کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆرانییه‌کان مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ن (بەشی دووەم)

Sunday, 05/01/2003, 0:29


ـ دوێنی دراوسێ که‌رکوکییه‌که‌مان که‌، تازه‌ ئه‌و خانووه‌ی به‌رامبه‌رمانی کڕیوه‌، له‌گه‌ڵ یه‌کێکی دیکه‌دا له‌ ده‌رگایاندا و پرسیاری ئه‌وه‌یان لێکردم ئایا ده‌مانه‌وێت خانووه‌که‌مان به‌ براده‌ره‌که‌ی بفرۆشین !؟
له‌ وه‌ڵامدا وتم: نیازمان نییه‌، به‌ڵام چه‌ندمان ده‌ده‌نێ ئه‌گه‌ر مێرده‌که‌م به‌مه‌ ڕازی بوو؟
ـ  هه‌ر نرخێک داده‌نێن، ئاگادارمان بکه‌ره‌وه‌، ئه‌وسا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین؟
له‌گه‌ڵ دوا قسه‌و ماڵئاوایی‌کردنیدا ده‌ستێکی ئومێدنه‌بڕانی خسته‌ سه‌ر شانی براده‌ره‌که‌ی، که‌ تا ئه‌و کاته‌ به‌ بێده‌نگی و سه‌رله‌قاندن هاوبه‌شی گفتوگۆکانمانی ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ باسه‌که‌م بۆ مێرده‌که‌م گێڕایه‌وه‌، کوڕه‌ گه‌وره‌که‌م نه‌یهێشت باوکی ده‌می بکاته‌وه‌ هاواری به‌سه‌رماندا کرد:
ـ ئه‌وه‌ چی ده‌ڵێیت!؟ ئه‌م کابرا واوا لێکراوه‌ چووه‌ له‌ دوو سێ ماڵی کۆڵانه‌که‌ی ئه‌ودیویشمانی داوه‌، هه‌مان پرسیاری لێکردوون. ڕۆژ نییه‌ ئه‌م کابرایه‌ خۆی به‌ ڕێکخراوه‌ تورکمانییه‌که‌ی ئه‌و به‌ر فولکه‌که‌ی خاڵه‌حاجیدا نه‌کات.  بۆ ئه‌وان کارده‌کات! کێ ناڵێت ئه‌وان ڕایان نه‌سپاردووه‌.

(که‌ من له‌ سلێمانی باسی مه‌ترسی و چالاکی تۆرانییه‌کانم باس‌ده‌کرد، ناسیاوێکیشم له‌ گه‌ڕه‌کی ئاشتی، ئه‌وه‌ی له‌ زمانی دراوسێکه‌یانه‌وه‌ بۆ گێڕامه‌وه‌).

*********
گه‌ڕه‌کی ئاشتی، گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره‌ و قه‌شه‌نگی شاری سلێمانییه‌. ساڵی 1981 که‌ من سلێمانیم جێهێشت،  ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ هێشتا نه‌بوو، یان بوو به‌ڵام چه‌ند خانوویه‌کی که‌می تێدا دروست کرابوو. له‌و دوواییه‌دا ڕژێمی به‌عس بۆ کاربه‌ده‌سته‌کانی (ئه‌من) چه‌ند ڕیزه‌ خانوویه‌کی تێدا دروستکرد و ناوی (دور الامن)ی لێنا، ئیتر هه‌رچی کاربه‌ده‌ستی ئه‌و ده‌ستگایه‌ هه‌بوون خۆیان ڕژانه‌ ناو ئه‌و گه‌ڕه‌که‌وه‌، بوو به‌ گه‌ڕه‌کێکی قه‌ده‌غه‌کراو و هه‌میشه‌ له‌ ژێر چاودێریدا بوو.  خه‌ڵکی بۆیان نه‌بوو  بێهۆ توخنی ئه‌و ناوه‌ بکه‌ون، یان شه‌وانه‌ تێیدا بسووڕێنه‌وه‌. پاش ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کی ساڵی 1991، گه‌ڕه‌که‌که‌ کرایه‌وه‌ به‌ کوردیی و ناوی (گه‌ڕه‌کی ئاشتی) به‌سه‌ردا دابڕا.
ئه‌مڕۆ ڕێکخراوه‌ تۆرانی و داموده‌سگاکانی میت و وێستگه‌ی ڕادیۆ و فێرگه‌ و قوتابخانه‌ تورکمانییه‌کان له‌م گه‌ڕه‌که‌دا کۆبوونه‌ته‌وه‌، جموجۆڵیی و چاڵاکی خۆیانی تێدا ده‌که‌ن.
 کابرایه‌کی شۆڤێر که‌ منی تا ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ گه‌یاند گێڕایه‌وه‌:
ـ  ڕۆژێک باوکێک و منداڵه‌که‌یم تا ئه‌و قوتابخانه‌ تورکییه‌ گه‌یاند، به‌ ده‌م باسی ئه‌وه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ ئه‌من و عه‌ره‌بی تێدا بوو، پێش دابه‌زین به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ پێی وتم:
ـ  کێ ناڵێت چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ ئه‌گه‌ر تۆمان تووش بووه‌وه‌ و پێت ناڵێین: ئا تا (دور الترکمان)مان بگه‌یه‌نه‌!.

                                                                       *********
ئه‌و کوردانه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌ که‌رکوک و خانه‌قین و ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ده‌ریان ده‌کات و؛ هانا بۆ ناوچه‌ڕزگارکراوه‌ کوردییه‌کان ده‌به‌ن، زۆربه‌یان له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوو و خێرخوازه‌کانه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌درێن و شوێنی هه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابین ده‌کرێن، له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم لێیان به‌رپرسه‌. کارمه‌ندێکی ڕێکخراوی قه‌ندیل (که‌ پێی خۆش نه‌بوو ناوه‌که‌ی ئاشکرا بکه‌م) له‌ سلێمانی ده‌گێڕێته‌وه‌: له‌  ساڵی  (2001) ئه‌و ڕێخراوه‌ به‌نیازبوو پردێکی گه‌وره‌ له‌ قلیاسان دروست بکات. (سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌)ی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی نیشتیمانی، سێ که‌سی له‌ پیاوه‌ (به‌ڵێنده‌ره‌!)کانی خۆی نارده‌ سه‌ریان و به‌ نیمچه‌ هه‌ڕه‌شه‌کردنێکه‌وه‌ داوای لێکردن تا کاری دروستکردنی پرده‌که‌ به‌وان بسپێرن. هه‌ر ئه‌و کارمه‌نده‌ی ڕێکخراوی قه‌ندیل گووتی: یه‌کێک له‌ هۆکانی وازهێنانمان له‌ پرۆژه‌ی دروستکردنی پرده‌که‌  ئه‌م ده‌ست تێخستنه‌ی (سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌) بوو. ئه‌و گێڕایه‌وه‌: هه‌ر ئه‌و به‌ڵێنده‌ر و پاره‌دارانه‌ن که‌ به‌ کاری درووستکردنی ڕیزه‌ خانوو بۆ ئاوه‌ره‌بووه‌کانیش هه‌ڵده‌ستن، پاش ته‌واوبوونیان لێپرسراو و کاربه‌ده‌ستانی دیکه‌ی یه‌کێتی هه‌ن، که‌ پێکڕا زنجیره‌یه‌کی به‌یه‌که‌وه‌ به‌ستراوی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن؛ که‌ به‌سه‌ر ئاواره‌بووه‌کاندا دابه‌شی‌ده‌که‌ن.

له‌ ساڵی(1948)ه‌وه‌  زۆربه‌ی فه‌له‌ستینییه‌ نیشته‌جێبووی ژێرچادره‌کانی (لوبنان) و (ئوردون) و شوێنی دیکه‌، له‌ناو چادره‌کانی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌، هیچ حکومه‌تێکی عه‌ره‌بی، ڕێکخراوی فه‌له‌ستینی، هه‌تا فه‌له‌ستینییه‌ ئاواره‌بووه‌کان بۆ خۆشیان ڕازی نیین ده‌ربچن و به‌سه‌ر شوێنی دیکه‌دا دابه‌شیان بکه‌ن. ئه‌وان ده‌ڵێن به‌ ده‌رچوونمان له‌ ژێر ئه‌م چادرانه‌دا! کۆتاییهێنانی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین و مانای نه‌گه‌ڕانه‌وه‌مانه‌ بۆ خاک و وڵاتی خۆمان. پارته‌ کوردییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئێمه‌ش زۆر به‌ هاسانی مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌بووه‌کانی که‌رکوک و خانه‌قینیان بۆ چاره‌سه‌رکردووین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان دڵسۆزییه‌کیان بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد نییه‌، به‌ بۆچوونی خۆیان  پاشه‌ڕۆژی کوردستان ڕۆشناییه‌کی تێدانابینرێت، بۆیه‌ گیروگرفتی ئاواره‌بوون و وڵات ‌جێهێشتنیشیان به‌لاوه‌ مه‌به‌ست نییه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ده‌ستکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و پاره‌وه‌ده‌ستهێنانی خۆیان، بێ‌گێرمه‌و کێشه‌یه‌ک ئه‌و ئاواره‌بووانه‌ بۆ هه‌میشه‌یی له‌ سلێمانی و کفری و شوێنی دیکه‌دا  نیشته‌جێ ده‌که‌ن. ئه‌وان چاک ده‌زانن که‌ به‌م کاره‌یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوه‌ره‌بووه‌کانه‌ بۆ شوێنی خۆیان، واته‌ بۆ پاشه‌ڕۆژیش ده‌ست‌هه‌ڵگرتن وکۆڵدان و له‌بیرچوونه‌وه‌ی که‌رکوک و خانه‌قین. 
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی پرۆژه‌ی جێگیرکردنی ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاواره‌بووانه‌یان زۆر له‌ لا مه‌به‌سته‌، کارێکی جیددیانه‌ی بۆ ده‌که‌ن. بێگوومان هه‌واڵی ئه‌م ئاسانکارییانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی یه‌کێتی به‌زووترین کات ده‌گه‌نه‌وه‌ ده‌م دانیشتووانی که‌رکوک و خانه‌قین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش باری گوزه‌ران و ئابووری  دانیشتووانی ناوچه‌ڕزگارکراوه‌کانی کوردستان که‌مێک له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراقی چێترن، ئه‌وانیش بۆ ده‌ربازبوونیان له‌ دۆزه‌خه‌ی به‌عس  و چاککردن و مسۆگه‌رکردنی باری ئابووری خۆیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی. به‌لاتانه‌وه‌  سه‌یر نه‌بێت  ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌شتان بۆ بدرکێنم، که‌وا هه‌ندێ که‌سی ده‌رکراو و ئاواره‌بووی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت به‌ ده‌موده‌ست چه‌ورکردنی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌منی که‌رکوک و خانه‌قین بۆ خۆیان ده‌چن داوا ده‌که‌ن تا ناوی ئه‌وانیش بخرێنه‌ لیستی ناوی ئه‌و کوردانه‌ی حکومه‌ت به‌ نیازه‌ له‌ لیستی داهاتوویاندا دووریان بخاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌پشتگیری و پلاندانان و ڕاوێژی که‌سێکی ناسیاوی خۆیان ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌نێن. ناسیاوه‌کانیشیان به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ که‌ لێپرسراوی دابه‌شکردنی  خانووه‌کانن یارمه‌تی ده‌درێن و  به‌ڵێنیان پێده‌درێن: تا ئه‌وانه‌ بێن هه‌موو یارمه‌تییه‌ک له‌ جێوه‌ ئاماده‌یه‌. ئه‌م ڕه‌وکردن و هاتن و ئاواره‌بوونه‌، واته‌ به‌رده‌وامبوونی پڕۆژه‌ی خانوودروستکردن و بازاڕگه‌رمی پاره‌په‌یداکردنی ئه‌و لێپرسراوانه‌یه‌.
له‌گه‌ڵ ڕێوره‌سمی گه‌یشتنی ئه‌وانه‌دا بۆ سلێمانی و شوێنه‌کانی دیکه‌، له‌ هه‌ندێکیشیان بڕێ پاره‌ی باش ده‌سه‌ندرێت، ئه‌میش بۆ خاتری ئه‌وه‌ی ئه‌و تازه‌ ئاواره‌بووه‌ خانوویه‌کی گه‌وره‌ و باشی له‌ شوێنێکی گونجاودا پێبدرێت، که‌ له‌ چاو خانووی ئاواره‌بووه‌کانی دیکه‌دا جوودا و تایبه‌تیتر ده‌بێت.
به‌ ماوه‌یه‌ک پاش وه‌رگرتن و گواستنه‌وه‌یان بۆ ناو خانووه‌که‌، ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌  ڕۆژی داهاتوو کاکی ئاواره‌بوو بیر له‌ کارکردن بکاته‌وه‌، بۆ نمونه‌ تاکسییه‌ک بکڕێت و کاری خۆی ده‌ست پێبکات. کاری شۆڤێری بۆ زۆربه‌ی ئاواره‌بووه‌کان پیشه‌یه‌کی چاک و گونجاوه‌. هه‌ر شۆڤێری تاکسییه‌ک له‌ سلێمانی ڕۆژانه‌ که‌مترینیان  (200دیناری سویسری) ده‌ست ده‌که‌وێت، بۆیه‌  زۆربه‌یان به‌ قه‌رزیش بووه‌ هه‌وڵی کڕینی ماشێنێک ده‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه‌ گه‌ڕ. ئه‌وه‌ی کارێکی باشیشی ده‌ستنه‌که‌وێت ئه‌وه‌ براتورکمانه‌کان ده‌موده‌ست ده‌یان گرنه‌خۆیان و پاره‌ و کاریان بۆ دابین ده‌که‌ن. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ که‌رکوک یان خانه‌قینن هه‌وڵی ده‌ربازبوون ده‌ده‌ن  ئه‌مه‌ به‌رنامه‌ی کاری دوای ئاواره‌بوونیانه‌، لێره‌وه‌ کار بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌که‌یان ده‌که‌ن.
 حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، به‌تایبه‌تی یه‌کێتیی نیشتیمانی که‌ له‌ مێژه‌ کوردستانیان به‌ داگیرکه‌ران فرۆشتووه‌، چاونه‌ترس و بێباکن، مه‌به‌ستیان نییه‌ چۆن کوردستان  کاول ده‌بێ، کورد چی لێبه‌سه‌ر دێت، ترسێکیان له‌ دڵدا  نییه‌!. ئه‌وان میلله‌تیان هه‌ڵسه‌نگاندووه‌، ده‌زانن ئه‌مڕۆ که‌سێک نییه‌ بیر له‌ لێپرسینه‌وه‌ و  دادگاییکردنیان بکاته‌وه‌، یان به‌ ڕاپه‌ڕینێک ته‌ختیان سه‌رنگوون بکات و، شوێنه‌واریان نه‌هێڵێت.
میلله‌تێکی خاوه‌ن نه‌هامه‌ت و قوربانیی گه‌وره‌ی وه‌ک کورد، که‌ له‌ سه‌ده‌ی ته‌کنیک و ئینته‌رنێتدا ئه‌مانه‌ به‌ خاوه‌ن و ده‌مڕاستی خۆی بزانێت، به‌ناو ڕوناکبیر و نووسه‌رانیشمان پشتگیریان لێوه‌بکه‌ن! به‌ڕاشکاوییه‌وه‌ ده‌ڵێم: ئه‌و میلله‌ته‌ شایسته‌ی سه‌دان ڕێکخراوی (پیره‌!) مافیا و ڕابه‌رایه‌تی ده‌یان حیزبی خزمه‌تگوزار به‌ دوژمن و داگیرکه‌رانه‌.

 تێبینی:

ئەو ماوەیەی کە لە سلێمانی مامەوە، ئەم هەواڵەی خواریشەوەم دەستکەوت >

 هه‌ر که‌سێک له‌ سلێمانی وه‌ک تورکمان ناوی خۆی له‌ لای ڕێکخراوه‌ تورکمانییه‌کان بنووسێت به‌مانگانه‌ موچه‌ی 50 دیناری بۆ ده‌بڕنه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ زۆر که‌س به‌ ده‌نگ ئه‌م بانگه‌وازه‌وه‌ چوون و  شایانی باسه‌ ئه‌و کوردانه‌ی وه‌ک جاشێکیش چه‌ک  هه‌ڵده‌گرن یان پاسه‌وانی باره‌گای ئه‌و ڕێکخراوه‌ تورکمانییانه‌ ده‌که‌ن مانگانه‌ که‌مترینیان 200 دۆلاریان پێده‌درێت، گه‌لێ که‌سیش له‌و مه‌ترسییه‌ ئاسایشی سلێمانییان ئاگادار کردۆته‌وه‌، به‌ڵام  تا ئیستا ئه‌وان هیچ شتێکیان نه‌کردووه‌. یه‌کێتی نیشتیمانیش له‌ ڕه‌فتاری ئه‌م تۆرانییانه‌ بێده‌نگه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە