حوکمڕانی بارزانی باوک و کوڕو برازا
Tuesday, 08/12/2020, 19:31
زیاد لەدوو دەیەو نیوە بارزانییەکان حوکمڕانیەتی هەرێمی کوردستان دەکەن ، لە بارزانی باوکەوە بیگرە بۆ بارزانی کوڕو برازا لە پۆستە باڵاکانی حوکمڕانیەتی هەرێمی کوردستاندا بوون ، سەردەمی دەسەڵاتی بارزانی باوک و کوڕ و برازا سەردەمێکی تاریکەو ئاستی دیموکراسی، ئاسایشی تاک، خزمەتگوزاری، ئابوری ھەرێم، شەفافیەت و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆیی دادگاکان، دۆخی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان، پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدادو وڵاتانی ناوچەکە….ھتد، شکستی هێناوە .
حکومڕانی باش و “شەفافیەت، ھاوڵاتی بون، حکومەتی وەڵامدەرەوە، لێپرسینەوە ، سەروەری یاسا، ئەکتیڤکردنی دامەزراوەکان و دەسەڵاتی دادپەروەرو یەکسانیخواز ، ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەشداری لایەنەکان لەبڕیارداندا ، بەپێی ئەم پێوەرانە ھیچکام لە بارزانی باوک و کوڕو برازا نەیانتوانیووەو سەرکەوتوو نەبوون لە پرۆسەی حکومڕانیدا.
شکستی کابینەی نۆیەم کە بارزانی کوڕ سەرۆکایەتی دەکات ، شکستی عەقڵ و لۆژیکی هەواڵگرییە کە ناتوانێت بەشێوەیەکی زانستی و عەقڵانی حکومەتداری بکات ،هۆکاری سەرەکی شکستی کابینەی نۆیەم ھێنانی ستاف و تیم و عەقڵیەتی دەزگای هەواڵگرییە بۆ حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر، چونکە ئەم نەفەس و ئەجێندایە بووەتە گەورەترین بەڵا بۆ ئەزموونی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان .
سیاسەتی ئابوری سەربەخۆو مەشروعی ڕیفراندۆم دوو پرۆسەی گرنگ بوون کە بەهۆی عەبەسیەت و تاکڕەویی بارزانی باوک و برازا بە شکست و کارەسات کۆتاییان پێهات ، سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ کە ئەندازیارەکەی نێچیرڤان بارزانی بوو ،هەرێمی كوردستان توشی تەنگەژەی قورسی ئابوری و سیاسی كردو بووەتە پاشکۆی تورکیاو پێگەی سیاسی ھەرێمیش لەوپەڕی خراپیدایە، ڕیفراندۆمیش کارتێکی بەهێزی سەربەخۆی کورد بوو کە بەهۆی عەبەسییەتی بارزانی باوکەوە دەرفەت و دەستکەوتەکانی جەنگی داعشی لەبار بردوو، کورد بەهۆی ڕیفراندۆمەوە هێزی خاک و دۆستەکانی لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی لەدەست دا .
ئینجازی حوکمڕانیەتی بارزانی باوک و کوڕو برازا ھەژاری زیادکردو بووە دەردێکی کوشندەی بەربڵاو، سیمای دوئیدارەیی لەکابینەی نۆیەم دا تۆختر کردووەتەوە ، دەستێوەردانی بارزانییەکان لە کاروباری حکومەت و پەڕلەماندا زیاتر بووە ، کابینەی نۆیەم کابینەی وتارو بەڵێن و دروشمە نەک کردار ، وێرانکردنی دەزگا شەرعییەکان ( پەڕلەمان ) تێکدانی پەیوەندی هەرێم و بەغدا و چاندنی تۆوی دوبەرەکی ئیتنی و تائیفی دژ بە پێکهاتەکانی تر لەعێراق ، جگە لەوەی تا ئێستا بارزانی کوڕ دەستبەرداری پۆستە ئەمنیەکانی نەبووە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێ وەزیرەو بێمتمانەیی ھاوڵاتیان بە دەسەڵاتداران لە لوتکەدایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست