بێدەنگی نیشانەی ھەڵوێستە... فیلمەکەی ئێران و حکومەتی ھەرێم
Friday, 29/01/2021, 17:45
ڕەخنە لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان...
بەداخەوە جگە لەوەی ھەڵوێستی سەرۆکایەتی ھەرێم درەنگ وەرگیرا بەرامبەر بە فیلم و سوکایەتییەکەی ئێران ، بە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک و شەھیدان و بریندرانی شەڕی پڕ لە قارەمانێتی دژ بە داعش، بەیاننامەکەش زۆر درەنگ بڵاوکرایەوە.
من لە تێڕوابینی خۆمەوە بێندەنگیم لەو بەیاننامە لاوازە کرچوکاڵە ڕووزەردە پێ باشتر بوو. ھەر نەبێت بێدەنگییەکە توڕەبوونێکی شاراوەی لە ھەناوی خۆیدا حەشار دابوو، دوژمن بە پارێز بوو لێی و سڵی لێ دەکردەوە... بەڵام دوای ئەم بەیاننامە، بۆ ھەمووان دەستی ئاشکرا بوو، بە چ کارتێکی سووتاو بێ نرخەوە یاری دەکات.
من بەیاننامەکەم لە ماڵپەڕی ڕووداو خوێندەوە و لێرەدا ئەوەش دەکەمە بنەمای ئەم ڕەخنەیەم لێی...
سەرەتا تەواوی بەیاننامەکە 42 دێڕە...
دوای سێ دێڕی پێشەکیەکی لاواز ، زۆر بێلەزەتانە بێ لەزەتانە دێتە سەر ستایشی ئێران و ڕۆڵی و قاسم سلێمانی. لەوەش بێ شەرمانەتر 3 جار قاسم سلێمانی بە شەھید ناو دەبات!... بەڕاستی لە دیدی کوردەوە و لە ھەقیقەتیشدا قاسم سلێمانی شەھیدی چییە!... جەبھەی مقاوەمەت، یان تیرۆری نێودەوڵەتی؟؟..
ئەو دامەزراوەی سەرۆکایەتی! یان زۆر نەزانە، یاخود لاواز و ترسنۆک، دەنا دەیتوانی و دەیزانی دەیان وشە و گوزارشتی تری بەکار بھێنا و پەردەیەکی تەنکی دیبلۆماسیشی بەسەردا بدایە.. ئاخر لە ساکارترین دەربڕیندا دەکرا بنووسن: خوالێخۆش بوو. کوژراوی دەستی ئەمەریکا، یاخود زاراوەگەلێکی دیکە...
ئیدی بەداخەوە لای ئەوان ھێشتا قاسم سلێمانی پاڵەوان و ئەفسانە و شەھیدە! ...
ھەر بۆیە لەوە بەیاننامەیەدا 20 دێڕی بۆ ستایشی ستەمکار قاسم سلێمانی تەرخان کراوە...
ھیچ ئاماژە بە خەبات و تێکۆشانی کورد و قوربانییەکانی نەکراوە...!
تەنھا لە شەڕی داعش دا، جگە لە کارەساتی دڵتەزێنی شەنگال، نزیکەی 5 ھەزار شەھید و بریندارمان ھەیە، بە درێژایی ھەزاران کیلۆمەتر ئێمە شەڕی داعشمان کردووە، ئیدی بۆ بەس لە بەرەی ھەولێردا ئێران بەھانامانەوە ھات ؟!..
من چ گومانم لەوەدا نییە، خودی ئێران ئەو فەرمانەی پێدابێتن و سیناریۆکەی داڕشتبێت!...
لە دێڕی شەشەم دا دەنووسێ:
««هاوكارییەكانی ئێران بۆ ههرێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیهنێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون»»...
ئایا مەبەست لە گیانی ناشادی کامە شەھیدانە؟؟؟، کە ئەورۆژانە پێکەوە شەھیدبوون؟ پێشمەرگە و پاسدار! یان حەشدی شەعبی؟؟؟...
دواجار ئەوەی ئێران کردوویەتی، بڵاوکردنەوەی فیلمەکان ! لە چوارچێوەی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتدایە؟ ئەوەی ئەوان ھەوڵ نییە ئەوە فاکتە و دژایەتی و دوژمنایەتییەکی ئاشکرا و ڕوونە ، ئێران ڕۆژێک دژی زمانی کوردی و ڕۆژێک دژ بەجلوبەرگی کوردی و ھەموو شتێکی کوردی قسە دەکات...
دەمێنێتەوە بڵێین، داواکاری بەیاننامەکەش زۆر شەرمنانە و بێ بەھایە.!!!
بۆیەکا بێندەنگی باشتر بوو، لە نمایشتکردنی پووچ....
ئێوە داوای ھەڵوێستی گونجاو دەکەن..! ئەوان بە ھەزاران درۆ وەڵامتان دەدەنەوە، ئاخر وەک زانستکارێکی ئەڵمانی دەڵێ: ««ئێرانی ھێندە درۆزنن، درۆکردنییان بە پلەی کەماڵ گەیاندووە»»....
ئەوان پەیامی خۆیان نارد و فیلمیشیان بڵاوکردەوە.!! تۆش شەرمەزاریت بۆمایەوە....کوردیش ھەستی بریندار بوو...
خۆ باشتان لە بیرە، کە بەر لەماوەیەک ئێران و تورکیا لەسەر بەیتە شیعرێک چییان بە یەکتر کرد!...
دڵنیا بن، شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەو ئەقڵێتە نانەتەوەییە و میتۆدە لاوازە ناکرێت!!
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمهوه لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.
هاوكارییەكانی ئێران بۆ ههرێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیهنێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون. بێگومان كارێكی ئاواى پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی ڕاستی و منەتكردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوكەوتەشدا یەك ناگرێتەوە کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانى هەیبوو. بۆيه كاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵكو تێكدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەی پێدابوو.
پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتە سهختهكاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەیيی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاريی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەكاتی خۆیدا هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە. هەروەك چۆن هاوكاريی هاوپەیمانیی نێودوڵەتيی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاريی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمهریكا، هەروەها هاوكاريی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاريی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیر ناكرێن. هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوكاريی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەدرا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەك لە دەرەوە بكڕێت و حكوومەتی عێراقیش چەك و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەكی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەیيی داعش و چەكە پێشكەوتووەكانی وەستابووەوە.
لە كاتی هێرش و شەڕی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتيی سەرۆك مەسعوود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەسەر زەوی هێرشی داعشی ڕاگرت و هێزی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، ئەوەش تێكشكاندنی هێزێكی تاریكپەرستی ئەوتۆ بوو كە هەڕەشە بوو لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە و ئازادی و ئاسایشی هەموو جیهان. هەرێمی كوردستان كە وەك هەمیشە شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بووە، جارێكی دیكە بووەوە به پەناگەی پاراستنی ئاوارە و پهنابهران لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئەوەش بە هاوكاريی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكان، لەپێش هەمووشیانەوە لە سایەی بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە بوو.
ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگريی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانیيەتيی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین. لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێك لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێك بۆ تێكدانی هاريكاريى ناوچەیی و دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەكەدا. بۆيه لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوكاريی لەمێژینە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست