سلێمانی نە خێوەتی سیسرکە، نە زبڵدانی سرکە
Sunday, 21/02/2021, 23:04
بە ڕێگەی NRT2 و بەرنامەی ٧و٨ ی فەهاد پیرباڵەوە، کەش وهەوایەکی قۆشمە و فشقیات ئەخوڵقێنرێت بۆ تی ڤی و ئەو پەیچە زۆر و زەبەندانەی کە نوقسانی باس و باتەیان هەیە.
ئیتر فەرهاد پیرباڵ، ئەبێتە بنێشتە خۆشەی ناو دەمی شار و شاشە، ماوەیەک خەڵک مەڵکی پێ سەرقاڵ ئەکەن، تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پاشان ئەڵێن شێت بووە و بە شەق ئەینێرنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتووە.
ئەم پرۆژەیەی شاسوار (بە هەڕەشەی قەرزەکانی حکومەت) و پاراستن و دەسەڵات پێکەوە بۆ شێواندنی سلێمانی و بێ بەها کردنی، کایەی ڕۆشنبیریی و یاسایی و سیاسیی، بەرنامەڕێژ کراوە.
ئامانجیان؛
*سەرگەم کردن و سەرقاڵکردنی خەڵک و بەلاڕێدا بردنی هەرچی بەهای سیاسی و نیشتمانی هەیە .
* ناشیرینکردن و ڕابواردنە بە لیست و هەڵبژاردن و کاری سیاسی و حیزبی.
* بەها کۆمەڵایەتی و نۆرمی کوردەواری و کوردییەت، ئەخرێتە ژێر ڕەحمەتی (خۆ بە دیوانە کەر)ی کارمەندی دەزگا ئەمنییەکەی سەرۆکی حکومەت.
هەر بۆیە خەڵکی سلێمانی زۆر لەوە هۆشیارترن، لە لایەن شبرێکەوە کڵاو بکرێتە سەریان.
هەر بۆیە، یا ئەیکەن بە فەرماندەی کوڕێ داوێ، یان ئەبێتە مەیمونی سێرک و ئەیکەنە مەزەی موشەکەل.
هەر بۆیە لیستی فەرهاد پیرباڵ، نەک سلێمانی بێ باڵ ئەکات، بەڵکو پەڕوباڵی ئەوەش ئەکەن، کە ناردوویەتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست