یادێك لە كاوە گەرمیانی
Sunday, 06/12/2020, 21:22
لە یادی حەوتەمین ساڵەی تیرۆركردنی رۆژنامهنوس كاوه گهرمیانی هاوخەمی خۆمان بۆ هاوژین وکەسوکار و ئازادیخوازو دۆستانی ئەم قوربانییە دەردەبڕین ، یادی ئەم تاوانە و تاوانە قیزەونەكانی تر هاندەرمان دەبێت بۆ خەبات و تێكۆشان تا کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مافیاگەری و تیرۆر و ملهوڕی ، هەموومان شاهیدی دەسەڵاتێكین كە پڕە لە كوشتن و پەلاماردان و هەڕەشە و نادادی ،ئێستا دوای حەوت ساڵ لە تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دیمەنەكان لە كوردستان خوێناویتر بووەو ژینگەی كاری رۆژنامەنووسی لە كوردستان ترسناكترە .
كاوە گەرمیانی مێژوویەكە لە ئەنفال ،تابلۆیەكە بە خوێن ڕەنگكراوە ، كاوە گەرمیانی خەمی گەرمیانیەكانی دابوو بە كۆڵدا و بۆخۆی گەرمیان بوو ،كاوە گەرمیانی عهوداڵی دادپهروهری و زمانی چهوساوه و ستهملێکراوان و دهنگی ئازادیخوازان بوو ،كاوە گەرمیانی جوامێریكی سەربەرزو سەربڵندی گەرمەسێر بوو ، وەك هەڵۆ لەشەقەی باڵی دەداو قەڵەمەكەی چەكوش بوو بۆ سەری گەندەڵكار و دز و ستهمکار و مشهخۆران ، ئەوانەی چاویان بە كاوە گەرمیانی هەڵنەدەهات گەیشتن بە مەرامی خۆیان و شەهیدیان كرد ، دەبا بزانن كوردستان ڕۆژانه سهدان کاوهی دیکه دێنێته دنیاوه ،سەدان ئازادیخواز و ڕۆژنامەنوسی بوێرو ڕاستگۆ ڕێچكەی ویداد حوسێن و سۆرانی مامەحەمەو سەردەشت عوسمان دەگرنە بەر و خۆیان پێ هاوخهبات و هاوئامانجە .
بەعس لە سەردەمی خۆیدا هەریەك لە (شاکر فەتاح و دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف)ـی تیرۆر كرد ، دوای ڕاپەرینیش خەسلەتی کوشتن و ئازاردانی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان لە هەرێمی كوردستان دەبێتە دیاردە وهەریەك لە( د. عەبدولسەتار تاهیر شەریف) و (ویداد حوسێن )و (سۆرانی مامە حەمە) و (سەردەشت عوسمان) تیرۆر دەكرین ،ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان سپیكردنەوەی ڕووی بەعسیزمە لەسەردەستی حیزبەكانی شاخ و شار ! دەبێ ئیوە شەرم بكەن و عارەقی شەرمەزاری بسڕن كاتێك باسی ئازادی رادەربڕین و دیموکراسی ومافی مرۆڤ دەكەن ! فایەق بێكەس شاعیری چەوساوەكان جوانی فەرمووە كە دەلێت :
داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ
قەت بەر ناگرێ
سەربەخۆیی بێ فیداکاری
ئەبەد سەر ناگرێ
كاوە گەرمیانی نموونەی مرۆڤی بوێر بوو لە كاری سیاسی و رۆژنامەگەریدا ، لە ناوچەیەكی بازرگانی و دارایی گرنَگ لە كوردستان شیكاری و وردبینی دەكرد ،كاوە گەرمیانی توانی بوێرانە و ڕاستگۆیانە دەستكاری ئەو هاوكێشە نەگریسە بكات كە ئاڵۆز بوو بە زەردەواڵەكان پاسەوانی دەكرا ، كاوە گەرمیانی كۆمەڵگای كوردی لە گەندەڵی و هەڵسوكەوتی مافیایی ئەو بەرپرسە دڕندانە ئاگادار كردەوە كە لە ناو ڕەشەكوژیدا كۆمەڵگایان ئەدۆشی ،دەبێ شكۆی ئەم پێنوسە شەهید كراوە بەرز ڕابگیریت و بكوژانی ئەم كارە تیرۆریستیە شەرمەزار بكرین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست