چۆن قوباد تاڵەبانی بەرەی رۆژنامەنووسانی ڕەخنەگری هەڵوەشاند؟
Thursday, 07/01/2021, 2:31
فەیلەسوفی ناسراوی ئەڵمانی (فرەدریك نیتشە) وتەیەكی بەناوبانگی هەیە كەهەموو میللەت و دەوڵەتێك لەبەردەم دووڕیانی سەركەوتن و شكستدا، رابەرەكانی تاقی ئەكرێنەوە كە ئاراستەو چارە نووسی میللەتەكەیان بەرەو كام ئاقارێ ئەبەن.!!
گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی وەك كوڕە گەورەی سەرۆككۆمار و سكرتێری یەكێتی بۆكوردستان، ئێمە لەبەردەم ئەو دووڕیانەدا گیرمان خواردبوو، ڕاگەیاندنێكی چەواشە و درۆزن جاڕی مژدەی هاتنی مامی بچوكیان ئەدا كە خاوەنی ئەقڵەكی خۆرئاوایی-ئەمریكایە و پرۆژەی گەورەی بۆكوردستان هێناوەتەوە.
بەڵام 2 خولی حكومڕانی لەپۆستی جێگری سەرۆك حكومەت، دەریخست كە قوبادیش زادەی دنیای سەرمایەداریە و یەك دۆلاری لە ملوێنێ گازاندە و هەتا جنێوی میللەتەكەی لەلاپیرۆزترە.!
پیلانێكی مەترسیداری قوباد تاڵەبانی كە لە فەترەی دەسەڵاتیدا دژ بە ڕاگەیاندنی لیبڕاڵ و سەربەخۆ كردی، لەبەریەك هەڵوەشاندنی ئەو بەرەیە بوو بە تەماحی مادیومەعنەوی و هەڕەشە، بۆ ئەوەی هیچ كەس نەمێنێ ڕەخنە لەگەندەڵایەتیەكانی خۆی و بنەماڵەی بارزانی بگرێت.
ئەمانەی خوارەوەیش كۆمەڵێ نمونەن:
+رۆژنامەی رۆژنامە كە زمان حاڵی بزوتنەوەی گۆڕان بوو كۆمەڵێ سەرنوسەری هەبوە وەك (مەم برهان قانع، سەردار عبداللە، ئاودیر شێخ عمر، مهدی ئەبوبكر) ئێستا هەمویان وازیان لە گۆڕان هێناوە و بەجۆرێ لە جۆرەكان خزمەت بەیەكێتی و پارتی ئەكەن، یان بێدەنگیان هەڵبژاردوە و لەم فەزای گەندەڵی و بێ موچەیە هیچ دەنگێكیان نەماوە.
+ لە كەناڵی كەی ئێن ئێن هەریەك لە هیوا جمال و چەندین پەیامنێرییان لەلایەن كەناڵەكانی پارتی كڕدران بەلام قوباد تالەبانی كارئاسانی بۆ كردن راژەی فەرمانبەرێتیان بۆ بگوازرێتەوە بۆ هەولێر و ژیانیان مسۆگەر بكرێت.
+رادیۆی گۆڕان كە چەند بەرپرسێكی گۆڕی... (عادل عزیز) دوای پارلەمانتاری ئێستا وازی هێناوە و بێدەنگ كراوە. (بهروز علی) كە بەرپرسی رادیۆ بو، دوو جاریش كاندیدی گۆڕان بوە و دەرنەچوە ئیستا بەقبوڵ خاص لە زانكۆی سەڵاحەدین كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە لە دكتۆرا وەرگیراوە و بێدەنگ كراوە.
+دەستەی رۆژنامەنووسانی ئازاد كە خاوەنی رۆژنامەی رۆژنامەنوس بوو... سەرنوسەر حسن یاسین و ئیمتازی شوان داودی بو...یەكەمیان ئێستا مەسئولە و دوەمیان پارلەمانتاری عێراقە....رۆژنامەكە كە رەخنەی لە پارتی ئەگرت بە سایت و پەیجەوە داخرا.
+هەفتەنامەی هاولاتی وەك یەكەم رۆژنامەی لیبڕاڵ داخرا، خاوەن ئیمتیازەكەی كە تارق فاتیح بو ئێستا گەورەترین دەواجنی قەلی لە شارباژێر بۆ كراوەتەوە...سەرنوسەری هاولاتیش كە كاژاو جەمال بو بەسپۆنسەری قوباد تاڵەبانی لە فرۆكەخانەی هەولێرەوە بۆ كەنەدا نێردرا و ئێستا بێدەنگە. توانا عوسمانیش كە ماوەیەك سەرنوسەر بووە وەك مەكۆی جۆڵایی هەر رۆژەی كار بۆ میدیایەكی دەسەلات ئەكات.
+رۆژنامەی دەستور كە ماوەی چەند سالێك بلاوكرایەوە و رەخنە رەقی لە پارتی ئەگرت....خاوەن ئیمیازەكەی ناوی ئیدریس بوو...رۆژنامەكەی داخرا و قاوەخانەی كلتوری بۆ كرایەوە كە بە قاوەخانەی گەلۆری بەناوبانگە، بارزان علی حمەی جێگری كە دەیان راپۆرتی رەقی لەسەر بنەماڵەی بارزانی بەناوی رۆژنامەكەوە ئامادە ئەكرد، ئێستا لە هەولیرە و نێرگلەخانەی نازدارحەیرانی هەیە و كافتریاكەی بۆتە شوێنی فێركردنی گەنجان بەنێرگەلە و قومار بە كۆنكەن. لە فەیس بوكیش بەردەوام وتار دژی داوا رەواكانی خۆپیشاندەران ئەنوسێ و دەیان پەیجی سپۆنسەركراوی پارتی لۆی بڵاو ئەكەنەوە.
+دەزگای خەندان و رۆژنامەی ئاسۆ كە لەلایەن عارف قوربانی سەرپەرشتی ئەكرا...ئێستا عارف راویژكاری مسعود بارزانیە و وتار بەدۆلار بۆ سایتی روداو ئەنوسێ.
+گۆڤاری لڤینیش كە ئەحمەد میرە سەرنوسەری بوو...ئێستا ئەحمەد میرە عەمیدی كۆلیژە لە زانكۆی هەڵەبجە و ئاخیرمۆدیل پرادۆی رقم شینی حكومی پێیە و گۆڤاری لڤین ناوی لە كولەكەی تەڕیشا نەما
+دەیان موزیع و بەرپرسی بەرنامە و پەیامنێر و رۆژنامەنوسی كەناڵەكانی ئێن ئارتی و كوردسات و پەیام و.... لەلایەن میدیاكانی پارتیەوە بەپارە كڕیویانن و قوباد تالەبانیش كارئاسانی بۆ دامەزراندنیان لە دام و دەزگاكانی حكومەت بۆ كردون و بەبێ دەوام معاش وەرئەگرن و خزمەت بە كەنالەكانی پارتی ئەكەن.
ئەمانەی سەرەوە مشتێكن لەخەرواری هەنگاوەكانی قوبادتاڵەبانی بۆ خنكانی راگەیاندنی ئازاد و رەخنەگر ... چەند سالێكیشە خەریكی راكێشانی هەموو كەرتە گرنگەكانی بزنس و تەندروستیشە بەرەو بازاڕی پارتی... تەنها بۆ خاتری مانەوەی لە پۆستێك و كەڵەكردنی سەرمایە لەسەر حسابی روتاندنەوە و شكاندنی شكۆی میللەتێ كە ئاواتی گەورەی لەتێ نان و سێبەرێكی ئازادییە تا پشویەك بدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست