ڕێشمە و هیوا و ئۆپۆزسیۆن!
Wednesday, 20/01/2021, 13:35
بزوتنەوەی گۆڕان لە خەزانی تەمەنیەتی، دەبینین کە وەک گەڵای دار هەڵدەوەرێت، جگە لەوانەی کە لەبەر دڵسۆزی وازدەهێنن و لە سیاسەت دووردەکەونەوە یان ڕێگەیەکی دی دەگرن بۆ بەردەوامییدان، ئەگینا گۆڕان بە تاک و بە کۆمەڵ هەندێک لقوپۆپی لێ بەرهەم هاتووە، کە ئالودەی هەمان دەردی سەرانی گۆڕانن کە لە ڕابردوودا پێیان وابوو، بە پاڵدانەوە لە گردەکە، لێدانی پاروی چەور و هەرانانەوە لە میدیاکاندا ڕێبەرایەتی دەنگی ناڕەزایی شەقامی باشوور دەکەن، دواتریش بەدەستبەسەردا گرتنی ئابووریی ئەو بزوتنەوەیە خەڵکیان لەگەڵ دەمێنێت و بەردەوام دەبن.
هەنووکە لقوپۆپەکانی ئەو بزوتنەوەیە پێیان وایە، بەبێ ئەوەی دۆخی تایبەتی خۆیان بشێوێنن، بە لەبەرکردنی قات و ڕێشمە، لەپشت مایکریفۆن و لە هۆڵی پەرلەمانی بنەماڵە و خێزاندا، لە میدیاکان خەڵک چەواشە بکەن، کە گوایە ئەوان پەیڕەوی خەباتی مەدەنی دەکەن، لە هەولێر بە دەنگی چەند پەرلەمانتارێک دەتوانن بەدەنگدان عەرشی ماڵی بارزانی بهەژێنن، بە هەڵبژاردن لە دەسەڵاتدا ڕایانماڵن. لە بەغدادیش بەهەمان شێوە، ئەوان دەتوانن کاردانەوەیان لەسەر دەستوور و یاسای عیراقی هەبێت، لە حکومەتی شیعەدا موچە بۆ خەڵک دابین بکەن، بەمجۆرە هەندێک لەو لقوپۆپانە هاوپەیمانیەتیەکی تازەیان دروست کردوە بە ناوی "هاوپیمانیەتی هیوا"، کە ئەویش دەرد و سەرئێشەیەکی دییە بۆ دەنگی ناڕەزایی شەقام و دواخستنی زێتری دروستبوون یان لە دایکبوونێکی دیکەی پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لەنێو هەناوی ئازارەکانی میللەتدا.
ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا، لەسەر هەرسێ ئاستی شەقام و دەزگە حزبیەکان و حکومەت، ناسنامەی ئایدۆلۆژیایی سیاسی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و خاوەن هێزی چەکدارن سەپێندراوە و دەبێت پەیڕەو بکرێت. بە واتەیەکی دی ئەگەر هەر کەسێک دژی دەسەڵاتی سیاسیی سیستەمی بنەماڵە و خێزان بێت، لەهیج یەکێک لە جومگە سەرەکییەکانی نێو حزبەکان و تا دەگات بە حکومەت، شوێنی نابێتەوە و لەنێو دەبرێت.
چارەکە سەدەیەکە باشوور ئەتک دەکرێت، لەو کۆمەڵگەیەدا ترس و تۆقاندن کارێگەرترین ئامرازن بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزا و میللەت، هەڕەشەی ئابووریی بڕینی قوتی خەڵک دەکرێت، مافی مەدەنی تاکەکان پارێزراو نییە، هەڕەشەی کوشتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان و بزرکردن و دەرکردن لە کار دەکرێت. حکومەت هێزێکە لەبری ئەوەی ئاسایش بۆ کۆمەڵگە دابین بکات، بەپێچەوانەوە بۆتە سەرچاوەی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ بۆ میللەت، دزینی سامانە سروشتیەکانی، برسی کردنی خەڵک و نەدانی موچە. تازە دوای ئەزموونی چارەکە سەدەیەک "هاوپەیمانی هیوا" دروست دەکرێت، دەیەوێت لەژێر شمشێری میلیشیاکانی هەرێم و عیراق بە یاسا گۆڕانکاری لە دۆخی شێواوی سیاسی و ئابووریی هەرێم بکات!؟ بۆ کەی لەو وڵاتەدا بە یاسا و داد گۆڕانکاری ئەنجامدراوە ئەگەر ئەو هەنگاوە تەنیا بۆ هێور کردنەوەی دەنگی ناڕەزای شەقامی باشوور نەبێت و مەبەست لێدان نەبێت لە لەدایکبوونی بزوتنەوەیەکی دی لەنێو جەرگەی ئازارەکانی ئەو میللەتە!؟
دەستاودەستکردنی دەسەڵات مەزنترین گرفتە کە چارەکە سەدەیەکە هیچ پارتێک و سەرکردیەکی باشوور نەیتوانیوە بەو ئامانجە بگات، لەدوای سەرنەکەوتنی ڕاپەرین و کۆڕەی ١٩٩١ بۆ یەک جاریش لەنێو ڕیزەکانی ینک و پدکی دەسەڵاتدار تا دەگات بە حکومەتی هەرێم بە دەنگدان دەسەڵات یەکلایی نەکراوەتەوە. چارەکە سەدەیەکە لەنێو هەردوو حزبدا و لەنێو حکومەتی هەرێمیشدا تەنیا وەریسی سیاسی دەسەڵاتدارە، لەسەر بیناغەی کولتووری عەشیرەت و هۆز و خێزاندا حکومەت دامەزراوە. هەردووک بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی دەسەڵاتی موتڵەقیان هەیە و پەرلەمان و جومگە سەرەکییەکانی نێو حزب و حکومەتیان تەژی کردوە لە ڕێشمە لەمل و گەنجینەی باشووریان قۆڕخکردوە، جا لەنێو ئەو جۆرە سیستەمەدا چی یاسایەک پەیڕەو دەکرێت جگە لە کڕنۆش بردن بەولاوە!؟ تا هەنوکە کام یاسا و داد تانیتی یەک گەندەڵکاری خاوەن میلیشیا ڕاپێچی دادگا بکات و بەسزای گەلی بگەیەنێت!؟ تا " هاوپەیمانی هیوا" بتوانێت هیوا بەخش بێت و بە یاسای عیراقی مەرج بسەپێنێت!؟ ئەگەر ئەوە تەنیا یاریکردن بە سۆزی خەڵک و بۆ هێورکردنەوەی دەنگی ناڕەزای شەقام و دواخستنی دروستبوونی هێزێکی دی ئۆپۆزسیۆن نەبێت!؟
لە کەناڵی بەشی کوردی ئەمریکادا یەکێک لە "هاوپەیمانی هیوا" گوتی:
"وەک ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا ئێستا كار لهسهر ئهوه دهكهین كهبڕگهیهك بکەینە ناو پڕۆژە یاسای بودجە، ئهگهر حكومهتی ههرێم ئیلتیزام نهكات و 250 ههزار بهرمیلهكه ڕادهست نهكات، ههر پارێزگایهك بهسهربهخۆیی توانی داهاتی فیدڕاڵیهكهی ڕادهست بكات، موچه و بودجهی بۆ بێت، ئهوكاته یهكێتی ئهگهر ڕاست دهكات بابێت لهگهڵ ئێمهدا ڕێكبكهوێت بۆ ئهوهی بتوانیین ئهو شوێنهی لهژێر دهستی یەکێتیدایە داهاته فیدڕاڵیهكهی ڕادهست بكرێت، بۆئهوهی بودجهی بۆ بێت، ئهگهرنا كهواته باكهس خۆی نهكات بهخاوهنی كورد، كورد خاوهنی دهوێت بۆ ئهوهی موچهكهی وەربگرێت".
لاری لەوەدا نییە کە موچە گرنگە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک، بەڵام ئایا کێشەکە ئەوەیە کە کورد لە بەغداد خاوەنی دەوێت بۆ ئەوەی تەنیا موچە وەربگرێت؟ یان پرسی کورد لە باشووری کوردستاندا خاوەنی دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانێت خاک و نیشتمان و کەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ ئەو گەلە بگەڕێنیتەوە، کە بۆ چارەکە سەدەیەکە بە دەستی سەڕۆکەکانی نەتەوەکەی خۆی بۆ بەرژەوەندیی سازشی لەسەر کراوە!؟ بە دڵنیاییەوە ئەو داوایە لاوازە، تەنیا بۆ ڕاگرتنی دڵی دەسەڵاتداران و هێورکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی شەقامە.
هێز لەنێو کۆمەڵگەی مڕۆڤایەتییدا و لە نێوان دەوڵەتان و پارت و سەڕۆکەکاندا یەک ماناو پێگەی هەیە. مێژوو پێمان دەڵێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێز هەمیشە چەکێکی کارێگەر بووە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی بە تایبەتی لە عیراق و هەرێمی ئەمڕۆدا کە مەنتقی دەسەڵات هێزە، بە تاکلایەنی لەلایەن ئەوانەی لەسەر کورسی حوکمڕانین سەپێنراوە و هەوڵدەدەن بۆ هەمیشە، ئەو مەنتقە کارێگەری زێتر بێت، بۆ مانەوەی میللەت بە بێدەسەڵاتی و بێدەنگی، بۆیە دەبینین لە سەرتانسەری عیراقدا دەسەڵاتی سەڕۆک میلیشیاکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا لە گەشەسەندنە و توانایان لەسەروی یاسا و دەسەڵاتی داد و حکومەتە، بۆیە لەژێر دەسەڵاتێکی لەو جۆرەدا هەموو جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی تا دەگات بە دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی، تەنیا پەیکەرێکی دیکۆریە و پڕکراوە لە ڕێشمە لەمل و گۆڕەپانەکە ئەوەندە تەسک بۆتەوە جێگەی هیچ هێزێک و لایەنێکی سیاسیی دژ بەو دەسەڵاتەی لێنابێتەوە ئەگەر خاوەن هێزی چەکدار نەبێت. جا پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە لە سروشتی دەسەڵاتێکی سیاسی لەو جۆرەدا و لە کەشوهاویەکی پڕ لە ململانێ ناشەرعیدا، دەبێت چی هیوایەک بەدیبکرێت تا "هاوپەیمانی هیوا" لەنێو جەرگەی پەرلەمانی میلیشیاکاندا دروست بکرێت، ئەگەر ئەوە تەنیا بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک نەبێت و بۆ هێورکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی شەقامی هەرێم و دواخستنی دروستبوونی پارتێکی دیی لەنێو جەرگەی ئازارەکاندا نەبێت!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست