پارتی سەروەرە نەك یاسا !
Wednesday, 17/02/2021, 21:46
لە ناو هێزە سیاسییەكاندا پارتی زۆرترین ڕەخنەی سیاسی و فیكری و ئەدەبی بەردەكەوێت ، هۆكارەكەیش ئەوەیە كەپارتی لە ناو مانۆڕی سیاسیدا توانای خۆبونیاتنانەوەی لە بواری سیاسەت و فیكردا نییە و ئەم لۆژیكەی كە ئێستا پارتی مامەڵەی لەناو مانۆری سیاسی دا پێدەكات جگە لە قەیران و لێكترازان لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا كاریگەری خراپی لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتیش دروست كردووە ، لەهەر قۆناغێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان قەیرانێكی دروست كردبێت ههوڵیداوه لهو قهیرانه لایهنهكانی تریش تێوه بگلێنیت ،ئامانجی پارتی له تێوهگلاندنی لایهنهكانی تر بۆ ئهوهیه كه بیانخاته ژێر باری بهرپرسیارهتی خوڵقاندنی قهیرانهوه.
لۆژیکی هەژمونخوازی پارتی نەک هەر بۆ ئەمڕۆمان بەڵکو مەترسییەکی جدییە لەسەر ئایندەی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان ،مەترسیدارترین لۆژیكی پارتی دەستبردنە بۆ دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان و سزادانی تۆمەتباران ،ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە كە پارتی لە ڕێگەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە هەم سزای تۆمەتباران دەدات و نایاساییانە زیندانیان دەكات ،هەمیش دەرگای كردنەوەی هەیە بۆ دەربازبوونی تاوانباران و دادگایی نەكردنی بكوژانی رۆژنامەنوسان، ئەم لۆژیكەی پارتی ئامانجی بێبایەخ كردن و تێکشکاندنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و وێرانكردنی دادگاكانە كە دواجار دادگاكان ناتوانن رۆڵی بێلایەنی و بەرپرسیارانەی خۆیان لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو ئاشكراكردنی تۆمەتبارو تاوانبار ببینن ،هەڵبەت ئەزمونی سالانی ڕابردوو ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێت كە بریاری (پارتی ) لە سەرەوەی بریاری یاسایەو پارتی سەروەر نەک یاسا !
لۆژیكێكی تری پارتی هەڵكوتانە بۆ سەردەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكاران ،پارتی لە قەڵەمڕەوی خۆیدا كۆمەڵگای بەتەواوی لە قاڵب داوە و هیچ هێزێك جگە لە پارتی قسەیەكی نییە بۆ ووتن !پارتیش هەرشتێك لە خۆی نەچێت پەلاماری دەدات وخۆئەگەر نا دەبێ ههمووان كۆپیهكی خراپ و بێڕۆحی پارتی بن، هێزەكانی تریش لە هەولێر میوانن ! گەورەترین كێشەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە کە لەگەڵ فەرهەنگی ڕەخنە و ڕەخنە گرتندا نامۆیە ،ئەگەر ڕەخنەیان لێبگریت ژیانت دەکەوێتە مەترسییەوە ، ئەگەریش ڕەخنە نەگریت بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا دەکەوێتە مەترسی ! لەكاتێكدا ڕەخنە بنەمای چاکسازی و پێشکەوتنە، بناغەی سیستمی وڵاتانی پیشەسازیش لە سەر پێوەری ڕێفۆرمخوازیی دامەزراوەو گرینگترین دەستکەوتەکانی جیهان لەمێژوودا ڕەخنە بەرهەمی هیناوە و شۆڕشی ڕێنیسانسیش بەرهەمی ڕەخنە و کەلتوری ڕەخنەیی بووە .
دوای دوو ڕۆژ لە دانیشتنی دادگای دووی هەولێر لەبارەی سزادانی رۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان "شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەمو هاریوان عیسا" دواجار دەستەی دادوەری سزای شهش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان دا ،ئەم بڕیارە پاشەكشەی كابینەكەی مەسرور بارزانییە لەو پەراوێزە ئازادییەی كە پارتی دەیەوێت لە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە سەركوتی بكات ،مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ ئەم كەیسەدا كەماوەی چەند مانگێكە بەناڕەوا چالاكوانەكانی بادینانی دەستگیركردووە مامەڵەیەكی نایاساییەو پێشێلكاری مافی مرۆڤی تێدا دەبینرێت ،هەرلەسەرەتاوە پارتی بە هێزێكی دەمامكدار هەلیكوتیوەتە سەرماڵی دەستگیركراوەكان و لە زیندانیش پارتی ئەشكەنجەی دەستگیركراوەكانی داوە و هەڕەشەی خێزانی لە دەستگیركراوەكان كردووە بۆ دانپێدانان بەو تۆمەتەی كە پارتی بۆی هۆنیونەتەوە ،دوێنێ دادگای هەولێر سەلماندی كە دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە و دەزگەیەکی حزبییە ، هەموو بریارەكانی دادگاش بەبڕیاری پارتی و لە لایەن دادوەرێكی حیزبیەوە بۆ سزادانی دەستگیركراوەكان خوێندراوەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست