڵپشتی بۆ کورد نەمێنێ و کوردیش وەك تیرۆریست و داعش بناسرێن.
تێبینی:
پێشینان پەندێکیان هەیە کە دەڵێت: (گەر گا باش جووتی نەکرد، خوێڕێتی پاڵەکەیەتی) بۆ ئەوەی پەندەکە لەگەڵ ناوەرۆکی نووسینەکە بگونجێت ناونیشانی نووسینەکەمان بەو شێوەیە لێکرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست