کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عێراقێکی عه‌ره‌بیی داگیرکه‌ر، کوردێکی ژێرده‌ستی بێماف و بڕیار

Friday, 31/01/2003, 0:34


دوای ته‌واوبوونی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م،و (27) ساڵ به‌ر له‌ دروستبوونی ئیسڕائیل  ئینگلیزه‌کان ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بییان له‌ ساڵی (1921)دا به‌ ناوی (عێراق) دروستکرد.  ساڵی (1925)یش ولایه‌تی موسڵ که‌ کوردستانی باشوری ده‌گرته‌وه‌ خرایه‌ سه‌ری. عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێک پێناسه‌ی خۆی وه‌رگرت.  ئیدی به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو سیاسه‌تی ڕه‌وکردن و به‌عه‌ره‌بکردنی موسڵ و که‌رکوک و ناوچه‌کانی دیکه‌ ده‌ستییان پێکرد.
له‌ ساڵی (1948)ه‌وه‌ له‌ ئیسڕائیلدا  ئه‌وه‌ی  به‌ سه‌ر عه‌ره‌به‌ فه‌له‌ستینییه‌کاندا ڕووده‌ده‌ن، له‌ ساڵی 1925ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی عێراق به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ به‌ سه‌ر کوردیاندا هێناوه‌.
ئه‌مڕۆ موسڵ وه‌ک به‌شێک له‌ کوردستان له‌ بیر زۆر که‌س چۆته‌وه‌. کاتێک نه‌خشه‌ی کوردستان و ناوچه‌ کوردنشینه‌کان ده‌کێشرێت، حیزبه‌ کوردییه‌کان، ڕوناکبیران و نووسه‌رانی کوردیش موسڵ به‌ به‌شێک له‌ کوردستان دانانێن، به‌ڵکو به‌ دوودڵییه‌وه‌ ده‌ڵێن ئه‌و شاره‌ کوردیشی تێدایه‌.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی عێراقه‌وه‌،  زوربه‌ی خوێنده‌وار، سیاسه‌تمه‌دار  و ڕوناکبیرانی کوردیش که‌،  هه‌ندێکیان بوونه‌ وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، کاریان بۆ مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی کرد. کوردییان به‌وه‌ گۆشکرد وه‌ک هاوڵاتییه‌کی عێراقی خۆی بناسێت. ئه‌وه‌ 80 ساڵه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌فتار ده‌که‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وهه‌موو شۆڕش و قوربانییه‌ زۆره‌ی، حیزبه‌ کوردییه‌ عێراقییه‌کان به‌ کوردیان داوه‌، بڕوایان به‌ ڕزگاری و مافی چاره‌نووس نییه‌ و  به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ  پێنه‌بووه‌، هه‌ر وه‌ک بڵێی ڕاسپارده‌ی داگیرکه‌رانی کوردیان به‌جێهێنابێت. ئه‌و حیزبانه‌ بیانووی زۆریان بۆ ئه‌مه‌ پێیه‌. کوردیش نه‌فامی زۆری تێدابووه‌ که‌ ئیستاش گوێیان لێده‌گرن و کاریان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن.
ئه‌وان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقێکی عه‌ره‌بی دیموکراتدا، بڕوایان به‌ مافی خودموختاری، ئۆتۆنۆمی و فیدرالییه‌. له‌ وڵاتێکدا هێشتا بیر تێیدا گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ و مرۆڤی عه‌ره‌ب بۆ خۆشی  سه‌ربه‌ست نییه‌.

فه‌ڵه‌ستینییه‌کان چۆن ئه‌مڕۆ له‌ جوه‌کانی ئیسڕائیل ده‌ڕوانن، هه‌موو هه‌وڵێکی دیبلۆماسیانه‌ و کاری تێرۆریستانه‌ دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌  ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئێمه‌ی کوردیش ده‌بوو وامان له‌و عێراقه‌ بڕوانیبایه‌ و کارمان بۆ تێکدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بکردایه‌، به‌ڵام مه‌خابن کورد بۆیه‌ نه‌یتوانی وه‌ک فه‌له‌ستینییه‌کان مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌که‌ی خۆیدا بکات، چونکه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پارته‌ کوردییه‌کان و حیزبی شیوعی عێراقی (که‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانیان کورد بوون) زێدتر دروشمی عێراقیبوونی خۆیان بڵند ڕاده‌گرت و به‌ره‌نگاری دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردیی ده‌بوونه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینییان ده‌ڕوانی، له‌ کاتێکیشدا گه‌لێک له‌ ڕێکخراوه‌ فه‌له‌ستینییه‌کانیش ده‌هاتنه‌ کوردستان و  ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕیان دژی شۆڕشی کورد ده‌کرد.
ئه‌مڕۆ عێراق که‌، وڵاتێکی خاوه‌ن نه‌وته‌. ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بیشه‌. ڕژێمێکی خاوه‌ن ئه‌زمونی ئه‌نفال و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ و فێرگه‌ی تێرۆریستانه‌. حیزب و سه‌رکرده‌کورده‌کان، له‌ بچوکی خۆیان و بێده‌سه‌ڵاتی میلله‌ته‌که‌یانه‌وه‌ که‌، ناوی (هه‌رێم)یان له‌ باشوری کوردستان ناوه‌. به‌شانازییه‌وه‌ شوناسنامه‌ی عێراقییان به‌ باڵای خۆیاندا داده‌بڕن. هه‌موو کارێک بۆ هێشتنه‌وه‌ و خزمه‌تکردنی ده‌که‌ن.  به‌ هیوان پاش نه‌مانی سه‌ددام ئۆپۆزیسیۆنی عه‌ره‌ب، مافی کورد له‌ عێراقێکێکی دیموکراتدا قبوڵ بفه‌رموێت.  ئه‌وان نه‌ک خۆیان به‌ڵکو میلله‌تێکی بێماف و بێبڕیاریشیان له‌ ئامێزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ گرتووه‌. عێراق به‌نیشتیمانی کورد ده‌زانن.

تێبینی:

 ئه‌م چه‌ند دێڕه‌، نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سیاسی قووڵ نییه‌. هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی مێژووه‌ که‌ بۆ بیره‌وه‌ هێنان هه‌ڵمداوه‌ته‌وه‌.  بۆ ئه‌وه‌شه‌ قه‌ڵه‌م نه‌ترسان بجوڵێن و به‌ ویژدانه‌وه‌ په‌تی بێده‌نگییان بپسێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە