کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كامیان مه‌ترسیدارترن له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌تاى كۆڕۆنا، یان ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ؟

Saturday, 28/11/2020, 22:58


له‌ ئێستا ڤایرۆسى كۆڕۆنا  بۆته‌ مه‌ترسییه‌كى زۆر گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كۆى مرۆڤایه‌تى له‌ هه‌موو جیهاندا . ڕۆژانه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س ده‌مرن و به‌ ملیۆنان خه‌ڵكیش توشى په‌تاكه‌ ده‌بن . ئه‌م  ڤایرۆسه‌  هه‌موو جیهانى به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌ر قاڵ كردوه‌، زیانى مادى زۆر گه‌وره‌ى به‌ ئابورى جیهان گه‌یاندوه‌ ، به‌ ملیۆنان خه‌ڵك بێ ئیش و كاربون  و چه‌ند ساڵێكى تریشى پێویسته‌ تا ئابورى جیهان ده‌چێته‌وه‌ دۆخى ڕابوردوى وژیان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ .
 له‌ ئێستادا ده‌یان كۆمپانیاى گه‌وره‌ى دروست كردنى ده‌رمان خه‌ریكى دۆزینه‌وه‌ى ڤاكسینن. خۆش به‌ختانه‌ ئێستا ڤاكسینه‌كه‌  دۆزراوه‌ته‌وه‌و  ده‌ستیش كراوه‌ به‌دروستكردنى و  له‌ ساڵى ئاینده‌دا به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌چێته‌ بوارى به‌كار هێنانه‌وه‌ .
پیشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ كۆتایی ساڵى داهاتودا ڤاكسینى ته‌واو دروست بكرێت و هه‌موو كه‌سێك بتوانێت  به‌كارى بهێنێت . وه‌كو پێش بینى ده‌كرێت له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى داهاتودا به‌ته‌واوى ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ناو ببرێت و ژیان ئاسایی ببێته‌وه‌و ئابورى جیهان گه‌شه‌ى به‌رچاو بكات و  بچێته‌وه‌ دۆخى ڕابوردو .  گومانیشى تێدا نییه‌  له‌ هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌م ڤایرۆسى كۆڕۆنایه‌ وه‌كو هه‌موو  وڵاتانى ترى جیهان  له‌ناوده‌چێت .
به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان  به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى تردایه‌ كه‌ به‌لاى منه‌وه‌ زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ په‌تاى كۆڕۆنا ، ئه‌ویش زۆرى ژماره‌ى  ڕوداوه‌كانى هاتو چۆو  زیانه‌كانیه‌تى .  ئه‌وانه‌ى به‌ ڕوداوى هاتوچۆ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و بریندار ده‌بن و كه‌م ئه‌ندام ده‌بن  و زیانى مادى زۆر گه‌وره‌ش ده‌كه‌ن ،  ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌ببێت له‌ زیانه‌كانى  په‌تاى كۆڕۆنا ، كه‌متریش نین .  ته‌نها له‌ 8 مانگى ڕابوردودا  269 كه‌س به‌ ڕوداوى هات و چۆ  گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ ، جگه‌ له‌ بریندار و زیانى مادى .  ڕاسته‌ ڕوداوى هاتو چۆ له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهاندا ڕۆژانه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ زوربه‌ى وڵاته‌ پێش كه‌وتوه‌كانى جیهاندا ، میكانیزمى زۆر گونجاو ده‌سته‌به‌ر كراوه‌و  مه‌ترسیه‌كانى هاتو چۆ زۆر سنوور دار كراون .
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى ته‌مه‌نیدا هیچ به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ى نه‌بوه‌ بۆ ڕێخستنى  بوارى هاتو چۆ به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاست و گونجاو . حكومه‌ت هه‌رگیز بیرى له‌ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى  نه‌كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ  به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌  بڕۆن ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حكومه‌ت خۆى هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام ژماره‌ى ڕوداوه‌كان و گیان و قوربانیه‌كان  به‌ره‌و هه‌ڵكشان بڕون . ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌ ئێستادا حكومه‌ت بوارى هاتوچوى كردوه‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانى داهات و به‌وهۆیه‌وه‌  ژماره‌ ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ له‌ هه‌ڵكشاندان . 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رده‌وام  ژماره‌یه‌كى زۆر  ئوتومبیل هاورده‌ ده‌كرێت ، هیچ بیر له‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ڕێگاو بانه‌كان چاك بكه‌ن و فراوانیان بكه‌ن . ئه‌وه‌ى حكومه‌ت بیرى لێ ده‌كاته‌وه‌  ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین ژماره‌ى ئوتومبێل هاورده‌ بكرێت و زۆرترین باج وه‌ر گیرێت  هه‌ر له‌ داخڵ بونیان بۆناوهه‌رێم و تا ده‌گاته‌ پێدانى   ژماره‌و تابلۆ به‌ پاره‌یه‌كى زۆر . 
ئه‌گه‌ر كار ئاوا بڕوات و حكومه‌ت زۆر به‌ جدى هه‌نگاوى گونجاو نه‌نێت  بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى هاتو چۆ ، ئه‌وا قوربانیه‌كانى   بوارى هاتو چۆ زۆر زیاتر ده‌بن له‌ مه‌ترسیه‌كانى ڤایرۆسى كۆڕۆنا . ڤایرۆسى كۆڕۆنا  كاتییه‌و له‌ناو ده‌برێت ، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانى بوارى هاتو چۆ له‌سه‌ر گیان و ماڵى هاوڵاتیان به‌رده‌وام له‌ زیاد بوندا ده‌بن و به‌رده‌وام ده‌بێ هاوڵاتیان چاوه‌ڕوانى مه‌رگى خۆشه‌ویسته‌كانیان بن  .بۆ ئه‌وه‌ى  به‌ زوترین كات  مه‌ترسی  ڕوداوه‌كانى بوارى هاتو چۆ چاره‌سه‌ر بكرێن و به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌یان به‌رن و  سه‌رو ماڵى هاوڵاتیان پارێزراوبن  ، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ڕه‌چاوى ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ بكات ، لانى كه‌م نیوه‌ى ژماره‌ى ڕوداوه‌كان  كه‌م ده‌بنه‌وه‌ :
1-قه‌ده‌غه‌ كردنى هاورده‌ كردنى هه‌موو جۆره‌كانى ئوتومبێل ، جگه‌ له‌و ئۆتومبیلانه‌ى  بۆ بوارى گشتى به‌كار ده‌هێنرێن ، لانى كه‌م بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ . له‌ ئێستادا ڕێژه‌ى ژماره‌ى ئوتومبیل به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ى دانیشتوان ئێجگار زۆره‌و  بڕوا ناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێكى جیهاندا ئه‌و ڕێژه‌  به‌رزه‌ هه‌بێـت . ساڵانی پێشو ده‌یانگووت  ژماره‌ى ئوتومبیل ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌موو ماڵێك یه‌ك دانه‌ى هه‌یه‌ .
 ئێستا زوربه‌ى خێزانه‌كان دوانو سیان و زیاتریان هه‌یه‌ . شاره‌كان خنكێنراون  به‌  هۆى زۆرى ئوتومبێل و دوكه‌ڵه‌كانیان .  ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ سه‌یر بكه‌ى ناو شاره‌كان و ڕێگاوبانه‌كان ، وه‌كو گه‌راج و شوێنى فرۆشتنى ئوتومبیل  ده‌بینرین له‌ به‌ر زۆرى ژماره‌ى ئوتومبیل 
ئه‌گه‌ر بچیته‌ ناو شاره‌كان  هه‌موو شوێنێكى شاره‌كان به‌ شه‌قام و ناو بازاڕو  كۆڵانه‌كانیه‌وه‌ ڕێك بونه‌ گه‌راج . شۆسته‌ نه‌ماوه‌ خه‌ڵك هاتو چۆى پێدا بكات .  شاره‌كان نه‌فه‌سیان لێ بڕاوه‌ . كار گه‌یشتۆته‌  ئه‌وه‌ى بچیته‌  هه‌ر شوێنێك ، جێگا ده‌ست ناكه‌وێت بۆ ڕاگرتنى ئوتومبیڵه‌كه‌ت . له‌ هه‌موى خرابتر و كاره‌سات بارتر  پیس بونى ژینگه‌یه‌ . 
زۆر بونى  نه‌خۆشى سه‌ره‌تانه‌ به‌ هۆى زۆرى دوكه‌ڵى ئوتومبێله‌كان . كه‌واته‌ قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ كردنى ئوتومبیل بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ باشترین چاره‌ سه‌ره‌  بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ  له‌ لایه‌ك و پاراستنى سه‌رومال َو ته‌ندروستى هاولاتیان .
2-وه‌ستاندنى  پێدانى مۆڵه‌تى شۆفێرى  بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ  ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌رێكى زۆر باشه‌ بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى  ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌  ده‌بێ مه‌رجى قورستر دانین  له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تى شۆفێرى وه‌ده‌گرن  و هیچ ئاسانكارییه‌كیان بۆ نه‌كرێت له‌ كاتى تاقیكردنه‌وه‌دا . كردنه‌وه‌ى خولى پێویست  بۆ ئه‌وانه‌ى  خه‌ڵك فێرى شۆفێرى ده‌كه‌ن . 
3- له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى  هاوڵاتیان كه‌  مۆڵه‌تى شۆفێرى وه‌رده‌گرن، تاكه‌ سزایه‌ك كه‌ دانراوه‌ له‌سه‌ر شۆفێران ، ته‌نها غرامه‌ى پاره‌یه‌ . به‌ڕاستى غرامه‌ به‌ پاره‌ خرابترین ڕێگاو چاره‌ سه‌ره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى  ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ . له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا ، یاساى تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ لێوه‌رگرتنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى شۆفێرى له‌ كاتى سه‌رپێچیدا .
 له‌ وڵاتى سوید لێ وه‌ر گرتنه‌وه‌ى مۆڵه‌تى  شۆفێرى بۆ 3 مانگ و 6 مانگ و ساڵێك  هه‌یه‌ . ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ى  3 مانگ و 6 مانگ مۆڵه‌ته‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه‌ ، كه‌ ماوه‌كه‌ ته‌واو بوو یه‌كسه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌ى پی ده‌ده‌نه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر بۆ ساڵێك بوو ده‌بێ سه‌ر له‌نوێ بچێته‌وه‌ نوسینگه‌كانى فێركردنى شۆفێرى و تاقیكردنه‌وه‌  بكاته‌وه‌ . له‌ هه‌ندى وڵاتى تریش شێوازى  سزادان جیاوازه‌و ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌رپێچى كرد ، جارى یه‌كه‌م كۆنێك ده‌كه‌نه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ی و جارى دووه‌م كۆنێكى تر و بۆ جارى سێیه‌م مۆڵه‌ته‌كه‌ى لێ وه‌رده‌گرنه‌وه‌ .
  ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ زۆر باشه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ. خراپترین ڕێگا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى  ڕوداوه‌كانى هاتو چۆ ، سزایه‌ به‌ پاره‌ كه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگاى سزادانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان . له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان  ئه‌گه‌ر له‌ ساڵێكدا بۆ نمونه‌ 100 هه‌زار مۆَله‌ت بده‌ن ، له‌ به‌رامبه‌ردا لانى كه‌م 10 هه‌زار مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرنه‌وه‌ . به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان  ژماره‌ى مۆڵه‌ته‌كان به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌و كه‌میش نابێته‌وه‌ .
4- ئه‌ركى حكومه‌ته‌  كه‌ هه‌وڵى ته‌واو بدات بۆ چاككردن و فراوان كردن و دوو ساید كردنى ڕێگاو بانه‌ كان . چونكه‌ ڕێگاو بانى خراپ هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ زۆربونى  ڕوداوى هاتو چۆ. له‌ كاتێكدا  ژماره‌ى ئوتومبیل  به‌رده‌وام له‌ زیاد بوندایه‌ ، ڕێگاو بانه‌كانیش نه‌ك چاك ده‌كرێن ، به‌ڵكو خراپتریش ده‌بن چونكه‌ نۆژه‌ن ناكرێنه‌وه‌.
 ئه‌و ڕێگاو بانانه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن ،  گونجاونین  بۆ  ئه‌و هه‌موو  ئوتوموبیلانه‌ى  كه‌ هاتوچۆیان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن  . ڕێگاو بانه‌كان ته‌سك و خراپن و ژماره‌ى ئوتومبێلیش ئێجگار زۆرن  و ئه‌گه‌ر كار ئاوا بڕوات وبێرێك له‌ چاك كردنى ڕێگاوبانه‌كان نه‌كرێته‌وه‌ ، ده‌بێ به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانى مه‌رگى خۆشه‌ویسته‌كانمان بكه‌ین . ئه‌وه‌ش حكومه‌ت لێ ی به‌رپرسیاره‌ . 
5-  له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانى جیهاندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى  كه‌ خه‌تى شه‌مه‌نده‌فه‌رى  نێوان شاره‌كان و ناو شاره‌كان  هه‌یه‌ ، بۆ هه‌موو گه‌ڕه‌ك و شوێنى شاره‌كانیش  پاس هه‌یه‌ . به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر باش ڕێك خراوه‌ و له‌ كات و ساتى  خۆیدا جوڵه‌ده‌كه‌ن . 
كارئاسانى ته‌واو بۆ هاوڵاتیان كراوه‌ بۆ هاتو چۆ به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌موو كه‌س پێویستى به‌ ئوتوموبێل نابێت و بۆشى هه‌رزانتر ده‌بێت به‌ پاس و قیتار هاتو چۆ بكات . ئه‌و كات ژماره‌ى ئوتوموبیل له‌سه‌ر رێكاكان ئێجگار زۆر نابێت و  له‌ ئه‌نجامدا ڕوداوى هاتو چۆ به‌رده‌وام له‌ كه‌مبونه‌وه‌دا ده‌بێت . 
جگه‌ له‌و پێشنیارانه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ خستمنه‌  پێش چاو ، له‌ ئێستادا باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕوداوه‌كانى هاتو چۆو  ئاسانكارى بۆ هاتوچۆى هاوڵاتیان به‌ نرخێكى هه‌رزان ، باشتر وایه‌ لایه‌نى به‌رپرسیار له‌ ناو حكومتدا به‌رنامه‌ دانین  بۆ وه‌گه‌ر خستنو دامه‌زراندنى كۆمپاناى ئه‌هلى  بۆ گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان له‌ ڕێگاى پاسه‌وه‌ . هه‌ر وه‌كو چۆن له‌ ساڵانى پێشودا پاسى مه‌سڵه‌حه‌ى ناو شاره‌كان  هه‌بوو حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتى ده‌كرد ، له‌ ئێستادا ده‌توانرێت كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌وه‌ بكات .
هه‌روه‌ها ده‌توانرێت كۆمپانیاى تایبه‌تیش بۆ گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان دامه‌زرێنرێت له‌ نێوان شار و شارۆچكه‌كانى كوردستاندا . ده‌بی َ هه‌ول َبدرێت له‌ناو هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان به‌ پێیى گه‌وره‌ییان ته‌رمیناڵ دروست بكرێت  بۆ ڕاوه‌ستانى پاسه‌كان و دانانى خشته‌ى تایبه‌ت بۆ جوڵه‌ى  پاسه‌كان  . ئه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ داده‌مه‌زرێنن ، ده‌توانن سه‌ردانى ئێران بكه‌ن  بچن قسه‌ له‌گه‌ل َخاوه‌نى كۆمپانیاكانى گواستنه‌وه‌ بكه‌ن و زانیارییان ڵى وه‌رگرن ، چونكه‌ وڵاتى ئێران له‌ مێژه‌ سیسته‌مى گواستنه‌وه‌ى باشى هه‌یه‌ و شاره‌زاییه‌كى باشیان هه‌یه‌ . 
له‌ كاتێكدا ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئوتومبیل له‌م هه‌رێمه‌ بچوكه‌دا هه‌بێـت و نه‌ڕێگاى شه‌مه‌نده‌فه‌ر  هه‌بێت و نه‌ كۆمپانیاى گه‌وره‌ى پاس هه‌بێت بۆ گواستنه‌وى هاوڵاتیان و  نه‌ ڕێگاو بانه‌كانیش  چاك بكرێن و نه‌ هیچ مۆڵه‌تێكى شۆفێرى له‌ كه‌س وه‌رگیرێته‌وه‌و  به‌رده‌وام ئوتومبێلیش هاورده‌ بكرێت  له‌ پێناوى وه‌رگرتنى پاره‌دا، هێواش هێواش ئه‌م وڵاته‌ ده‌خنكێنرێت به‌ هۆى زۆرى دوكه‌ڵى ئوتومبێله‌كانه‌وه‌ ژینگه‌ى هه‌رێم   به‌ ته‌واوى  پیش ده‌بێت  و  ڕیّژه‌ى  توشبوان به‌ سه‌ره‌تان  به‌رده‌وام له‌ زیاد بوندا ده‌بێت و قوربانیه‌كانى هاتوچۆش ، ده‌بێته‌ كاره‌ساتی ڕۆژانه‌. 
له‌كۆتاییدا داواكارم له‌ په‌ڕله‌كانى  كوردستان و دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت بیرێك  له‌ كاره‌ساته‌كانى هاتو چۆ بكه‌نه‌وه‌و  له‌ خه‌مى گیان و ماڵى هاوڵاتیاندابن و چیتر بێخه‌م نه‌بن و ده‌توانن  بڕیارى زۆر باش بده‌ن .  
به‌ڕاستى جێگه‌ى  ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ حكومه‌تێك 29 ساڵ ته‌مه‌نى بێـت و بوارى هات و چۆ ئاوا وێران بێت. دیاره‌ ئه‌وانه‌ى حوكمدارى ئه‌م وڵاته‌ن خاوه‌نى هچ ئه‌جیندایه‌كى حوكمدارى  نین و  له‌ خه‌مى هاوڵاتیاندا نین و ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌نى شه‌خسى و حیزبى و بنه‌ماڵه‌یی ده‌كه‌نه‌وه‌  نه‌ك هاولاِتیان .
 ئه‌و پێشنیارانه‌ى من جێبه‌جێكردنیان زۆر ئاسانه‌و  پی َده‌چێت به‌ مه‌به‌ست  بوارى هاتو چۆ ئاوا لێ بكه‌ن  بۆ به‌ده‌ست هێنانى پاره‌ى زۆر ، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگاى : یه‌كه‌م  وه‌رگرتنى باجى زۆر له‌ ڕێگاى هاورده‌كردنى  ئوتومبێله‌وه‌ . دووه‌م : بۆ ئه‌وه‌ى  كۆمپانیاكانى  هاورده‌ كردنى به‌نزین و گاز و پاڵاوگه‌كانى خۆیان  زۆرترین  ڕیٍژه‌ى سوته‌مه‌نى بفرۆشن و زۆرترین قازانج  بكه‌ن . 
ئه‌گه‌ر  ڕاسته‌و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ى له‌پشته‌وه‌ نییه‌ چۆن به‌رپرسانى حكومه‌ت  ئاگایان  له‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌ نه‌بێت كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ ئه‌نجامى ڕوداوى هاتو چۆوه‌ ڕوده‌ن و هاوڵاتیان ده‌بنه‌ قوربانى ؟. خۆ ئه‌گه‌ر ئاگاداریش بن و گوێ به‌ هیچ نه‌ده‌ن  ئه‌وا كاره‌ساته‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ هاوڵاتیان بیرى لی َده‌كه‌نه‌وه‌ . 
ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ حكومه‌تمان نه‌بوه‌و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌ناوى حكومه‌ته‌وه‌ دوو كۆمپانیاى دوو بنه‌ماڵه‌ن له‌ ژێر ناوى دوو حیزبدا ، به‌ناوى نیشتمان په‌روه‌رییه‌وه‌ ،   سامانى ئه‌م وڵاته‌ به‌تاڵان ده‌به‌ن و له‌خه‌مى  سه‌رو ماڵ و ته‌ندروستى و گوزه‌رانى  هاوڵاتیاندا نین . ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ى هاوڵاتیان به‌خه‌به‌ر دین و داواى مافه‌كانیان ده‌كه‌ن.
  ده‌بێ هه‌موان باش بزانن له‌و وڵاتانه‌ى  دێموكراتیه‌ت نییه‌و مافى مرۆڤ پارێزراو نییه‌ ، ماف به‌ خۆڕایی  نادرێت ،  به‌ڵكو ده‌بێ به‌زۆر و  له‌ ڕێگاى خۆپیشاندان و  ڕاپه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە