ئازادی خۆپیشاندان و پارێزگارینەكردن لە خۆپیشاندەران
Thursday, 03/12/2020, 23:16
جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ پرسی خۆپیشاندان بە چەردەیەك مافی ترەوە دەبەستێتەوە وەك مافی ئازادیی رادەربڕین، واتە ئازادی خۆپیشاندان بەشێكە لە ئازادی مرۆڤ ، ئاشكرایە سەردەمی زێڕینی مافەكانی مرۆڤ لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو ،بەشێكی زۆری دەستوری وڵاتان هەمواركرایەوە و دانیان بە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دا نا ،جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ لە ماددەی "۲۰ " دان بە مافی ئازادیی خۆپیشاندەران دەنێت و پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاش لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ماددەی "١٢" ی مافە بنەڕەتییەکانی باسی لە ئازادیی وەكو ماف بۆ خۆپیشاندەران كردووە .
ده‌ستوری هەمیشەیی عێراقیش له ژێر ناوی رێكخستنی ئازادی خۆپیشاندان به پێی یاسای ژماره "۱۹"ی ساڵی "۲۰۰۳" لە ماددەی ٣٨ دەڵێ: "دەوڵەت گەرەنتی ئازادی بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات. لە هەرێمی كوردستانیش بە یاسای ژمارە "١١"ی ساڵی ٢٠١٠ لەژێر ناوی "یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان" كۆمەڵێك كۆت و بەندی له ده‌ق و ماده و برگه‌كانیدا بۆ خۆپیشاندەران داناوە ، پرسی ئازادی خۆپیشاندان په‌یوه‌ندیێكی به هێزی به مافی ئازادی ڕاده‌بڕین و گوزارشتكردنه‌وه هه‌یه ، خۆپیشاندان بریتی یە لە توانای هاوڵاتیان بۆ ڕێپێوان و گربونەوە بەمەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا وداواكردنی مافەكانیان و هه‌ڵوێستیان سه‌باره‌ت به دۆخەی كە ئامادەگی هەیە .
پرسی ئازادی ڕاده‌برین و گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌و مانگرتن به كۆڵه‌گه‌و ڕه‌گه‌زی به‌هێزی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتی داده‌نرێن ، بۆ وڵاتێک کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە کەلتووری دیموکراسی و یەکترقبووڵکردندا نییە خۆپیشاندان مستومڕی زۆرهەڵدەگرێت و بابەتێكی ئاسایی نییە ،ساڵی ۲۰۱۰ كاتێك گفتوگۆكانی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە شێوازی رێكخستنی مافی خۆپیشاندان لەبەرنامەی كاری پەرلەماندا موناقەشەی لەبارەوە كرا دوو بۆ چوون هاتە ئاراوە، بۆچونێك كە بەرەی پارتی و یەكێتی بوون جەختی كردە سەر پێویستیی پێدانی مۆڵەت بۆ داواكارانی خۆپیشاندان ، بۆچونەكەی تر كە بەرەی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بوو پێی وابوو خۆپیشاندان پێویستی بە مۆڵەت نییە و تەنها ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار بەسە ،كە ئەمە دیموكراتیترە و متمانەیش لەنێوان خۆپیشاندەرو دەسەڵاتدا دروست دەكات ، دواجار بەرەی یەكێتی و پارتی لە پەرلەمان بردیانەوە.
یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان كۆت و به‌نده‌كانی هێنده زۆرن مافی ئازادی خۆپیشاندانیان قه‌ده‌غه كردووه ، بەنمونە مادده‌ی سێیه‌م/ بڕگه‌ی دووه‌می یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێم دەلێت : خۆپیشاندان ناكرێت به‌بێ پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ سه‌رۆكی یه‌كه‌ی كارگێڕی بەمەبەستی ڕەزامەندی ". ئەم دەقە بۆخۆی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستورو یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه ،كەواتە ده‌سه‌ڵات ترسی له خۆپیشاندان هه‌یه وباوه‌ڕیان به شه‌قام و خۆپیشاندان نیه! پاشان هاوڵاتیانیش دڵنیان كه مۆڵه‌ت نادرێت و ره‌ت ده‌كرێته‌وه، یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە ڕووی تیۆرییەوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكان ڕێكخراون ،بەڵام ڕێكاره‌كانی موماره‌سه‌كردنی دەق و مادەو برگەكانی رێكنەخراوە ، خۆ ئەگەرلەهەر شاروشارۆچكەیەك دەسەڵاتی خۆجێیەتی رێگەی بە خۆپیشاندان دابێت ، ئەوا بە دیوەكەی تردا پارێزگاری له ژیان و بەهاو كەرامەتی خۆپیشانده‌ر نەكراوە وده‌ست درێژی كاران سزا نەدراون ولێدان له خۆپیشانده‌ران رانەگیراوه وقه‌ره‌بوی زیان لێكه‌وتوانیش نەكراوەتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست