هەست بەخەجاڵەتی دەکەم
Sunday, 28/10/2018, 2:39
فەرەیدون عەبدولقادر یەکێکە لە سەرکردە دێرین و ناسراوەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و رۆڵێکی بەرچاویشی لەسەردەمی شاروشاخ دا هەبووە، ئەو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بووە، کە بەبەردی بناغەی یەکێتی نیشتمانی دادەنرێت، لەهەمانکاتیشدا هاوڕێی زیندانی سەرکردەی نەمر شێخ شەهاب بووە، دواتریش کە ئازاد کراوە، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی سەردەمی خه‌باتی پارتیزانی و به‌شداری جددی له سه‌رکردایه‌تیکردنی راپه‌رین کردووه‌و لەدوای راپه‌ڕینیش، پۆستی پارێزگار و وزارەت و تا جێگری سەرۆک وەزیرانیشی دیوە. به‌گشتی یه‌کێکه له‌وکه‌سانه‌ی که له‌بڕیاری سیاسی کوردی‌دا، رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه.
ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بەندە پێش چەند ساڵێک لەنزیکەوە ناسیم و چەند دانیشتنێکمان سازکرد، ئه‌ویش بە مەبه‌ستی ئامادەکردنی بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاری لەسەرمێژووی بزووتنه‌وەی چەپ و دروستبوونی کۆمەڵە، زۆر قسه‌وباسمان کرد‌و زۆریش سوودم له‌بۆچوون و تێڕوانیینه‌کانی بینی، به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌کاتی دانیشتن له‌گه‌ڵیدا، زۆر ئاسووده‌بوم.
لەماوەی پێشوودا کاک فەرەیدون بیرەوەرییەکانی خۆی نووسی، به داخه‌وه من دره‌نگ ئه‌م کتێبه‌م ده‌ستکه‌وت، به‌ڵام به‌خۆشحاڵییه‌وه خوێندمه‌وه‌و به‌شێکی زۆری ئه‌و بابه‌تانه‌ش که کاک فه‌ریدون نووسیویه‌تی، پێشتر له دانیشتنه‌کانماندا باسیکردووه. دیارە بمانەوێت یان نا، ئەو وەکو کەسایه‌تییەکی دیاری ناو کۆمەڵەو یەکێتی، رۆڵی گرنگی گێڕاوە لەرووداوەکاندا، لەبەرئەوە چ لەرووی مێژوویی یان سیاسییەوە، گرنگە ئەو کتێبە بخوێنرێتەوه، بەتایبەتی بۆ ئێمەی نەوەی نوێ، کەئاگاداری ئەو رووداوانە نەبووین یان تێیدا نه‌ژیاون، لێرەشدا پێمخۆشە وه‌کو هه‌موو کتێبێکی تر که خوێندومه‌ته‌وه، چه‌ند سەرنجێکی خۆم دەرببڕم.
شێوازی نووسین
لەرووی شێوازی نووسینەوە، نووسه‌ر زیاتر پشتی بەگێڕانەوەی ئه‌و رووداوانه بەستووە که خۆی تێیدا ژیاوه. لەلایەکی ترەوە نووسەر هەوڵیداوە بەزمانێکی ئاسان بنووسێت، کەهەموو چین‌و توێژێکی گەلەکەمان لێی تێبگات و خۆشی لە دەستەواژەی قوورس و فەلسەفییانە، دوورخستۆتەوە.
رۆڵی ئازاد تۆفیق
کاک فەرەیدون لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت: کاک ئازاد تۆفیق رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتن و نووسینەوەی ئەم کتێبە،گەر ئەویش نەبوایە، ئەم کتێبە چاپ نەدەکرا» واتە کاک ئازاد تۆفیقیش بەشدارییەکی کارامەی لەم کارەدا کردووە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە تەنها کاک فەریدون خۆی بەشداری نووسینەوەی ئەم بیرەوەریانەی نەکردووە، بەڵکو کاک ئازاد تۆفیقیش رۆڵی لەم کتێبەدا گێراوە.
شێوازی ئەدەبی
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی من بوو، لەچەند شوێنێکدا نووسەر هەوڵیداوە شێوازی ئەدەبی تێکەڵی نووسینەکە بکات، بۆ نموونە زۆرجار رەگەزی دیالۆگی بەکارهێناوە، لە لاپەرە 193 دا باسی گفتوگۆی خۆیان لەنێوان خاڵە شەهاب و داروی شێخ نوری دەکات، کە شێوازی دیالۆگی بەکارهێناوە، که‌ئەمه‌ش زیاتر لەژانری چیرۆک و رۆمان‌دا بەکاردێت، به‌دڵنییایه‌وه به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره ته‌کنیکه، چێژی تایبه‌ت ده‌دات به‌خوێنه‌ر به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له ئه‌ده‌به.
مێژوو کێشەی کورد
سەرەتا نووسەر هه‌وڵیداوە گەشتێکی کورت بەناو مێژووی کۆن و نوێی کورددا بکات و باس لەپێگەی جوگرافیی کورد‌و هۆکاری نەبوونی دەوڵەتیش بخاتە روو، هەموو ئەمانەش گوزارشت له دیدی نووسەر دەکەن بۆ کێشەی کورد، کەزیاتر پانۆرامایەکی خێرایی مێژووی کوردە لەچەند سەدەی رابردوودا.
مێژووی چۆنێتی دروستبونی کۆمەڵە
دیارە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان کە دواتر بوو بە کۆمەڵەی رەنجدەران، یەکیکە لە رێکخراوە سیاسییە گرنگەکانی مێژووی نوێی گەلەکەمان، بەدڵنیایشەوە بە بەردی بناغەی یەکێتی نیشتمانی و شۆرشی نوێی گه‌له‌که‌مان دادەنرێت، چونکە گەر کۆمەڵە نەبوایە، یەکێتیش نەدەبوو. بەداخەوە لەماوەی پێشوودا چەندین کتێب لەبارە‌ی ئەم رێکخراوەوە نووسراوەو زۆرکه‌سیش خۆی کردۆته دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م رێکخراوه سیاسییه گرنگه، هه‌ندێکیش هەوڵیانداوە بەپێی ویست و ئاره‌زوی خۆیان باسی چۆنێتی دورستبوونی ئەم کۆمەڵەیە بکه‌ن.
خۆشبخەتانە کاک فەرەیدون کە خۆی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوە سیاسییە، له نزیکه‌وه ئاگاداری وورده‌کارییه‌کانی بووه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی شار‌و زیندان و دواتریش شاخ، به‌شداری بڕیاری سیاسی بووه. بە درێژی باسی چۆنێتی دروستبوون و خلافات و شێوازی کارکردنی سیاسیی‌و فکری ئەوکاتی ئەو هەڤاڵانەی بە راشکاوانە دەرخسستوە، ئەمه‌ش گرنگترین خاڵی بەهێزی ئەم کتێبەیە کە سەرنجی زۆرێک لە خوێنەرانی کێشاوە. راستییەکەی هێندە مێژووی ئەم رێکخراوە شێوێنراوە، به‌جۆرێک کاتێکیش کەسێکی وەکو کاک فەرەیدون بڵێت من لە دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوەبووم، له‌وانەبێت خەڵکانێک باوەڕ نەکه‌ن، چونکە زۆرکەس نان‌و پیازییان بە دروستکردنی ئەم رێکخراوه‌وه خواردووەو زۆرکه‌سیش خۆی به دامه‌زرێنه‌ری داناوه به‌ڵام له‌ڕاستیدا وانییه.
خاڵە شەهاب
خاڵە شەهاب یەکێکە لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی‌و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، جگه له‌وه‌ش رابەڕێکی مەزن و دیاری گەلەکەمان بووە، رۆڵێکی ئێجگار گەورەشی هەبووە لە جۆشدانی خەبات و تێکۆشان بەتایبەتی پاش هەرەسی شۆرشی ئەیلوول. کاک فەرەیدون بەحوكمی ئه‌وەی زۆر لێوەی نزیک بووە لەکاتی خەباتی ژێرزەمینیی ناو شاره‌کان‌و دواتریش، پێکەوە زیندانی دەکرێن. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر زانیاریی ووردی لەبارە‌ی ئەم سەرکردە مەزنەوە لایەو، لەم کتێبەشدا باسی زۆر خاڵی گرنگی خاڵه شه‌هابی کردووە، که‌له‌ڕووی مێژووییه‌وه گرنگی زۆری هه‌یه. له‌هه‌مانکاتیشدا ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی ده‌رخستووه.
له‌ووته‌یه‌کیدا خاڵه شه‌هاب ده‌ڵێت: تێکۆشەری ئەم رێبازە دەبێت یەکەمین شەڕ لەگەڵ خۆی بکات و خەبات بکات لەگەڵ دەروون‌و دژی خواست‌و حەزە شەخسیەکانی خۆی، دەبێت کەسێکی خۆنەویست و خەڵك ویست و گیانبازبێت. ل151
کاتێک ئه‌م ووتانه‌م خوێنده‌وه، هه‌ستمکرد که خاڵه شه‌هاب نه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیی بووه، به‌ڵکه که‌سێکی خه‌باتگێرو بیرمه‌ندێکی گه‌وره‌ش بووه، چونکه ئه‌وه هزروبۆچوونه‌کانی خاڵه‌شه‌هاب بوون، که‌بوونه وزه‌یه‌کی گه‌وره بۆ هه‌زاران گه‌نج و لاوی تری کوردستان و رێبازه‌که‌ی بگرنه‌به‌ر. به‌بڕوای من له‌ده‌ستدانی ئه‌م رابه‌ره مه‌زنه، گه‌وره‌ترین زه‌ربه‌ی له یه‌کێتی و گه‌له‌که‌مان داوه، چونکه گه‌ر ئه‌و بمایه، له‌وانه‌بێت مێژووی یه‌کێتی‌و کوردیش به‌شێوه‌یه‌کی تر هه‌نگاوی بنایه.
زیندان
زیندان به‌شێکی گرنگی مێژووی سیاسی کورد پێکده‌هێنێت، چونکه هه‌میشه داگیرکه‌رانی کوردستان، به‌زه‌بری هێزو زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی شۆرشگێره‌کان وه‌ڵامی داخوازییه ره‌واکانی گه‌له‌که‌مانیان داوه‌ته. کاک فەرەیدونیش وەکو هەموو تێکۆشەرەکانی تری گەلەکەمان، بەشێکی ژیانی لەناو زیندانەکانی رژێمی بەعسدا بردۆتە سەر. لەم کتێبەدا نووسەر بەوپەڕی ووردییەوە باسی شێوازی ئازاردان‌و ئەشکەنجەدانی جەلادەکانی بەعس بەرامبەر خەڵکانی شۆرشگێر کردووه، لەهەمانکاتیشدا باسی قۆناغی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ده‌کات، که عیراق لەسایەی بەعسدا بۆتە زیندانێکی گه‌ورە. لە لاپەرە 272 نووسه‌ر ده‌ڵێت:
«ئیتر بۆم دەرکەوت جگە له حیزبی بەعس و سەرکردەکانی حیزبی شیوعی، کەس نییە لەعیراقدا بتوانێت بە ئاسوودەیی هەناسەیەکی ئازاد هەڵمژێ .
به‌داخه‌وه هه‌ندێک له نه‌وه‌ی نوێ به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئێستا له حوکمی خۆماڵی ناڕازییه‌و ئاگاداری شێوازی تۆقێنه‌رانه‌ی به‌عسیه‌کان نه‌بووه، پێیان وایه، که رژێمی به‌عس و سه‌دام، حوکمێکی باشیان کردووه، به‌ڵام له‌راستیدا، عیراق و کوردستان له‌سایه‌ی ڕژێمی به‌عسدا، وه‌کو کاک فه‌ریدون ده‌ڵێت: زیندانێکی گه‌وره بووه.
دان نان بە هەڵەدا
به‌داخه‌وه کەم سەرکردەی کوردم دیوە دان بەهەڵەی خۆیدا بنێت، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانیانم خوێندۆته‌وه، باس له هه‌ڵه‌کانی خۆیان ناکه‌ن، بگره به‌پێچه‌وانه‌وه ئاکامی هه‌موو شکست و هه‌ڵه‌کان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی خه‌ڵکی تر. به‌پێچه‌وانه‌وه ئەوەی له‌م کتێبه‌دا به‌لامه‌وه جوان بوو، کاک فه‌ریدون له زۆر شوێندا، دان بەهەڵەی خۆیی و هه‌ڤاڵه‌کانیدا دەنێت، ئەمەش داهێنانێکی جوان و باشەو سوود بە گەلەکەمان دەگەینێت.
بۆ نموونه کاتێک باسی هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به‌لێکترازانه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار و هه‌ڤاڵه‌کانی ده‌کات، لەلاپه‌ڕه 510 و 511دا دەڵێت: من خۆم یەکێک بووم لەو بەرپرسە باڵانەی یەکێتی کە شەریکی هەموو ئەو بریاڕانە بووم کەدەرهەق بە مەلابەختیار و سەرجەم ئەو هاورێیانەکرا.
هەرخۆشی دواتر پێمان دەڵێت چیان کردووە: ئەوەبوو ئەو هاورێیانەمان لەزینداندا هێشتەوەو پاشان رێگەماندا بە گرتنەبەری ترس و تۆقاندن و ئەشکەنجەدان،،، بەو شێوەیە سوکایەتی بە مەلا بەختیارو هاورێکانی کرا.
دەشڵێت: هێندە کارەکانمان توندڕەویی و کاڵفامی گرتەخۆ، ئێساش کەبیرم دەکەوێتەوە لەخەجاڵەتی به‌ولاوە ناتوانم هەستێکی ترم هەبێت. ده‌شڵێت: نەریتێکی خراپمان داهێناو ئاکامی ئەم کارەش شتی خراپی لێکەوتۆتەوە. هاوکات نەریتێکی خراپیشی لەرێرەوی خەبات و لەکاری حزبیی و پێشمەرگایەتی جێکردەوەو دەروازەیەکیشی بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی زەبرو زەنگ وگیانی چزکردنی یەکتریی و تاکڕەویی و تەنانەت دیکتاتۆریشی کردەوە.
ئه‌مه‌ش له‌ڕووی مێژووییه‌وه زۆر گرنگه، که سه‌رکرده‌یه‌ک دان به‌هه‌ڵه‌ی سیاسیی خۆیی و پارته‌که‌یدا بنێت، چونکه زۆر گرنگه دان به‌هه‌ڵدا بنێیت بۆ ئه‌وه‌ی دووباره هه‌مان هه‌ڵه دووباره نه‌که‌یته‌وه‌و نەوەی نوێ سوود لەهەڵەکانی نەوەی پێش خۆیان بکەن‌و دووبارەی نەکەنەوە.
له‌مباره‌یه‌وه مارکس قسه‌یه‌کی جوانی هه‌یه ده‌ڵێت: هه‌ڵه‌ی مێژوویی له‌یه‌که‌م جاریدا وه‌کو کاره‌سات ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام کاتێک هه‌مان هه‌ڵه دووباره بێته‌وه، وه‌کو گاڵته‌جارییه‌ک ده‌رده‌که‌وێت.
هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ رژێم
لەلایەکی ترەوە لەبارە‌ی کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ و قۆناغی ئاشتی لەگەڵ رژێمی بەعس و دووبارە هەڵگیرسانەوە شەڕ ، لێرەشدا دان بەهەڵەی خۆیاندا دەنێت و دەڵێت: بە بڕوای من ئەو بریارە، بریارێکی پەلە و دوور لە لێکدانەوەی بابەتی و سیاسیی و ژیرانەبوو.
هەرخۆشی روونی ده كاته وه بۆچی هەڵەیان کردووە ده لیت: ئێمە باش تەماشای تەرازویی هێزی سیاسیی و سەربازیی‌و ئابووری و دیپلۆماتیی‌و پەیوه‌ندییە نێودەوڵەتییەکانی عیراق‌و وڵاتانی دونیا‌و ناوچەکەمان نەکرد، هاوکات هەڵسانگاندنێکی وردیش بۆ توانا‌و هێزی لۆجستیکیی و پێشمەرگەکانی یەکێتیشمان نەکرد. سوپای عیراق خاوەنی سێ فەیلق بوو، کەلە 50 فیرقە پێکهاتووەو خاوەنی 5 هەزار تانک و 600 فرۆکەی جەنگی و 7 هەزار تۆپ بوو، داهاتی عیراقیش لەزیادبووندابووەو دەوڵەتانی کەنداو بڕی 120 ملیار دۆلار قەرزیان بە عیراق داوە، لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی پێشمه‌رگه به هەموو لایەنە کوردییەکانه وه نەگەیشتۆتە 7 هەزار پێشمەرگەو چەکی سووک و کەمیان پێبووە، لەرووی دارایشەوە هەرگیز بۆ بەراورد نەدەشیا. ل505
دانوساندن لەگەڵ رژێمی بەعس
لەبارە‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رژێم، کاک فەرەیدون زانیارییەکی گرنگ باس دەکات، لەیەکەمین جەولەی دانوسانەکەدا، سەدام ئاماده‌یی ده ربریوه كه به‌شێکی زۆری مافی کورد رازیی بێت، بەڵام مام جەلال دوودڵ بووە لە ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە. لەمباره‌یه‌وه دەڵێت: لەو کۆبوونەوەیدا خۆم سەرم سوڕما لە وەرامەکەی «مام جه‌لال» بۆچی ئەو دەرفەتەی نەقۆستەوه بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ کوردستانی باشوور‌و بۆ نەته‌وەی کورد،،، ئەوەی لەو دەرفەتەدا دەکرا بەدەست بێت، رەنگە لەکاتێکی تردا مومکین نەبێ، لەوکاتەدا عیراق گیرۆدەی جەنگێکی سەخت و وێرانکەربوو، تەرازووی هێزەکانیش لەشەڕەکه‌دا هەڕەشەو مەترسیەکی گەورەی لەسەر عیراق و ئایندەی رژێمی عیراق دروست کردبوو. دواتریش ده‌ڵێت: بەرای من ئەو هەلومەرجە دەیتوانی دەرفەتێکی لەباربێت، بۆ ئەوەی سەدام حسێن رێکەوتنێک لەگەڵ کورددا ئیمزا بکات، کە یەکێتی نیشتمانی هێزە گەورە کاریگەرەکەی نێو گۆڕەپانەکە بوو. ل482
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه به‌قۆناغێکی گرنگی مێژووی گه‌له‌که‌مان داده‌نرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌میش وه‌کوو رووداوه‌کانی تری مێژووی گه‌له‌که‌مان، له‌زۆر کتێب‌دا به‌هه‌ڵه باسی لێوه‌کراوه. راستە لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەپلەی یەکەم سەدام و رژێمه‌که‌ی تاوانبارە، بەڵام ناکرێت هەڵەی خۆمان لەبیر بکەین، کاک فەرەیدون بە ووردی باسی چۆنێتی ئەم کارەساتە دەکات‌و دەڵێت: من لە ئێران بووم کاک نەوشیروان جوابی بۆ ناردم بچم لەگەڵ کاک شەوکەتی حاجی موشیرو حامیدی حاجی غالی هاوکاری بکەم بۆ ئەوەی شەرێک لە قۆڵی هەڵەبجەوە دابمەزرێت و کارێکی وابکرێت، کە بتوانێت گوشاری هێرشەکەی عیراق بۆ سەر سەرکردایەتی کەم بکاتەوەو تاعیراق ناچار بێت هەندێک لە هێزەکانی بکشێتەوە بۆ ئەو قۆڵەی هەڵەبجە. ل559
دیاره هه‌مووشمان ده‌زانین ئاکامی ئه‌م هێرشه، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێکه‌وته‌وه.
ئازاد هەورامی
من بیرەوەری زۆرێک لە سەرکردەی و پێشمەرگەکانی شۆرشی نوێ لەهەموو حزبەکان خوێندۆتەوە، زۆربه‌یان رق‌وکینەی زۆریان بەرامبەر بە کۆمەڵێک سه‌رکرده لەشۆرشەکە هه‌بووه، به‌ڵام ئەوەی جێگەی سەرنجه، هەرهەموویان زۆر بەرێزەوە باسی شەهید ئازاد هەورامی دەکەن. ئه‌مه‌ش لای من و زۆرێکیش له‌مێژوونوسان بۆته مایه‌ی پرسیار. به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌مان نه‌دیوه، له‌به‌رئه‌وه ناتوانین له‌خۆمانه‌وه قسه‌ی له‌باره‌وه بکه‌ین. له‌مباره‌یه‌وه کاک فەره‌یدونیش وه‌کو هه‌موو ئه‌وانی تر زۆر وه‌سفی ئه‌م سه‌رکرده‌یه ده‌کات و دەڵێت: کەسێکی شۆرشگێر‌و ئازا‌و لەخۆبوردەبوو، شەهیدبونی کاک ئازاد کارەساتێکی ناخۆش بوو، لەپاییزی شۆرشەکەماندا روبەرومان بویه‌وەو رووداوێکی جەرگ بڕو ئەژنۆ شکێن بوو ، هەرگیز هێندەی ئه‌و کاتە پێویستیمان پێ نەبوو. ل574
خەباتی شاخ و ڕووداوەکانی ساڵانی حەفتاو هەشتاکان
لەم کتێبەدا نووسەر هه‌وڵیداوە بەشێوەەیکی خێراش بێت، رووداوە گرنگەکانی ساڵانی حەفتاو هەشتاکان لەناوچەکه باس بکات و بۆچوون‌و تێبینی خۆی بڵێت، بەتایبەتی «شۆرشی ئێران، جەنگی عیراق‌و ئێران، کودەتای سەربازی لەتورکیا، دانوسان لەگەڵ ڕژێم، پەلاماردانی سووپای ئێران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، جەنگ لەدژی رژێمی بەعس و کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال، کۆتایی هاتنی جەنگی عیراق و ئێران، جەنگی کوێت و راپەرین» هەموو ئەمانەش نووسەر هەوڵیداوە بەشێوەیەکی خێرا باسیان لێوە بکات.
چەند سەرنجێک
دیاره ئەم کتێبە هەروەک چۆن کۆمەڵێک خاڵی جوانی تێدایە، بەهه‌مانشێوەش لەکۆمەڵێک خاڵی نێگەتیف بەدوور نییە، لێرەدا هەوڵ دەدەم به‌کورتی باس لەهەندێکیان بکەم.
نووسینەوەی مێژوو بە شێوازێکی دیپلۆماتی
پێش هەموو شتێک دەبێت هەرکەس دەستدەکات بەنووسینەوەی بیرەوەییەکانی بەتایبەتی گەر کەسێک بێت کاریگەری لەسەر بریاڕیی سیاسی‌دا هەبووبیت، دەبێت باش ئەوە بزانێت، کە تەنها مێژووی خۆی نانووسێتەوە بگرە بەشێکیش لەمێژووی گەلەکەی دەنوسێتەوە ئەمەش دەبێت بەئەمانەتەوە بینووسێتەوە، لەهەمانکاتیشدا مێژوو زانستێکی گرنگە‌و کۆمەڵێک یاسا‌و رێسای خۆی هەیە، ناکرێت تۆ لەبەر ئەوەی دڵی خەڵکی تر لەخۆ نەرەنجێنیت، باسی هه‌ڵه مێژووییه‌کان نه‌كه یت و ره‌خنه له‌که‌س نه‌گریت. هەروەها دیپلۆماتی شتێکەو مێژووش شتێکی ترە.
کاک فەرەیدون بەحوکمی ئەوەی ساڵانێکی زۆر رۆڵی هەبووە لەبڕیارە سیاسییەکانی شاخ و شار‌و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، دەیتوانی زۆر خاڵی شاراوە هەیە، باسیان لێوەبکات، ئەوەش تەنها بۆئەوەی نەوەی نوێ ئاگاداری هەڵەکانی نه‌وەی کۆن بێت‌و سوودی لێوەربگرێت. لێ به‌داخه‌وه کاک فەرەیدون هەوڵیداوە بەزمانێکی دیپلۆماتیانە بیرەوەرییەکانی بنووسێتەوەو دڵی زۆرکەس رازی بکات، ئەمەش وایکردووە کە کتێبەکە سەرکەوتنی گه‌وره بەدەستنەهێنێت. لەمبارەیەوە فەرەنسییەکان پەندێکی جوانیان هەیە دەڵێت: گەر بتەوێت دڵی هەموو کەس لەخۆت رازی بکەیت، ئەوا دڵی هەمووکەست لێ دەرەنجێت.
هەموومان دەزانین یەکێتی لەوەتەی دروستبووە واتە لەساڵی 1975 ەوە لەکێشە و گرفتدا بووە لەگەڵ ماڵی بارزانی و پارتی، هەتا ساڵی 1986 ئەویش بەفشاری ئێران پارتی ئاشتی قبوڵکرد. دواتریش لەساڵی 1994 تاوەکو 2006 ، کێشەو جەنگ لەنیوان هەردولا هەبووە، بەواتایەکی تر سێبەشی ژیانی سیاسی یەکێتی، لەکێشەو گرفتدابووە لەگەڵ لایەنەکانی تر بەتایبەتی پارتی. بەڵام کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، وادەزانیت هیچ کێشەیەک نەبووەو هەموو لایەن و کەسەکان بەچاوی رێزەوە سەیری یەکتریان کردووە، بەڵام راستیەکەی بەجۆرێکی ترە.
نەبوونی رێرەوی مێژوویی
من پێموایەن دەبوایە کاک فەرەیدون ئەم کتێبەی پیشانی مێژوونوسێک بدایەو هەندێک رێنمایی گرنگیان پیشان بدایە، بەتایبه‌تی لەبارە‌ی شێوازی نووسینەوە. کاک فەرەیدون زۆرجار بەشێوازێکی بەردەوام، رێرەوەی مێژوویەکان باس ناکات و سالەکان پاش وپێش دەخات، بۆ نموونە لەل. 347،دا،کاتێک باسی جەنگی عیراق- ئێران دەکات، بەدوایدا لە ل.350 دا، باسی چۆنێتی دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی دەکات، ئەمەش لەرووی زەمنییه‌وە پێش و پاش کەوتووە. یان باسی کۆنفرانسی سێهەمینی کۆمەڵە دەکات، کەچی گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتاکانی خیلافاتی ناو کۆمه‌ڵەو پرسی عیراقچێتیی و چەپگەرایی ناو کەساییەتییه‌کانی ناو کۆمەڵە ده‌کات.
حەلکردنی کۆمەڵە
دروستکردنی کۆمەڵەو چۆنێتی گه‌شکردن خیلافاتە فکریی و دواتریش گرتنی سەرکردەکانی و سەرکەوتن‌و شکستی ئەم رێکخراوە دەبێتە بەردی بناغەی ئەم کتێبەو بەدڵنیاییەوە بەشێکی گرنگی ژیانی کاک فەرەیدونیش پێکدەهێنێت، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، کاک فەرەیدون تەنها بەپەرەگرافێک باس لەحەلکردن و هەڵوەشانەوەی ئەم رێکخراوە دەکات کەسێ چارەکی کتێبەکەی بۆ تەرخانکردووە، بەبێ ئەوەی هۆکارو چۆنێتی هەڵوەشانەوەی باس بکات. هەرچەندە کۆمەڵەش لەدوا ساتەکانیدا چیتر ئەو رێکخراوە چەپ و جەماوەرییە نەمابوو، تەنها نەوشیروان موستەفا خۆی بریاردەربوو، هەربۆیە زۆر بەسووک و ئاسانیش هەڵیوەشاندەوە کەسیش ناڕەزایی لەو کارەی کاک نەوشیروان دەرنەبڕی. ئەمەش لەمێژوودا کێشەیەکی گەورەی بریاڕی سیاسی کورد بووە، کاتێک هەموو بریارە سیاسییەکان بچێتە دەستی کەسێکەوە، ئیتر کارەسات دەخوڵقێت، کاتێک سەرۆک بڵێت شۆڕش بکەن دەبێت شۆرش بکرێت، کاتێکیش ووتی شۆرش تەواو، ئیتر تەواو.
نەبوونی سەرچاوە
لە لاپەرە 367 و لاپەرەکانی تردا باسی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا‌و پاکستان و ئیسپانیا دەکات، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەیەک سەرچاوەی ئەکادیمی بدات. یان لە لاپەرە 441 باس لە کێشەی جەزائیر دەکات‌و کۆمەڵێک باسی مێژووی خەباتی جەزائیریەکان لەدژی فەرمنسییەکان دەکات، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ سەرچاوەیەک بکات.
یان کاتێک لە لاپەڕە 535 دا داهاتی نەوت‌و سوپای عیراق دەکات، کۆمەڵێک ئاماری نووسیوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەک باس‌بکات . ئەمەش خاڵێکی نێگەتیفی بەم کتێبە بەخشیوە.
دانوساندن
بەشێکی گرنگی تری ئەم کتیبە باسکردنە لە قۆناغی دانوساندن، پێش هەموو شتێک لەرووی زمانەوانییەوە کاک فەرەیدون کیشەی زۆری لەگەڵ ئەم وشەیە هەیە دەمێک دەنووسێت دانوساندن، دەمێکیش دان و ساندن، یان دانوسان راستیەکەشی دانوساندن یان مفاوەزاتی بنووسیایه ئیتر خۆی تووشی ئەم کێشەیه ناکرد.
دواتر کاک فەرەیدون وەکو ئوستازێکی زانستە سیاسییەکان باس لەئامانج و شێواز و چۆنێتی دانوساندن دەکات، هەرخۆشی پێمان دەڵێت: کورد هەمیشە ئەوەی بەجەنگ دەستی کەوتوە لەکاتی گفتوگۆدا دۆڕاندوویویەتی. لەکاتێکدا کاک فەرەیدون خۆشی یەکێک بووە لەو کەسانەی کەرۆڵی سەرەکی هەبووە لەو دانوساندنەی ساڵی 1984، کە خۆی پێمان دەڵێت شکستی هێناوە.
تووڕەبوونی مام جەلال لە تاریق عەزیز
لەلاپەرە 478 دا باسی تووڕەبوونی مام جەلال دەکات گوایە مام جەلال لە تاریق عەزیز تووڕەبووەو پاکەتە جگەرەکەی تێگرتووە، بەڵام مام جەلال لە دیدارەکەی لەگەڵ سەلاح رەشیدا لە بەشی دووەمدا لە ل156 دا بەشێوەیەکی تر باسی ئەم ڕووداوە دەکات‌و دەڵێت: توورەبوم‌و هەموو شتەکانی بەردەمم کۆکردەوەو عەینەکەکم و لەچاوکردەوەو کورسیەکم وەرگێراو بەتاریق عەزیزم گوت: ئەمن قسە لەگەڵ تۆ ناکەم.
ئەوکەسەش کە بەمام جەلالی ووتوە بچۆ بۆلای قەزافی پارەی لێوەرگرە، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عیراقی بووە نەک تاریق عەزیز.
راپۆرت شوبات
بەدڵنییایەوە ئەم راپۆرتە زۆر کاری کردۆتە سەر کاک فەرەیدون و هاورێیانی زیندان. لەلاپەرە 266 دا دەڵێت: لەو راپۆرتەدا باسی هاورێ گیراوەکانی زیندان کرابوو، هێرشێکی بێجێ و رێ و بەپەلەیان تێدابوو لەهاورێیانی زیندان. دواتر وەڵامی زۆرێک لەبەندەکانی راپۆرتەکە دەداتەوەو داکۆکی لەخۆیی و هاورێیانی زیندان دەکات. بەڵام پارادۆکس لەوەدایە لە لاپەڕە 320 و 321 دا دەڵێت: ئەو راپۆرتە زۆر نان و پیازی پێوە دەخورا! بڕوا دەکەن ئێستەشی لەگەڵدا بێت، نەدیومەو نەخوێندوشمەتەوە!.
پێش کۆتایی
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبە یەکێکە لەکتێبە مێژووییە گرنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گەلەکەمان، بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ زۆر گرنگە بیخوێننەوە، تاوەکو ئاگاداری رەوشی ژیانی سیاسیی و خەبات و تێکۆشانی نەوەی پێشتر بن.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لەکاک فەرەیدون بکەین و هیوای لەشساخیی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازین و چاوەڕێی بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانین.
سەرچاوە:
فەرەیدون عەبدولقادر. هەڵۆ سوورەکانی قەندیل. چاپی یەکەم. چاپخانە سەردەم. سلێمانی.2017.
http://www.awene.com/2018/10/28/106488/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست