دووكەڵی ئاگر
Sunday, 07/03/2021, 0:15
بێ شك کاتێ چاوو سوورکردنەوە و هەڕەشەی دیبلۆماتکارەکان دەست پێ ئەکا، ئەوا ئاگری جەنگێك بەڕێوەیە. هەریەك لە کونسوڵی ئێران و تورکیا دەست ئەکەن بە تۆمەت هۆنینەوە بۆ یەکیدی و هەریەکەیان ئەیانەوێ ئەوی دی تۆمەتبار بکا لەمەڕ کێشەیەك وەیان هەر باسێکی هەنووکەیی، ئەوا ئەمە تەنها دەست پێکێکەوە و دواتر هەنگاوە پڕ مەترسی و پیلان دانان بۆ جەنگێکی کاولکار، خۆلادان لێی مەحاڵە.
تورکیا لەمێژە ئەیەوێ بەهەر بەهایەك موسڵ و کەرکوك بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بەرژەوەندیە داگیرکاریەکانی پێ دابین بکا. لەهەمان کاتیشدا مڕی لەسلێمانی خۆش کردوە و ئەزانێ گیانی کوردایەتی و دڵە هەرە گەورەکە لێرەوە خوێن دەرباز ئەکا بۆ بەشەکانی تری کوردستانی گەورە. هەر کات توانی ئەم ئامانجە بپێکێ، ئەوا مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کۆتایی پێدێت. بۆیە گەر موسڵ و کەرکوك بۆ تورکەکان شادەماری ئابووریان برەو پێ بدا، ئەوا بێ شك تاکە لەمپەر لە نەهاتنی ئەم خەونەی ئەردۆگان، نەمانی گیانی شوڕشگێڕی کوردایەتیە کە وا سلێمانی هەر لەسەرەتاوە، مەشخەڵەکەی هەڵگرتوە. سلێمانی تاکە شاری کوردیە کە لەسەر دەستی کورد خۆی و لەمێژووی هاوچەرخدا،بنیاتی ناوە ، بۆیە ئەبینین دوژمنانی داگیرکەر هەموو هەوڵ و تەقەلایان ئەوەیە بۆ دەستەمۆ کردن و خەساندنی ئەم ووزە کوردایەتیە بەهێزە.
لەتەك تورکیا و خەونە نەزۆکەکانی، ئێرانیش هیچی لەو کەمتر نیە لەڕێگای هێزە شیعەکان و وەحشی شەعبیەوە دەستی ناوەتە بینەقاقامان و هەرکاتێ هەلی بۆ ڕەخسابێ ، هیچی لە تورك کەمتر نەکردوە بەرانبەرمان. کەواتە ئەوەی ئێران و تورکیا لەلیواری جەنگ نزیکتر ئەکاتەوە، خۆبەزلزان و بیرکردنەوە هەڵانەن کە خۆیان بە خاوەن ماڵ و سەردەستی ناوچەکە ئەزانن . بۆیە ئێستا لەسەر شەنگار کەووتوونەتە سەنگەر لێدان لەیەکتری و هەریەکەیان بەجۆرێ بەرخورد بۆ دۆزەکە ئەکەن.
بنەماڵەی بارزانی بەشێکی زۆر لەم ئەژندا نەگریسانەی داگیرکەرانی کوردستانی لە ئەستۆ گرتوە و هەنگاوەکانیان یارمەتیدەرێکی گوێڕایەڵ و گیان لەسەر دەستن. بۆیە ئەرکی هەموانە لەتەك خوشك و برا ئێزیدیەکان هەموو هەوڵ و کۆششمان بدەین تا زیاتر پاڵپشتی گەریلا بین بۆ ئەوەی جارێکی تر پارتی ئاوا بەنامەردانە گورگان خواردوویان،نەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست