کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌ندام په‌ڕله‌مان له‌ دیدى هاوڵاتییه‌وه‌ (به‌شى یه‌كه‌م)

Saturday, 23/01/2021, 22:46


پێشه‌كى 

ئه‌گه‌ر چى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕواڵه‌ت په‌ڕله‌مانیه‌ و ده‌شتوانین بڵێین تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ په‌ڕله‌مانى و سه‌رۆكایه‌تى. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هیچ كامیان نییه‌ و ڕاستییه‌كه‌ى سیسته‌مى حوكمڕانى دیوه‌خانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى حوكمى دارستان داڕێژراوه‌ به‌وپێیه‌ى شێر به‌هێزترین ئاژه‌ڵه‌ بۆیه‌ گه‌وره‌ى دارستانه‌.
په‌ڕله‌مان كه‌ به‌ حساب گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و لێپرسینه‌وه‌و چاوه‌دێرى حكومه‌ته‌، داماوه‌ خۆى زه‌لیلى ده‌ستى خاوه‌ن دیوه‌خانه‌. سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان وه‌كو بوكه‌ڵه‌ وایه‌. ئه‌ندامه‌كانى په‌ڕله‌مان كه‌ به‌ناو نوێنه‌رى حكومه‌تن، ئه‌وانه‌ى سه‌ر به‌ دیوه‌خانن و حیزبه‌گه‌وره‌كانن ڕێك وه‌كو كۆیله‌ى به‌كرێگیراو وان و خه‌رێكى به‌رگرى و مكیاج كردنى كاره‌ دزێوه‌كانى ئاغاكانیانن هه‌ر له‌ دزى و تاڵانى و گرتن و زیندانیكردنى هاولاِتیان و سوكایه‌تى پێكردنیان تا ده‌گاته‌ خیانه‌تى نیشتمانیش
ئه‌ندامانى لایه‌نى ئۆپۆزسیۆنیش په‌ڕاوێز خراون و كه‌س گوێیان بۆ ناگرێت چونكه‌ په‌ڕله‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ كار ده‌كات و پارتیش هه‌م له‌ ڕوى ژماره‌ى په‌ڕله‌مانتارو هه‌م له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌ماندا زۆرینه‌ن و منه‌تیان به‌ كه‌س نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌ڕله‌مان هیچ بایه‌خێكى نییه‌و له‌ ئێستادا بون و نه‌بونى وه‌كو یه‌ك وایه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ كار ده‌كات، هه‌ر شتێك به‌زیانى خاوه‌ن دیوه‌خان ته‌واوببێت، ناخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌ڕله‌مانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ په‌ڕله‌مانتارانى لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن داوا ده‌كه‌ن بابه‌تى موچه‌و گه‌نده‌ڵى له‌ بوارى نه‌وت و تاڵانى گومرگه‌كان بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌ڕله‌مانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان به‌ قسه‌یان ناكه‌ن و په‌ڕله‌مان به‌ كارى لاوه‌كییه‌وه‌ خه‌رێك ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ په‌ڕله‌مان نوێنه‌رى دیوه‌خانى گه‌وره‌یه‌، نه‌ك هاوڵاتیان.
سه‌رنجى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕاستییه‌كان بگه‌ى :
هه‌تا مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم بوو هه‌موو بڕیارێكى ده‌دا به‌ناوى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌. بڕیارى ڕیفراندۆمى داو ماڵى كوردى وێرانكرد. دواى ئه‌وه‌ى له‌ژێر فشاردا له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم لابراو برازاكه‌ى بوو به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، ئێستاش هه‌ر خۆى خاوه‌ن بڕیاره‌و له‌دیوه‌خانه‌كه‌یه‌وه‌ بڕیار ده‌دات.
رۆِژێك سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان ده‌رده‌كرێت. رۆِژێك وه‌زیره‌كان ده‌رده‌كرین. رۆِژێك پاریزبه‌ندى له‌سه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌ما لاده‌برێت. رۆِژێك ڕێگا ناده‌ن جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بچێته‌وه‌ ناو هه‌ولێر. كورتیه‌كه‌ى كه‌ى بیانه‌وێت په‌رله‌مانیش داده‌خه‌ن چونكه‌ په‌ڕله‌مان به‌ موڵكى خۆیان ده‌زانن. هه‌موو ئه‌مانه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتێك هه‌یه‌ له‌سه‌روى په‌ِرله‌مان و حكومه‌ت و دادگاوه‌و له‌ هه‌موان گه‌وره‌تر و ده‌سه‌ڵاتدارتر و خاوه‌ن بڕیارى كۆتاشه‌.
هه‌موو سامانى نیشتمان تاڵان كرا. خه‌ڵك فه‌قیر كرا. ڕیفراندرم كراو نیوه‌ى خاكى كوردستان له‌ده‌ست درا. شه‌نگال ڕاده‌ستى داعش كرا، نیوه‌ى بادینان كه‌وته‌ ژێر پۆستاڵى جه‌ندرمه‌ى توركه‌وه‌. نه‌ك یه‌ك ئه‌ندامى په‌ڕله‌ماى دیوه‌خان ره‌خنه‌یه‌كیان نه‌گرت، به‌ڵكو به‌رگرییان له‌ كاره‌ قێزه‌ونه‌كانیان ده‌كر دو پاساویان بۆ دێنانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌ندام په‌ڕله‌مانێكى ئۆپۆزسیۆنیش ڕه‌خنه‌ بگرێت، ئه‌وانه‌ وه‌كو به‌ڵته‌جى به‌كرێگیراو به‌ چه‌قۆ و بۆكس په‌لاماریان ده‌ده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌م دوایه‌دا له‌ هۆڵى په‌ڕله‌مان ڕویدا.
په‌ڕله‌مان خۆى بۆته‌ ده‌زگایه‌كى تۆقێنه‌ر و بونى په‌ڕله‌مان له‌ ئێستادا ته‌نها بۆ پاڵپشتى كردن و شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌ حوكمى دیوه‌خانى بنه‌ماڵه‌. زۆرینه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ وان به‌ كرێ گیرابن بۆ پاڵپشتى كردن و ده‌نگدان به‌ حوكمى دیوه‌خان له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا. به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌ڕله‌مامه‌شى كه‌ به‌رگرى له‌ مافى هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، بێ بایه‌خ بون له‌ به‌رچاوى هاوڵاتیان.
پارتى زۆر لێزان بوه‌ بۆ حاڵى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن په‌رت و لاواز بكات، هه‌میشه‌ هه‌وڵى داوه‌ حیزبێكى ناو ئۆپۆزسیۆن بكاته‌ هاوبه‌شى حكومه‌ت. له‌ ئه‌نجامدا به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆنى لاواز كردوه‌و ناو و ناوبانگى حیزبه‌كه‌شى له‌ناو جه‌ماوه‌ر زڕاندوه‌ چونكه‌ نه‌یان توانیوه‌ هیچ بۆ هاوڵاتیان به‌ده‌ست بهێنن. دواجار هاولاِتیان پێیان وتون ئه‌مانه‌ بۆ پۆست و پله‌و پایه‌ چونه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى حیزبه‌كه‌ وازیان هێناوه‌و به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن هه‌میشه‌ له‌پاشه‌كشه‌دابوه‌. یه‌گرتوى ئیسلامى له‌ ڕابوردوداو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ئێستادا باشترین نمونه‌ن. له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مدا داوایان له‌ گۆڕان كرد به‌شدارى له‌حكومه‌تدا بكات، ئه‌وان قبوڵیان كردو دواجار ڕیسوابون. به‌ڵام داوایان له‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى نه‌كرد به‌شدارى له‌ حكومه‌تدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن له‌ حكومه‌تدا به‌هێز نه‌بێت. پارتى سیاسه‌تى ( فرق تسود ) ى به‌كار هێناو سه‌ركه‌وتوش بوو.
كاتێكیش پارتى ئه‌و حیزبانه‌ به‌شدار پێده‌كات له‌ حكومه‌تدا ئه‌و پۆستانه‌یان پێ ده‌دات كه‌ تێیدا عه‌یب دار ده‌بن و هیچ زیانێكیش به‌ خۆیان ناگات و ناشبن به‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر خۆیان.
پۆستى وه‌زیرى دارایی ده‌به‌خشێت چونكه‌ پاره‌كه‌ لاى خۆیه‌تى. كه‌واته‌ وه‌زیر دارایی ده‌بێت به‌ ئه‌مین سندۆق. به‌ڵام كه‌ خه‌ڵك داواى موچه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن بچن له‌ وه‌زیرى دارایی بپرسن كه‌ گۆڕانه‌. پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ده‌به‌خشێت چونكه‌ هێزى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده‌ نییه‌ پۆستى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كان بداته‌ هیچ حیزبێكى تر. كاتى خۆى پارتى له‌ شه‌نگال قوچانى و ڕاى كرد و به‌ هه‌زاران كوردى ئێزدییان به‌ گرتن دا. هه‌موو كه‌سێك ئه‌و استییه‌ ده‌زانێت. سه‌یركه‌ن ئێستا ئومێد خۆشناو زۆر بێشه‌رمانه‌ لێدوان ده‌دات و ده‌ڵێت :
پارتى له‌ شه‌نگال ڕاى نه‌كردوه‌ چونكه‌ هێزى حكومه‌تى لێبوه‌ نه‌ك پارتى وئه‌و هێزه‌ش به‌فه‌رمانى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ كه‌ گۆڕان بوه‌. سه‌یركه‌ن چۆن ده‌یه‌وێت گۆڕان تۆمه‌تبار بكات ؟. له‌ ڕاستیدا ده‌بوو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بێته‌ ده‌نگ. ئه‌ى خێره‌ ئیستا ده‌یانه‌وێت په‌لكێشى توركیا بكه‌ن بۆسه‌ر شه‌نگال. دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ش قسه‌یان ده‌بێت و به‌ ملى یه‌كێتیدا ده‌دن.
پارتى له‌ خیانه‌تكردندا زۆر شاره‌زاو دوور بین و لێزان و خاوه‌ن ستراتیجه‌. بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ى پارتى هێزى برده‌ زینوى وه‌رتى ؟. زینوى وه‌رتى سنورى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتیه‌. به‌ڵام كتوپڕ هێزێكى خۆى برده‌ ئه‌وێ. دوایی له‌ ژێر ناوى هێزى موشته‌ره‌كدا هێزه‌كه‌یان گیگیر كرد.
كه‌واته‌ پارتى قاچێكى خۆى له‌ زینوى وه‌رتێدا چه‌قاند. دوایش كه‌ خه‌ڵك لێره‌و له‌وێ قسه‌یان ده‌كرد، پارتى وه‌ڵامى خه‌ڵكى ده‌دایه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستانه‌و به‌ فه‌رمانى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌وێ گیگیر كراوه‌. خۆشتان ده‌زانن وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ یه‌كێتیه‌. من ناڵێم ده‌بوایه‌ یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ شه‌ڕ دروست بكات، به‌ڵام ده‌بوو هه‌ڵوێستى توندى هه‌بوایه‌ و بۆ خه‌ڵكى ڕون بكردایه‌وه‌ كه‌ به‌ بڕیارى خۆیان چونه‌ زینوى وه‌رتى، نه‌ك به‌ بڕیارى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌.
ئێستا كه‌ وه‌زیرى به‌رگرى توركیا هاتۆته‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ئاگادارى هه‌موو ورده‌كارى كۆبونه‌وه‌كانى و مه‌به‌ستى هاتنى بێت. به‌ڵام ته‌نها ماوه‌ى 5 ده‌قیقه‌ بۆ وێنه‌گرتن وه‌زیرى به‌رگرى توركیاى دیوه‌. دوایی سه‌رۆكى دیوه‌خانه‌ گه‌وره‌كه‌و نێچیر و مه‌سرور كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه‌. هه‌موشمان ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ هاتوه‌ به‌رنامه‌ دانین بۆ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌و ده‌رگردنیان له‌قه‌ندیل وشه‌نگال. گێگیركردنى هێزى پارتى له‌ زینوى وه‌رتى له‌ كاتى خۆیدا په‌یوه‌ندى به‌م سه‌ردانه‌ى ئیستاى وه‌زیرى به‌رگرى توركیاوه‌ هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر به‌یانیش شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ كرا پارتى زۆر بێ منه‌تانه‌ ده‌ڵێت : ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆ به‌رژوه‌ندى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌. به‌ فه‌رمانى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ و خۆشتان ده‌زانن كه‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتییه‌. واته‌ یه‌كێتیش به‌شداره‌ له‌ بڕیارى شه‌ڕه‌كه‌دا. ئه‌گه‌ر یه‌كێتى خۆى به‌ براچوكه‌و ژێر ده‌سته‌ى پارتى نازانێت، چۆن ده‌بێ ئه‌م سوكایه‌تیانه‌ قبوڵ بكات. ئاخر ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ى یه‌كێتى و حیزبه‌ به‌شدار بوه‌كانى حكومه‌تن پارتیان كردۆته‌ كه‌ڵه‌گا. ئایا په‌ڕله‌مان ئاگادارى ئه‌م كه‌ین و به‌ینه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى هه‌یه‌؟ كى ناڵێت ئه‌مانه‌ كاره‌ساتێكىتریش به‌سه‌ر كوردا ناهێنن هه‌ر وه‌كوچۆن هه‌موو نه‌وتى كوردستانیان ڕاده‌ستى توركیا كرد؟.
ده‌بوو یه‌كێتى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ له‌ حكومه‌ت بكشێنێته‌وه‌و هه‌ڵوێستى هه‌بوایه‌. ئایا یه‌كێتى ئاگاى له‌ ناوه‌رۆكى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگرى توركیا و قوباد تاڵه‌بانى به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كان بوه‌؟ به‌راستى زۆر سه‌یره‌ به‌رده‌وام پارتى كڵاو ده‌كاته‌ سه‌رى ئه‌م حیزبانه‌و كه‌سیان وانه‌یه‌ك له‌ ڕابوردوو فێرنابن.
كه‌واته‌ هه‌بونى په‌ڕله‌مان به‌و بیده‌سه‌ڵاتیه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كى له‌ پرۆسه‌ى حوكمڕانیدا نیه‌و نه‌بونى باشتره‌ له‌ بونى چونكه‌ له‌ ڕوى داراییه‌وه‌ بۆته‌ بارێكى قورس به‌سه‌ر بودجه‌و قوتى هاوڵاتیانه‌وه‌ و ئه‌وپاره‌یه‌ى له‌م په‌ڕله‌مانه‌دا خه‌رج ده‌كرێت وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئاوى سیروان بیبات.
له‌به‌شى دووه‌مى ئه‌م باسه‌دا ده‌مه‌وێت به‌ تایبه‌ت دیدى هاوڵاتیان شه‌ن و كه‌و بكه‌م به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان و كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیه‌كانیان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى ده‌نگدان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە