بەڵێنەكانی پارتی و كابینەكەی براگەورە
Tuesday, 01/12/2020, 14:20
نامەوێ هەروا لولەی تۆپی ڕەخنەی بێ سەرو بەر ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم ،بەڵام ڕێگەش لە ڕەخنەگرتن ناگیرێت ،ڕەخنە یارمەتیدەرە تا هەڵەو كەموكوڕییەكان بخرێتە بەرچاو لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە ،دیارە كێشەو ئاڵنگارییەكان زۆرن ،لەبەرامبەریشدا كەموكوڕی لەبەریوەبردندا هەیە و هەروا بە ئاسانی ڕەخنەی رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران لە دەسەڵات نابڕیتەوە ، پارتی سەرەڕای ئەم هەموو پاشقولگرتنە لە دۆزی كورد نایەوێ ڕاستگۆیانەو ڕاشكاوانە دان بە شكست و هەلەكانیدا بنێت ، كەس نەیوتووە پارتی گۆچانی سیحری بەدەستەوەیە و كوردستانمان بۆ بكاتە شامی شەریف و نانمان بەدەمەوە بكات ! بەڵام خەڵك چاوەڕێیی پارتییە ڕاستگۆیانە قۆڵی لێ هەڵماڵێ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەلێن و دروشمانەی كە بانگەشەی بۆ دەكات و ڕۆژانە گوێبیستی دەبین .
من نامەوێ لەم نوسینەم دا كێشەو ئاڵنگاریی وبەلێن و موژدەكانی پارتی یەك بەیەك شیبكەمەوە ،پارتی بە دروشمی "كوردستانێكی بەهێز!" بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ۳۰ی ئەیلولی ۲۰۱۸ دا كردو بەرنامەی لیستی پارتی لە ۱۰ بەش و لە ٦۰ بەڵێن پێكهاتبوو ،لە كۆی شەست بەلێنیش لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوای دووساڵ پارتی نەیتوانیوە هیچ كام لە بەلێنەكانی جێبەجی بكات ،لەكاتێكدا سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی لە هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی دەكرد و دەیگوت :بەڵێنێك نادەین كە پێمان جێبەجێ نەكرێت !.
بەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی براگەورە لەیەكەمین ئەزمونی حكومەتداریدا زۆربەیان جێبەجێ نەكراون،بەلێنی براگەور لە كابینەی نۆیەم دا بەهێزكردنی ئابوری كوردستان و پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتینات و بەرتیلدان وكۆكردنەوەی داهاتی حكومەت بوو لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دا ،ئێستا ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنەكانی پارتی و بەڵێنەكانی براگەورە بكەین زۆرینەیان موزایەدەی سیاسی و خۆڵكردنە چاوی خەڵك بووە و ئەوەشی كە ماوە هیچی لێ سەوز نەبووە ،لەبانگەشەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستاندا موچەخۆران لەساڵێدا چوار موچەو سێ مانگ جارێك موچەیەك وەردەگرن !بەلێنی چاكسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی كابینەی نۆیەم نەك نەیتوانیوە كابینەی هەشتەم تێپەڕێنێت و فاشلترین كابینەیە لەبەر ئەوەی كابینەیەكی قەرزارەو توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییە و ناتوانیت خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاوڵاتیان دابین بكات ،لەبارەی نەهێشتنی ڕۆتینات و بەرتیل لە كابینەی نۆیەم دا ،هیچ حكومەتێك هێندەی كابینەی نۆیەم ڕۆتیناتی تێدا نییە ،ڕۆتین هێلانەی لەناو پایەكانی حكومەت و دام و دەزگاكاندا داكوتاوە و هاونیشتمانی ئەگەر مامەڵەیەكی هەبێت و خێرۆمەندێك نەناسێ بەدەست ڕۆتیناتەوە دەبێتە پۆڕی خوراو ، دام و دەزگاكان لەبری كارئاسانی بۆ خەڵك بونەتە بارگرانی و بێزاری خەڵك .
براگەورە لە كابینەی نۆیەم دا هیچ پرۆژەو بەرنامە و پلان و ستراتیژو سیاسەتێكی جێگیری نییە لە بارەی بەهێزكردنی ئابوری كوردستان و قەیرانی داراییودابینكردنی موچەی فەرمانبەران و پرسی چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی رۆتینات وكۆكردنەوەی داهات ،كابینەكەی براگەورە كابینەیەكی پڕ لە دەردەسەری لە هەڕەشە و ئیهانە و سوکایەتی و كپكردنی دەنگی ئازاد وزیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان و ئازادیخوازان بووە كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ خراپتر دەبێت و ڕووی لەهەڵكشانە ،تەنانەت پەڕلەمانتارانیش نەپارێزراون و پەلاماردراون ،بەلای خۆی بەڵێنی براگەورە لە كابینەی نۆیەم دا بەڵێنی پێداگری لەسەر چەسپاندن و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسی و ئازادییەكان بوو!
داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكانی راگەیاندن، دەستگیركردنی رۆژنامەوانان و ئازاردانیان، رێگریكردن لە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دەربڕین، پەلاماردانو ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران، هەڵكوتانەسەر ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنیو سیاسیو دەستگیركردنو بێسەروشوێنكردنیان لەپاڵ كولەمەرگی خەڵک و خراپی ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەخششی كابینەكەی براگەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان تا لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن و گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەو پەلاماردان و بەشەق ولێدان و، قۆناغەتفەنگ نوزە لە ئازادی ببڕن ،وەكچۆن لە خۆپیشاندانەکانی دهۆك و زاخۆو شیلادزێ وهەولێر بینیمان و پێشتریش لەسلێمانی وهەڵەبجەو سەیدسایەق و شارو شارۆچکەکانی تریش بینیومانە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست