کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میتافۆری و سەرۆك و وەهمی پیرۆزی و كاریزمایی

Monday, 22/02/2021, 22:15


یەكێك لە گرنگترین ئەركە فیكرییەكانی ڕۆشنبیران و تاكی بەئاگایی كورد ڕاوەستانێكی ڕەخنەییە لەبەردەم ئەو مێژووەی كە چەند مەترێك لە دوامانەوەیە و لەبەردەم ئێستاماندا كە مرۆڤ بە نائومێدییەوە لە سبەینێی دەڕوانێت ،ڕاستە ڕۆژگارێكە مێژوو تێپەڕیووەو بووەتە بەشێك لە ڕابردوو،هاوكات بەسەرهاتەكانی راستگۆیانە نەنوسراوەتەوەو بكەرە سیاسییەكان بەشێوەی حیكایەت نوسیویانەتەوە و خۆیانیان تێدا كردووەتە پاڵەوان وڕەمزو ئەفسانەو هەڵەو كەموكوڕی و شكستەكانیان خستووەتە ئەستۆی نەیارەكانیان ،هێشتا تاكی كورد لەناو تاریكی ئەو حیكایەتانەدایەو پاڵەوانەكان ڕەمزی شۆرش و موقەدەس و پیرۆزكراون ، هەر مرۆڤێك لە ژیانی سیاسی ئێمەدا كە دەبێتە "سەرۆك" ئیدی بارگاوییە بە موقەدەس و له‌ سیفاتی ئینسانی دایده‌ماڵن! سەدام حوسێنیش یەكێك بوو لەو سەرۆكانەی كە بارگاوی كرابوو بە موقەدەس و ئەفسانە ،دەرئەنجامیش بینیمان چۆن ڕۆژگارەكانی كۆتایی هات .
مێژووی پیرۆزكردن ڕەگ و ڕیشەیی دوورو درێژی هەیە ،كوردیش پێویستە لەناو ئەم مێژووەدا كلتورێكی نوی بەرهەم بهێنێت جیاواز لە كلتوری پیرۆزكردن، مرۆڤی چاخە سەرتاییەكان دەوروبەری خۆیان پیرۆز دەكرد و دەیانپەرست و دواتر لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دیاردەی پیرۆزی گۆرانكاری بەسەردا هات وگوازرایەوە بۆ ناو كلێساكان و قەشەو كاردیناڵەكان و چینی پیاوانی ئاینیی و پاشاكان پیرۆز دەكران، كاتێك شۆرشی رۆشنگەری وەكو بزوتنەوەیەكی فەلسەفی لەسەدەی" ۱۷ی ۱۸" بەرابەرایەتی چەند بیرمەندێكی ئینگلیزی و فەرەنسی بناغەی كۆمەڵگایەكی نوێیان داڕشت و دواتر فەلسەفەی ئەم بناغەیە گوازرایەوە بۆ ئەمریكا هەمووان باوەریان وابوو كە ئەم دیدە فەلسەفییە مرۆڤایەتی لە تاریكستانی سەدەكانی ناوەڕاست ڕۆشن دەكاتەوە ، دیكارت (۱٥۹۰-۱٦٥۰) یەكەمین كەس بووكە دەستەواژەی رۆشنگەری بەكارهێنا كە مرۆڤ و عەقڵ و هەقیقەتی لە یەكنزیك كردەوە ،یەكێكیش لە شۆرە سوارەكانی سەردەمی رۆشنگەری "جۆن لۆك " بوو كە رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بیناكردنی عەلمانیەتدا ، دواتر شۆرشەكەی مارتن لۆسەر دژی كڵێساو پیاوانی ئاینیی ، دواتریش جان جاك رۆسۆو تۆمازهۆبزو ڤۆڵتێرو ئادەم سمیس و...هتد بۆیە هێدی هێدی وەهمی پیرۆزی لاوازو لە ناوچوو.
دەمەوێت بڵێم رۆشنگەری پێش ئەوەی فەرەنسی بێت، ئینگلیزی بووە بەڵام مۆركی فەرەنسی بە شۆرشەوە بووە ،چونكە شۆڕشی ئینگلیزی سەدەیەک پێش شۆڕشی فەرەنسا "۱٦۸۸- ۱۷۸۹" بەرپابووەو ئینگلیزەكان توانییان پێش فەرەنسییەكان مافەكانیان لە بواری ئازادی بیرورای سیاسی وكۆمەڵایەتی و كلتوری و ئاینیی بە دەست بهێنن ،پاشان شۆڕشی ئەمریکی لە ساڵی ۱۷۷٦ زاینیی بەرپابوو، درێژەی پێنادەم و ئەوە بابەتێكی فەلسەفی فیكرییە دەكرێت وردتر تێرامانی لەسەر بكەین ، دەگەڕێمەوە سەر میتافۆری سەرۆك و پیرۆزی و ئەفسانەی سەرۆك كە تاكی كورد بە شانازییەوە پیرۆزی دەكات ،لە ناوجوڵانەوەی كوردایەتیشدا ئەم دیاردە عاتیفیە هەیە و هەندێك بكەری سیاسیش هەوڵ ئەدەن سەرۆكەكانیان بە موقەدەس بكەن وئیجباریان كردووە لەسەر هەوادارانی خۆیان كە بیكەنە ئەفسانە،بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە لە دەرەوەی ئیجاعی نەتەوەییە ولە دەرەوەی ئەو هێزانەیش كەس ئەو سەرۆكانەی پێ ئه‌فسانه‌و پیرۆزو موقه‌ده‌س نییه‌.
پیرۆزی و كاریزمایی ئەم سەركردانە لە كوێدایە كە فێریان كردین گولـلە بە سنگی یەكترییەوە بنێین !سومبوڵ و ڕەمز چۆن دەبێت خیانەتكار و ناپاك بێت بەرامبەر خەڵك و نیشتیمانەكەی ! موقەدەس چۆن دەبێت دز بێت! كاریزما چۆن دەهێڵێت میلەتەكەی برسی بێت و هەڕەشە لەسەر ناسنامەكەی هەبێت ! كاریزما و ڕەمزو سومبول گاندی و ماندێلا وكۆنفشیۆس بوون ،بپرسن بگەرێن لایەنە مێژوییەكانیان هەلدەنەوە و مێژووی میلەتەكەتان بخوێننەوە ئامارێكی باشتان دەست دەكەوێت ،مرۆڤ كاتێك به‌ ئاگاو هوشیارە كه‌ خاوه‌نی چاووزمان ودیدگایەكی ڕوون بێت بۆ بینین وتێرامان و ره‌خنه‌گرتن، باچیتر چه‌پڵه‌و ئاهه‌نگ بۆ حیزبایەتی و بۆ سەرۆكەكان گێژمان نه‌كات،پێویسته‌ چه‌پڵه‌ لێدان له‌ ته‌كنیكی حیزبیه‌وه‌ بگۆرین بۆ ستراتیژی پرۆژه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە