کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کام بەرهەم هەیە دەستی کرێکارو جوتیاری پێوە دیار نەبێت؟

Wednesday, 10/03/2021, 0:26


زۆرجار وادێتە پێش دیدەمان،کە ئەوەی ژیان هەڵدەسوڕێنێت و ڕێکی دەخات،حکومەت و دەوڵەتەکانن،نەک ئەوانەی ڕۆژانە بەشدارن و کاردەکەن لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی کۆمەڵگەکاندا. هەر ساتەی مرۆڤ بڕێک ورد ببێتەوە لەهەر بستێکی چواردەوری خۆی،هەرساتەی دەست دەبات بۆ پارویەک نان خواردن،هەر ساتەی دەست دەبەیت بۆ پۆشاکێک بیپۆشیت،هەرساتەی دەست دەبەیت بۆ شامپۆیەک بۆ فڵچەیەکی دان شتن بۆ هەویری دان شتن بۆ ئەو پلاکەی گڵۆپەکەی پێ ڕوناک دەکەینەوە،بۆ ئەو دوش و سەرئاوەی بەکاری دەهێنین،بۆ،،،،،هەهەرساتەی بەسەر ڕێگەکاندا هەنگاو هەڵدەگرین،هەرساتەی ماشێن و فڕۆکەو کەشتی و شەمەندەفەر بەکار دەهێنین،هەرساتەی،خۆڵوخاشاکی پاشماوەکانمان دەبەین تافڕێی بدەینە شوێنی تایبەتەوە،لەو ساتەدا،ڕێی تێدەچێت،شوێن دەستی کرێکاران و جوتیاران نەبینین؟ کەوایە،بەڕاستی ژیان هەڵسوڕێنەرانی واقعی کێن؟ ئاخۆ تەنها ئەو چینە بەرهەمهێنەرە نین؟ ئاخۆ گەر ئەوان تەنها بۆڕۆژێک لەکارەکانیان ڕاوەستن،ژیان و هەڵسوڕان توشی نوشستی نابێت؟ کەوایە ئەوەی زیندوێتی و جوانی و مانا بەژیان دەبەخشێت،چینە بەرهەمهێنەرەکانن یان ئەوانەی دەسەڵاتدارو فەرمانکارن؟ ئاخۆ کرێکاران و جوتیاران زۆرینە نین لەهەر کۆمەڵگەیەکدا؟ ئاخۆ،توێژی دەسەڵاتداران و توێژی ڕابەرانی ئاینەکان و توێژی سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و بیرمەندان و فەیلەسوفان ، هونەرمەندان و ئەدیبان،گەر هەمویشیان کۆبکرێتەوە،ئەوانە دەتوانن ژیان هەڵسوڕێنن گەر کرێکاران و جوتیاران نەبن؟ کەوایە،کام بەش لەکۆمەڵگەدا زیادەیە،چینی بەرهەمهێنەران،یان ئەو چینە مشەخۆرەی کەمایەتیەک پێک دێنن!؟

دەسەڵات،گەر بۆخۆی پێکهاتەکەی لەسەر دزینی بەری ڕەنج و ماندوبونی چینەچەوساوەکان و برەودان بەچەوساندنەوەی چینایەتی نەبوایە،ئەوکات،شەڕکردن لەسەری پێویستیەک نەدەبو،گەر مانای دەسەڵات،ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیە نەبێت،چۆن ڕێی تێدەچێت خیانەت و گەندەڵی و کۆمەڵگە فرۆشی و دەست بەسەر سامانی گشتیدا برەوی پێ بدرێت!،گەر دزین بەمانای خۆی بەرهەمی بونی ئەو چینوتوێژە کەمایەتیە نەبوایە،ئەوکات شتێک نەدەبو بەمانای وشەی دزی،شتێک نەدەبو بەمانای چەوساندنەوەی ژن و چەوساندنەوەی هەژار کراوانەوە. چونکە،کاتێک بەری ڕەنجی کرێکاران لەلایەن خاوەنانی سەرمایەو ئەوانەی ئامرازەکانی بژێویان لەژێر هەژمونی تاک و تاک ڕەوێتی خۆیان ناوە،نەدزرایە،ئەوکات،شتێک بونی نەدەبو بەناوی دەوڵەمەندی و هەژاریەوە!

 ئاخر با بڕێک ورد ببینەوە،لەوساتەوەی کاری جەستەی و کاری فیکری لەیەکتر دابڕێنران،ئیتر لەو ساتەیشەوە،خاوەندارێتی تایبەت و خوداو پەیامهێنەرو چینی ئەریستۆکرات و چینی خاوەن کۆیلەو سەردارو ئاغاو شێخ و دەرەبەگ و سەرمایەدارو پاپاو حاخام و مەلاو فیرعەونیش کرانە پێویستی و شوێنێکی تایبەت بەخۆیان بۆ دیاری کرا،یانی ئەو شوێنەی ناویان لێنا، دیوەخان و پەرستگاو حکومەت و دەوڵەت،ئەوان بونە سەردارو زۆرینەکەیشیان کرد بەکۆیلەی ژێر دەستی خۆیان. بۆ؟ ڕەوایەتیەکەی لەکوێدایە،گەر بەڕاستی ئەوانە داگیرکارو دزی گەورەی بەری ڕەنجی بەرهەمهێنەران نەبوایەو دەسەڵاتیان ئاوا پیرۆز نەکردایە،ئەوکات دەیانتوانی ببن بەخاوەنی هەموشتێک،ببنە خاوەنی سەرزەوی و ئاسمان!؟

ژیان و بەهاو پێگەی مرۆڤ بونی لەنێو شوێنێک کار دابەشکردن تێیدا سەپێنرا،ئیتر،ئەوەی تەنها ناوی بەهایەک بێت و شایان بەپێگەی مرۆڤ بێت،تەنها لەنێو خاوەندارێتی تایبەت و بڕی سامانێک لای هەرکەسە،خۆی پێناسە کردوە،یانی تاڵانچی و دزو ڕێگرەکان،بونە خاوەن بەهاو جێگەوڕێگەی لەسەرو کۆمەڵگەوەو ئەوانەیشی هەڵسوڕێنەری ژیانن،بون بەمرۆڤی چەوساوەو جێی بەزەی! ئاوایە ڕێکخستنی ژیان لەنێو کۆمەڵگە چینایەتیەکاندا.

 گەر کرێ و کڕین و فرۆشتن بەهێزی کاری کرێکار وەک کاڵایەک نەبوایە،ئەوکات زێدەبای و کەڵەکەی سەرمایە و دەوڵەت و یاساو دادگاو زیندان و پەرلەمان و حکومەت چ پێویستیەکی دەبو؟ ئاخۆ گەر دنیای جیاوازیە چینایەتیەکە نەبێت،بۆ دەبێت ژن وەک مرۆڤێک نەبێت و هەمیشە خوارتر لەبونی پیاو ببینرێت و وەک کاڵایەک ساتوسەودای پێوە بکرێت؟ ئەوەی نهێنیە لەم نێوەدا،قازانج و بەرژەوەندی ئەو چینە چەوسێنەرەیە کە دەسەڵاتی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتی هەم پیرۆز کردوەو هەمیش بەکۆی توانای بەرگری لەمانەوەی دەکات،هەربۆیەشە،تا ئەم جیاوازیە چینایەتیانە بونیان هەبێت و تائەوساتەیش بەکاڵا کردنی ژن و هێزی کاری کرێکار برەوی پێدەدرێت،یانی درێژەدان بەدزی کردنێکی یاسای و شەرعیانە!؟ ئیتر ئاوایە،مانای دەسەڵاتی چینایەتی!

مانەوەی دنیای چینایەتی،نەک لەبەرژەوەندی هەڵسوڕێنەرانی ژیان نیە،بەڵکو تادێت،لەو قۆرخکاریەی خاوەنکارو دەوڵەتمەداران و حکومەتەکان دەیسەپێنن و کۆی هۆکارەکانی ژیان لەژێر خاوەندارێتی ئەواندایە،بونێک و مانایەک بۆژیان هیچ نیە بێجگە لەملکەچی و بێ بەها کردنی ژیانی گشتی. چینی کرێکارو جوتیارو کۆی بەرهەمهێنەران لەبوارەکانی زانست و داهێنان و تەندروستی  و پەروەردەیدا،تەنها چینێکن کە هەڵسوڕاندنی ژیان شایستە بەوانە. چونکە بەبێ کۆتایهێنان بەو هەژموندارێتیەی دەسەڵاتی چینەچەوسێنەرە کەمایەتیەکە ناتوانرێت ژیانێک ڕێک بخرێت هەموان پێکەوە وەک مرۆڤ تێیدا بەهرەمەند بین.

ژیانی بێ ئەو چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارە،ئەو ژیانەیە مرۆڤ تێیدا ئازادو تەندروست و خاوەن پەروەردەی مەزن و خاوەن خۆی و چ جۆرە چەوساندنەوەیەکی ڕەگەزی و چینایەتی لەوێدا بونی نامێنێت،یانی کۆتایهێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی تایبەت کراو بەچینێکی مشەخۆری پوچی کەمایەتی. ئاخۆ گەر کۆی دەسەڵاتداران و بەرپرسان و پلە دارەکان و ڕابەرانی ئاینەکان،ڕۆژانە ببرێن بۆ پاک کردنەوەی شەقام و حاویەکان و کار کردن لە کارگەو بازاڕو مەزراکان،چی لەدنیا دەگۆڕێت؟ ئاخۆ کۆتای ژیان دەبێت،یان لەوێدا ژیان مانای خۆی پەیدا دەکات،بەبێ لێڵی. تەنها ڕێکخستنی واقعیانەی ژیان،لە ڕێکخستنێکی هەرەوەزیانەی یەکسانیخوازانەدایە، نەک ئەم ڕێکخستنە قێزەون و پیسە جەنگەڵستانیەی هەزاران ساڵە درێژەی پێدەدرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە