کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاریس پرسیاری كوشتن

Wednesday, 17/02/2021, 20:35


ئێواره‌یه‌كی تاریك بوو، به‌ كوچه‌و كۆڵانێكی تا ڕاده‌یه‌ك تاریكدا سه‌ركاو من و رامیاری ده‌برد بۆ خواردنگه‌یه‌كی لام وابێ‌ كۆری بوو ، ئه‌و به‌ ده‌مڕێوه‌  خواردنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌نا ، دوو گه‌نجی ئه‌فریقی داوای جگه‌ره‌یان لێكردین ، له‌ پاركێكیش یه‌ك دوو گه‌نجی خۆمانمان بینی دۆخیان باشتر نه‌بوو ، ئه‌و پاریسه‌ی هه‌موو ئه‌وگه‌شتیارانه‌ی رۆژێ‌ له‌ رۆژان ڕوویان تێكردووه‌و سه‌رسامی بوونه‌ ، منی په‌لكێشی خه‌یاڵاتی تر كردبوو ، له‌وێ‌ بیرم لای دیوانه‌كه‌ی ئارسۆر ڕامبۆ بوو " وه‌رزێك له‌ دۆزه‌خ " من هێشتا تازه‌ ده‌ستم دابووه‌ نووسین زۆر سه‌رسامی رامبۆ بووم ، بیرمه‌ به‌ هه‌رچی زۆر له‌ خۆ كردنێ‌ بوو بابه‌تێكی شربل داغرم له‌ شوێنێكه‌وه‌ وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی كوردی و دوای چه‌ند ساڵ له‌ وه‌رگێڕانیشی له‌ یه‌كێ‌ له‌ ژماره‌كانی گۆڤاری ئاراندا بڵاوم كرده‌وه‌ ، خه‌یاڵم لای دۆزه‌خه‌كه‌ی رامبۆ بوو ، لێ‌ نازانم چۆن بیرم كه‌وته‌وه‌" هاشم ساڵحی بیرمه‌ندی سوری- فه‌ڕه‌نسی" پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌ڵێت " یانی ژیانێك له‌ به‌هه‌شت " هاشم له‌ 26 ساڵی سوریاله‌ داخی زڕدایك و شتی تر به‌ جێدێڵێت و ده‌چێته‌ پاریس ئه‌و ده‌ڵێت " هه‌شتی تشرینی دوه‌می 1976 له‌ دایك بوومه‌ نه‌ك 15ی ته‌موزی 1950 " واته‌ یه‌كه‌م رۆژی دابه‌زینی له‌ پاریس به‌ رۆژی له‌ دایكبوونی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات .
داوای جگه‌ره‌ كردنی گه‌نجه‌ گیرفان خاڵیه‌كان، ئازادی مرۆڤ و شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی و خه‌ونه‌كانی دیگۆڵی لێتێكه‌ڵ كردم ، ئێمه‌ نانه‌كه‌مان خوارد تا راده‌یه‌كی زۆر قسه‌كانی سه‌ركاو له‌ باره‌ی نانه‌كه‌وه‌ راست بوو ، چونكه‌ نانه‌كه‌ هه‌ر نانی ڕووتی محه‌مه‌د شوكری نه‌بوو ، كه‌ هه‌میشه‌ نانێكی به‌ گران به‌ ده‌ست هاتووبوو، راستیه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو من هه‌ر بۆ گرتنی چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌و شاره‌ بم و هیچی تر ، به‌ خێرای هه‌ستم ده‌كرد گیرفانه‌كانم خاڵی ده‌بنه‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌ په‌له‌ بلیتم بڕی و له‌ دڵی خۆمه‌وه‌ وتم " رێمكه‌ن با ده‌رچم له‌ شار "   زوو پاریسم جێهێشت ، به‌رله‌ جێهێشتنی پاریس له‌ به‌رده‌م ئه‌و خانوه‌ی ساكینه‌ جانسز " سارا " فیدان دۆغان " رۆژبین " له‌یلا شایله‌مه‌ز " روناهی " له‌ نۆی كانونی دوه‌می 2013 تیرۆر كران وێنه‌یه‌كم گرت ، وێنه‌یه‌ك لیپاو لیپ له‌ خه‌م و حه‌سره‌ت ، كوشتنی ساكینه‌و هاوڕێكانی یه‌كه‌مین كوشتنی كورد نه‌بوو له‌ پاریس دڵم ده‌ڵێت دواهه‌مینیش نابێت ، بۆیه‌ بۆ من پاریس كه‌متر پرسیاری ژیانی وروژاند و زیاتر پرسیاری كوشتن بوو ، له‌ گه‌ڵ ترسی پێنه‌مانی پاره‌شدا ئه‌و نیگه‌رانیه‌ش هۆیه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی پاریس جێبهێڵم .
فه‌ڕه‌نسیه‌كان خۆیان مرۆڤی نیان و دڵسافن ، لێ‌ ئه‌وانیش سه‌ر به‌و ماكینه‌یه‌ن كه‌ دنیا به‌ شێوه‌یه‌كی بێبه‌زه‌ییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات ، ئه‌وانیش له‌ رێكه‌وتنی سایكس بیكۆوه‌ تا ئه‌مڕۆ گوناهی ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كوردیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ ، ئه‌وڕۆژگاره‌و ئێستاش ده‌یانتوانی ، ده‌توانن له‌وه‌ باشتر بكه‌ن كه‌ نه‌یانكرد ، من هه‌میشه‌ كه‌ هاوڕێ‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كانم ده‌بینم ئه‌و گازنده‌یه‌یان لێده‌كه‌م ، گه‌رچی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوڕێمن یان هاوڕێم بوون ، به‌ جۆرێكی شایسته‌ مرۆڤی كوردیان خۆش ده‌وێت و بڕوایان به‌ ئازادی كورد هه‌یه‌ ، هه‌رله‌و ڕوه‌شه‌وه‌ كاتی خۆی یه‌كێ‌ له‌ هاوڕێكانم كتێبه‌كه‌ی پاتریس فڕانچێسكی " مردن ئه‌ڕای كۆبانی " كرده‌ دیاری بۆم ، پاتریس  مانه‌وه‌ی دووساڵی له‌ ناو شه‌ڕوانه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كردوه‌ته‌ ئه‌و كتێبه‌ كه‌ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی له‌ فه‌ڕه‌نسیه‌وه‌ كوردانویه‌تی ، یه‌كێكی دیكه‌ش قه‌ڵه‌مێكی بۆ ناردووم ، تا منیش رۆژێ‌ له‌ رۆژان ئازاره‌كانی كورد بوونی بۆ بنووسم .
زۆر دیدار ، دانیشتن ، بینین هه‌بوو ده‌بوو له‌ پاریس پێی هه‌ستابام ، به‌ڵام زوو پشتم تێكرد له‌ فڕگه‌ی شارل دیگۆله‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ، چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرم بۆ كاتی تر ، لێ‌  هه‌قی خۆمه‌ بپرسم داخۆ كه‌ی كۆشكی ئه‌لیزێ‌ له‌ سه‌ر مرۆڤ بوونی كورده‌كان دێته‌ ده‌نگ ، من چاوه‌ڕوانی زیاترم له‌وان ، ئه‌وه‌ش له‌ روانگه‌ی ئه‌و مرۆدۆستیه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیات و فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ڕه‌نسی و شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ ، راستیه‌كه‌ من فه‌ڕه‌نسیه‌كانم خۆش ده‌وێت به‌و كچه‌ قژزه‌رده‌شه‌وه‌ كه‌ فه‌رموی كڵاپێكی كردم و نه‌چووم ، یه‌ك دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌ك له‌ هاوڕێ‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كانم وتی حه‌زده‌كه‌م داوه‌تێكی خۆتان و خانه‌واده‌ بكه‌م بۆ پاریس ، ئه‌و باسی مانه‌وه‌ی زۆری كرد ، ئه‌و كات نه‌متوانی ، به‌ڵام ئێستا له‌ دڵه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ بچمه‌وه‌ ئه‌وێ‌ و له‌ قاوه‌خانه‌ی ژان پۆڵ سارته‌ر به‌ ده‌م خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ته‌ك عادل باخه‌وان و به‌رزان فه‌ره‌جدا باسی تاڵیه‌كانی كورد بوون و كوشتنی به‌ ناهه‌قی ساراو هاوڕێكانی و گۆرانیه‌كانی قایه‌و فیلمه‌كانی گۆنای بكه‌ین ، خۆ ره‌نگه‌ فریای هیچ یه‌ك له‌و قسانه‌ش نه‌كه‌وین .
له‌ ته‌ك ئه‌وه‌شدا فه‌ڕه‌نسیه‌كان دۆستایه‌تی هه‌رلایه‌ن و كه‌س بكه‌ن ، وه‌ك ئه‌ركێك پێویسته‌ پێوه‌ری دیموكراتی و ئاكار له‌ به‌ر چاو بگرن ، دیموكراتی و ئاكار له‌ نێو روحی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا بوونیان هه‌بوو، بۆیه‌ هیوادارم له‌و روانگه‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ توركیاو كێشه‌ی ره‌وای كورد بكه‌ن و له‌ سه‌ر لادانی دیموكراتی و نادادی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش قسه‌ی ڕوونیان هه‌بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە